تاریق فاتیح، خاوه‌نی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی:
یه‌ک دینار کۆمه‌کنه‌کراین‌و چیتر ناتوانین به‌رده‌وامبین

unnamed

سازادنی: ئارا ئیبراهیم
تاریق فاتیح، خاوه‌نی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی راگرتنی رۆژنامه‌که‌ی بۆ کاتێکی نادیار راگه‌یاندو جه‌ختیکرده‌وه‌ “چیتر ناتوانم به‌رده‌وامی به‌ڕۆژنامه‌که‌ بده‌م، چونکه‌ هیچ چاره‌سه‌رێکی ترم له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو”.



ئه‌و بڕیاره‌ی تاریق فاتیح، دوای مانگێک دێت له‌بانگه‌وازێکی رۆژنامه‌که‌ بۆ کۆمه‌ککردن تابه‌رده‌وامی به‌خۆیان بده‌ن، به‌ڵام خاوه‌نی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ده‌ڵێت تائێستا چه‌ند جارێک رۆژنامه‌که‌ توشی قه‌یرانی دارایی بوه‌‌و هاوڵاتیان یان رێکخراوه‌کانی بواری میدیا به‌هانایه‌وه‌ چون، به‌ڵام “ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا له‌هه‌موو قه‌یرانه‌کانی تر گه‌وره‌تره‌”, جه‌ختیکرده‌وه‌ “یه‌ک دینار‌و یه‌ک دۆلارو یه‌ک یۆر نه‌هاتۆته‌ ناو ئه‌و حسابه‌ بانکییه‌ی که‌ بۆ کۆمه‌کی هاوڵاتی کرابۆوه‌”.
له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا باس له‌هۆکاره‌کانی داخستنی رۆژنامه‌ی هاوڵاتیو هه‌وڵه‌کانیان بۆ رانه‌گرتنی رۆژنامه‌که‌و وه‌ڵامی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش ده‌داته‌وه‌ که‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن خاوه‌نی هاوڵاتی پاره‌ی وه‌رگرتوه‌.
هاوڵاتی: رۆژنامه‌ی هاوڵاتی که‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ پانزه‌ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ بۆچی رایده‌گرن؟
تاریق فاتیح: له‌ڕاستیدا له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر بۆخۆی به‌ڕێوه‌بردنی رۆژنامه‌که‌ هه‌تا ئێستا کارێکی زۆر قورس‌و زه‌حمه‌ت بوه‌ بۆ من، له‌ته‌مه‌نی هاوڵاتیدا تائێستا چه‌ند جارێک توشی ئه‌زمه‌ی دارایی‌و مالی بوینه‌ته‌وه‌، جارێکیان له‌سه‌ره‌تاکانی ده‌رکردنی رۆژنامه‌که‌دا بو هاوڵاتیان به‌هانامانه‌وه‌ هاتن، جارێکی تر رێکخراوێکی هۆڵه‌ندی هاتن کۆمه‌کیان کردین‌و توانیمان به‌رده‌وامی پێ بده‌ین، جارێکی تر له‌ساڵی 2003 توشی ئه‌زمه‌ی دارایی بوینه‌وه‌ به‌هه‌وڵی خۆم قه‌رزێکم کرد کاربکه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ڕۆژنامه‌که‌ نه‌که‌وێت، به‌به‌رده‌وام له‌ئه‌زمه‌ی دارایدا بوین، به‌پێی راپۆرته‌ داراییه‌کان ساڵ هه‌بوه‌ قازانجی کردوه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ دوو بۆ سێ ساڵ زه‌ره‌ری کردوه‌، هه‌رچۆنێک بێت تونیمان رایبگرین.
ئه‌م قه‌یرانی داراییه‌ی ئێستا له‌هه‌موان گه‌وره‌تره‌، ساڵی 2012 که‌ پلانمانداندا بیکه‌ن به‌ڕۆژانه‌ زه‌ره‌رێکی زۆرمان کرد له‌ڕۆژنامه‌که‌ ئه‌و چاپخانه‌یه‌ی که‌ کڕیبومان‌و خستمانه‌ سه‌ر کار پاره‌یه‌کی زۆری تێچوو، ناچار له‌بانک قه‌رزمان کرد بانکیش بێگومان سودی خۆی ده‌چێته‌سه‌ر، له‌ساڵی 2013 تاساڵی 2014 که‌مێک قازانجمان هه‌بوو، به‌ڵام هه‌موو قازانجی ئه‌و ساڵه‌ دیسان چوو بۆ سودی پاره‌ی بانک، نه‌مانتوانی بڕێکی لێ پاشه‌که‌وت بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بۆ رۆژنامه‌که‌ سودی لێببینین له‌م قه‌یرانی داراییه‌دا، له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014 بڕی داهاتی ئێمه‌ زۆر که‌می کردوه‌ به‌ڕێژه‌یه‌ک که‌ له‌مانگی چواری 2015 رۆژنامه‌که‌ ده‌ستی کرد به‌وه‌ی که‌ئیتر مانگانه‌ توشی زه‌ره‌رێکی گه‌وره‌ببێت، تاوای لێهات زه‌ره‌ری مانگانه‌ نزیک ببێته‌وه‌ له‌ 30 ملیۆن دینار، توانیم ته‌حه‌مولی ئه‌و زه‌ره‌ره‌ بکه‌م که‌ نزیکه‌ی 250 ملیۆن دیناری ده‌کرد، به‌ڵام چیتر ناتوانم به‌رده‌وامی به‌ڕۆژنامه‌که‌ بده‌م، هیچ چاره‌سه‌رێکی ترم له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ستافی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی له‌موناقه‌شه‌ی ئه‌وه‌دابوین چی بکه‌ین.
هاوڵاتی: باس له‌وه‌ده‌کرێت که‌ ته‌قه‌شوفێکتان ئه‌نجامداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتی به‌رده‌وام بێت ئه‌وه‌ش نه‌یتوانی؟
تاریق فاتیح: له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014 که‌زانیمان وه‌زعی دارایی خراپه‌ زوو به‌خۆماندا چوینه‌وه‌‌و بڕیارماندا خه‌رجیه‌کانمان که‌مبکه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی راپۆرته‌کان ئێمه‌ له‌ساڵی 2014 توانیمان له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا 300 ملیۆن دینار خه‌رجی که‌مبکه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام داهاتی ساڵه‌که‌ 500 ملیۆن دینار که‌می کرد، به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌، ئه‌و ته‌قه‌شوفه‌ی ئێمه‌ کردمان هێشتا فریای ئه‌وه‌ نه‌که‌وت که‌خه‌رجیه‌کانمان دابین بکه‌ین، ته‌قه‌شوف دوای ته‌قه‌شوف تامانگی رابردوو ئه‌وه‌نده‌ی له‌تواناماندا بوه‌ کردومانه‌‌و ستافی رۆژنامه‌که‌ ئاماده‌بون به‌موچه‌یه‌کی ره‌مزی به‌رده‌وامبن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش سودی نه‌بو که‌ به‌رده‌وام بین.
هاوڵاتی: ستافی هاوڵاتی پڕۆژه‌یه‌کیان هه‌بوو که‌ هاوڵاتی به‌رده‌وام بێت به‌موچه‌‌و پاداشتێکی ره‌مزی بۆ ئه‌وه‌یان ده‌ڵێیت چی؟
تاریق فاتیح: ستافی هاوڵاتی ئاماده‌بون به‌موچه‌‌و پاداشتێکی زۆر که‌م‌و ره‌مزی رۆژنامه‌که‌ به‌رده‌وام بێت‌و ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌به‌رده‌وام بین، به‌ڵام تێگه‌شتم له‌وه‌ی که‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر دوو سێ مانگی تر به‌رده‌وامی به‌ڕۆژنامه‌که‌ بدات، ئیحتمال زۆره‌ له‌سه‌ر کوالێتی رۆژنامه‌که‌ بکه‌وێت، به‌ڕاستی حه‌ز ناکه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی ئیش لای من ده‌که‌ن توشی وه‌زعی ناخۆشی دارایی ببن‌و ماڵ‌و منداڵیان هه‌یه‌‌و کرێی خانوو ده‌ده‌ن‌و ژیانیان وه‌ک پێویست ناڕوات، ناکرێت ئه‌م قوربانیه‌ له‌وه‌ زیاتر بده‌ین، چونکه‌ هه‌سته‌که‌م ئه‌وه‌ی که‌ له‌سه‌ر ئێمه‌‌و ستافه‌که‌ بوه‌ کردومانه‌، له‌وه‌ زیاتر پێویست ناکات.
هاوڵاتی: له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا باسی داخستنی رۆژنامه‌که‌تان کرد، ئه‌گه‌ر کۆمه‌کنه‌کرێن‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حساب بانکیه‌کتان کرده‌وه‌، هیچ پاره‌یه‌ک هاتوه‌ بۆ هاوڵاتی له‌و ماوه‌یه‌دا؟
تاریق فاتیح: یه‌ک دینار‌و یه‌ک دۆلار‌و یۆرۆ کۆمه‌ک نه‌هاتوه‌ بۆ رۆژنامه‌که‌، له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ باوه‌ڕیان به‌م رۆژنامه‌یه‌ هه‌یه‌‌و خۆیان به‌دۆستی رۆژنامه‌که‌ ده‌زانن ئه‌وانیش وه‌زعی داراییان خراپه‌‌و باش نیه‌، هیچیان پێناکرێت، له‌کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌که‌ به‌ئاشکرا بانگه‌وازی ئه‌وه‌مان کرد هه‌رکه‌سێک مه‌رجی هه‌یه‌ باکۆمه‌کمان بۆ نه‌هێنێت، هۆکارێکی تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌بیعه‌تی خه‌ڵک وایه‌ هه‌موو کات به‌شتێکی باش ناڵێت باشه‌، ده‌کرێت ئێمه‌ هه‌ندێک ناحه‌ز‌و دوژمنمان هه‌بێت کۆمه‌ڵێک پڕوپاگه‌نده‌یان له‌ده‌ور دروست کردوین که‌گوایه‌ ئێمه‌ راستناکه‌ین‌و مه‌به‌ستمان ته‌نها پاره‌ په‌یداکردنه‌، له‌وانه‌یه‌ دیعایه‌ی ئه‌وه‌شکرابێت که‌ ئێمه‌ پاره‌مانوه‌رگرتوه‌، هیچ کۆمه‌کێک نه‌کراوین له‌چه‌ند سه‌ردان‌و چه‌ند ته‌له‌فونێک که‌ خه‌ڵک پێی ناخۆش بوه‌، مادیه‌ن نه‌ دینارێک نه‌دۆلارێک نه‌هاتوه‌ بۆ رۆژنامه‌که‌.
هاوڵاتی: هه‌ستت چیه‌ دوای ئه‌وه‌ی هاوڵاتی داده‌خرێت که‌کاریگه‌ری له‌سه‌ر وشیارکردنه‌وه‌ی تاکی کۆمه‌ڵگا داناوه‌؟
تاریق فاتیح: بێگومان پانزه‌ ساڵ ده‌ست‌و په‌نجه‌ت له‌گه‌ڵ ئیشێکدا نه‌رم کردبێت، پانزه‌ ساڵ کارێکت کردبێت‌و هیوایه‌کت به‌وه‌ هه‌بێت که‌گه‌وره‌ی بکه‌یت‌و بیخه‌یته‌ ئاستێکی تر، ئێمه‌ رادیۆیه‌کمان دانا‌و نه‌مانتوانی ئیشی پێبکه‌ین، ئێمه‌ پلانی ئه‌وه‌مان هه‌بوو که‌ وێب سایتی هاوڵاتی بکه‌ین به‌مه‌ڵتی میدیا ته‌له‌فزیۆنێک دابنێن، نه‌مانتوانی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بکه‌ین به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رۆژنامه‌که‌ش داده‌خرێت، بێگومان هه‌موو ئه‌و هیوایانه‌ هه‌موو روخان‌و پوکانه‌وه‌‌و هه‌ستێکی ناخۆش لای مرۆڤ دروست ده‌کات، به‌ڵام به‌دیوه‌که‌ی تردا ویژدانم مورتاحه‌ به‌وه‌ی که‌چی به‌باش زانیبێت بۆ خزمه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی‌و ئه‌زمونی هه‌رێمی کوردستان کردومه‌، قه‌ناعه‌تی زۆرم به‌ڕه‌خنه‌گرتن هه‌بوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ره‌خنه‌کان سودی هه‌بوو نه‌ ئێمه‌ش توانیمان به‌رده‌وام بین.
هاوڵاتی: له‌تۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوک خه‌ڵک هاوخه‌میان هه‌بوه‌ بۆ داخستنی رۆژنامه‌که‌ چ قسیه‌کت بۆ ئه‌و هاوخه‌میانه‌ هه‌یه‌؟
تاریق فاتیح: سوپاسیان ده‌که‌م، له‌وباوه‌ڕه‌دام ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که‌ خه‌می ئه‌م جۆره‌ پڕۆژانه‌ ده‌خۆن له‌خه‌می وشیاریو دڵسۆزیی‌و تێگه‌شتنیانه‌ بۆ کاره‌کانی رابردومان، هیوادارم بۆ پڕۆژه‌کانی تر بۆ هه‌ر شتێکی تر به‌رده‌وام بێت هیوایان هه‌بێت‌و بێئومێد نه‌بن دوای داخستنی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی که‌وابزانن هه‌موو شتێک کۆتایی هاتوه‌.
هاوڵاتی: دوای داخستنی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی چی ده‌که‌یت، به‌رنامه‌ت چیه‌؟
تاریق فاتیح: تائێستا هیچ شتێکی دیاریکراو نیه‌ بۆ ماوه‌یه‌ک پشویه‌ک ده‌ده‌م‌و کۆمه‌ڵێک شتم به‌سه‌ردا که‌وتوه‌ له‌قه‌رز‌و که‌لوپه‌ل له‌چاپخانه‌یه‌کی گه‌وره‌ ئه‌مانه‌ هه‌موی ده‌بێت ته‌سفیه‌ بکه‌م‌و بیخه‌مه‌ سه‌ر رێگای خۆی، سه‌رقاڵی ئه‌وانه‌ ده‌بم.
هاوڵاتی: دوای ساڵانێک له‌ڕه‌خنه‌گرتن هیچ مه‌ترسیه‌ک له‌سه‌ر ژیانی ستافی رۆژنامه‌که‌‌و به‌ڕێزتان هه‌یه‌ وه‌ک خاوه‌نی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی که‌هه‌ڕه‌شه‌تان له‌سه‌ر بێت؟
تاریق فاتیح: بۆ خۆم‌و بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ئیشیان کردوه‌، به‌رده‌وام له‌ژێر مه‌ترسیدابوین، زۆرجار ئه‌م مه‌ترسیه‌ بوه‌ به‌واقع له‌ڕێگه‌ی شکات‌و سکاڵاوه‌ بێت له‌ڕێگه‌ی گرتن‌و زیندانی‌و هه‌ڕه‌شه‌کردن‌و لێدان له‌ڕۆژنامه‌نوسه‌کانی هاوڵاتی، هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ هه‌بوه‌، بێگومان له‌ماوه‌ی ئه‌و پانزه‌ ساڵه‌دا کۆمه‌ڵێک مه‌له‌فی زۆر قورس‌و زۆر کاریگه‌رمان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک‌و به‌رپرس بڵاوکردۆته‌وه‌ که‌ تائێستا کاربه‌ده‌ستن، خه‌ڵکانێکی تیابوه‌ که‌جاسوسی حکومه‌تی به‌عس بون‌و ئێمه‌ به‌ئاشکرا ناومان هێناون، خه‌ڵکانێکی تێدایه‌ که‌ گه‌نده‌ڵیان ئه‌نجامداوه‌‌و سه‌روه‌ت‌و سامانی ئه‌م میله‌ته‌یان بۆ خۆیان بردوه‌، به‌ئاشکرا باسمانکردون‌و به‌ڵگه‌مان له‌سه‌ر بڵاوکردونه‌ته‌وه‌، ئه‌مانه‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ده‌زانن ئه‌و چه‌که‌ی که‌ به‌ده‌ستمانه‌وه‌ بوه‌ رۆژنامه‌که‌ بوه‌ که‌داده‌خرێت بێگومان ده‌بن به‌هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی له‌رۆژنامه‌که‌دا ئیشیان کردوه‌، هیوادارم حکومه‌ت‌و کاربه‌ده‌ستان له‌ئاست ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌دابن که‌ هیچ رۆژنامه‌نوس‌و کارمه‌ندێکی هاوڵاتی توشی کێشه‌‌و ناڕه‌حه‌تی نه‌بن، دواشیان لێده‌که‌م که‌ ستافی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ئاگایان له‌خۆیان بێت.
هاوڵاتی: ئێوه‌ 15 بۆ 16 ساڵه‌ باسی شه‌فافیه‌ت ده‌که‌ن، ئێستا خه‌رجییو داهاتی هاوڵاتی شه‌فافه‌؟
تاریق فاتیح: ئێمه‌ هه‌موو حساباتێکمان پارێزراوه‌، هه‌موو خه‌رجیه‌کان‌و داهاتی هاوڵاتی به‌پسوڵه‌ بوه‌، هه‌ر هه‌موی دیکۆمێنت کراوه‌، دینارێک له‌هاوڵاتی به‌بێ وه‌سڵ خه‌رجنه‌کراوه‌، هه‌رکه‌سێک که‌بیه‌وێت بیانبینێت بۆ دیراسه‌‌و ته‌حقیقی ئه‌وێت له‌قسه‌کانی من، بۆ هه‌ر جۆره‌ مه‌به‌ستێک بێت، حساباتی ئێمه‌ کراوه‌یه‌ که‌ که‌سێک لێکۆڵینه‌وه‌ی تێدا بکات، بۆ وه‌ڵامی هه‌موو پرسیارێک‌و گومانێکیش، که‌سێک بیه‌وێت حساباتی ئێمه‌ رون‌و ئاشکرا بوه‌‌و پیشانی هه‌موو که‌سێکی ده‌ده‌ین.
هاوڵاتی: هه‌ندێک کات وتوته‌ هاوڵاتیت به‌قه‌د کوڕه‌کانت خۆشده‌وێت، ئه‌مڕۆ کوڕێکت له‌ده‌ستدا؟
تاریق فاتیح: ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هاوڵاتیم خۆشده‌وێت، من ده‌ستبه‌ردارنابم ئێستاش ئومێدم هه‌یه‌ پڕۆژه‌یه‌کی تر دروستبکه‌ین که‌ خزمه‌ت به‌هاوڵاتیان بکات، به‌بێ خزمه‌ت کردن ناتوانم به‌ئیسراحه‌ت له‌ماڵه‌وه‌ دابنیشم.

 

 

2 thoughts on “تاریق فاتیح، خاوه‌نی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی:
یه‌ک دینار کۆمه‌کنه‌کراین‌و چیتر ناتوانین به‌رده‌وامبین

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *