ریزه‌كه تێكبده‌ن

shno11

شنۆ عوسمان

هه‌ندێك جار كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مێژوو، زۆر رسته‌ ده‌تهێڵێته‌وه‌ وهه‌ست ده‌كه‌یت بۆ ئێستا نوسراوه‌،یان نوسه‌ره‌كه‌ی له‌ ته‌نیشته‌وه‌ دانیشتوه‌ وسه‌یری هه‌واڵه‌كانی‌ ئه‌مڕۆت له‌ گه‌ڵدا ده‌كات .

بۆیه‌زۆرجار ده‌گه‌یته‌ ئه‌و باوه ڕه‌ی مێژوو به‌ تایبه‌ت مێژووی ئێمه‌ نه‌ك دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵكو له‌ دوباره‌ بوونه‌وه‌ وچه‌ند باره‌ بوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامه‌.ته‌ماشای ئه‌م دوو تێكسته‌ بكه‌ن ،له‌ سه‌ده‌ی پێشوو توفیق وه‌هبی به‌گ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ منه‌وه‌ره‌كانی ئه‌و كاته‌ ده‌نوسێت :

ئه‌سبابی نه‌مانی ئه‌ماره‌ته‌ كوردییه‌كان داخلی بوون ،به‌ فیتنه‌ی برا برا كوژراوه‌ .به‌ر له‌م قسه‌یه‌ عبدلڵا عه‌زیز كه‌ ئه‌ویش یه‌كێكی تره‌ له‌ منه‌وره‌كانی كورد له‌ سییه‌كانی سه‌ده‌ی پێشوونوسیوێتی :ئه‌سبابی ته‌ئخیربوونمان ئه‌وه‌یه‌ هه‌موان عه‌داوه‌تی یه‌كین .هه‌ر له‌ ده‌ورووبه‌ری ئه‌و ساڵانه‌دا بێكه‌س له‌ رێی شیعره‌وه‌ هاوارده‌كات :قه‌ومێكین دائیم هه‌ر هه‌وڵده‌ده‌ین ،بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتر به‌ ئه‌رزا بخه‌ین .

ره‌نگه‌ ده‌یان نموونه‌ی تر هه‌بن له‌م شێوه‌یه‌ .كه‌واته‌ با بپرسین :ئه‌ی یه‌كریزی و یه‌ك ماڵی و ده‌ستخستنه‌ ده‌ستی یه‌ك كه‌ی وچۆن هه‌بوه‌ ؟له‌ كاتێكدا مێژوومان پڕه‌ له‌ ناكۆكی له‌گه‌ڵ یه‌ك ،پڕاوپڕه‌ له‌ تێكشكاندنی یه‌كتر .مێژووی كورد مێژووی یه‌ك ماڵی نییه‌ به‌ڵكو مێژووی هه‌وڵدانی شكاندنی دیواری ماڵه‌كان بووه‌ له‌ لایه‌ن براكانه‌وه‌ .

مێژوو ئێمه‌ مێژووی سڕینه‌وه‌ وبچووكردنه‌وه‌ی یه‌كتر بوه‌ ،مێژوو بۆ سه‌ركه‌وتن بوه‌ له‌سه‌ر شانی یه‌كتر بۆ ئامانجێكی بچووك .له‌ كاتی گرفته‌ ناخۆییه‌كاندا لایه‌نێك خۆی به‌ فریادڕه‌س وبه‌رامبه‌ری به‌ ترسنوك داناوه‌ ،له‌ قه‌یرانه‌كاندا لایه‌نێك لای وابوه‌ كلیلی چاره‌سه‌ر ته‌نها له‌ گیرفانی شه‌ڕواڵ وپانتۆڵه‌كه‌ی خۆیدایه‌ وكه‌سی تر ناتوانێت چاره‌سه‌ری لابێت.

كێشه‌ی ئێمه‌ به‌ درێژایی مێژوو كێشه‌ی گه‌ڕان بووه‌ به‌ دوای ماڵێكی یه‌كگرتوو ویه‌كگوتاریی له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قه‌یران و مه‌ترسییه‌كان .له‌ خۆڕا نییه‌ كورد په‌ندێكی هه‌یه‌ ده‌ڵێن: هه‌ركه‌س له‌ ئاوازێك ده‌خوێنێت .گرنگه‌ هه‌موان ئاوازمان جیابێت به‌ڵام ناكرێت ته‌نها ئاوازی خۆمان لا په‌سه‌ند بێت .

كێشه‌كه‌ له‌وه‌گه‌وره‌تره‌ له‌كاتی ئارامی وكه‌مێك ئاشتیدا ده‌بینین هه‌موو بێ ده‌نگین ،چونكه‌ كه‌س له‌ناو ئاشتی وئارامی ناتوانێت بێته‌ پاڵه‌وان .به‌ڵام كه‌ قه‌یران و مه‌ترسی روومان تێده‌كات هه‌موو ده‌كه‌وینه‌ قسه‌ وهه‌ریه‌كه‌مان له‌ ئاوازێك ده‌خوێنین. ئاوازێك بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان نییه‌ به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌ جه‌ماوه‌ر بڵێن :ته‌نها ئێمه‌ ده‌نگ خۆشین ولایه‌نه‌كانی تر نازانن بچریكێنن.

‎له كێشه‌دا قه‌ت ماڵی كوردی یه‌كنه‌بوه‌ له‌ كێشه‌دا قه‌ت هاوته‌بانه‌بووین له‌ كێشه‌دا قه ت یه‌ك گوتار نه‌بوین .ئه‌مه‌ش هۆكاری شكست وداڕمانه‌كانمان بوه‌ .ره‌نگه‌ دورتر بڕۆین بڵێن ئێمه‌ له‌ هیچ شتێكدا یه‌ك ریز نین ،با نموونه‌یه‌ك له‌سه‌ر جوڵه‌یه‌كی كلتووری خۆمان بهێنینه‌وه‌ ئه‌وه‌ش هه‌ڵپه‌ڕكییه‌ ،ئه‌گه‌ر وردبوونه‌وه‌یه‌كی سایكلۆژی بۆ بكه‌ین ده‌بین ،هه‌میشه‌ له‌ شاییه‌كاندا چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك هه‌ڵپه‌ڕكێ به‌شێوه‌یه‌كی رێك وپێك به‌رده‌وام بووه‌ دواتر تێك ده‌چێت وهه‌ریه‌كه‌و به‌ جیا هه‌ڵده‌په‌ڕی ماڵی بوك به‌ جیا و ماڵی زاواو ماڵی پور خاڵ به‌جیا ریزیان جیاده‌كه‌نه‌وه‌ ،له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی شاییه‌كه‌دا ئیتر ده‌یان ریزی هه‌ڵپه‌ڕكێ دروستده‌بێت وتێكده‌ئاڵێن به‌یه‌كه‌وه‌.ئێتر حه‌شر ده‌ستپێده‌كات وكه‌س كه‌س ناخوێنێته‌وه‌.ئه‌م جوڵه‌ كلتورییه‌ رێك ته‌عبیره‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی كه‌ كه‌س ئاماده‌نییه‌ به‌ سه‌رچوپی كه‌سی تر وكه‌س ئاماده‌نییه‌ له‌یه‌ك ریزدا بمێنێته‌وه‌ ،هه‌موان له‌ هه‌وڵی ئه‌وداین سه‌رچۆپی وه‌ربگرین بۆ ئه‌وه‌نا كه‌ جوانتر هه‌ڵده‌په‌ڕین به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی جوانتر ده‌ربكه‌وین وخۆمان ده‌ربخه‌ین .كه‌واته‌ به‌دریژایی مێژوومان به‌ ئێستاشه‌وه‌ له‌ خه‌ونی ئه‌وداین یه‌ك ریزبین به‌ڵام هه‌میشه‌ سه‌دان ریزین.