گەڕانەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن هەموان ناگرێتەوە

12596065_1045827905484823_136883175_n

لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبون دەربارەی دەستپێكردنەوەی خوێندن.

سەرچین ساڵح

لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، كۆكن نین لەسەر چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ، بەشێكیان لەگەڵ ئەوەدان كۆتایی بەمانگرتنەكانیان بهێنن دژی سیستەمی نوێی موچە، بەشەكەی تریش نایانەوێت دەوام دەستپێبكەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پەروەردە داوای شكاندنی بایكۆت‌و گەڕانەوەی كرد بۆ هۆڵەكانی خوێندن.

لە21ی مانگی رابردووەوە كە دەستپێكردنی یەكەم رۆژی دەوامی وەرزی دووەمی خوێندنی ئەمساڵ بوو، مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە، بەڵام لەئێستادا ئەو هاوهەڵوێستیە نەماوە.

دوێنێ‌ یەكشەممە، لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان لەسەر دەرەنجامی ناڕەزاییەكان لەرابردودا كۆبونەوە، بەڵام بەدوو بۆچونی جیاوازەوە كۆتاییان بەگفتوگۆكانیان هێنا.

دڵشاد مەجید، سەرۆكی‌ لقی‌ سلێمانی‌ یەكێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبونەوەكە رایگەیاند، زۆرینەی‌ ئەندامانی‌ لق بڕیاریانداوە بایكۆتی‌ هۆڵەكانی‌ خوێندن هەڵپەسێرن.

بەوتەی ناوبراو، بەشێك لەداواكارییەكانیان لەلایەن حكومەتەوە جێبەجێكراوە، حكومەتی‌ هەرێم بەڵێنیداوە نیو موچەكەی‌ مانگی‌ ئەیلولی 2015 خەرجبكات‌و 30 رۆژ جارێك موچە بدات، بەڵێنیش دراوە پێداچونەوە بەخشتەی‌ نوێی‌ موچە بكرێت.

یەكێتی مامۆستایان، پێشنیاریان كردوە دەوام لەدەرەوەی‌ شار سێ‌ رۆژ بێت‌و لەناو شار چوار رۆژ بێت.

ئەندامی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان بەسەر دوو لیستدا دابەشبون، لیستی كوردستانی _مامۆستایانی یەكێتی‌و پارتی_ بڕیاریانداوە بایكۆتی دەوام هەڵپەسێرن، بەڵام ئەندامانی لیستی هاوبەش _گۆڕان، یەكگرتو، كۆمەڵ، سەربەخۆ_ شكاندنی بایكۆتیان رەتكردۆتەوە.

ئەحمەد كەركوكی، سەرۆكی لیژنەی مامۆستایان لەسكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان بەهاوڵاتی وت “تەنیا ئەندامانی لیستی كوردستانی بڕیاری شكاندنی بایكۆتی دەوامیانداوە‌و لیستی هاوبەش رەتیانكردوەتەوە”.

وتیشی “تائێستا حكومەت هیچ داواكاریەكی مامۆستایانی جێبەجێنەكردوە”.

لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان لە 9 ئەندام پێكدێت، پێنج ئەندامی لەلیستی كوردستانیەو چوار ئەندامی لەلیستی هاوبەشە.

سەنگەر فایەق، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەدا، لەكۆبونەوەكەدا نەگەیشتون بەهیچ ئەنجامێك‌و دوو ڕای جیاوز هەبوە، رایەكیان ئەوەبو بایكۆت‌و مانگرتن بشكێنرێت، رایەكیش لەگەڵ ئەوەدابوو بەردەوامی بەبایكۆت بدرێت تاوەكو جێبەجێكردنی داواكاریەكان.

وتیشی “لیستی كوردستانی پێیوایە داواكاری مامۆستایان جێبەجێكراوە، لیستی هاوبەشیش پێیوایە نەخێر داواكاری مامۆستایان جێبەجێنەكراوە، لیستی كوردستانی بەبڕیاری پێشوەختە هاتنە ناو كۆبونەوەكەوە لەكاتێكدا مەكتەبی سكرتاریەتی لقی مامۆستایانی سلێمانی 15 ڕۆژە لەهەوڵی بینینی سەرۆكی حكومەتدایە بەڵام نەمانبینیوە”.

سەنگەر فایەق دەڵێت مامۆستایان ئازادن لەئیلتیزام كردن بەبڕیاری یەكێتی مامۆستایانەوە یان نا.

بایكۆت‌و مانگرتنی مامۆستایان بەتایبەتی پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجەی گرتۆتەوە لەگەڵ ئیدارەكانی راپەڕین‌و رانیە، ئەو ناڕەزاییانەی لەپارێزگاكانی هەولێر‌و دهۆك هەیە زۆر كەم‌و ناوبەناوە.

هەرچەندە مامۆستایان لەساڵی 2014وە ناوبەناو ناڕەزاییان دەربڕیووە، بەڵام لەچەند مانگی رابردودا بەتەواوی مانیانگرت‌و بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد، ئەوەش دوای ئەوەی چوار مانگ موچەیان وەرنەگرت‌و دواتر حكومەت بڕیاریدا تەنیا نیوەی موچەیان پێبدات.

ئەو ناڕەزاییانە زیاتر بەرفراوان بوون، كاتێك حكومەت بڕیاریدا موچەی مانگەكانی ساڵی رابردوو نەدات‌و لەگەڵ رێژەی لەسەدا 15 بۆ 75ی موچەی لەمەودوایان پاشەكەوتی بكات، بەوەش موچەی تەواوی فەرمانبەران كەمكرایەوە.

بەدرێژایی بایكۆتی دەوام، مامۆستایان وانەیان بەخوێندكارانی قۆناغی 12 وتۆتەوە، لەئێستاشدا كە مامۆستایان بون بەدوو بەرەوە، بەرپرسانی پەروەردە لەگەڵ ئەوەدان بەیەكجاری بایكۆت بشكێنن‌و بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.

دارا ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەدا، داوایان لەمامۆستایان كردوە بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەكانی وانەوتنەوە، بەڵام تائێستا تەنیا پۆلی 12 دەوام دەكەن لەگەڵ چەند قوتابخانەیەك، زۆربەی قوتابخانەكان وانەی تێدا ناوترێتەوە.

وتیشی “ناتوانین هیچ فشارێك لەمامۆستایان بكەین، تەنیا داوامان ئەوەیە لەهەستكردن بەبەرپرسارێتی‌و نەفەوتانی مەسیری منداڵەكانمان بگەڕێنەوە بۆ وانە وتنەوە، ئێمە لەژێر فشاری كەسوكاری خوێندكارانداین‌و لەژێر هیچ فشارێكی حزبیدا نین”.

لەگەڵ درێژەكێشانی مانگرتنی مامۆستایاندا، لەچەند رۆژی رابردودا داوای شكاندنی بایكۆت لەچەند لایەكەوە بەرزبۆوە، بەڵام مامۆستایانی ناڕازیی دوێنێ‌ یەكشەمە لەراگەیەندراوێكدا جەختیان لەسەر بەردەوامی بایكۆت كردەوە تاوەكو جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان.

لەئێستادا پرسی قەرەبوكردنەوەی كاتەكانی دەوامیش وروژێنراوە، بەوەی لەكاتی پشوی هاویندا مامۆستایان‌و خوێندكاران دەوام بكەن‌و وانەكان تەواو بكەن، بەڵام بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە ئەوە بەئەستەم دەزانرێت.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بۆ هاوڵاتی رونكردەوە، ئەو ماوەیەی مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردوە دەتوانرێت قەرەبو بكرێتەوە، بەپشوەكانی بەهارو وەرزی هاوین، بەڵام ئەوەش كێشەی گەورەیان بۆ دروستدەكات لەكاتی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرمادا.

هەروەها وتیشی “هیچ خەتەرێك لەسەر پرۆسەی خوێندن نیە، ئەوەی هەیە پۆلی 12 ئامادەیی‌و پۆلی یەكی بنەڕەتیە، پێدەچێت بەراورد بەناوچەكانی تر پرسیاری تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی ئەو ناوچانەی بایكۆتی خوێندنی تێدا كراوە جیاوازبن، پۆلی یەكی بنەڕەتی پێویستە سەرجەم پیتەكان تەواو بكەن بەڵام ئێستا نیوەیان تەواو كردوە”.

بەرێوبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەژێر چاودرێری هیچ ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتیدا نیە، بۆیە ئەژماركردنی نمرەی ئەمساڵی خوێندن پەیوەستە بەبڕیاری پەروەردەی حكومەتی هەرێمەوەو هیچ ڕێكخراوێك ناتوانێت تێبینی لەسەر پرۆسەی خوێندنی هەرێم هەبێت.

سەبارەت بەتاقیكردنەوەی كۆتایی بەو ڕێژە مەنهەجەی تائێستا خوێندراوە، دڵشاد عومەر وتی “سیستەمی وەزارەتی پەروەردە مەركەزییەو ئەوكاتە بڕیاری لێدەدرێت تاقیكردنەوەكە چۆن بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاساییەو دەتوانرێت تاقیكردنەوەی كۆتایی بكرێت لەسەر ئەو ڕێژەیەی خوێندراوە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *