خورماتوو؛ رێككه‌وتنه‌كه‌ گومانی‌ كوردی‌ نه‌ڕه‌وانده‌وه‌

04607348-7981 copy

دڵنیانین حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بڕیاره‌ نوێیه‌كانیش بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ خورماتوو جێبه‌جێبكات.

سه‌رچین ساڵح

لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی‌ قه‌زای‌ خورماتوو، گومانیان هه‌یه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌و بڕیارانه‌وه‌ پابه‌ند بێت كه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ ره‌وشی‌ ئاڵۆزی‌ قه‌زاكه‌ ده‌ركران، به‌وپێیه‌ی‌ به‌و رێككه‌وتننانه‌ی‌ پێشوه‌وه‌ پابه‌ند نه‌بوون كه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ئیمزاكرابون.

دوێنێ دوشه‌ممه‌، به‌رپرسانی هێزی پێشمه‌رگه‌‌و حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ حكومیه‌كانی خورماتوو كه‌ پێكهاتبوون له‌قایمقام‌و پۆلیس‌و ئاسایش كۆبونه‌وه‌، سێ بڕیاریان ده‌ركرد بۆ هێوركردنی‌ ره‌وشی‌ ئاڵۆزی‌ قه‌زاكه‌.

بڕیاره‌كان بریتین له‌راده‌ستكردنی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كاری‌ نایاساییان كردوه‌، حه‌شدو پێشمه‌رگه‌ش له‌وباره‌یه‌وه‌ هاوكاری‌ پۆلیس‌و ئاسایش بن، هه‌روه‌ها كۆبونه‌وه‌كان به‌شێوه‌ی‌ خولی‌ به‌رده‌وام بن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كان.

حه‌سه‌ن بارام، جێگری‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ گه‌رمیانی‌ یه‌كێتی‌ له‌بازنه‌ی‌ حه‌مرین بۆ هاوڵاتی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، چاوه‌ڕوانی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام دڵنیانین حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ جێبه‌جێی‌ ده‌كات.

وتیشی‌ “به‌به‌رده‌وامی‌ ئه‌وه‌مان به‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ خورماتوو بووه‌ به‌سه‌ربازگه‌، وایكردوه‌ كوشتن‌و رفاندن‌و پێشێلكردنی‌ یاسا به‌رده‌وام له‌زیادبوندا بێت، رون‌و ئاشكراشه‌ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌واندایه‌”.

قه‌زای‌ خورماتوو، چه‌ندین گروپی‌ سه‌ر به‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ تێدا جێگیركراوه‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ شاره‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ شاره‌كه‌ به‌ده‌ست هێزی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كرده‌وه‌كانی‌ رفاندن‌و كوشتنی‌ خه‌ڵك رۆژانه‌ له‌و قه‌زایه‌ به‌رده‌وامه‌.

حه‌سه‌ن بارام ده‌ڵێت، به‌حه‌شدیان وتووه‌ تا ئه‌و هێزانه‌ له‌شاردابن پێشێلكارییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن “به‌ڵام حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ موماته‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، نایانه‌وێت وه‌زعه‌كه‌ ئارام بێت، ئه‌وان هه‌ویه‌ی‌ شاره‌كه‌یان مه‌به‌سته‌‌و پێیانوایه‌ خاوه‌نی‌ شاره‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و گرژی‌و پێشێلكاریانه‌ی‌ رۆژانه‌ ده‌یكه‌ن ده‌یانه‌وێت كورد ناچاربكه‌ن‌و ئه‌مری‌ واقع بچه‌سپێنن”.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كورد له‌مه‌رامی‌ حه‌شد تێگه‌یشتووه‌، به‌ڵام نایانه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ربن بۆ گرژتركردنی‌ بارودۆخه‌كه‌و چاوی‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بكه‌وێته‌ سه‌ر كورد به‌شێوه‌ی‌ سلبی‌، ده‌بێت چاوه‌ڕێبكه‌ن چونكه‌ ئه‌و ناوچانه‌ كوردستانین، خۆیان به‌خاوه‌ن ماڵ ده‌زانن‌و نایانه‌وێت له‌ماڵیاندا شه‌ڕ دروستببێت.

گروپه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌خورماتوو، شه‌ش گروپی‌ جیاوازن‌و هه‌ریه‌كه‌یان سیاسه‌تی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، گروپی‌ سه‌لام كه‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌درن به‌گروپێكی‌ نه‌رم به‌رانبه‌ر كورد داده‌نرێت، به‌ڵام عه‌سایبی‌ ئه‌هلی‌ حه‌ق‌و كه‌تائیبی‌ حزبوڵا توندن، له‌پشت گرژی‌و ئاڵۆزیه‌كانه‌وه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ به‌رپرسه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نیه‌ ئیداره‌ی‌ خۆجێی‌‌و لایه‌نه‌كانی‌ خورماتوو رێكده‌كه‌ون له‌سه‌ر هێوركردنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ گرژی‌ قه‌زاكه‌، له‌دوای‌ گرژییه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردووی‌ نێوان حه‌شد‌و پێشمه‌رگه‌ دوه‌مجاره‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ لایه‌نه‌كان ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن‌و بڕیارده‌درێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ جێبه‌جێبكرێن.

پێش كۆبونه‌وه‌ی نێوان پێشمه‌رگه‌‌و حه‌شدی شه‌عبی، شه‌لال عه‌بدول قایمقامی خوورماتو، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا داوای‌ له‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ كرد هاوكاربن له‌سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌‌و هێوركردنه‌وه‌ی گرژیی نێوان پێكهاته‌كان.

محه‌مه‌د فایه‌ق، به‌رپرسی‌ راگه‌یاندنی‌ قایقامیه‌تی‌ خورماتوو بۆ هاوڵاتی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، چاوه‌ڕوانی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كانن‌و لایه‌نه‌كان ده‌توانن گرژییه‌كان بنه‌بڕ بكه‌ن نه‌ك قایمقامیه‌ت.

هه‌روه‌ها حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ تۆمه‌تباركرد، به‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌می‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی‌ كراون پابه‌ند نه‌بوه‌ پێیه‌وه‌و رێگربووه‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌ی‌ ئارامی‌ بۆ قه‌زاكه‌، زۆرترین خروقاتیش له‌و گه‌ڕه‌كانه‌دا ده‌كرێت كه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ حه‌شدی‌ تێدایه‌.

محه‌مه‌د فایه‌ق وتی‌ “پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دین ناجێگیره‌و حه‌شد كۆنتڕۆڵی‌ كردوه‌، هیچ كارێكی‌ پێناكرێت بۆ ده‌ركردنی‌ هێزه‌چه‌كداره‌كان له‌ناو سه‌نته‌ری‌ شاره‌كاندا، هیچ پلانێكیشی‌ نیه‌ بۆ باشكردنی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ قه‌زاكه‌”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *