حكومه‌ت بژارده‌ی‌ خراپتری‌ بۆ موچه‌ هه‌بووه‌

Para-13-400x265

ئاواره‌ حه‌مید

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بژارده‌ی‌ خراپتر له‌سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستدا بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانی‌ موچه‌ كه‌ ناڕه‌زایی گه‌وره‌ی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ وه‌زیری‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم.

له‌گه‌ڵ قوڵتربونه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ قه‌یرانی‌ دارایی، حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌دا له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بڕیاریدا سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ بخاته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ به‌پێی سیسته‌مه‌كه‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌ڕێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 15 بۆ 75 كه‌مده‌كرێنه‌وه‌.

محه‌مه‌د هاودیانی‌، وه‌زیری‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (پشكی‌ یه‌كگرتوو) به‌هاولاَتی‌ وت “ئه‌م خشته‌یه‌ له‌دوای‌ تاوتوێكردنی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ له‌كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ حكومه‌تدا به‌داتاشۆ پێشكه‌شكراو وتیان له‌مه‌ باشترمان نیه‌ به‌ڵام خراپتر هه‌یه‌”.

وتیشی‌ “چه‌ندین جار وترا له‌مه‌ باشترمان له‌به‌رده‌ستدا نیه‌، ئه‌م خشته‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ كاتیه‌”.

محه‌مه‌د هاودیانی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ نه‌خراوه‌ته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و هیچ ده‌نگدانێك له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران به‌زۆرینه‌‌و كه‌مینه‌ نیه‌، ده‌ڵێت ئه‌و پێشنیاریكردووه‌ بڕیاره‌كانی‌ حكومه‌ت به‌زۆرینه‌و كه‌مینه‌ ده‌ربچێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر له‌زاری‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، وه‌زیرانی‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ به‌شدار له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم (پارتی‌، یه‌كێتی‌، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو) له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا ورده‌كاری‌ خشته‌ی‌ نوێی‌ موچه‌یان بۆ خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌موویان ره‌زامه‌ندبون له‌سه‌ری‌.

وه‌زیری‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، ئه‌و له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا داوایكردوه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌موچه‌ بكرێته‌ ره‌سید بۆ ئه‌وه‌ی‌ رسوماتی‌ ئاو كاره‌با به‌م شێوه‌یه‌ بدرێت.

له‌دوای‌ ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ به‌رفراوانه‌ی‌ دژی‌ سیسته‌می‌ نوێی موچه‌ دروستبوه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕیاریداوه‌ پێداچونه‌وه‌ به‌سیسته‌مه‌كه‌دا بكات.

One thought on “حكومه‌ت بژارده‌ی‌ خراپتری‌ بۆ موچه‌ هه‌بووه‌

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *