موچەی زیاتر لە 100 هەزار كەس رادەگیرێت

para

وەزارەتی كار هەوڵدەدات ناوی دەیان هەزار كەس لەلیستی موچە دەربهێنێت كە 23 هەزاریان لەلق‌و مەڵبەندەكانی پارتی‌و یەكێتیەوە وەریدەگرن.

ئاوارە حەمید

وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، موچەی 103 هەزار كەس رادەگرێت كە بەناوی چاودێری خێزانەوە وەریدەگرن، 80 هەزار كەسیان لەوەزارەتی دارایی‌و 23 هەزاریشیان لەرێی مەڵبەندو لقەكانی یەكێتی‌و پارتیەوە بەسەریاندا دابەشدەكرێت.

بڕی ئەو موچانە لە 37 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات بۆ 200 هەزار دینار، لەسێ جۆر پێكدێن، دوو جۆریان لەحكومەت وەریدەگرن لەژێر ناوی چاودێری خێزان‌و خاوەن پێداویستی تایبەت، جۆری سێیەمیان بەموچەی تایبەت ناونراوە‌و لەبارەگا حزبیەكان دابەشدەكرێن.

192 هەزار كەس موچەی تۆڕی كۆمەڵایەتی خێزان وەردەگرن، كە زۆرێكیان بەناوی خاوەن پێداویستیە تایبەتەوە پێیاندەدرێت، لەئێستادا گومان دروستبوە لەسەر موچەی زیاتر لەنیوەی ئەو موچەخۆرانە كە بەناڕەوا وەریبگرن.

هەفتەی رابردو، حكومەتی هەرێم بریاریدا موچەی سەرجەمیان بكاتە بە 37 هەزار دینار‌و ئەویتری پاشەكەوت بكات، بەڵام ئەوە ناڕەزایەتی كەمئەندامانی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە دواتر بڕیارەكە راگیرا.

لەئێستادا لیژنەیەكی باڵا لەنێوان وەزیری كارو فەرمانگای هەماهەنگی‌و بەدواداچون پێكهاتوە بۆ چاوخشاندنەوە بەموچەی چاودێری خێزان. یەكەم بڕیاری لیژنەكەش ئەوەبوو كە موچەی چاودێری خێزان كەمنەكرێتەوە، بەڵام كاربكات بۆ پاكتاوكردنی لیستی ئەو 192 هەزار كەسە، كە گوماندەكرێت نزیكەی 50 هەزار كەسیان “بەناڕەوا” موچە وەربگرن.

حەمید سەعید، یەكێكە لەو كەسانەی كە موچەی چاودێری خێزانی وەردەگرێت، ئەو ناسنامەیەكی هەیەو لەسەری نوسراوە وەزارەتی دارایی‌و ئابوری، بەڵام موچەكەی لەكۆمیتەی یەكی یەكێتی وەردەگرێت.

بەڵام چەند مانگێكە حەمید موچەكەی وەرنەگرتوە كە بڕەكەی 37 هەزار دینارە بۆ هەر مانگێك، ئەوەش دوای ئەوەدێت وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بڕیاری داوە پێداچونەوە بكات بەناوی سەرجەم ئەوانەی گومانیان لەسەرە.

بەپێی قسەی بەرێوەبەری نوسینگەی وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، جگە لەو 23 هەزار كەسەی لەبارەگا حزبیەكان موچە وەردەگرن، گومان لەسەر موچەی 80 هەزار كەسی تر هەیە، ئەو جۆرە موچانە دەچنە خانەی موچەی تایبەت‌و بەدەرە لەیاسا.

هۆگر غەریب، بەرێوەبەری نوسینگەی وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بەهاوڵاتی وت “خەڵكێكی زۆر هەیە بەناهەق موچەیان پێدراوە، بەڵام موچەكەیان راگیراوە كە نزیك بە 23 هەزار موچەخۆر دەبن‌و لەلق و مەڵبەندەكان بەسەر ئەندامانی پارتی و یەكێتی دابەشكراوە، نزیك بە 23 هەزار موچەخۆرن‌و ماوەی دوو مانگ دەبێت ئەو موچەیە راگیراوە”.

وتیشی “دوای وردبینیكردن لەلایەن لیژنەیەكەوە ئەگەر دەركەوت ئەو كەسە مەرجی پێویستی تێدایەو شایەنی ئەوەیە موچەی پێبدرێت ئەوا موچەكەی لە 37 هەزار دینارەوە بۆ زیاددەكرێت بۆ 150 هەزار دینارو ئیدی دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی‌و ئابوری، بەڵام ئەگەر مەرجی پێویستی تێدانەبوو ئەوا موچەكەی دەبڕدرێت”.

لەئێستا ئەو لیژنەیە دەستی بەكارەكانی كردوەو بڕیارە لەماوەی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژ كارەكانی تەواوبێت، یەكەم بڕیاری لیژنەكە ئەوەبوو كە موچەی تۆڕی كۆمەڵایەتی كەمنەكرێتەوە‌و سیستەمی پاشەكەوت نەیانگرێتەوە.

سیستەمی تۆڕی پاراستی كۆمەڵایەتی كە بەكۆی گشتی 192 هەزار كەس موچە وەردەگرن، لەو ژمارەیە هەر تەنیا گومان لەسەر ئەو 23 هەزار كەسە نیە بەتەنیا بەڵكو موچەی 80 هەزار كەسی تر راگیراوەو وردبینی تێدادەكرێت.

هۆگر غەریب وتی “لەسیستەمی پاراستنی تۆڕی كۆمەڵایەتی 80 هەزار كەس گومانیان لەسەرەو موچەكانیان راگیراوە، چونكە لەفایلەكانیان مەرجی پێویستیان تێدا نەبوە، دوای وردبینی ئەوانەی كە شایستەن موچەكەیان دەدرێتەوە‌و ئەوانەی تریش دەبڕدرێن”.

تائێستا رون نیە كە بڕی ئەو پارەیەی بەهۆی بڕینی ئەو موچانەوە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە چەندە، بەوپێیەی بڕی موچەكان جیاوازە لە 37 هەزار دینارەوە تا 200 هەزار دیناری تێدایە.

بەڵام بەوتەی بەرێوەبەری نوسینگەی وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، ئەگەری هەیە 40-50 هەزار كەس لەرابردودا “بەگەندەڵی” موچەیان بۆ بڕابێتەوەو لەناو لیستی موچەخۆران بهێنرێنە دەرەوە.