سیناریۆکانى رۆژانى داهاتوو لەعێراق

2018-06-20 07:53:41


هاوڵاتی ڕێكلام

یاسین تەها


هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى ١٢ ئایارى ٢٠١٨ بەکۆمەڵێک گومان و تانەو کێشمەکێش کۆتاییهات کە تارمایی بەسەر پرۆسەى سیاسی و ئایندەى عێراقەوە رۆژ بەرۆژ گەورەتر دەبێت. لەلایەک هیچ لیستێک زۆرینەیەکى ئەوتۆى بەدەستنەهێنا کە رابەرایەتى دانوستانەکان بکات بۆ پێکهێنانى حکومەت و لەلاکەیتر هەوڵى ناڕازییەکان لەئەنجامەکان لەشێوەى بەرێوەچوونى هەڵبژاردن هەموارى سێیەمى یاساى هەڵبژاردنى لێ بەرهەمهات کە پەسەندکردنى ئەنجامەکانى راگرت. 
بەپێى هەموارى سێیەم کە حاڵەتێکى بێ پێشینەیە پەرلەمان یاسایەکى تایبەت بۆ بەسەرهاتێکى تایبەت دەربکات و سەرۆکایەتى کۆماریش تێپەرێنێت لەجێبەجێکردنیدا، دەنگەکان دەبێت بەدەست ئەژمار بکرێنەوە، ئەمەش بەڕاى شارەزایان لەنێوان یەک مانگ تا دوو مانگ کاتى پێویستە، بەهۆى ئاڵۆزى پرۆسەکە و نەبوونى ئامادەکاریی پێشوەخت بۆ ئەنجامدانى بژاردنەوەى دەستى، لەکاتێکدا کۆتایی ئەم مانگە تەمەنى دەستوری پەرلەمان کۆتاییدێت و لە سەرەتاى تەمموزەوە وڵات دەچێتە ناو بۆشاییەکى یاسایی و دەستوری، پەڕلەمانى هەڵبژێردراوى نوێش لەهیچ کوێوە سۆراغى نییەو ڕوون نییە کەى لەلایەن دادوەرانى سەرپەرشتیارى کۆمسیۆنەوە ئەندامەکانى رادەگەیەنرێت و تانەدان و پێداچونەوەى سکاڵاکان کۆتایی دێت. 
بۆ چارەسەرکردنى ئەم بارودۆخەش هەندێک، پێشنیازى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان دەکەن، ئەمەش بیدعەیەکى یاسایی بێ پێشینەیە لەعێراقى پاش سەدام حوسێن و هەر هەوڵێک لەمجۆرە ئاستەنگى زۆرى دێتەپێش بەوپێیەى زیاتر لە ٧٠% پەرلەمانتارانى ئێستا یان دەنگى پێویست بەدەستنەهێناوە، یان کاندید نەبوون بۆ خولى نوێ، ئەگەر تەمەنى خۆشیان درێژ بکەنەوە، ئەوە تۆمەتبارکردنیان بە درێژکردنەوەى دەسەڵاتى خۆیان و دەستگرتن بەکورسییەکانیان تۆختر دەبێتەوە، دەرفەتیش دەڕەخسێت بۆ کێشمەکێشێکى سیاسى قووڵ لەنێوان براوەى نوێ و دۆڕاوى کۆن و لەپاڵ گومانەکانى یاسایی بوونى خودى پرۆسەى درێژکردنەوە. 

تائێستا شیعەکان کۆک نین لەسەر چۆنیەتى پێکهێنانى گەورەترین لیستى پەرلەمان و

چۆنییەتى دیاریکردنى کاندیدى سەرۆکایەتى وەزیران، جگە لە هاوپەیمانێتى سەدر و حەشد

هەموارى سێیەمى یاساى هەڵبژاردن تەنها کێشەى لەکاتدا نییە، بەڵکو هەموارەکە لەلایەن سەرۆکایەتى کۆمارو پارتى دیموکراتى کوردستان و کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەوە تانەى لێدراوەو دادگاى باڵاى فیدراڵیش کۆتایی ئەم هەفتەى داناوە بۆ دادبینى ئاشکرا کە رەنگە حوکمى تێدا دەربکات و دەشێت دادبینى درێژ بکاتەوە بۆ کاتێکیتر، ئەمەش بەواتاى ناڕوونى ئەوسەرى ئەو تونێلە تاریکەیە کە ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى تێکەوتووە. 
هاوکات لەگەڵ ئەو لایەنانەى کە بەفەرمى تانەیان داوە، لیستى فەتحى حەشدى شەعبى (٤٧ کورسی) و لیستى سائیرونى سەدر کە براوەى یەکەمە (٥٤ کورسی)، دژى ژماردنەوەى دەستیی هەموو دەنگەکانن و سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادیش کە لەپلەى سێیەمدایە (٤٢ کورسی) جۆرێک لەپاشەکشەى پێوە دیارە لەرەتکردنەوەى تەواوەتى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن و بەخواستى خۆى بێت یان گوشارى دەرەکى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن بەدوور و نەگونجاو دەزانێت. 
لەپاڵ ئەم کێشمە کێشە سیاسى و قەزاییەى کە ئێستا لەگۆڕەپانى عێراق دەگوزەرێت تا ئێستا شیعەکان کۆک نین لەسەر چۆنیەتى پێکهێنانى گەورەترین لیستى پەڕلەمان و چۆنیەتى دیاریکردنى کاندیدى سەرۆکایەتى وەزیران، جگە لە هاوپەیمانێتى سەدرو حەشد، عەبادیش لاى خۆیەوە خەریکى کردنەوەى بەرەیەکى نوێى سیاسییە. لەهەموو ئەمانەش مەترسیداتر ئەگەرى خزانى عێراقە بۆ ناو بۆشاییەکى ئەمنى گەورە لەگەڵ کۆتاییهاتنى تەمەنى حکومەت، بەهۆى بوونى چەکى زۆرو ئاسانى ساختەکردنى ناسنامەى هێزە ئەمنییەکان و بوونى چەندە گروپ و هێزو میلیشیاى جۆراوجۆرى پاشماوەى دواى جەنگى داعش و لەسایەى کزبوونى شەرعیەتى حکومەت لەسەرەتاى تەمموز ئەوان دەبنە بەهێزترین لایەنى سەر ئەرزى واقیع.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار