بچوككردنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌درێته‌ ده‌ست وه‌زاره‌ته‌كان

kobunewey_encu

لیژنه‌یه‌كی‌ حكومی‌ سه‌ردانی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ده‌ستپێكردوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ لابردن‌و تێكه‌ڵكردنی‌ فه‌رمانگه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان.

هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د

لیژنه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌هه‌یكه‌لیه‌تی‌ كابینه‌ی‌ هه‌شته‌می‌ حكومه‌ت ده‌ستبه‌كارده‌بێت‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌ردانی‌ وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كات، بۆ بچوككردنه‌وه‌و تێكه‌ڵكردنی‌ فه‌رمانگه‌‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیان به‌ئامانجی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجی‌‌و زیادكردنی‌ داهات.

21ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕیاریدا به‌پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی دیراسه‌كردنی پڕۆژه‌ی چاوخشاندنه‌وه‌و چاكسازی له‌هه‌یكه‌لیه‌تی حكومه‌تدا، هه‌روه‌ها ڕه‌چاوكردنی دۆخی دارایی هه‌رێم‌و به‌رجه‌سته‌كردنی ته‌رشیقكردنی دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كان‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌كان.

لیژنه‌كه‌ 17ی ئه‌م مانگه‌، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌‌و گه‌یاندنی كرد بۆ گه‌یاندنی رێنمایی‌و پێشنیازه‌كان، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا كۆبونه‌وه‌یه‌كی تری نێوان وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌‌و لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

ئومێد محه‌مه‌د، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی هه‌رێم به‌هاولاَتی وت “به‌پێی بڕیاری لیژنه‌كه‌ی حكومه‌ت، ده‌بێت هه‌مو وه‌زاره‌تێك چاو به‌هه‌یكه‌له‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا بخشێنێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و به‌ش‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ی كه‌ زیادن لاببرێن”.

وتیشی “پێشتر حكومه‌ت حه‌جمی خۆی له‌راده‌به‌ده‌ر گه‌وره‌ كردبوو، له‌داتاشینی هۆبه‌و به‌ش‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كه‌ پێویست نه‌بوو، بۆیه‌ به‌پێی پێویست به‌ش‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌”.

یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو 21ی‌ ئه‌م مانگه‌، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی هه‌رێم، كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامداو تێیدا بڕیاریدا چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ك تێكه‌ڵبكات‌و ئه‌وانه‌شی چالاك نین لاببرێن، هه‌روه‌ها چه‌ند به‌ش‌و هۆبه‌یه‌ك كه‌ له‌رووی تایبه‌تمه‌ندیه‌وه‌ له‌یه‌كتر نزیكن‌و تێكه‌ڵ بكرێن.

به‌وته‌ی‌ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی هه‌رێم، كاره‌كانی چاوخشاندنه‌وه‌ به‌هه‌یكه‌لی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن له‌كۆتاییدایه‌، هه‌مو ئه‌و به‌ش‌و هۆبانه‌ لاده‌برێن كه‌ زیادن.

ئومێد محه‌مه‌د باسی‌ له‌وه‌شكرد، جگه‌له‌وه‌ی له‌زۆربه‌ی قه‌زاكان به‌ڕێوبه‌رایه‌تیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ناكرێت به‌ڕێوبه‌رایه‌تی له‌قه‌زادا هه‌بێت‌و هه‌ڵیانده‌گرن، چونكه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئه‌وكاته‌ ده‌بێت كه‌ له‌ناو پارێزگادا به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی هه‌بێت، بۆیه‌ لاده‌برێت‌و ده‌یكه‌نه‌ نوسینگه‌.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ “هه‌مو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی پۆسته‌وگه‌یاندن كه‌ له‌قه‌زاكان كاریان نیه‌و چالاك نین، هه‌ڵیانده‌وه‌شێنینه‌وه‌، به‌لاَم هیچ جۆره‌ دورخستنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رێكی تێناكه‌وێت، له‌ئێستاشدا كاره‌كانی بچوكردنه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كاره‌كان ته‌واو ده‌كه‌ین”.

كابینه‌ی‌ ئێستای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌ 21 وه‌زاره‌ت، دوو ده‌سته‌، فه‌رمانگه‌كانی‌ هه‌ماهه‌نگی‌‌و به‌دواداچون، په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌، میدیاو زانیاری‌ پێكهاتووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ كاروباری‌ خانمان.

له‌ 18/6/2014 كابینه‌ی‌ هه‌شته‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌به‌شداری‌ پارتی‌، یه‌كێتی‌، گۆڕان، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو پێكهێنراو‌و متمانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وه‌رگرت، به‌ڵام چوار مانگه‌ وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕان دورخراونه‌ته‌وه‌.