به‌رهه‌می هاوڵاتی

sirwan-hsen-206x300

سیروان حسێن*
15 ساڵ‌و چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر، کاتێک هه‌رێمی کوردستان باجی کاریگه‌ریه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یه‌کێتی ده‌دا، رۆژنامه‌ی هاوڵاتی هات‌و بوو به‌بڵندگۆی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به‌توڕه‌یی‌و نائومێدیه‌وه‌ رۆژیان ده‌کرده‌وه‌.

هاوڵاتی له‌ژماره‌ی سفریدا (5/11/2000)، داوایکرد “متمانه‌ به‌یه‌ککردن” ببێته‌ ده‌ستپێکی قۆناغێکی نوێی دوای ئه‌و براکوژییه‌ی بۆ چه‌ند ساڵێک پرسه‌ی خسته‌ هه‌زاران ماڵه‌وه‌‌و سێ پارێزگای له‌روی سیاسی‌و کۆمه‌ڵاتی به‌تایبه‌ت کاری میدیاییه‌وه‌ دابه‌شی دوو سنور‌و به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ک کرد.

ئه‌وکات ئه‌وه‌ی ده‌خوێندرایه‌وه‌‌و ده‌بینرا‌و ده‌بیسترا، ته‌نیا ئه‌وه‌بوو حزب ده‌یوت، هه‌ر ئه‌وان قسه‌که‌ر بوون‌و خه‌ڵکیش گوێگر، هه‌واڵه‌کانیان ریزکردنی کۆمه‌ڵێک رسته‌ی ده‌سته‌بژێری دڵخوازی خۆیان بوو له‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌کۆبونه‌وه‌ داخراوه‌کاندا کران، به‌ڵام هاوڵاتی دیوی دووه‌می گفتوگۆ‌و ململانێیه‌کانیانی ئاشکراکرد‌و نه‌یهێشت به‌نهێنی بمێنێته‌وه‌.

هاوڵاتی له‌ده‌رگای داخراوی حزب‌و حکومه‌تی دا، ره‌خنه‌‌و گله‌یی خه‌ڵک‌و خه‌مخۆرانی روبه‌ڕوکردنه‌وه‌، رۆڵی هه‌بوو له‌به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری تاک‌و فه‌راهه‌مکردنی ئه‌و پانتاییه‌ی خه‌ڵک به‌بێ سڵه‌مینه‌وه‌ ناڕه‌زایی خۆی بگه‌یه‌نێت‌و به‌چه‌وت بڵێت نه‌خێر، هه‌رچه‌نده‌ هاوڵاتی له‌و سه‌رده‌مه‌‌و دواتریش به‌به‌رده‌وامی باجی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی داوه‌ به‌ڵام له‌وه‌گرنگتر ده‌ره‌نجامه‌که‌ی بوو، له‌ئێستادا هۆشیاری خه‌ڵک له‌وپه‌ڕی گه‌شه‌دایه‌.

ئه‌وکات میدیای حزب هه‌بوو، له‌پاڵ پیاهه‌ڵدانی حزب‌و سه‌رکرده‌، ته‌نیا بڵاوکردنه‌وه‌ی کاری باشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له‌ئه‌ستۆدا بوو، تا ئه‌وه‌ی هاوڵاتی که‌موکورتیه‌کانی حوکمڕانییانی نیشانی خۆیان‌و خه‌ڵکیش دا، له‌رێی بۆچونی که‌سانی پسپۆڕ‌و شاره‌زاشه‌وه‌ هه‌وڵیدا به‌دیل‌و چاره‌سه‌ری پێویست بوروژێنێت.

هاوڵاتی حزب‌و ده‌سه‌ڵاته‌کانیانی ناچارکرد، ئه‌گه‌ر به‌رێژه‌یه‌کی که‌میش بێت، ده‌رگای ته‌واوی گفتوگۆکانیان به‌داخراوی نه‌مێنێته‌وه‌‌و گوێ له‌خه‌ڵگ بگرن، ره‌خنه‌‌و گله‌ییه‌کان له‌به‌رچاو بگرن.
هاوڵاتی رۆڵێکی به‌رچاوی بینی له‌دروستکردنی ئه‌و پانتاییه‌ به‌رفراوانه‌ی هۆشیاری خه‌ڵک، که‌ له‌ژێر سایه‌یدا بۆ یه‌که‌مجار له‌حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستاندا به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن‌و هێزی ئینتیخابی سه‌ریهه‌ڵدا، به‌ڵام ئه‌و قۆناغه‌ نه‌بووه‌ هۆی ته‌واوبونی ئه‌رکی هاوڵاتی، به‌ڵکو چاوه‌کانی تیژتر کرد‌و هاوشێوه‌ی حزبه‌کانی حوکمڕان‌و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان، بوو به‌چاودێر به‌سه‌ر هه‌نگاوه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی ناو په‌رله‌مانیشه‌وه‌، له‌که‌موکورتی‌و هه‌ڵه‌کانیان روی وه‌رنه‌گێڕا.
وه‌کو خوێندنگه‌یه‌ک بۆ پێگه‌یاندنی رۆژنامه‌وانی بوێر‌و سه‌رڕاست، هاوڵاتی ناسنامه‌ی یه‌که‌می ده‌یان له‌و رۆژنامه‌نوسانه‌یه‌ که‌ ئێستا له‌ده‌زگاکانی تردا درێژه‌ به‌کاری میدیایی ده‌ده‌ن.

هاوڵاتی له‌ته‌مه‌نی کارکردنیدا روبه‌ڕوی زۆر ئاسته‌نگ بۆته‌وه‌، هه‌ر له‌لێدان‌و گرتن‌و دادگاییکردن‌و چه‌ندین شێوازی تری به‌ربه‌ست دروستکردن، به‌ڵام کۆڵی نه‌دا، چونکه‌ پاڵپشته‌که‌ی خه‌ڵک بوو، تۆمه‌تبارکردنی به‌لایه‌نگری هه‌ر جاره‌‌و حزبێک، کاری نه‌کرده‌ سه‌ر کاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌کانی، به‌شایه‌دی چه‌ندین رێکخراوی بواری میدیا‌و راپرسیه‌کانیش، هاوڵاتی له‌پێشه‌نگدا مایه‌وه‌.
سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له‌دوو ساڵی رابردوودا، قۆناغ‌و ئه‌زمونێکی تر بوو بۆ هاوڵاتی، به‌ڵام قورستر له‌هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگییانه‌ی له‌سه‌ره‌تای کارکردنیه‌وه‌ روبه‌ڕوی بۆته‌وه‌، چونکه‌ قه‌یرانه‌که‌ گه‌وره‌ترین پاڵپشتی رۆژنامه‌که‌ی له‌ق کرد، ئه‌ویش فرۆش بوو، پاشان نه‌بوونی ریکلامی کۆمپانیاکان، که‌ تاکه‌ دوو سه‌رچاوه‌ی بژێوی میدیایه‌کی ئه‌هلی وه‌کو هاوڵاتی بوون.
له‌و دوو ساڵه‌دا زۆر هه‌وڵدرا هاوڵاتی به‌هه‌وڵی خه‌مخۆرانی میدیای ئه‌هلی‌و ستافه‌که‌ی به‌رده‌وامی به‌کاره‌ رۆژنامه‌وانیه‌کانی بدات‌و به‌رهه‌می زیاتری هه‌بێت، هه‌ر چۆنێک بێت تا ئێره‌ هاتین، له‌مه‌ودواش به‌بێ خواستی خۆمان نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچمان پێنه‌ماوه‌ پێشکه‌شی بکه‌ین، به‌ڵکو ناچارین بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتی‌و مێژووه‌که‌ی به‌سه‌ربه‌رزی بمێنێته‌وه‌ ماڵئاوایی بکه‌ین.
*به‌ڕێوه‌به‌ری نوسین

One thought on “به‌رهه‌می هاوڵاتی

  1. به ڕاستی هاوڵاتی چاوی خه ڵکی کرده و زانیاری ڕاست و دروستی داوه به خوێنه رانی و خزمه تێکی زۆر گه وره ی کردوه ده ست خۆشیتان لێده که ین داهێننه ر بو ن بوێر بوون بێوێنه بوون ئاوێتانەی وون نابێت و چوونه ته مێژوه وه.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *