داگیرکاریی سوریا بەشێکە لەهەڵمەتی تورکیا بەرەو شوناسێکی نوێ

2019-11-07 16:14:20



رۆژنامەی گلۆب ئەند مەیڵ

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

 

زیاتر لەسێ ساڵ لەمەوبەر، بەرەیەکی بچووکی نێو سوپای تورکیا هەوڵیاندا کودەتا بەسەر حکومەتدا بکەن. کودەتاکە لەبەیانیدا خامۆش بوو دوای ئەوەی (٢٠٠) کەسی تێدا کوژرا، بەڵام لەناوەراستی ئەو شەوەدا ئەمە یەکلایی نەببووەوە کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ناوینا «دیارییەک لەلایەن خودا»وە.

هەر بەڕاستی ئەوە دیارییەک بوو کەبەردەوام بوو لەبەخشین. ئەم کودەتایە وەک پاساوێک خزمەتی کرد بۆ گرتن، پاکتاوکردن، خستنە لیستی رەشی هەزارەها کەس بەبێ بەڕێوەچوونی دادگاو هەموو ئەمانەش گرەنتی ریفراندۆمێکیان کرد کە بەشێوەیەکی بەرچاو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی فراوان کرد. سەنگی سەدەیەکی دامودەزگاکان لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا دەستی بەسەرداگیرا، بەڵام کودەتاکە هەموو ئەو شتانەی نەکردە دەسکەوت کە ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی هیوایان بۆ دەخواست: شکستی خوارد لەیەکخستنی وڵاتێکی دوو جەمسەری ئایدیۆلۆجی.

بۆیە حکومەت هەوڵیدا بەزۆر ئەنجامی بدات، ئەویش جوڵاندنی میدیاو ئامرازە تەرفیهیەکان بوو بۆ هاندانی هاوسۆزی نەتەوەیی، ناولێنانەوەی شارۆچکەو شوێنەکانی تر بوو بەناوی قوربانییەکانی کودەتاکەوە، هەروەها رێکخستنی بێداری دیموکراسی بەرفراوان و داهێنانی پشوویەکی فەرمی بۆ کودەتاکە کەمەبەست لێی بوون بەگرنگترین پشووی نەتەوەیی بوو. بەڵام نیوەی وڵاتەکە کە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن بوون هەر لەگەڵ دۆخەکەدا دەڕۆشتن بەبێ گوێدان و بایەخدان. وا هەست نەدەکرا کە ئەوە شەڕی ئەوان بێت هێندەی ململانێی دەسەڵات بوو لەنێوان دوو پارێزگاری ئایینیدا کەپێشتر هاوپەیمان بوون: ئەردۆغان و فەتحوڵا گولەنی دوورخراوە.

بەڵام ئەوەی کودەتاکە نەیتوانی بیخاتەڕوو، رەنگە کوردەکان بیکەن. کوردەکان لەمێژە وەک دێوەزمە لەوڵاتەکدا چەسپاون؛ هەر لەهەشتاکانی سەدەی رابردووەوە. نیگەرانی تورکیاش بەتەواوی بێ بنەما نییە - وڵاتەکە ماوەی ٣٥ ساڵە شەڕ لەگەڵ نەیارانی کورد دەکات. بۆیە ئەو ئەرکە ئەوەندە گران نەبوو کە باری لەناکاوی نەتەوەیی لەئایینییەوە بەرامبەر ئایینی بگۆڕدرێت بە تورک بەرامبەر کورد.

پرۆسەکە ساڵێک پێشتر روویدا. دوای ئەنجامێکی خراپی پارتی دەسەڵاتدار لەناوەڕاستی ٢٠١٥داو هەڵبژاردنێکی دووبارە دوای پێنج مانگ، ئەوەی بۆ پارتەکە فەراهەم هێنا کە بەئاسوودەیی زۆرینە بەدەست بهێنێتەوە. کودەتاکە دۆخەکەی بەرەوپێشتر برد.

 تەنها دوای مانگێک لەکودەتاکە تورکیا دەستیکرد بەیەکەم لەشکرکێشی لە سێ لەشکرکێشییەکەی بۆ باکوری سوریا لەماوەی ئەم سێ ساڵەی دواییدا دژی هێزە کوردییەکانی سوریا.

دوای مانگێک ئەنقەرە سەرۆک شارەوانییەکانی لەناوچە کوردییەکان لابردو قەیومی لەجێگەی دانان. دوای مانگێکی تر لەم رووداوە، سەرکردەو ئەندامانی  پەرلەمانی پارتی چەپی کوردی هەدەپە لەسەر تۆمەتی تیرۆریستی دەستگیرکران.

دژایەتی لەسێ ساڵی داهاتوودا تا دەهات زیادی دەکرد تائەو خاڵەی کە لەشکرکێشی سێیەم و دواهەمینی تورکیا لەمانگی رابردوودا ئاهەنگی فراوانی نەتەوەیی بۆ کرا. هەموان، هەر لەمنداڵانی قوتابخانەکانەوە بۆ تیمی هەڵبژاردەی نەتەوەیی تۆپی پێ تا پێشانگا هونەرییەکانیش هاواری پشتگیرییان کرد بۆ سەربازانی تورکیا و دواجار بۆ حکومەتیش.

ئەمە گەڕانەوەیەکی سەرسوڕهێنەری بەختە بۆ ئیدارەیەک کەتەنها چەند مانگێک لەمەوبەر لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەتووندی سەرکۆنەکرا. نەک هەر زۆربەی شارە گەورەکان خزایە دەستی ئۆپۆزسیۆن، بگرە حکومەت زیاتر خۆی شەرمەزارکرد بە لەدەستدانی گەورەترین شار، ئەستەمبوڵ، دووجار دوای ئەوەی هەڵبژاردنی دووبارەی رێکخستەوە لەشارەکەدا.

هەر لەسەرەتاوە وادەردەکەوێت کەئەمە دواهەمین ئۆپەراسیۆنە بەناوی «کانی ئاشتی» تەنها بۆ گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتییە بەمەبەستی وەدەستخستنەوەی سیاسی شارە گەورە لەدەستچووەکە. جگە لەمەش سوودێکی تر هەیە لەدوورخستنەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لەیەکدی. لە سێ پارتی ئۆپۆزسیۆن دوو پارتیان پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن لەکاتێکدا پارتی سەر بەکوردەکان (هەدەپە) لەم هاوکێشەیەدا نییەو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەئامانج دەگیرێت، لەئێستادا ئەو هاوبەشییە تازە لەدایکبوەی کە بنچینە بوو بۆ بردنەوەی ئۆپۆزسیۆن پەکی کەوتووە.

بەڵام ئەمانە تەنها سوودە هەنوکەییەکانن لەپلانێکی مەودا دوور بۆ بنیادنانی شوناسێکی نوێ بۆ تورکیا. بەتایبەتیتر، لەئێستادا دوو پرۆژەی بنایادنان هەیە کە لەکاردان، یەکێک لەسوریاو ئەوی دی لەتورکیا، بینینی خەرمانی یەکەم دانە چاوەڕوانییەکان بۆ دووەم دانەش دەردەخات. هەر کە کۆشکی سپی گڵۆپی سەوزی بۆ لەشکرکیشییەکی تورکیا هەڵکرد، جیهان تەرکیزیان خستەسەر دوو گۆشە: ناپاکییەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرکۆی ئەمریکا لەبارامبەر هاوبەشە کوردەکانیاندا، لەگەڵ جینۆساید کردنیان لەسەر دەستی تورکیا. ئەمەش بابەتێکی شیاوە بەو پێیەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هاوبەشێکی بایەخدار بووە لەشەڕی دژی داعش و بەشیاوی هاوسۆزی بەرچاوی جیهانی بەدەستهێنا. بەڵام هەسەدە زۆر نزیکیشە لەو گروپەی کە تورکیا بە نەیار سەریان دەکات: پەکەکە، گروپیک کە بەڕێکخراوی تیرۆریستی دانراوە نەک هەر لەلایەن تورکیاوە بەڵکو لەلایەن ئەمریکاو یەکێتی ئەمریکاشەوە. هەر لەبەرئەمە کەسەرگوزەشتەی نێودەوڵەتی و تورکیا زۆر جیاوازە. لایەنی نیودەوڵەتی جەنگەکەی تورکیا وەک شەڕی دژە کورد دەنەخشێنێت لەکاتێکدا تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کەتەنها دژی یەک رێکخراوی چەکدارەو دژی  گەلی کورد نییە بەگشتی.

هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکە بەبیانوی نیگەرانی ئەمنی بەشەرعی کراوە، بەڵام تورکیا هیچی نەشاردۆتەوە لەپلانی بنایادنانی گۆڕانی دیموگرافی لەناوچەکەدا، کەکاریگەری دەبێت لەسەر هەسەدە و خەڵکی سڤیلیش بەهەمان شێوە. ئامانجی راگەیەندراوی ئۆپەراسیۆنەکە دەرکردنی هەسەدە بەقوڵایی ٣٠ کم لەسنوری تورکیاوەو بردنە ناوەوەی دوو ملیۆن ئاوارەی عەرەبی سوری بۆ ئەو ناوچەیە کەئێستا لەتورکیادان. بەم پێیە، ئەنقەرە نەک هەر هەرچی بانگەشەی داهاتووی کورد بۆ سەربەخۆیی و خۆسەری لاواز دەکات، بەڵکو باری شانیشی، کەماندوکراوە بەئاوارە، سووک دەکات.

چاوەڕوانی لەوەی چی روودەدات لەباکوری سوریا، ئێستا بوونی هەیە لەشاری عەفریندا کە لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستی بەسەرداگیرا لەلەشکرکیشی پێشووی ساڵی ٢٠١٨دا. راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان دوای ئۆپەراسیۆنەکە ئاماژەی بەوە کرد: «ئۆفیسی باڵای کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ نیگەرانە لەوەی کە رێدان بە نەژادی عەرەب بۆ داگیرکردنی خانووی کوردەکان کە هەڵهاتوون وا دەکات جارێکی تر کوردەکان نەتوانن بەگڕێنەوە ماڵەکانیان و رەنگە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ گۆڕینی هەمیشەیی پێکهاتەی نەژادی لەناوچەکەدا».

لەهەر حاڵەتێکدا، «کانی ئاشتی» بەخێرایی بەرەوپێش چوو، کوژرانی سەدەهاو ئاوارەبوونی هەزارەهای لێکەوتەوە لەهەفتەیەکدا، هەر بەزوویش رێککەوتنی ئاگربەست مۆرکرا لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان، یەکەجار لەگەڵ ئەمریکاو دواتر لەگەڵ روسیا. تورکیا ئەوەی لەلایەنی سەربازی دەیویست لەسەر مێزی رێککەوتنەکان بەدەستی هێنا: دەرکردنی هەسەدە بەقوڵایی (٣٠) کم.

بەڵام بنیادنانە دیمۆگرافییەکە تەنها نەژادی نییە، بەڵکو ئایدیۆلۆجی و شێوازی ژیانیشە. هەسەدەو پەکەکە چەپ و عەلمانین لەکاتێکدا هاوپەیمانەکانی تورکیا لەسوریاو ئەو خەڵکانەی دەیەوێت جێی کوردیان پێ بگرێتەوە، لەڕووی ئایدیۆلۆجییەوە زۆر نزیکن لەحکومەتەوە. تەنانەت نەیارەکانیان بەوە تۆمەتباریان دەکەن کەجیهادین. بەمدواییانە سەرکردەی خەلافەتی ئیسلامی ئەبوبەکر بەغدادی لە ئیدلیب کوژرا لەلایەن ئەمریکاوە - ئەو بەردەی کە لەسنوری تورکیاوە هەڵدەدراو لەبەرچاوی خاڵە چاودێرییەکانی تورکیادا بوو - ئەوە نیشاندەدات کەتورکیا لانیکەم کەمتر نیگەرانە سەبارەت بەتوندڕەوە ئایینییەکان وەک لەوە کوردە چەپەکان.

بۆیە ئەمە چەند گومانێکی دروستکرد کاتێک ئەردۆغان لەچاوپێکەوتنێکیدا لەهەفتەی رابردوو وتی، «ئەو خەڵکانەی دەگونجێن بۆ [ناوچەکانی باکوری سوریا] عەرەبەکانن. ئەو ناوجانە لەگەڵ شێوازی ژیانی کوردەکان ناگونجێن». کاتێک داوای لێکرا روونکردنەوە بدات، وتی «چونکە ئەو ناوچەیە بیابانە»، بەڵام هەر گومانەکان نەڕەوینەوە  چونکە دواجار عەفرین بیابان نەبوو.

ئەم گۆڕانکارییە لەسوریا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەپلانی چی دانراوە بۆ تورکیا. سەدەیەک لەمەوبەر وڵاتەکە وەک وڵاتێکی کۆماری عەلمانی توند دامەزرا دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. پاریزگارەکانی وەک ئەردۆغان جیاکاریان لەگەڵ دەکرا یان خراپتر، هەستانیان بەشێوەیەکی بەرچاو دەرئەنجامی عەلمانییەتی بەزۆرو چەسپێنراو بوو. ئەردۆغان نیازی خۆی بەڕوونی ئاشکراکردووە کەدەیەوێت «نەوەیەکی ئایینخواز» دروستبکات و بەشیوەیەکی بەرفراوان سەرچاوەکان تەرخان دەکرێن بۆ پەروەردەی ئایینی و دامەزراوەی ئایینی. بەڵام عەلمانییەت و پارێزگاری ئایینی وەک دوو هاوبەشی تایبەت سەیر دەکرێن کە ئاسان نییە لایەک بێتە بەرەی لاکەی تر. ئا لەم کاتەدا نەتەوایەتی هەڵدەتۆقێت، کە دەرگایەکی نهێنی دروستدەکات و ئەم دەرگایە رێدەدات بەسەرکردەکان بیری دیکە یان بیرو راکانی بەرەی خۆیان بڵاوبکەنەوە. لەتورکیادا، نەتەوایەتی کۆتایی نییە بەڵکو رێگایەکە بەرەو کۆتایی.

کاتی خۆی دامەزرێنەرانی تورکیا لەڕێی هەستی نەتەوایەتییە توانیان یەکەمجار عەلمانیەت بناسێنن بەخەڵکی پاریزگاری ئەنادۆڵ، ئەویش جەنگی تورکیا بوو دژی سەربەخۆیی یۆنانییەکانی بەشی تورکیا. ئێستا، ئەگەر داهاتوو ئایینخواز دەرچێت، ئەوا دەبێت هەڕەشەیەکی هاوشیوە گەشەو بەردەوامی پێبدرێت. هەر لەبەرئەمەیە کە هەرگیز چارەسەری ئاشتی لەنیوان ئەنقەرەو کوردەکان روونادات. خەڵک جۆش بکە بە تورکی بوون ئیتر تێبینی ئەوە ناکەن کە بۆ مزگەوتەکان لەئێستادا بۆ پشتیوانی سەربازان دەجوڵێنرێن یاخود بۆ منداڵەکانیان بەرەو پەروەردەی ئایینی ئاراسەتەیان دەکرێت بەبێ ئەوەی دایک و بابیان بیانەوێت یاخود نا.

ساڵی ٢٠٢٣ تورکیا ئاهەنگی سەدساڵەی دەگێڕێت، بەروارێک کەبەرپرسانی حکومەت هەمووکات بەتۆنێکی شوومەوە باسی لێدەکەن، ئەمەش بۆ رێخۆشکردنی  ئەستێلکێک بۆ پرۆژەی  «تورکیای نوێ»ی ئەردۆغان. ئەگەر ئەم تورکیا نوێیە ئامانجی ئەوەبێت شوناسێکی نوێی رادیکاڵی بێنێتە دی، کە بەزۆری شوناسێکی ئایینی و دژە رۆژئاوایی بێت، ئەوا نەتەوەپەرستی دەیگەیەنێتە ئەو مەبەستە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار