ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێم: پێشنیار ده‌که‌ین سێ کورسى بۆ کوردانی ئێزیدی دابنرێت
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ پێشنیازى بۆ په‌رله‌مانی کوردستان کردووه رێژه‌ى کورسى کۆتا بۆ کوردانی ئێزیدی بۆ سێ کورسی زیاد بکرێت و رۆژێکی تایبه‌ت بۆ ده‌نگدانی پێکهاته ئایینی و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان دیارى بکرێت.
به‌پێی نوسراوێکی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ که ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی کوردستان کراوه و وێنه‌ی بۆ "هاوڵاتى"، هاتووه، باسله‌وه ده‌کات که مه‌به‌ست له پێشنیازه‌که‌ى ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتره بۆ پێکهاته ئایینی و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و ده‌سته‌به‌رکردنی زیاتری مافه‌کانیان له به‌شداریی سیاسی‌دا.
له نوسراوه‌که هاتووه، پێشنیاز کراوه مادده‌ی هه‌شت له هه‌مواری ساڵی 2009 که بۆ یاسای ژماره یه‌کی ساڵی 1992 کراوه، دووباره دابڕژێرێته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌زیادکردنی کۆتا بۆ کوردانی ئێزیدی به‌ڕێژه‌ی سێ کورسی.
هه‌روه‌ها داواکراوه له‌ڕێی یاساوه کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم پابه‌ند بکرێت به ئاماده‌کردنی تۆمارێکی تایبه‌ت به ده‌نگده‌رانی کۆتاکان.
هاوکات ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێم، داواى ئه‌وه‌شى کردووه، کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى پابه‌ند بکرێت به دیاریکردنی رۆژێکی تایبه‌ت بۆ ده‌نگده‌رانی پێکهاته ئایینی و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان که هاوشێوه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و مه‌رجدار بێت.