ئەپڵ‌و حكومەتی ئەمەریكا لەكێشەدان

12754921_1045828318818115_970875444_o

هەرێم جەعفەر

وەزارەتی دادی ئەمەریكا داوایەكی ئاراستەی كۆمپانیای ئەپڵ كرد بۆ كردنەوەی ئایفۆنی كەسێكی تۆمەتبار كە لەهێرشەكانی سان بێرناردینۆ تێوەگلاوبوو، بەڵام كۆمپانیای ئەپڵ راستەوخۆ لەژێر بیانوی “ستراتیژی ماركێتینگ”، ئەو داوایەی رەتكردەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەڕاپۆرتێكیدا ئاماژە بەوە دەدات كە بەرپرسێكی باڵای ئەپڵ كە لەبەر باری ئاسایش نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت وتویەتی كەوەزارەتی داد دەیەوێت لەڕێگای میدیاكانەوە كەیسەكە بەرێتەوەو پێش ئەوەی ئەوان بتوانن وەڵام بدەنەوە.

پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریكا هەوڵدەدات ئەپڵ بەوە رازی بكات كەمۆبایلی جۆری ئایفۆنی سەید ریزوان فاروق، كە یەكێك بوە لەتەقەكەرەكانی یەكێك لەكارە تیرۆریستیەكانی ئەمەریكا، بكاتەوەو ئەو پاسۆردە بشكێنێت كەڕێگری لەهێزە لێكۆڵەرەوەكان دەكات كەبتوانن دەستیان بگات بەزانیاریەكانی ناوبراو.

لەئێستادا كۆمپانیای ئەپڵ ماوەی سێ رۆژی وەرگرتوە تاكو بتوانێت بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو پرسە بدات.

ئەو بەرپرسەی ئەپڵ وتیشی كردنەوەی زانیاری نهێنی ناو مۆبایلەكان دەبێت لەلایەن كۆنگرێسەوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت‌و بڕیاری لەسەر بدرێت نەك دادگاكان، هەروەها ئەوەشی ئاشكراكرد كەئەوان توشی سەرسوڕمان بون كەحكومەتی ئەمەریكا داوایەكی وای لێكردون لەكاتێكدا ئەمەریكا وڵاتێكە پاراستنی زانیاری‌و نهێنی‌و ئازادی كەسی تیایدا لاواز نییە.

تاكو ئێستا رەفتاری ئەپڵ هیچ كارێكی نایاسایی تێدا نیەو وەزارەتی داد ناتوانێت داوای یاسای لەسەر تۆمار بكات، تاكو ئێستاش رون نیە كەوەزارەتی داد بەتەواوی بەدوای چیدا دەگەڕێت.

ئەو پێكدادانەی نێوان كۆمپانیای ئەپڵ‌و حكومەتی ئەمەریكا، پرسە درێژخایانەكە دەهێنێتەوە بیری هەموان كە ئایا دەزگاكانی ئاسایش تاچەند بۆیان هەیە لەڕوی یاسایەوە رێگەیان پێبدرێت كە بگەنە زانیاریە كەسیەكان، ئایا كێ چاودێری ئەو پۆلیسانە دەكات كە ئەو زانیاریانە بەهەڵە بەكارنەهێنن.

وتەبێژی دادگای كالیفۆرنیا (سوم مرۆزێك)، بەپێی راپۆرتەكەی ڕۆیتەرز ئاشكرای كردوە كە ٢٢ی مانگی سێ ئەوان دانیشتن بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پرسە دەكەن.

تێم كوك، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای ئەپڵ، لەدوای هەوڵەكانی حكومەتی ئەمەریكا لەسەر ئەو پرسە هاتە دەنگ‌و رەتیكردەوە كە ئەو كارە بكەن‌و ئەو كارەشی بە “هاككردنی بەكاربەرەكانی خۆیان‌و داڕوخانی پێشكەوتنە ئەمنیەكانی بۆ پاراستنی بەكاربەرانی”، لەقەڵەمدا.

ناوبراو وتیشی “ئەپڵ داوای دادگا رەتدەكاتەوە لەسەر بنەمای نیگەرانیمان بۆ كارە بازرگانیەكانمان‌و ستراتیژی ماركێتینگی كۆمپانیاكە”.

رێگایەكی دیكە هەیە تاكو بێشكانی ژمارە نهێنیەكان، پۆلیس دەتوانن بگەنە زانیاریەكانی كەسە تۆمەتبارەكە، ئەویش رێگای (باك ئەپە)، ئەپڵ دوو ئەندازیاری خۆی ناردە لای هێزە لێكۆڵەرەوەكان بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، بەڵام ئەندازیارەكان رەخنەیان لەبەرپرسان گرت بەوەی چەند بەشێكی گرنگی ئایفۆنەكەیان سڕیوەتەوەو رێگا بە بەدەستهێنانی زانیاریەكان نادات لەڕێگای سیستمی پاراستنی زانیاریەكان لەئینتەرنێت (كلاود).

بەمەش شكانی ژمارەی نهێنی مۆبایلەكە تەنها رێگای دەستكەوتنی زانیاریەكانە.

دەڤید وێرت، وتەبیژی ناوچەی سان بێرناردینۆ، ئاشكرای كرد كەئەوان لەسەر داوای ئێف بی ئای ئەو بەشەی مۆبایلەكەیان سڕیوەتەوە.

رێگای تەواوی یاسای نیە تاكو دادگا بتوانێت ئەو كارە بەئەپڵ بكات، بەڵام روداوەكەی ٢ی مانگی دوانزە كە بوە هۆی كوژرانی ١٤ كەس هێشتا جێگای مەترسیەو پۆلیس دەیەوێت لێكۆڵینەوەی زیاتر بكات.

ئەو پرسە خێرا بوە پرسی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكاو لەنێویان دۆناڵد ترەمپ وتی كە خەڵك دەبێت كۆمپانیای ئەپڵ بایكۆتبكەن تاكو ملكەچی فەرمانی دادگا بێت، كۆمپانیای ئەپڵیش لەوەڵامدا جەختیانكردەوە كە ئەوان هەست بەهیچ ناكەن بەرامبەر بەو قسانە چونكە پێشتر ئەو كاندیدە هەڵەی بەرامبەر بەكەس‌و خەڵكانی دیكە كردوە.

لەئێستادا ئەو پرسە حكومەت‌و دادگاو كۆمپانیاكانی خستۆتە ململانێوەو هێشتا پرسەكە یەكلاینەكراوەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *