کاڵای تورکی رووبەڕووی بایکـــــۆت دەبێتەوە لەباکووری سوریا

2019-12-13 12:51:40



راپۆرتی: واشنتن پۆست

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

مەبەست لەبایکۆتی کەلوپەلی تورکی لەلایەن کوردانی سوریاوە ئەوە بوو تووڕەیی کوردان نیشانبدات لەبەرامبەر پەلاماری تورکیا بۆ سەر هەرێمە سەربەخۆکەیان - بەڵام لەهەمانکاتیشدا قەبارەی پشتبەستنی کوردەکانی دەرخستووە لەسەر دوژمنە سەرسەختەکەیان.

فراوانبوونی دەسەڵاتی کوردی لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەحەوت ساڵی رابردوودا، بەیارمەتی سوپای ئەمریکا لەشەڕی دژی خەلافەتی ئیسلامی، دوژمنایەتییەکەی نێوان کوردەکان و تورکیای خراپترکرد.

هەرچەندە کوردەکان سەربەخۆیی خۆیان دەچەسپاند، بەڵام پشت بەستنیان بەتورکیا زیاتر دەبوو. لەگەڵ ئەوەی جەنگی فراوانی سوریا پیشەسازی وڵاتەکەی خاپور دەکردو رێگە بازرگانییە نەریتییەکانی شێواند، کاڵای تورکی رژانە نێو ناوچەکەوە بەزۆری لەڕێی عێراقەوە.

بەپێی وتەی سەلمان بەروودی، بەرپرسی باڵای هەرێمەکە کەسیاسەتی ئابوری و کشتوکاڵی بەدەستەوەیە، ئەمڕۆکە زیاتر لەسەدا هەشتای هاوردەی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەتورکیاوەیە.

لەوکاتەوەی تورکیا بەشێکی هەرێمە کوردییەکەی داگیرکردووە لەمانگی تشرینی یەکەمەوە - کە بەهۆی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپەوە بوو بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە - بایکۆتی بەرهەمی تورکی، کە لەلایەن ئیدارە خۆبەڕێوبەرییەکەوە هاندەدرێت، جێبەجێکردنی قورس بووە.

«تورکیا هێرشمان دەکاتەسەر، تۆپبارانمان دەکات و منداڵەکانمان دەکوژێت، ئیتر چۆن کاڵای ئەوان بکڕین؟»، ئەمە قسەی دایکێکە کەداوای کرد نازناوەکەی دابنرێت کە ئوم عەلییە لەوکاتەی خەریکی شت کڕین بوو لە بازاڕی قامیشلۆ. هەرچەندە وتی کەهەندێک کاڵای بنەڕەتی وەک رۆن و دۆشاوی تەماتە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی نییە جگە لەهاوردەی تورکیا.

«تەنها کاتێک بەرهەمی تورکی دەکڕم کەجێگرەوەی نەبێت»، ئوم عەلی وای وت.

خاوەن دوکانەکە، جەوان شێخموس، وتی کەکڕیارەکانی پێشوازی لەجێگرەوەی کاڵای تورکی دەکەن، بەڵام بەزەحمەت دەستدەکەون و گرانیشن، بۆ نموونە: سێوی تورکی نرخەکەی نیوەی نرخی سێوی سورییە چونکە حکومەتی سوریا باجی زۆر دادەنێت لەسەر ئەو بەرهەمانەی دەچنە نێو هەرێمە کوردییەکەوە لەڕێی خاڵە پشکنینەکانەوە کە لەڕێگا خێراکانی وڵاتەکەدا دامەزرێنراون.

لەهەمان کاتدا بازرگانە گەورەکان قازانجی گەورەیان کردووە بەشاردنەوەی بەرهەمی تورکی کەپێش داگیرکارییەکە کڕیویانە، ئەمەش نرخی بەرزکردووەتەوەو زیانی بە بەکاربەران گەیاندووە، عەبدول باسیل شەفیق وادەڵێت کەبازرگانێکی ماددە کحولییەکانە. شەفیق نموونەی بیرەی (ئێفس)ی هێنایەوە کەبازاڕی کحولی داگیرکردووەو لەبەرامبەردا هیچ جێگرەوەیەکی سوری نییە. بەپێی قسەی شەفیق، نرخی بیرە لەسەدا ٢٥% بەرزبووەتەوە لەوکاتەوەی تورکیا لەشکرکێشییەکەی ئەنجامداوە.

«خەڵکی ئاسایی قوربانی رێنماییەکەن، کاڵای سوری لای خەڵک پەسەندترە بەڵام بوونیان نییە»، شەفیق وای وت.

جیندا عەلی کە بەرپرسی رێنمایی و سیاسەتی ئابورییە لەئەنجومەنی ناوخۆیی قامیشلۆ، دەڵێت زۆربەی بەرزبوونەوەی نرخەکانی ئەمدواییە بەهۆی دابەزینێکی زۆری دراوی ناوخۆییەوەیە، کە لیرەی سورییە، لەگەڵ رێکنەخستنی نرخەکان لەلایەن بازرگانەکانەوە. ئیدارەی خۆبەڕێوبەری هەست بەوە دەکات کەناتوانێت زۆر لەخەڵک بکات بایکۆتەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام هیوای وایە ئەو دەرفەتە بەکاربهێنێت تا هانی پیشەسازی ناوخۆیی بدات.

هەندێک کاڵا هەر بەتەواوی لەبەرهەمی سوریدا نەماون. پێشتر سوریا لیباس (جلی ژێرەوە)ی هەناردەی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد بەتورکیاشەوە، ئەمە وتەی کامیران سنجۆیە کەئێستا دوکانێکی جلی ژێرەوەی هەیە لە بازاڕی کۆنی قامیشلۆ. چەند ساڵیک لەمەوبەر کامیران کاڵای خۆی بەرهەمدەهێنا، بەزۆری قاتی ماڵەوەو جلی ژێرەوە، هەتاوەکو جەنگ بەرۆکی وڵاتەکەی گرت و دەستکەوتنی ماددەی خاوو بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی سەخت کرد.

«ئێمە غەرق بووین بەکاڵای تورکی، بەڵام ئێستا بیر لەوەدەکەیەنوە جارێکی تر دەستپێبکەینەوە»، کامیران وای وت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار