سەدان کەس بەهۆی داربڕین‌و سەرپێچی ژینگەییەوە دەستگیردەکرێن

پۆلیس دەڵێت گوندنشینەکان بەشێوەیەکی یاسایی کاردەکەن‌و زیان بە ژینگەو دارستانەکان ناگەیەنن، بەڵام کەسانێکی‌تر بە مشار دارەکان دەبڕنەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتی، لۆڤە محەمەد

پۆلیسی دارستانی پارێزگای سلێمانی سەدان کەس دەستگیردەکات کە سەرپێچیان ئەنجامداوە بەرامبەر بە دارستان و ژینگەی پارێزگاکە، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای پایزی ئەمساڵەوە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنیەوە داربڕین رووی لە زیادبوون کرد.

ئەگەرچی حکومەت بڕینەوەی داری قەدەغەکردووە، بەڵام بەهۆی کەمی کارەباو سووتەمەنیەوە هەندێک لە هاوڵاتیان روویان لە برینەوەی دار کردوە، بۆ خۆگەرمکردنەوەی سەرماو سۆلەی زستان.

بە پێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی دارستان و ژینگەی سلێمانی ٢٥٠ هاوڵاتی دەستگیرکراون بەهۆی سەرپێچی جۆراوجۆر هەر لە ڕووی ڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان و زیادەڕەوییەکان و سوتاندنی دارستانەکان و دروستکردنی خەڵوز و داربڕینەوە، کە ٣٥ کەسیان بەهۆی داربڕینەوەی دارستانەکانەوە بووە و ڕۆژانە ئامارەکەش لە هەڵکشاندایە.

عەمید هێمن کەمەرخان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ ‌هاوڵاتی وتی «٣٥ کەس بە تاوانی بڕینەوەی داری دارستانەکان دەستگیرکراون».

بە پێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ و یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٢ سزای ئەو کەسانە دەدرێن کە سەرپێچی دەکەن، ئەگەر کەسێک دار ببڕێتەوە غەرامە دەکرێت بە بڕی لە ١٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ٢٠٠ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، هەندێک جار زیندانیکردنیشی تێدایە.

هێمن کەمەرخان وتیشی «لە پێنجوێنەوە هەتا چەمچەماڵ دار بڕاوەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە و ناتوانرێت ڕێژەکەی بزانرێت کە چەند دۆنم یان چەند داری دارستانەکان بڕاونەتەوە، چونکە ڕۆژانە ئەم کارە بەردەوامە». 

لەگەڵ ئەوەی یاسا سزای ئەوانە دەدات کە دار دەبڕنەوە، بەلام ئەو گوندنشینانەی کە دوورن و ناوچەکەیان ساردە و نەوتیان بەسەردا دابەشنەکراوە بە پێی یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٢ دەتوانن سود لە داری دارستانەکان وەرگرن، بەتایبەت لە لق و پۆپی دارەکان و ئەو دارانەی کە وشکبوون.

وتەبێژەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وتی «ئەوەش لەژێر چاودێری کارمەندانی بەڕێوبەرایەتی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەبێت، خۆشبەختانە گوندنشینان بەشێوەیەکی یاسایی ئەمە دەکەن و زیان بە ژینگە و دارستانەکانی سلێمانی ناگەیەنن، ئەو کەسانەی کە دارەکان بە شێوەیەکی نایاسایی دەبڕنەوە بە مشاری کارەبایی و دارەکان لە بنەوە دەبڕنەوە ڕیژەیان کەمە و لە پەنجەی دەست تێناپەڕێت».

سەبارەت بە هۆکاری بڕینەوەی داری دارستانەکان، کەمەرخان، وتی «ئەو دارانەی کە دەبڕێنەوە بۆ چەند مەبەستێک بەکار دەهێنرێت، یان بۆ خۆگەرم کردنەوە لە زستاندا، یان بەکارهێنانێتی وەک خەڵوز، یان بۆ دروستکردنی کەلوپەل لە دار، یان بۆ چێشتلێنان و هەندێکجاریش وەک سەرکێشی و سەرپێچی کەسەکان دار دەبڕنەوە».

هەروەها وتی «جێگەی داخە کە هەر دارێک کە دەڕوێنرێت چەندین ساڵی پێدەچێت تاوەکو گەورە دەبێت، بەڵام کەسانێک لەپێناو بازرگانیکردن بە دارەکانەوە دێن و دەیبڕنەوە بۆ دروستکردنی خەڵوز، تاوەکو گیرفانی خۆیانی پێپڕبکەن».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار