گه‌لی‌ به‌ریتانیا له‌به‌رده‌م بڕیارێكی چاره‌نوسسازدا

efer_M_20160221172643

فه‌ریق حه‌بیب

چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌مساڵدا، دانیشتوانی‌ به‌ریتانیا، له‌ڕێی‌ راپرسیه‌كی‌ گشتیه‌وه‌، ئاینده‌ی‌ شانشینی‌ یه‌كگرتوو (به‌ریتانیا) له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا یه‌كلایی‌ بكه‌نه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌یڤید كامیرۆن، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵی‌ مانه‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا بده‌ن له‌و یه‌كێتییه‌دا، له‌پاش به‌دیهێنانی‌ هه‌ندێك له‌داواكارییه‌كانی‌ له‌نده‌ن.

رێكه‌وتن له‌دوا ساته‌كاندا

سه‌رباری‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ به‌ریتانیا‌و ئه‌وروپا كه‌هه‌ینی‌ رابردوو راگه‌یه‌ندرا‌و راسپارده‌كانی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیا بۆ مانه‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپادا، ئه‌و راپرسیه‌ی‌ بڕیاره‌ له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌بچێت، له‌كۆتایدا دواڕۆژی‌ به‌ریتانیا له‌و یه‌كێتییه‌دا یه‌كلاییده‌كاته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كامیرۆن سه‌ركه‌وتوبوو له‌گه‌یشتن به‌و رێكه‌وتنه‌ له‌دوا ساته‌كاندا، كه‌ هه‌ندێك ئیمتیازی‌ ئابوری‌ ده‌داته‌ به‌ریتانیا، له‌وانه‌ش، مافی‌ سنورداركردنی‌ كۆچ، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری‌ چه‌ند داواكارییه‌كی‌ تر بوو، وه‌كو مافی‌ ڤیتۆ له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی‌ ئه‌وروپا‌و بڕینی‌ یارمه‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌و كرێكارانه‌ی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا كه‌ له‌به‌ریتانیادا كارده‌كه‌ن.

ژماره‌یه‌ك له‌شیكاران باوه‌ڕیانوایه‌ كه‌ مه‌ترسییه‌ ئه‌منیه‌كان، پاڵنه‌ری‌ سه‌ره‌كین بۆ گۆڕانی‌ هه‌ڵوێستی‌ هه‌ڵۆكانی‌ ناو پارتی‌ پارێزگارانی‌ وه‌كو خاتوو سێریزا مای‌، وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ به‌ریتانیا له‌به‌رهه‌ڵستیكاریكردنی‌ مانه‌وه‌ له‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپاوه‌ بۆ پیرۆزبایكردن له‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ كامیرۆن‌و به‌ڵێندان به‌ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ گوشاركردن له‌پێناو باوه‌ڕهێنان به‌دانیشتوانی‌ به‌ریتانیا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا له‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپادا بمێنێته‌وه‌.

رۆژی‌ هه‌ینی‌، یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌داواكارییه‌كانی‌ به‌ریتانیا ده‌ربڕی‌، له‌جیاتی‌ رێگرتن له‌پێشكه‌شكردنی‌ یارمه‌تی بۆ كۆچبه‌ره‌ نوێكان بۆ ماوه‌ی‌ چوار ساڵ، یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا رازی‌ بوو له‌سه‌ر بڕگه‌یه‌ك كه‌ڕێگه‌ ده‌دات به‌هه‌ڵپه‌ساردنێكی‌ نائاسایی‌ هه‌ندێك له‌یارمه‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ كۆچبه‌ره‌ نوێكان له‌ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ پله‌به‌ندی‌، هه‌روه‌ها سیستمێك داده‌نرێت بۆ پێكه‌وه‌به‌ستنی‌ یارمه‌تییه‌ خێزانییه‌كان به‌ئاستی‌ بژێویی‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ كۆچبه‌ره‌كانی‌ تێدا ده‌ژێت.

هێشتا ئه‌گه‌ری‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا هه‌یه‌

له‌به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی‌ گره‌نتی‌ بۆ جیاوازی‌ نه‌كردن له‌دژی‌ جونه‌یهی‌ ئیسته‌رلینی‌ له‌ناوچه‌ی‌ یۆرۆ، كامیرۆن شكستیهێنا له‌به‌ده‌ستهێنانی‌ مافی‌ ره‌تكردنه‌وه‌( ڤیتۆكردن)ی‌ بڕیاره‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ یۆرۆ.

دوابه‌دوای‌ ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌، له‌ئێستا به‌دواوه‌ رووناكییه‌كان ده‌چنه‌سه‌ر رای‌ گشتی‌ به‌ریتانیا‌و راده‌ی‌ قایل بوونیان به‌و رێكه‌وتنه‌، كه‌مانه‌وه‌ی‌ به‌ریتانیا یان ده‌رچوونی‌ له‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا یه‌كلایی‌ ده‌كاته‌وه‌.

به‌ڵام پرۆفیسۆرده‌یڤید هێڵد له‌زانكۆی‌ درم تێڕوانینێكی‌ تری‌ هه‌یه‌و باوه‌ڕی‌ وایه‌ هێشتا ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌به‌ریتانیا له‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا بچێته‌ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ ناوچه‌ی‌ یۆرۆ‌و قه‌یرانی‌ یۆنان‌و خاوخلیچكیی‌ گه‌شه‌كردن‌و قه‌یرانی‌ كۆچ، هه‌موو ئه‌وانه‌ هۆكارێك بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا له‌زیهنی‌ بریتانییه‌كاندا له‌كه‌دار بكات.

هێڵد پێیوایه‌ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ وایانكردووه‌ به‌ریتانیا بگاته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ئه‌وروپا شكستیهێناوه‌.

گۆڕانكاری‌ له‌هه‌ڵوێسته‌كان

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رنجه‌، گۆڕانی‌ هه‌ڵوێستی‌ هه‌ندێك له‌وه‌زیره‌كانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ده‌یڤید كامیرۆنه‌، له‌ره‌وتی‌ هه‌ڵۆكان كه‌دژی‌ كۆچبه‌ران‌و سیاسه‌تی‌ كرانه‌وه‌بووون. شرۆڤه‌كاران باوه‌ڕیان وایه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ له‌و مه‌ترسییه‌ ئه‌منییانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ڕه‌نگه‌ به‌ریتانیا دووچاری‌ بێت ئه‌گه‌ر له‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا بچێته‌ده‌ره‌وه‌، به‌هۆی‌ له‌ده‌ستدانی‌ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپییه‌كان له‌بواری‌ بنبڕكردنی‌ تیرۆردا.

مایكڵ وینكلسۆن له‌به‌شی‌ كاروباری‌ سیاسی‌ له‌ڕۆژنامه‌ی‌ ته‌له‌گراف ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌گۆڕانی‌ هه‌ڵوێستی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ به‌ئاراسته‌ی‌ پشتیوانیكردنی‌ مانه‌وه‌ له‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپادا، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ چونكه‌ گره‌نتییه‌ بۆ به‌رده‌وامیی‌ هاوكاری‌ له‌بنبڕكردنی‌ تیرۆردا، هه‌روه‌ك رێكه‌وتنه‌كه‌ مافی‌ به‌ریتانیای‌ مسۆگه‌ركردووه‌ له‌ناردنه‌وه‌ی‌ تاوانبارانی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا‌و پاراستنی‌ سیستمی‌ دادوه‌ری تایبه‌ت به‌خۆی‌.

ئیمتیازاتی‌ ئابووری‌

له‌بواری‌ ئابووریشدا، ناسر قه‌لاون پسپۆڕی‌ ئابووری‌ باوه‌ڕی‌ وایه‌ كه‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌ پاراستنی‌ ئابووری‌ به‌ریتانیای‌ فه‌راهه‌مكردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌زامنكردنی‌ ئه‌وه‌ی‌ باجی‌ ئه‌وروپی‌ نه‌سه‌پێندرێت به‌سه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌ داراییانه‌ی‌ تێیدا ده‌كرێن، له‌كاتێكدا 60%ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌له‌نده‌نه‌وه‌ ده‌چێته‌ ئه‌وروپاوه‌.
قه‌لاون به‌جه‌زیره‌نێتی‌ راگه‌یاند، هه‌ر به‌گوێره‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌، چیتر جیاوازی‌ له‌دژی‌ جونه‌یهی‌ ئیسته‌رلینی‌ ناكرێت له‌مامه‌ڵه‌ داراییه‌كانی‌ نێو یه‌كێتییه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش به‌دانان به‌بوونی‌ دراوی‌ تریش له‌نێو یه‌كێتییه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش كارێكی‌ زۆر گرنگه‌ بۆ به‌ریتانیا.

سه‌باره‌ت به‌كۆچكدرنیش، قه‌لاون تێڕوانینی‌ وایه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌، مافی‌ سه‌پاندنی‌ رێگریی‌ پێبه‌پێی‌ داوه‌ته‌ به‌ریتانیا له‌سه‌ر ژماره‌ی‌ په‌نابه‌ران، ئه‌وه‌ش بابه‌تێك بوو كه‌به‌ریتانیای‌ نیگه‌ران كردبوو، چونكه‌ ساڵی‌ پار سێ‌ ملیۆن كۆچبه‌ری‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌وروپاوه‌ وه‌رگرتبوو، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ توانایه‌كی‌ هه‌بێت كه‌پێشوه‌خت كێشه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكات.

له‌كاتێكدا كه‌سیاسییه‌كان كێشه‌كه‌یان به‌وه‌ یه‌كلایی‌ كرده‌وه‌ كه‌به‌ریتانیا له‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپادا بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا بڕیاری‌ كۆتایی‌ به‌ده‌ست دانیشتوانی‌ به‌ریتانیاوه‌یه‌، چونكه‌ راپرسییه‌كی‌ په‌یمانگای‌ سۆرفیش كه‌له‌كانوونی‌ دووه‌می‌ رابردوودا ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ریخستووه‌ 53%ی‌ بریتانییه‌كان پشتیوانی‌ له‌ده‌رچوون له‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا ده‌كه‌ن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *