بابه‌کر دڕه‌یى: زۆر شت ماوه‌ بۆ سلێمانى بکرێت وه‌کو پایته‌ختى رۆشنبیریی

که‌سێک کارێکى جوانى کرد ڕێزى لێده‌گرین و ته‌قدیرى ده‌که‌ین.

2019-08-10 11:53:41




سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن

بابه‌کر دڕه‌یى، له‌ماوه‌ى 4ساڵى کارکردنى وه‌ک به‌ڕێوبه‌رى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى، شانۆى ڕۆمانى و کارخانه‌ى کارگه‌ى جگه‌ره‌که‌یان ته‌واو کردووه‌ که‌ به‌ وته‌ى خۆى ئه‌مانه‌ دوو موڵکى گرنگه‌ بۆ شارى سلێمانى، زیاد له‌ 900چالاکى جۆراوجۆریان له‌ سلێمانیدا ئه‌نجام داوه‌ و پێشى وابوو گه‌وره‌ترین کێشه‌ى ڕاگرتنى کۆپى ڕایت ئینته‌رنێته‌، بۆیه‌ نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.  

هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى چوار ساڵى کارکرنت، چیت کردووه‌ بۆ بوارى هونه‌ر ؟
بابه‌کر دڕه‌یى: کارى زۆر جۆراوجۆرمان کردووه‌، تائێستا 900چالاکیمان ئه‌نجامداوه‌ و که‌ ئه‌مه‌ش زۆره‌ و زۆر چالاک بوین وه‌ک به‌ڕێوبه‌رایه‌تى، له‌ناو ته‌لارى هونه‌ریشدا 2000چالاکى کراوه‌ و و له‌ هۆڵى ڕۆشنبیریشدا زۆر بۆنه‌ و چالاکى کراوه‌ و له‌بوارى ئیداریه‌وه‌ توانیومانه‌ شانۆى رۆمانى ته‌واو بێت و کارخانه‌که‌ى کارگه‌ى جگه‌ره‌که‌ ته‌واو بوه‌ و که‌ ئه‌مانه‌ دوو مڵکى گه‌وره‌ن بۆ سلێمانى، تائێستاش له‌بوارى تازه‌کردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێداندا چه‌ندین هۆڵمان تازه‌کردۆته‌وه‌ و به‌رده‌وام کارمان هه‌بووه‌، بۆ پته‌وکردنى ژێرخانى ڕۆشنبیرى.

هاوڵاتى:  ئایا ناو سلێمانى یان ده‌وروبه‌رى سلێمانى چالاکن بۆ کارى هونه‌رى ؟

بابه‌کر دڕه‌یى: ده‌ربه‌ندیخان و چه‌مچه‌ماڵ و ڕانیه‌ زۆر چالاک بون، ناو سلێمانیش چالاکن و که‌سى به‌ئه‌زمونى تێدایه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک شوێن باش نیه‌ که‌ خۆیان کادریان که‌م بووه‌ و چالاکیان زۆر نه‌بووه‌.
هاوڵاتى: ناوبانگى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڕۆشنبیرى چۆنه‌ له‌ناو خه‌ڵکدا؟

بابه‌کر دڕه‌یى: له‌سلێمانى به‌ شێوه‌یه‌ک ناوبانگى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌که‌مان باشه‌، که‌ زۆر شوێن هه‌ر حه‌زده‌کات بچین له‌کاتى بۆنه‌ و یادێکى تایبه‌تیدا، یان هه‌ندێک خه‌ڵک حه‌زده‌کات خه‌ڵاتێکى به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ى ئێمه‌ى هه‌بێت.

هاوڵاتى: له‌ وڵاتانى دراوسێ و وڵاته‌ ئه‌وروپیه‌کانه‌وه‌ تاچه‌ند ناسراون؟ تاچه‌ند به‌شدارى بۆنه‌ و یاده‌کان ده‌که‌ن؟
بابه‌کر دڕه‌یى: له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاوه‌ رێکخراوى کوردى په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ده‌که‌ن که‌ کتێب مان بۆبنێرن و بانگهێشتى بۆنه‌کانمان ده‌که‌ن، له‌ فیستیفاڵه‌کانى سنه‌ و هه‌موو ئێران به‌رده‌وام گروپه‌کانمان بانگهێشت ده‌کرێن و له‌ سوید بۆ فیستیفاڵى سینه‌ما بانگهێشت کراوین و وتارم هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ تورکیا که‌متر ده‌رفه‌ت هه‌بووه‌، ئێستاش ئه‌ڵمانیا به‌نیازن بانگهێشتمان بکه‌ن. 

هاوڵاتى: بۆچى هونه‌رمه‌ندان به‌ گشتى به‌رده‌وام گله‌یى له‌ ئێوه‌ ده‌که‌ن که‌ هیچ تان بۆ نه‌کردون؟
بابه‌کر دڕه‌یى: له‌ سلێمانى بۆڵه‌بۆڵکردن و گله‌یى بۆته‌ مۆدێل، به‌ ته‌حه‌داوه‌ ده‌یلێم کێ هه‌بووه‌ بێته‌ ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ و هاوکارى نه‌کرابێت، که‌سێک هه‌بێت بێت بۆ چالاکى و بۆمان نه‌کردبێت،  به‌داخه‌وه‌ له‌ناو کوردى ئێمه‌دا ته‌قدیرى کارى ئه‌وى تر که‌مه‌، که‌س زمان ناکاته‌وه‌ بۆ کارى باشه‌ى به‌رامبه‌ره‌که‌ى، ته‌قدیر نه‌بۆته‌ نه‌ریت لاى ئێمه‌، که‌سه‌که‌ خۆى هاوکارى کرابێت ناچێت له‌ میدیاوه‌ بڵێت من هاوکارى کراوم و هه‌ر واى پێ باشه‌ بلێت گله‌یم هه‌یه‌، هه‌موو که‌س به‌و زمانه‌ قسه‌ ده‌کات و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بگۆڕین  که‌سێک کارێکى جوانى کرد ڕێزى لێده‌گرین و ته‌قدیرى ده‌که‌ین.

هاوڵاتى: ئایا هونه‌ر پێویسته‌ هه‌ر حکومه‌ت پشتیوانى بکات؟یان خۆى خۆى بژیێنێت؟

بابه‌کر دڕه‌یى: ئه‌مه‌  مه‌سه‌له‌یه‌کى جدییه‌ و له‌ وڵاتانى پێشکه‌وتوودا ساغ بۆته‌وه‌، هونه‌ر پێویسته‌ خۆى خۆى بژییه‌نێت، هونه‌رمه‌ند هه‌یه‌ له‌م شاره‌دا شه‌وى 1000دۆلار په‌یدا ده‌کات و که‌سێک خۆى هونه‌ره‌که‌ى به‌هێز نیه‌ ئێمه‌ چیبگه‌ین، جا بۆ ده‌بێت حکومه‌ت هاوکارى بکات له‌هه‌موو شتێکدا و ئه‌مه‌ سیستمێکى ڕوسى کۆنه‌ وبیه‌وێت ده‌م بکاته‌وه‌ و ببێته‌ چۆله‌که‌ بۆ حکومه‌ت، حکومه‌ت ده‌بێت سپۆنسه‌ر بێت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى فعله‌ن هونه‌رمه‌نده‌ و ناتوانن بیکه‌نه‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌، بۆنمونه‌ که‌سێک هونه‌رمه‌نده‌ و پاره‌ى نیه‌ بۆ کلیپێک، ئه‌زانێت کلیه‌که‌ چووه‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌ پاره‌ ده‌کات، هونه‌رمه‌ندێکى گه‌وره‌ ده‌یه‌وێت فلیمێک بکات، 500ملیۆنى هه‌یه‌ و بیه‌وێت تۆش شتێکى بۆبکه‌یت، نه‌ک که‌سێک له‌ سفره‌وه‌ بێت و ئێمه‌ هاوکارى بین ناکرێت و حه‌سه‌ن زیره‌ک و عه‌لى مه‌ردان و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌کان خۆ حکومه‌ته‌کان پشتیوانیان نه‌کردووه‌، خۆیان خۆیان پێگه‌یاندووه‌، له‌م وڵاته‌ پێویسته‌ ئه‌م ته‌قلیده‌ بڕوات، هونه‌ر ئاوا پێشناکه‌وێت، به‌ڵکو زۆر دواده‌که‌وێت.

هاوڵاتى: وا باس ده‌کرێت ساڵانه‌ به‌رێوبه‌رایه‌تى ڕۆشنبیرى 20ملیار دینار ته‌رخان ده‌کات بۆ بوارى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى؟
بابه‌کر دڕه‌یى: ڕاسته‌ بڕیاره‌که‌ وایه‌، که‌ ده‌بوو هه‌موو ساڵێک 20ملیاره‌که‌ هه‌بوایه‌، به‌ڵام ته‌نیا2013وه‌رگیراوه‌ و به‌ هۆى قه‌یرانه‌که‌وه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه‌، به‌ ڕه‌سمیش له‌ کابینه‌ى تازه‌ باسنه‌کراوه‌ و بۆیه‌ نازانرێت جارێ چۆن ده‌بێت، بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیر باس کرێت و به‌پێى یاساکه‌ى پێشتر هه‌قى سلێمانى وه‌رگیرێت. 

سلێمانى ناوه‌که‌شى لێکه‌یته‌وه‌ هه‌ر شارێکى چالاکه‌ له‌ بوارى هونه‌ر و ڕۆشنبیریدا

هاوڵاتى: ئایا سلێمانى شایسته‌ى ناوه‌که‌یه‌تى؟ 
بابه‌کر دڕه‌یى: سلێمانى که‌ناوه‌که‌شى لێکه‌یته‌وه‌ هه‌ر شارێکى چالاکه‌ له‌ بوارى هونه‌ر و ڕۆشنبیریدا، شاعیر و که‌سى گه‌وره‌ى تێدا ژیاوه‌ و وه‌ک شارێک به‌پێى جوگرافیاکه‌ى  له‌ ئێران و عوسمانیش نزیکه‌ و له‌ کلتورى عه‌ره‌بیشه‌وه‌ زۆر دورنه‌بووه‌ بۆیه‌ له‌نێوه‌ندى سێ ئیمپراتۆریه‌ت دروست بووه‌، وه‌مێژووه‌ سیاسیه‌که‌ى له‌گه‌ڵ شۆڕشدا ئه‌مه‌ش واى کردوه‌  به‌رده‌وام خه‌ڵکى بۆ هاتووه‌و شایسته‌یى هه‌یه‌ بۆ ئه‌م ناوه‌. 

هاوڵاتى: چى پێویسته‌ بۆ سلێمانى بکرێت وه‌ک پایته‌ختى ڕۆشنبیرى؟ 
بابه‌کر دڕه‌یى: زۆر شت ماوه‌ بۆ سلێمانى بکرێت، پێویستى به‌ ئه‌وه‌یه‌ ساڵانه‌ دوو فیستیفاڵى تێدابکرێت، مۆسیقى یان هه‌ڵپه‌رکێ بۆ تێکه‌ڵى له‌گه‌ڵ شاره‌کانى تر، بۆ یادى سلێمانى بکرێت و گه‌لانى ترو گه‌لانى ترى کورد بێن و پێکه‌وه‌ ئه‌وه‌بکه‌ن و ڕێکخستنه‌وه‌یه‌کى باش یشى ده‌وێت له‌نێوان ڕۆشنبیرى و گه‌شتوگوزار و په‌روه‌رده‌.

هاوڵاتى: بۆ نه‌توانراوه‌ ڕێگه‌ له‌ کۆپى ڕایت بگیرێت؟

بابه‌کر دڕه‌یى: ڕاسته‌ پێویسته‌ کۆپى ڕایت ڕێگرى لێبکرێت، به‌ڵام یاساکه‌ پێویستى به‌ چاکسازییه‌ و کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ یوتیوب و ئینته‌رنێت مه‌جالێکى زۆر که‌م ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ڕێگریکردن له‌ کۆپى ڕایت، ئینته‌رنێت هۆکارێکى زۆر به‌هێزه‌ بۆ ڕێگرى کردن له‌ کۆپى ڕایت،چونکه‌ شتێک نه‌چێته‌ بازاڕه‌وه‌ له‌ ئینته‌رنێت دا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، به‌پێى سیسته‌مى جیهانى بزانین ئه‌وان چیده‌که‌ن بۆ ڕێگرى کردن، چونکه‌ بابه‌تێکى گرنکه‌، ڕێگرى ده‌کات له‌ پێشکه‌وتنى هونه‌رمه‌نده‌کانمان.  
هاوڵاتى: بۆچى ئێمه‌ ناگه‌ینه‌ ئاستى هۆلیود؟ئایا به‌رهه‌مى باشمان نیه‌؟یاخود که‌سى هونه‌رى باشمان نیه‌؟

 سه‌رمایه‌دارى ئێمه‌ سه‌رمایه‌دارى ڕۆشنبیر نین

بابه‌کر دڕه‌یى: ئه‌وه‌ خه‌یاڵه‌ و زۆر وڵاتى گه‌وره‌ ناگه‌ن به‌وه‌ نه‌ک ئێمه‌، هۆلیود مێژوویه‌کى کۆنى هه‌یه‌ و توانیویه‌تى بینه‌رى جیهانى کۆبکاته‌وه‌، به‌ هه‌زاران که‌سى جیهانى شتى بۆ ده‌نوسن، کێشه‌ى وڵاتى ده‌وڵه‌مه‌ندى نه‌وتى ئه‌وه‌یه‌، که‌سه‌کانى تر پێویستیان به‌ هونه‌ر نامێنێت، که‌س سه‌رمایه‌گوزارى ناکات، خه‌ڵک له‌ وڵاتان پاره‌ ده‌کاته‌ فلیمه‌کانه‌وه‌ ده‌ڵێت ده‌مه‌وێت قازانج بکه‌م، لاى ئێمه‌ سه‌رمایه‌داره‌کان ده‌یانه‌وێت سه‌د له‌ سه‌د پاره‌که‌یان ده‌ست که‌وێته‌وه‌، سه‌رمایه‌دارى ئێمه‌ سه‌رمایه‌دارى ڕۆشنبیر نین، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ مه‌که‌ن بگه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌.

هاوڵاتى: هۆکارى چییه‌ که‌ به‌رهه‌مى ناوخۆ له‌ تیڤیه‌کانه‌وه‌ نابینرێت؟

بابه‌کر دڕه‌یى: ئه‌مه‌ کێشه‌که‌یه‌ که‌ به‌رهه‌مى ناوخۆت نه‌بێت، به‌رده‌وام ده‌بێت په‌نا بۆ به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه‌ به‌ریت، به‌ هه‌رزانتریش بۆت یێت، هونه‌ر خواردنێکى ڕوحییه‌ که‌ خۆت به‌رهه‌مى نه‌هێنیت، پێویستت پێیه‌ له‌ وڵاتێکى تره‌وه‌ بۆت بێت.

هاوڵاتى: چاره‌سه‌ر چییه‌ بۆ زیادکردنى به‌رهه‌مى ناوخۆ و کارى هونه‌رى جوان؟

بابه‌کر دڕه‌یى: پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ بدۆزرێته‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ک به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ده‌ستمان داوه‌ته‌ کارى بچوک و ئه‌وانه‌ى که‌ پاره‌ى که‌م تێده‌چێت، ئه‌مساڵ ده‌ستمان کردووه‌ به‌کارێک له‌ سه‌هۆڵه‌که‌ى سلێمانى بۆ کارێکى میوزیکى سه‌ر شه‌قام، هیچى تێناچێت و به‌رده‌وامه‌ و له‌ناو خه‌ڵکدایه‌ و ئێستا ئێمه‌ لایه‌نگیرى فیستیفاڵ نین.

هاوڵاتى: چ جۆره‌ به‌رهه‌مێکمان پێویسته‌؟
بابه‌کر دڕه‌یى: کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ هه‌موو جۆره‌ به‌رهه‌مێکمان پێویسته‌ و جۆره‌ها کۆمه‌ڵگا و تاکى جیاوازمان هه‌یه‌، که‌ پێویسته‌ هه‌موو به‌شه‌کان پێکه‌وه‌ بایه‌خیان پێبدرێت و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ى به‌رین.

هاوڵاتى:  کام به‌رهه‌م ده‌توانرێت له‌ سلێمانى زیاتر بایه‌خى پێببرێت و پێشخرێت؟
بابه‌کر دڕه‌یى: له‌سلێمانى شانۆ ته‌ریقه‌یه‌کى کۆنى هه‌یه‌ و هونه‌رمه‌ندى باشى هه‌یه‌، زه‌مینه‌یه‌کى باشى هه‌یه‌و باشتر ده‌توانین پێشى بخه‌ین وه‌ک له‌ سینه‌ما سینه‌ما کارى زۆرى ده‌وێت و ئیمکانیه‌تى ته‌کنیکى و فکرى ده‌وێت، بۆیه‌ باشتره‌ کار له‌ شانۆیدا بکه‌ین.

هاوڵاتى:  له‌ سینه‌ما سالم هه‌ندێک به‌رهه‌م ڕێگرى لێده‌کرێت؟
بابه‌کر دڕه‌یى: ده‌زگایه‌کى تایبه‌تى حکومیه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌ و به‌ڵام جارێک هاتونه‌ لاى ئێمه‌ وه‌ک هه‌قى خۆیان داکۆکیمان لێکردون، ئه‌وه‌ش فه‌زایه‌کى سیاسى تایبه‌ته‌ له‌ کوردستان هه‌یه‌، ئه‌م فه‌زاییه‌ پێویسته‌ ئاگامان لێبێت  نه‌هێڵین هه‌م ئازادى ژێرپێبنرێت و هه‌م فه‌زاى وڵاته‌که‌ش تێکبچێت.

هاوڵاتى: وه‌ک خۆت ئاستى هونه‌ر و ڕۆشنبیرى له‌ چ ئاستێکدایه‌ و چۆنه‌ و چیمان پێوسته‌؟
بابه‌کر دڕه‌یى: پێویسته‌ که‌سێک له‌ ده‌ره‌وه‌ و کوردیش نه‌بن بڕیار له‌وه‌ بدات و من خۆشم که‌سێکى ئیداریم، هونه‌رمه‌ندیش نیم، به‌ بڕواى من ئێمه‌ هه‌وڵى خۆمان داوه‌، ماندوو بوین و بڕیاردان بۆ خه‌ڵک و میدیا جێدهێڵین. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار