لەدراماکاندا حەزم لەڕۆڵى تراژیدیایه نەک کۆمیدیا

سه‌میعه‌ محه‌مه‌د بۆ هاوڵاتى:

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: شاناز حهسهن

سهمیعه محهمهد ههڵهبجهیى لهبوارى نواندندا کارى کردووهو بهدراماى رهشهى پۆلیس ناسراوه، که لهزۆربهى کارهکانیدا رۆڵى دایکى بینیوه، لهساڵى 1982وه بهبهردهوامى کارى نواندن دهکات، لهزیاتر له (15) کارى دراما بهشدارى کردووه، چوار کورته فیلم و چوار فیلمى سینهمایى ههیه، ماوهى (28) ساڵە مامۆستاى کوردییه.

سهمیعه محهمهد لهچاوپێکهوتنێکدا لهگهڵ هاوڵاتى باس لهوهدهکات، لایهنى ماددى زۆر گرنگ نییه بهلایهوه ئهوهندهى ناوهڕۆکى سیناریۆکه گرنگه، پێیوایه هونهرمهنده کۆنهکان وافێربون کهگرێبهست و مادده لهدواى ناوهڕۆکى رۆڵهکهیانهوه بێت کهبهرجهستهى دهکات.

هاوڵاتى: چۆن بوو هاتیته بوارى هونهرهوه بهتایبهت دراما؟

سهمیعه محهمهد: لهمنداڵییهوه 1982ەوه واته لهقۆناغى ناوهندیهوه لهشارى ههڵهبجه لهکارى منداڵانهوه دهستمپێکردووهو تادوایى چوومه پهیمانگا و بهئهکادیمى بهشى شانۆم خوێند، لهوێوه حهزهکانم گهوره بوون و خۆم لهبوارى نواندندا دۆزییهوه، بهکارى شانۆیى و درامى و کورتهفیلم دهستمپێکردووهو تائێستاش بهردهوامم.

هاوڵاتى: لهئێستادا بۆ کارى شانۆیت نیه؟

سهمیعه محهمهد: لهههڵهبجهدا تاساڵانى 1989 و 1989ش زیاتر لهشانۆدا بهشداریم دهکردو دواى ئهوه کههاتمه سلێمانى زیاتر لهکارى نواندنى درامادا خۆم بینییهوهو تواناى خۆمم لهوهدا کۆکردهوه، تاساڵى 2001 بهدواوه بهتهواوى لهدرامادا ئیشم کردووه.

هاوڵاتى: چ کارێکت تائێستاش شانازى پێوه دهکهیت؟ یان چ کارێکی سهمیعه محهمهد پێی ناسرا؟

سهمیعه محهمهد: ههموو رۆڵهکانم شانازییان پێوهدهکهم، چونکه خۆم پێوه ماندووکردون و لههیچ کارێکم پهشیمان نیم، زۆر مایهى خۆشحاڵیم بوون، بهڵام وهک دهرکهوتن بهڕهشهى پۆلیس زیاتر ناسرام، کهئێستاش خهڵک بهوه دهمناسێتهوه.

هاوڵاتى: بۆ کارى کۆمیدیات نابینرێت؟ ئایا ناتوانیت یان حهزت پێی نهبووه کارى کۆمیدى بکهیت؟

سهمیعه محهمهد: حهزم لهکارى کۆمیدى نییه، لهگهڵ ئهوهى کارێکى جوانیشه، بهڵام ههستم کردووه زۆر لهگهڵ مندا ناگونجێت و ههست ناکهم بتوانم زۆر رۆڵى کۆمیدیا ببینم، زیاتر حهزم لهڕۆڵى تراژیدیایه.

هاوڵاتى: چ رۆڵێک بهلاى سهمیعه محهمهدهوه کاریگهرترهو دهتوانێت تهواو رۆڵهکه بهرجهسته بکات؟

سهمیعه محهمهد: ههموو رۆڵهکانم پێ گونجاوهو دهتوانم بینیم، بهپێی دابونهریتى کۆمهڵگا بگونجێت، بهڵام زیاتر رۆڵى دایکێکى گهنجم بینیوهو خۆم گونجاندووه لهگهڵیدا، که لهوانهیه دهرهێنهرهکانیش زانیبێتیان دهتوانم جوان بهرجهستهى بکهم، بۆیه زۆرترین جار ئهو رۆڵهم پێدراوه.

هاوڵاتى: چ مهرجێکت ههیه بۆ بهشدارى لهدرامایهک؟ ئایا ماددیهکه لهپێشتره یان رۆڵهکه؟

سهمیعه محهمهد: مهرجى تایبهتیم نیه تهنیا حهزدهکهم سیناریۆکه جوان بێت و لهگهڵ کلتورى ئێمهدا وهک کورد بگونجێت، لهگهڵ کۆمهڵگاکهماندا بگونجێت زیاتر گرنگى بهو کارانه دهدهم، لهلایهنى ماددیهوه زۆر کێشهم نهبووهو ههموو دهرهێنهرهکان شایهتى ئهوهن، راسته مافى خۆته لایهنى مادیش ئهوه ماندووبونى خۆته، بهڵام سهرهتا کهئێمه کارمان دهکرد وا فێرکراوین ئهم گرێبهستانه وهک ئێستا نهبووه، بۆیه زۆر کێشهم نییه، تهنیا مهبهستم ناوهڕۆکى کارهکهیه.

هاوڵاتى: ههبووه لهکارێکدا بههۆى ئهوهى لایهنى ماددى مهرجت نهبووه ههقت بخورێت؟ واته ناههقیت بهرامبهر بکرێت؟

سهمیعه محهمهد: ههبووهو ئهوه ههر روودهدات لهکارکرندا جارى وایه ههست دهکهیت کهسێکى تر زیاتر ههقى پێدراوه، بهڵام زۆر بهکهمى و ههرگیز نهبۆته کێشه، لهوانهشه بۆ کهسێکى تر روویدابێت، زۆربهى جار ههقى خۆم وهرگرتووه، بهگشتى وهک ئهوانهى تر.

هاوڵاتى: رۆڵ ههبووه حیوارێکیت بهدڵ نهبێت؟ بۆت لابهرن؟

سهمیعه محهمهد: بهڵێ رۆڵ ههبوه، کهحیوارێکیم بهدڵ نهبووه لهگهڵ خۆم و کۆمهڵگاکهمان ههستدهکهم ناگونجێت، داوامکردووه بۆم بگۆڕن و گۆڕیویانه.

هاوڵاتى: تاچهند پێت گونجاوه لهدرامایهکى کوردیدا بۆ نمونه ماچى تێدابێت؟ ئایا نهگهیشتوینه ئهو ئاستهى ئهمانه لهدرامایهکى کوردیدا ههبێت؟

سهمیعه محهمهد: من وهک خۆم ئامادهنیم بیکهم، زیاتر پهیوهندى بهکۆمهڵگاکهمانهوه ههیه، کهدهبوایه ئێمهش بهرهوپێش بچووینایه وهک کۆمهڵگاکانى تر، بهڵام تائێستا کۆمهڵگاى ئێمه ئهوانهى بهلاوه ئاسایى نیهو ماویهتى بگاته ئهو ئاسته، بۆیه کردنى بۆ ئهکتهر قورسه.

هاوڵاتى: بهدهر لهبهشداریکردنت لهکارى درامى چ کارێکى ترت کردووه؟

سهمیعه محهمهد: کارى شانۆیى وهک یهکهم کارهکانم کردوومه، بهڵام دواتر لهگهڵ کارى دراما کارى چوار کورته فیلم و چوار فیلمى سینهمایم کردووه، کهزۆر حهزم پێیهتى و توانیومه تیایدا سهرکهوتوو بم.

هاوڵاتى: ئاستى هونهر لهچ ئاستێکدایه بهتایبهت کاره هونهریهکان؟ پێتوایه ئهوه سهرچاوهى مرۆییه که کهمه یان هاوکارییهکان کهمن، بۆیه بهرههمى کوردیمان کهمه؟

سهمیعه محهمهد: ههموو هونهرمهندێک حهزدهکات ئیش بکات و بهردهوام کارى ههبێت، چونکه کارى هونهرى دهچێته ناختهوه، بۆیه بهردهوام پێویستت پێى دهبێت وهک ئهکتهر، بهڵام که یارمهتى دهرهێنهرهکه نهکرێت لهڕووى مادییهوهو هاوکارى نهکرێت، ئهویش کار بهچى بکات، چونکه سهرمایهیهکى زۆرى تێدهچێت بهس ئێمه خۆمان دهزانین که لهنزیکهوه ئاگادارین، بۆیه ئهمه ههمووى دهگهڕێتهوه بۆ حکومهت که تاچهند هاوکاره، دهبێت دهرهێنهر خۆى سپۆنسهر بدۆزێتهوهو بچنه لاى دهوڵهمهندو کۆمپانیاکان تاکارێکیان بۆ دهکرێت، خۆمان دهزانین کهدهرهێنهرهکان چیان بهسهردێت، چونکه ئهو ساڵانهى کهئێمه کارمان دهکرد هونهرمهند بهپهنجهى دهست دهژمێردران، زۆر نهبووین، بهڵام ئێستا هونهرمهند زۆره که هاوکارى ههبێت کارى زۆر جوان دهکرا، زۆر کهس ههیه حهزى بهکارى زۆر باشترو جوانتره بهڵام هاوکار نهبێت هیچ ناکرێت.

هاوڵاتى: وهزارهتى رۆشنبیرى تاچهند هاوکارى هونهرمهندان دهکات؟

سهمیعه محهمهد: خۆى زیاتر دهرهێنهرهکان بهر ئهو ناوهندانه دهکهون و ئهرکهکهى زیاتر بۆ ئهوانه، بهڵام که لهدوورهوه سهیر دهکهم ئهوه دهبینم کههاوکارییهکان جیاوازیان ههیه، زیاتر بۆ کاره شانۆییهکان و فیلمه سینهماییهکان هاوکارى ههیه نهک کارێکى درامى.

هاوڵاتى: پێت وایه وهک پێویست رێز لههونهرمهندان گیراوه، ههم لهلایهن خهڵکهوهو ههم حکومهت و کاربههدستانیش؟

سهمیعه محهمهد: لهلایهن خهڵکهوه بهڵى زۆر رێزمان لێدهگیرێت، بهڵام لهلایهنى حکومهتهوه، هیچمان بۆ نهکراوه، تهنانهت رێزلێنانێکیش ناکرێت، لهچاو وڵاتاندا زۆر جیاوازه.

 هاوڵاتى: نوێترین کارت چییه؟

سهمیعه محهمهد: نوێترین کارم کارێکى فیلمى سینهماییه، بهناوى (رێگا)، رۆڵى دایک دهبینم، کهکارهکانى تهواو بووهو ئهم ههینییه لهسینهما نمایش دهکرێت، بهدهر لهوهش کاردهکهین بۆ کارێکى درامى کهئێستا لهقۆناغى سهرهتایین و هیوادارم بگونجێت و بتوانین تا دواقۆناغ بهرههمى بهێنین و بهبینهر شاد بینهوه.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار