هاوڵاتی ناوەڕۆكی رێككەوتنی نێوان پژاكو ئێران ئاشكرادەكات
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست هاوڵاتی كەوتوون، تائێستا دوو كۆبوونەوە لەنێوان ئێرانو پژاكدا ئەنجامدراوە، هەردوولاشیان گەیشتوونە رێككەوتنێك كە لەچەندین خاڵ پێكهاتووە.
ئەو رێككەوتنەش، دوای بەردەوامیی چەند ساڵێك دێت لەشەڕو پێكدادانی نێوان هێزەكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، كە تائێستا چەندین كوژراو و بریندار لەهەردوولا كەوتووەتەوە.
هەر بەبیانووی راوەدوونانی هێزەكانی پژاك، ئێران ماوەیەكی زۆرە تۆپبارانی ناوچەسنورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەوهۆیەشەوە دەیان هاوڵاتی بوونەتە قوربانیو زیان بەسەدان ناوچە كەوتووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكۆبوونەوەی نێوان پژاكو ئێران، بەهاوڵاتی وت «تائێستا دووجار كۆبوونەوە كراوە، جارێك لەخاكی هەرێمو جارێكیش لەخاكی ئێراندا بووە«.
بەوتەی سەرچاوەكە، ئێران دوای ئەوەی پژاكو پەكەكە هاوكاری ئیسرائیلیان رەتكردووەتەوە، ئامادەبووە لەگەڵیاندا دابنیشێتو ئەگەر ئەو دوو هێزەش گوێڕایەڵی بن، ئەوا هاوكاری تەواویان دەكات.
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو خاڵانەی ئێرانو پژاك لەسەری رێككەوتوون، بەدوو قۆناغ تێپەڕی كردووە، قۆناغی یەكەم ئەو كاتە بووە كە بۆ یەكەمجار دانیشتن كراوەو هەردوولا بڕیاریانداوە وەكو سەرەتا چالاكییەكانیان دژی یەكتری رابگرن.
هەروەها، ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ قۆناغی دووەم، رێككەوتن لەسەر ژمارەیەك خاڵ كراوە لەنێوان هەردوولادا.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، لەخاڵەكانی رێككەوتنەكەدا، ئێران داوایكردووە، بەنەبەزاندنی سنورو دەست نەخستنە ناو كاروبارەكانی وڵاتی ئێران، بەهیچ شێوەیەك پژاك چەك نەباتە ناو شارەكانی رۆژهەڵات (ئێران زۆر لەسەر ئەو خاڵە كێشەی هەبووە)، ئەو كەسانەی كاری تیرۆرو دزی دەكەن ئەگەر بچن بۆ ناو پژاك ئەوا دەبێت پژاك رادەستی ئێرانیان بكاتەوە، تاوەكو ماوەیەكی نادیار پژاك چالاكیو كاری سیاسی لەرۆژهەڵاتی كوردستان رابگرێتو تەنانەت بەیاننامەی نوسراویش بڵاونەكاتەوە.
لەبەرانبەرداو بەپێی چەند خالێكی تری رێككەوتنەكە، ئێران دەبێت دیلەكانی پژاك ئازاد بكات، ئەو كەسانەی بەتۆمەتی بوون بەپژاك دەستگیركراون ئازاد بكرێن، هێزی ئێران زیاتر نەجوڵێنرێت بۆ سەرخاكی هەرێمو لەو شوێنانەی هاتووەتە پێشەوە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، خۆشحاڵی خۆیان بەو رێككەوتنە دەردەبڕنو پێیانوایە ئەوان هۆكار بوون بۆ ئەو لێكتێگەیشتنە.
لەمبارەیەوە، نازم عومەر نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتارانی پایتەختی ئێران، باسلەوەدەكات كە دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، ئەوان لەرێگەی كەناڵە تایبەتەكانەوە پەیوەندییان كردووە بەهەردوولاوە، بۆ ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بگەن بەیەك.
بەبڕوای ناوبراو، ئەو ئارامییەی ئێستا هەیە، لەئەنجامی هەوڵو تێكۆشانی ئەوانەوە بووە.
نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران، ئەوەشی خستەڕوو كە بەپێی رێككەوتنی نێوانیان، هەریەك لەئێرانو پژاك كاروچالاكی سەربازی رادەگرن بەرانبەر یەكترو لەناو خاكی یەكتر دەكشێنەوە.
نازم عومەر، پێیوایە ئەو رێككەوتنە دەسكەوتێكی باش بووە بۆ هەردوولا، هەوڵێك بووە بۆ زیاتر نزیكبوونەوەی پژاكو ئێران.
هاوڵاتی زۆر هەوڵیدا پەیوەندی بەشێرزاد كەمانگەر وتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)ەوە بكات، بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بوون.
لای خۆشیانەوە، بەرپرسانی پارتی كرێكارانی كوردستان، جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەوان ئامادەن لەگەڵ دوژمنی خۆشیان دابنیشن، ئەگەر ئەنجامی هەبێت.
رۆژ وڵات ئەندامی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆما جڤاكێ كوردستان، بەهاوڵاتی وت «ئامادەین لەگەڵ هەر دوژمنێكو دۆستێكی نەیاری خۆمان دابنیشین، بەو مەرجەی ئەو دانیشتنە بەرهەمدار بێتو سوودی هەبێت«.
وڵات، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو دانیشتنەی لەگەڵ ئێران كراوە، بۆ بەرژەوەندی میللەتی كورد بووە، ئەگەر شتێكیش لەبەرژەوەندەی میللەتدا بێت، ئەوا «ئێمە تەنازولیش بكەین ئاساییە«.
ئەو بەرپرسەی پەكەكە، جەخت لەوەدەكاتەوە كە رێككەوتنی نێوان ئێرانو پژاك، بۆ خزمەتی كورد بووە، «ئێمەش ئەو دانیشتنەمان بەبەشێك لەخزمەت گەیاندن بەكورد زانی«.
مافی بڵاوكردنهوهی ههواڵو بابهتهكان بۆ هاوڵاتی پارێزراون
©


Tweet This
Share on Facebook
Digg This
Save to delicious
Stumble it
RSS Feed





