ئایا ئاگری دارستانەکان وەک ئەوە خراپن کە باس دەکرێن؟

جگە لەئەمازۆن ناوچەیەکی زەبەلاحی دارستان لەڕوسیا، ئاسیاو ئەفریقا گڕیان گرتووە

5 ساڵ لەمەوپێش



ڕاپۆرتی: بی بی سی  

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

لەگەڵ ئەوەی ئەمازۆن هێشتا لەسووتاندایە بەڵام بەشەکانی تری جیهانیش لەگەڵیدا دەسوتێن، هەرچەندە بڕی سووتانەکان بەبەراورد بەڕابردوو کەمترن.

لەئێستادا ناوچەیەکی زەبەلاحی دارستان لە روسیا، ئاسیاو ئەفریقا گڕیان گرتووە. بڕی ئاگرەکان لەسەرتاسەری جیهان پریشکی تووڕەیی دروستکردووە.

بەڵام قەبارەی ئەم ئاگرانە بێهاوتان (پێشتر بوونیان نەبووە) یان لەساڵانی رابردوودا فراوانتر بوون؟

بەیارمەتی ئاماری مانگی دەستکرد چوار ناوچە تەماشاکراوە- بەڕازیل، سیبیریا، ئەندۆنیزیا، ئەفریقای ناوەڕاست، ئەنجامەی ئەوەیە کە هەرچەندە ئاگرەکانی ئەمساڵ زیانی بەرچاویان داوە لەژینگە، بەڵام ئاگرەکان لە رابردوودا خراپتربوون.

ئەمازۆنی گڕگرتوو

نزیکەی لەسەدا ٦٠% ی دارستانی ئەمازۆن لە بەڕازیلدایە. بەپێی ئاماری پەیمانگەی نیشتمانی بەڕازیل بۆ توێژینەوەی فەزایی، ژمارەی ئاگرەکانی نێوان کانونی دووەم و ئابی ٢٠١٩ دوو ئەوەندە زیادی کردووە بەبەراورد بەهەمان ماوە لەساڵی رابردوودا.

لەسەرەتادا ژمارەیەکی پێوانە شکێنی ئاگر لەسەرتاسەری بەڕازیلدا بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەم هەواڵە هاوپێچ نەبوو لەگەڵ هەموو ئەو داتا مێژووییانەی بەردەستن.

هەرچەندە ئاگرەکانی ئەمساڵ تا ئێستا بەرزترینن لە نۆ ساڵی رابردوودا، بەڵام نزمترن لەزۆربەی بڕی ئاگرەکانی چەند ساڵانێک لەدەیەی رابردوودا لەنیوان ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٠. هەمان شێواز بەدیدەکرێت بۆ دارستانەکانی تری بەرازیل کەبەشێک نین لەدارستانی ئەمازۆن.

ئەگەر سەیری وێنەکانی مانگە دەستکردەکان بکەین بۆ کۆی گشتی ئەو ناوچە دارستانیانەی سوتاون لە ئەمازۆنی بەڕازیلدا بۆ هەر ساڵێک، دووبارە ئاستی زۆر بەرزدەبینن لە سەرەتای ساڵەکانی ٢٠٠٠.

لەمساڵدا، کە ئامارەکان تا کۆتایی مانگی ئابە، کۆی گشتی ئەو ناوچانەی سووتاون لەو هەشت مانگەدا ٤٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. ئەم ئامارە ئاماری ساڵی ٢٠١٨ی تێپەڕاندووە، بەڵام وادیارە ناگاتە ئەو لوتکەیەی لە دەیەی رابردوودا بینراوە.

ئاگر ڕووداوێکی باوە لەوەزری وشکداو دەگونجێت سروشتیانە روبدات، بەتایبەتی لەکاتی وشکەساڵیدا.

بەڵام شارەزایان بڕوایانوایە زۆربەی ئەو ئاگرانەی لە بەرازیلدا هەن لەمساڵدا بەهۆی چالاکی مرۆڤەوە دروستبوون - جوتیاران، ئاژەڵداران و داربڕان ناوچەکە ساف دەکەن بۆ کشتوکاڵ و لەوەڕ، هەرچەندە ٢٠١٩ وەک ساڵانی دیکە وشک نییە.

دکتۆر میشێل کەلاماندین، ژینگەزانێکی دارستانی ئەمازۆن دەڵێت «ئاگر نیشانەی کۆتایی پرۆسەی دارستان بڕینەوە (نەهێشتن)ە».

«ئەو دارە زەبەلاحانەی کەزۆرجار پەیوەستیان دەکەین بە ئەمازۆنەوە دەبڕدرێن، فەرامۆش دەکرێن تا وشک دەبنەوەو پاشان ئاگر وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت بۆ پاککردنەوەو سافکردنی زەوییەکە تا ئامادەبکرێ بۆ لەوەڕگا، کشتوکاڵ، یان تەنانەت کانسازی نایاسایی».

ئاگرەکانی سیبیریا

گروپی کەمپینی ژینگەیی «گرین پیس» ئەو ئاگرانەی سیبیریای روسیای گرتوەتەوە لەمساڵدا بەیەکێک لەخراپترین رووداوەکانی ئاگر ناوزەند کردووە لەم سەدەیەدا.

ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوەدەکەن ئەو گڕو دوکەڵەی دروستبوو هەمان قەبارەی هەموو وڵاتە ئەوروپیەکانی هەبوو پێکەوە.

ئاگری دارستان لەسیبیریا رووداوێکی باوە لەهاویناندا، بەڵام پلەی گەرمی پێوانە شکێن و ڕەشەبای توند بارودۆخەکەی خراپتر کردووە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی فیدڕاڵی دارستانزانی روسیا، زیاتر لە 10 ملیۆن هێکتار (١٠٠ هەزار کم چوارگۆشە)  ئاگری بەرکەوتووە لەسەرەتای دەستپێکی ئەمساڵەوە، کەئەمەش بڕی گشتی ساڵی ٢٠١٨ی تێپەڕاندووە کە هەشت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار هێکتار (٨٦ هەزار کم چوارگۆشە) بوو.

ئەو ساڵە بەخراپترین ساڵ ناوزەند کرا لە سەردەمی نوێدا لەلایەن میدیاکانی حکومەتی روسیاوە. بە وردبوونەوە لە ئامارەکانی ژمارەی ئاگرەکان، رووندەبێتەوە کەساڵی خراپتر هەن بەدیاریکراویش ساڵی ٢٠٠٣ کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار ئاگری لێکەوتوەتەوەو ساڵی ٢٠١٢ کە زیاتر بووە لە ٣٥٠ هەزار ئاگر، ئەمەش زۆرترە لەئاماری ساڵی ٢٠١٨ کە نزیکی ٢٠٠ هەزار بوو، تا ئێستاش زیاترە لە ساڵی ٢٠١٩ کە ژمارەکە تا کۆتایی مانگی ئاب نزیک دەبێتەوە لە ٣٠٠ هەزار.

وەرزی ئاگری ئەندۆنیزیا

لەئێستادا ئەندۆنیزیا لە لوتکەی ئەو وەرزەدایە کە پێی دەوترێت وەرزی ئاگر، کە هاوپێچیشە لەگەڵ وشکترین مانگەکانی ساڵ.

ئەو ناوچە دارستانیەی ئەندۆنیزیا شوێنی هەندێک لە بەربڵاوترین فرە زیندەوەرەکانی جیهانە و دێرینتیرن دارستانی خولگەیی (گەرمەسێری)یە.

بەبەکارهێنانی ئامارەکانی مانگە دەستکردەکان ئەوە ئاشکرابووە کەزیاتر لە ٢٠ هەزار ئاگر لەمساڵدا کەوتوەتەوە. بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو ئەمە کەمترە لەو ژمارەیەی لە ٢٠١٥دا تۆمارکراوە کە ١٨٠ هەزار ئاگر بوو.

بۆ ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەکە ١٦٠ هەزارەو ٢٠٠٢ش ١٢٠ هەزار.

لە ئەندۆنیزیا زۆرجار ئاگر لە قەوزاوەکان بەردەدرێ لەلایەن کۆمپانیاکان و کۆمەڵێکی کەمی جاوتیاران بۆ پاککردنەوەی زەوییەکەی بۆ ڕۆنی خورما، تۆوی میوەو دروستکردنی کاغەز.

هەندێکجار ئەم سوتانانە بڵاودەبنەوە بۆ ئەو ناوچانەی قەدەغەیە بسوتێنرێن.

ئەفریقای نیمچە بیابان

مانگە دەستکردەکانی ناسا هەزارەها ئاگریان بەدیکردووە لەئەنگۆلا، زامبیا، کۆنگۆ، بەڵام ئەمانە نەگەشتوون بەئاستە تۆمارکراوە بەرزترینەکان.

«پێموانییە هیچ بەڵگەیەک هەبێت کە ئەو ئاگرانەی ئێستا هەن لە ئەفریقادا خراپتربن لەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا بینیومانە»، دێنس مەکلین، لە لقی راگەیاندنی «کەمکردنەوەی مەترسی کارەساتەکان لە نەتەوەیەکگرتووەکان» بە بی بی سی وت.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری دارستانی جیهانییەوە شیکراونەتەوە، ژمارەی ئاگرەکانی کۆنگۆ و زامبیا کەمێک لەسەروو تێکڕاوەن لەم وەرزەدا، بەڵام ساڵانی پێشوو بەرزتر بوون.

ئاماری ساڵی ٢٠١٩ لە کانونی دووەمەوە بۆ ئاب دەریدەخات کە بڕی ئاگرەکان لەکۆنگۆ ٣٥٠ هەزارە، بەڵام  ساڵی ٢٠١٥ ئەو بڕە گەشتوەتە ٤٥٠ هەزار و ساڵی ٢٠١٣ش ژمارەکە ٤٠٠ هەزارە.

هەرچەندە لەئەنگۆلا راپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن ژمارەی ئاگرەکانی ئەمساڵ نزیکن لەئاستی تۆمارە بەرزترینەکان.

هەندێک لایەن بەراوردی دۆخەکە دەکەن بەدۆخی ئەمازۆن، بەڵام ئاگرەکانی نیمچە بیابانی ئەفریقا جیاوازن.

بۆ نمونە کۆنگۆ وەردەگرین - زۆربەی ئاگرەکان لەناوچە جێنیشینەکانی باشوری وڵاتەکە، دارستانە وشکترەکان، ناوچە بیابانییەکان کەوتوونەتەوە و تائێستا هیچ ئاگرێک نییە لە دارستانە باراناوییە خولگەییەکان.

شارەزایان دەڵێن کە زەحمەتە بزانیت هۆکاری ئەم ئاگرانە چییە کە وەرزین. زۆربەی ئاگرەکان لە دارستانی کەم چڕو ئەو بیابانانەی کۆمەڵگەی جوتیارانی هەژاری تیدا دەژی هەڵگیرساون.

«ئاگر ئامرازێکی گرنگی بەڕێوبردنەو بەکاردەهێنرێت بۆ پاککردنەوەی زەوی تا دانەوێڵەی تێدا بچێنرێت»، لۆرن ویلیامز پسپۆڕ لەدارستانەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقا لەپەیمانەگەی «سەرچاوەکانی جیهان» وا دەڵێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار