چی لە تورکیا روودەدات؟

6 ساڵ لەمەوپێش



رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی

وەرگێڕانی: هاوڵاتی

لە رۆژی ٢٤ی حوزەیران تورکیا هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکانی ئەنجام دەدات. ئەگەر بێت و لەو هەڵبژاردنە هیچ کەسێک نەتوانێت زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت ئەوا خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان لە نێوان براوەی یەکەم و دووەم لەهەشتی مانگی حەوت جارێکی دیکە بەڕێوەدەچێت.

بۆچی ئێستا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچن؟

بریاربوو هەڵبژاردنەکان لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەبچن، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆگا، سەرۆکی تورکیا، وادەکەی بۆ ٢٤ی حوزەیرانی ئەمساڵ پێشخست. ئەردۆغان هۆکاری پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە «دەبێت تورکیا بەسەر ناسەقامگیری سەربکەوێت» بەوەی ئێستا لە ناوچەکە دووچاری چەند کێشەیەک بووەتەوە، بە تایبەت ئەوەی سوپای تورکیا ئێستا لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق بوونی هەیە و ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات.

 

بۆچی گرنگە ئەم هەڵبژاردنە؟

رەنگە ئەمە گرنگترین هەڵبژاردن بێت لە مێژووی تورکیادا. سەرۆکی نوێ بە تەواوی یاسای و دەسەڵاتی سەرۆکایەتی تورکیا دەچەسپێنێت یان دەگۆڕێت کە ساڵی پار لە ریفراندۆمێکدا تورکیا بە جیاوازییەکی کەم پەسەندی کرد. ئەو دەسەڵاتانەش بریتی بوون لە کەمکردنەوەی کاریگەری و رۆڵی یاسا و دەسەڵاتەکانی زیاتر بۆ سەرۆک و جێگرەکەی دەگوازرێتەوە.

ئەگەر ئەردۆغان سەربکەوێت ئەوا ئەو گۆرینی یاسا و گواستنەوەی دەسەڵاتە لە تورکیا زیاتر دەچەسپێت و دەبێت بە بەشێک لە سرووشتی یاساکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش رەنگە زیاتر تورکیا بەرەو تاکڕەوی ببات.

کێ خۆی کاندید کردووە؟

ئەردۆغان ئەگەری زۆرە کە هەر وەک بەهێزترین سیاسی تورکیا بمێنێتەوە بەڵام رووبەرووی هەندێک رکابەری بووەتەوە کە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە کەمپینەکانی هەڵبژاردن ئەدایەکی زۆر باشیان پێشکەشکردووە، بۆیە رەنگە ئەمە وا بکات خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان رووبدات و ئەو هەڵبژاردنەش گرنگی زۆر دەبێت.

کاندیدێکی بەهێزی دیکە، موحەرەم ئینجەیە. ناوبراو مامۆستای فیزیایە و کەسێکی کاریزماتیکە و سەر بە پارتی ئۆپۆزسیۆنی جەهەپەیە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە.

مێرال ئەشێنەر، کە بە خاتوونی گورگ ناسراوە، کاندیدی پارتی ناسیۆنالیستی ئی ە(پارتی خێر).

ئەو خانمە لە نێو گەنجان و کەسانی پێشەوەر لە تورکیا هاندەری زۆری هەیە.

کاندیدی پارتی ئیسلامی تورکیاش، تێمێل کارامۆل ئۆغلۆ سەرۆکی پارت سعادەی ئیسلامی، یەکێک لە رەخنەگرەکانی ئەردۆغانە ئەگەرچی هەردووکیان هەمان ئایدۆلۆژی ئیسلامییان هەیە

«ئۆباماکەی کورد» و سەرۆکی زیندانکراوی هەدەپە، یەکێکە لە کاندیدە کاریزماتیکەکانی تورکیا. ئەو کاندیدە ئێستا لە زیندانە بەڵام پێدەچێت دەنگدەری کورد زیاتر متمانەی پێببەخشن بەوەی تاکە کاندیدی کوردە بۆ سەرۆکایەتی تورکیا

 

لە پەرلەمان چی روودەدات؟

دوو هاوپەیمانی هەن کە خۆیان بۆ پەڕلەمان کاندید کردووە، یەکەمیان پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغانە، لەگەڵ چەند پارتێکی نەتەوەپەرست هاوپەیمانی کردووە.

هاوپەیمانی دووەم لە پارتی سیکۆلاری جەهەپە و پارت ناسیۆنالیستی ئی و پارتی سەعادەتی ئیسلامی تورکیا پێکهاتووە.

ئەوەی  ئەم هاوپەیمانیەیە بەهێز کردووە یەکگرتنی سیکۆلارەکان و ئیسلامیەکانە، ئەم سیاسیانە پێشتر نەیاری یەکبوون بەڵام رەنگە ئێستا لە گرنگی ئەم هەڵبژاردنە تێگەشتبن و بیانەوێت سەرۆکی تورکیا بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن

ئەوەی دەمێنێتەوە هەدەپەیە، هەدەپە لەگەڵ هیچ پارتێکی تورکیا هاوپەیمان نییە و بە تەنها خۆی کاندید کردووە.

دەستووری تورکیا هەر پارتێک ناچار دەکات کە زیاتر لە ١٠%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت وەک لیستێک بچێتە ناو پەڕلەمان دەنا دەنگەکانی بۆ پارتێکی دیکە دەروات ئەم یاسایەش لە بەرژەوەندی پارتە گەورەکانە. بەڵام ئیستا یاسایەکی نوێ هەیە ئەویش بریتیە لەوەی ئەگەر پارتێک هاوپەیمان بێت لەگەڵ پارتێکی دیکە و یەکێکیان زیاتر لە ١٠% دەنگەکانیان بەدەستهێنابێت ئەوا هەردووکیان دەتوانن بچنە ناو پەڕلەمانی تورکیا

ئەگەر بەگوێرەی چاوەڕوانی و پێشبینیەکان بێت هەدەپە بە تەنها لە ١٠ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش زۆرینە لە ئاک پارتی و ئەردۆغان دەسەنەوە.

 

کەواتە کێ براوە دەبێت؟

ئەردۆغان بە پێشخستنی هەڵبژاردنەکان بڕوای وابوو کە دەتوانێت لە ئێستادا بەسەر نەیارەکانی سەربکەوێت، بەڵام وا دەردەکەوێت کە ئەو سەرۆکەی تورکیا ئێستا زۆرینە نەبێت. ئابووری خراپی تورکیا سەرئێشەی زۆری بۆ ئەردۆغان دروستکردووە. رۆژ لە دوای رۆژ لیرەی تورکیا بەهاکەی زیاتر بەرامبەر بە دۆلار لەدەستدەدات. جیا لەمەش خەڵکی نیگەرانن لەوەی کە گومان لەوە هەیە بانکی ناوەندی تورکیا سەربەخۆیی خۆی لەدەستدابێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەردۆغان وەک کەسایەتی رەنگە بەهێزترین بێت و ئەگەری هەر هەیە کورسی سەرۆکایەتی بباتەوە. لە تورکیا سنوقەکانی تورکیا زۆر متمانەیان پێناکرێت بەڵام پێدەجێت ئەردۆغان بە ئاسانی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بباتەوە. بەڵام لە خولی دووەم ئەگەری زیاترە کە کاندیدەکانی ئۆپۆزسیۆن براوە بن، بۆ ئەوەش ئۆپۆزسیۆن دەبێت تەرکیز بکاتە سەر دەنگی نەریتپارێز و نەتەوەپەرستەکانی تورکیا، دەنگی کوردەکانیش بەهۆی توڕەییان لە ئۆردوگان بۆ ئۆپۆزسیۆن دەبێت.

یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی تورکیا بباتەوە بەڵام زۆرینەی پەڕلەمان لەدەستبدات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا زۆرینەی کورسیەکان بەدەستبهێنن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار