سەرۆكی دەستەی دەسپاكی: بڕیاردرا پێداچونەوە بەپلە‌و ساڵانی خزمەتی موچەخۆراندا بكرێت

12746014_1042755162458764_1864343437_n

سازدانی: ئاوارە حەمید

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان باسی ناوەڕۆكی كۆبونەوەی دوێنێ سێشەممەی لیژنەی روبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی دەكات‌و ئاشكرایدەكات، بڕیاردراوە دوای كۆتاییهاتنی دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی ئەمساڵ گفتوگۆ لەسەر شێوازی پاشەكەوتی موچە بۆ مانگی دوو بكرێت.

لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی، حاكم ئەحمەد كە بەشداری كۆبونەوەكە بووە دەڵێت، لەماوەی داهاتوودا لەئەنجومەنی وەزیران بڕیار دەردەچێت كە هەر موچەخۆرێك بەشێوەیەك لەشێوەكان پلە بەرزكردنەوەی مافی خۆی نەبوە بەراوردێك لەگەڵ پلە‌و ساڵانی خزمەتی بكرێت، ئەگەر مافی خۆی نەبوو بهێنرێتەوە ئەو پلەیەی هەقی خۆیەتی.

هاوڵاتی: لەكۆبوونەوەكەدا باسی چی كراو بڕیاری چی درا؟

ئەحمەد ئەنوەر: ئەم لیژنەیە ماوەیەكە هەیە بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی، لەكۆبونەوەكە باسی قەیرانی دارایی‌و رێگەچارەسەر‌و هەنگاوەكانی پێشو و داهاتوو كرا، بەشداری ئێمەش لەسەر داوای سەرۆكوەزیران بوو.

كۆبوونەوەكە زیاتر بۆ راوەرگرتن بوو لەسەر داهات‌و سیستەمی دابەشكردن‌و پلانی نوێی حكومەت.

هاوڵاتی: پلانی نوێی حكومەت چیە؟

ئەحمەد ئەنوەر: بەپەلە چارەسەری ئەو دیاردانەی كە هەیە بكرێت، وەك دوموچەیی‌و سێ موچەیی، خانەنشینی نایاسایی‌و فەرمانبەری بندیوار، بەشێكی لیژنەی بۆ دروستكراوە‌و بەشێكی وەزارەتەكان راسپێردراون هەنگاوی بۆ نراوە بەڵام كاتی دەوێت.

هاوڵاتی: باسی سیستەمی پاشكەوتی موچە كرا، هیچ بڕیارێك درا؟

ئەحمەد ئەنوەر: بەهۆی ئەوەی تائێستا موچەی مانگی یەك تەواو نەبوە بۆیە رەنگە لەكۆتایی هەفتەی داهاتوو موچەی مانگی یەك تەواو بێت ئینجا لیژنەكە كۆدەبێتەوەو گفتوگۆ لەسەر شێوازی پاشەكەوت‌و دابەشكردنی بۆ مانگی دوو بكرێت، بزانرێت ئەو داهاتە چەندە‌و چۆن دابەشیبكەن.

هاوڵاتی: لەكۆبونەوەكەدا چۆن باسی نیگەرانی‌و ناڕەزایی فەرمانبەران كرا؟

ئەحمەد ئەنوەر: بەڵی باسكرا، وەزارەتی ناوخۆ‌و تەندروستی پێشنیاریان هەبوو لەسەر پاشەكەوت‌و دابەشكردنی موچە.

هاوڵاتی: دەوترێت حكومەت لەكۆبونەوەكەدا بڕیاریداوە وەڵامی وتەكانی حەیدەر عەبادی بداتەوە كە وتبوی ئەگەر هەرێم نەوتەكەی رادەستبكات موچەی فەرمانبەرانی بۆ دەنێرێت، ئەوە راستە؟

ئەحمەد ئەنوەر: بەڵی باسكرا‌و بڕیارە وەڵامی بدەنەوە، باسی ئەوەشكرا ئەو داتایەی لەبەردەستە لەگەڵ قسەكەی سەرۆكوەزیران بێت ئەوا دەبێت نیوەی داهاتی خۆیان بدەن بەحكومەتی هەرێم، بۆیە ئەمە تەنیا كاریگەری بەفشارەكانی سەر عەبادیەوە هەیە‌و تەنیا بۆ میدیایە.

هاوڵاتی: لەسەر پرسی داهاتی نەوت هیچ بڕیارێك درا؟

ئەحمەد ئەنوەر: بۆ مەسەلەی نەوت بڕیاردرا لەمەودوا سەرباری ئەوەی راپۆرت لەسەر فرۆشتنی نەوت بڵاودەكرێتەوە، داهاتی مانگانەش بڵاوبكرێتەوە، چونكە بێمتمانەیی لەكوردستان دروستبوە بۆیە گرنگە شەفافیەت هەبێت.

هاوڵاتی: گەشبینیت بەبڕیارەكانی كۆبونەوەكە؟

ئەحمەد ئەنوەر: وەك خۆم هەستدەكەم نیەت هەیە بەڵام خەڵكی داوای ئەنجامی دەكات، قسە لەسەر ئەوەشكرا كە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك كاربكرێت بۆ بەئەلیكترۆنیكرنی سیستەمی موچە، چونكە خەڵك هەیە موچە وەردەگرێت‌و لەهەرێم ناژیت.

هاوڵاتی: باست لەوەكرد نیگەرانی موچەخۆران باسكرا، بەرپرسانی حكومەت ترسیان نەبوو ناڕەزاییەكان لەكۆنتڕۆڵ دەربچن؟

ئەحمەد ئەنوەر: باسی ئەوە نەكرا، بەڵام باسی بارقورسی سەر موچەخۆران كرا بۆیە دڵنیایی درا لەوەی بەو بڕە داهاتەی لەبەردەستە بەشێوەیەكی یەكسان بدرێت بەموچەخۆران‌و تەقەشوف لەموچەخۆران بكرێت، ئەمەش پێویستی بەكاتە، داوای هاوكارییان لەئێمە كرد‌و ئێمەش بەڵێنی هاوكاریمان پێدان.

هاوڵاتی: باسی هاوكاری دەكەیت بەڵام پێشتر لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی ئاماژەت بەوەكردبو رێگریتان لێدەكرێت‌و لەمەودوا دەسەڵاتی خۆتان بەكاردەهێنن؟

ئەحمەد ئەنوەر: ئەوان داوای هاوكارییان لەئێمە كرد، وتمان بەردەوام پێشنیاری خۆمان هەبوە‌و بۆ ئەنجومەنمان ناردوە، دیراسەیەكمان هەبوو وتمان فەرمون بۆ نمونە لەساڵی رابردوو پلەی 1300 موچەخۆری پلەكانی یەك‌و دوو و سێ خروقاتی تێدا كراوە، بۆیە لەماوەی داهاتوو بڕیار دەردەچێت لەئەنجومەنی وەزیران هەر موچەخۆرێك بەشێوەیەك لەشێوەكان پلەبەرزكردنەوەی مافی خۆی نەبوە بەراوردێك لەگەڵ پلە‌و ساڵانی خزمەتی بكرێت، تاوەكو ئەگەر مافی خۆی نەبوو بهێنرێتەوە ئەو پلەیەی هەقی خۆیەتی، ئێستا دیراسەیەكی ترمان لەبەردەستە كە هەموو فەرمانبەرانی هەرێم فایلەكانیان چاوی پێدابخشێنرێتەوە‌و تا بزانرێت چەندە هەقی خۆیەتی.

هاوڵاتی: فایلی هەموو فەرمانبەرانتان لایە؟

ئەحمەد ئەنوەر: هەموومان لانیە، نزیك بە 500‌و كەسرێكمان لایە، ئەوانی تریش وەردەگرین‌و كاری لەسەر دەكەین، بەردەوام ئەو زانیاریانەی بۆمانهاتوە دەیدەین بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت‌و لەمەودواش كۆبونەوەی بەردەواممان لەگەڵ وەزیرەكان دەبێت.

هاوڵاتی: لەكۆبونەكەدا چۆن باسی بردنەدەرەوەی پارە كرا بۆ دەرەوەی كوردستان؟

ئەحمەد ئەنوەر: باسی ئەم بابەتە نەكرا‌و لەبەرنامەی كۆبونەوە نەبوو، بەڵام ئێمە وەك دەستە لیژنەیەكمان بۆ ئەم بابەتە پێكهێناوە‌و سەرەتا لەناوخۆی كوردستان دەستپێدەكەین، داواش لەهەر كەس‌و لایەنێك دەكەین زانیاریمان بۆ بنێرن، دواتر داوا لەفەرمانگای پەیوەندیەكان دەكەین زانیاریمان بۆ بنێرن لەرێگەی نوێنەرایەتی كوردستان لەوڵاتان.