سوپا رەوانەی شەنگال‌و خورماتوو دەكرێت

sopaa

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت رێككەوتنی لەوشێوەیە نەكراوەو هەر جوڵەیەكی هێز دەبێت بەرێككەوتنی هەرێم‌و بەغدا بێت.

هەڤاڵ محەمەد

حكومەتی عێراق، نیازی خۆی بۆ رەوانەكردنی سوپا بۆ قەزاكانی شەنگال‌و خورماتوو ئاشكرادەكات، لەكاتێكدا شەنگال لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزە كوردییەكاندایەو بەشێك لەخورماتوش لەژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دوێنێ شەممە لەمیانەی وتەیەكدا لەپەرلەمانی عێراق باسی لەگەڕانەوەی هێز كرد بۆ ناوچەكانی شەنگال‌و خورماتوو، بەبێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر بخاتەڕوو.

عەبادی هەروەها لەوتەكانیدا ئاشكرایكرد، بەهاوكاری لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان پرۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ دەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆیان كردوە.

خەسرەو گۆران، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد، عەبادی وتویەتی بەنیازن هێزی عێراقی بنێرن بۆ شەنگال‌و خورماتوو، لەكاتێكدا ئەو باش دەزانێت ئەو دوو ناوچەیە كوردستانین‌و پێشمەرگەی لێیە.

وتیشی “شەنگال بەخوێنی هێزی پێشمەرگە رزگاركراوە چۆن دەبێت بڕیاری ناردنەوەی هێز بدات بۆ ئەو ناوچانە… ئێمە مەجالی گفتوگۆمان نەبوو، بۆیە نەمانتوانی رونكردنەوەی زیاتری لێوەربگرین”.

نیازی بەغدا بۆ رەوانەكردنی هێز بۆ شەنگال لەكاتێكدایە، ئەو شارە پاش نزیكەی ساڵ‌و نیوێك مانەوەی لەژێر دەستی داعشدا لەناوەڕاستی مانگی 11ی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی پاراستنی گەل –هەپەگە- باڵی سەربازی پەكەكەوە كۆنتڕۆڵكرایەوە.

بەڵام دۆخی خورماتوو جیاوازە لەشەنگال كە لەئێستادا عێراق بەنیازە هێز بنێرێتە ئەو قەزایەش، بەوپێیەی قەزاكە بەشێكی بەدەست پێشمەگەو بەشەكەی دیكەی بەدەست حەشدی شەعبیەوەیە، رەوشی ئەمنی تادێت رووی لەئاڵۆزی زیاترە، تیرۆركردن‌و رفاندنی خەڵك بەردەوامە.

مەسعود حەیدەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی گۆڕان بۆ هاوڵاتی جەختیكردەوە، حەیدەر عەبادی بەڕونی پێیوتون بڕیاری ئەوە دراوە هێزی عێراقی بنێرنە خورماتوو، ئومێدی خۆشی نیشانداوە بگەنە رێككەوتنێك‌و ئیلتیزام بەبڕیارەكەوە بكرێت.

وتیشی “بەڵام عەبادی باسی ئەوەی نەكرد هێزی عێراقی چۆن دەگەڕێتەوە‌و هیچ رونكردنەوەیەكی تری نەدا، ئێمەش مەجالی پرسیارمان نەمابوو تاوەكو داوای رونكردنەوەی زیاتری لێبكەین”.

مەسعود حەیدەر دەڵێت، قسەكانی عەبادی وای لێدەخوێنرایەوە كە هێشتا ئالیەتی گەڕانەوەی هێزەكە دانەنراوە بەڵام بەدڵنیایی دەبێت بەتەنسیق لەگەڵ هەرێمدا ئەو بڕیارە بدرێت.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بێئاگایی خۆی لەنیازی بەغدا بۆ رەوانەكردنی هێز بۆ شەنگال‌و خورماتوو رادەگەیەیەنێت، جەختیشدەكاتەوە جوڵەكردن بەهەر هێزێك پێویستە بەپێی رێككەوتن بێت لەگەڵ هەرێم.

جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد، تائێستا هیچ بابەتێكی لەوجۆرە باسنەكراوەو رێككەوتنیش نەكراوە، هەر شتێكی لەوجۆرە باسبكرێت لەلایەن هەركەسێكی حكومەتی عێراقەوە دەبێت بەپێی رێككەوتن بێت لەگەڵ حكومەتی هەرێم.

هەروەها وتیشی “هەر جوڵەیەكی هێز دەبێت بەپێی رێككەوتن بێت لەگەڵ هەرێم، تەنانەت ئەو هێزەی هاتونەتە مەخموریش بەپێی رێككەوتنێك بوە لەنێوان هەرێم‌و بەغداد‌و بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ هاتون، دواتریش دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان”.

حكومەتی عێراق، چەند هەفتەیەكە بەسەدان سەربازی رەوانەی شاری مەخمور كردووە لەچوارچێوەی ئامادەكاریەكانی بۆ پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ، كە لەمانگی شەشی ساڵی 2014وە كەوتوەتە دەست داعش پاش كەوتنی سوپا لەو پارێزگایە.

پارەی پێشمەرگە نادات

سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەوتەكانیدا لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمان راشكاوانە لەبارەی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە قسەیكردوە‌و جەختیكردۆتەوە، هەرچەندە پێشمەرگە بەشداری لەشەڕی موسڵ دەكات بەڵام بەغدا پارەی پێنادات.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت “حەیدەر عەبادی وتی بڕیاری ئەوەیداوە پێشمەرگەش بەشداری گرتنەوەی شەڕی موسڵ بكات، بەڵام پارەی پێشمەرگە نادات”.

هەروەها عەبادی جەختیكردوەتەوە، دەبێت هەرێم نەوتەكەی بدات بەعێراق‌و بشزانێت لەمانگی شەشی ساڵی رابردوەوە تاوەكو ئێستا بایی چەند نەوتی فرۆشتووە، هاوكات ژمارەی فەرمانبەرانی راستەقینەی هەرێم بزانێت ئەوكات ئامادەیە بەشی هەرێم لەخەرجی كرداری خەرجبكات.

بەوتەی نەجیبە نەجیب، عەبادی بەئاشكرا وتویەتی ئامادە نیە هیچ پارەیەك بداتە هەرێم جگە لەپارەی گەنمی جوتیاران.

هەر لەوتەكانیدا لەپەرلەمانی عێراق، عەبادی ئەنجامدانی رێككەوتنی نوێی لەگەڵ هەرێم رەتكردوەتەوە سەبارەت بەنەوت‌و پێدانی بوجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش لەوەڵامی چەند پەرلەمانتارێكی كورددا كە داوایەكی لەو شێوەیەیان ئاڕاستەكردبوو.

مەسعود حەیدەر، كە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە دەڵێت “عەبادی پێیوتین هیچ رێككەوتنێكی سیاسی نوێ ناكات‌و پارەی پێشمەرگەش نانێرین نەك پارەی فەرمانبەران، چونكە هەرێم خۆی نەوتەكەی كەركوكیش دەفرۆشێت با لەو پارەیە موچەكەی پێبدات”.

وتیشی “عێراق بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2016 پشكی هەرێم دەنێرێت، ئەگەر هەرێم نەوتەكەشی رەوانە بكات مانگانە 500 ملیار دینار زیاتر بۆ هەرێم نانێرێت، ئەوەش بەشی موچەی فەرمانبەران ناكات”.

بودجەی 2016ی عێراق كە قەبارەكەی بەزیاتر لە 81 تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، لەكۆتایی ساڵی رابردوودا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكراو پشكی هەرێم بەڕێژەی لەسەدا 17 دیاریكراوە، بەومەرجەی هەرێم رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت (250 هەزار بەرمیلی خۆیی‌و 300 هەزار بەرمیلی كەركوك) رادەستی بەغدا بكات هاوشێوەی رێككەوتنە نەوتیەكەی نێوانیان لەساڵی 2015 كە پاش شەش مانگ جێبەجێكردنی شكستیهێنا.

هەرێم لەناوەڕاستی ساڵی رابردوەوە بەشێوەی سەربەخۆ نەوت هەناردە دەكات‌و رادەستی بەغدای ناكات، ئەوەش دوای ئەوەی بەغدا تەواوی بەشە بودجەكەی رادەستنەكرد بەپێی رێككەوتنە نەوتیەكەی 2015.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *