بانکێکی لوبنان ملیارێک دۆلاری بـــــریکارێکی نەوتی هەرێم سڕدەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

یەکێک لەسەرەکیترین فرۆشیاری نەوتی هەرێمی کوردستان ملیارێک دۆلاری لەبانکێکی لوبناندا سڕ دەکڕێت و سکاڵای لەئەمریکاو لوبنانیش تۆمارکردووە بۆ وەرگرتنەوەی بڕە پارەکەی.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، مورتەزا لاخانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپنایای (IMMS) کەبازرگانی نەوت دەکات لەئەوروپا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا، هەروەها  سەرەکیترین فرۆشیاری نەوتی هەرێمی کوردستانە، رۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لەدادگای باڵای ویلایەتی نیویۆرک سکاڵای لەدژی بانکی (بانکمێد)ی لوبنانی  تۆمارکردووە بەهۆی سڕکردنی یەک ملیار دۆلارییەوە. پێش ئەم سکاڵایەش لەدادگای لوبنان هەمان سکاڵای تۆمارکردووە.

بەپێی سکاڵاکەی لاخانی لەڕۆژی ٨ی تشرینی دووەم  داوای لە بانکمێد کردووە ملیار دۆلارەکەی بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام تەنها دوای چوار رۆژ بانکمێد وەڵامی دەداتەوەو پێی رادەگەینێت کەهەموو هەژمارەکانی کۆمپانیای (IMMS)  هەڵدەوەشێنێتەوە «بەهۆی گۆڕانکاری لەدۆخی ئابوری وڵاتەکەو بازاڕی دارایی لوبنان».

سکاڵاکەی لاخانی گوزارشتە لەیەکێک لەو ئاستەنگە گەورانەی بانکەکانی لوبنان دەستیانپێکردووە بۆ سنوردارکردنی گواستنەوەو کێشانەوەی پارە لەگەڵ ئەوەی ململانێ دەکەن لەدژی کورتهێنانێکی قورسی دراوی لوبنانی.

لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە خۆپیشاندان لوبنانی تەنیوەو خۆپیشاندەران فشاریان خستووەتەسەر سیستەمی دارایی وڵاتەکە، ئەمەش بووەتەهۆی قووڵبوونەوەی کورتهێنانی دراوو هاندانی بانکە بازرگانییەکان بۆ سنوردارکردنی کشانەوەی دراوی دەرەکی و بەنزیکەیی هەموو گواستنەوەیەک بۆ دەرەوەی لوبنان.

مورتەزا لاخانی لەسکاڵاکەیدا (IMMS)ی تۆمەتبارکردووە بەوەی کە شکستیان هێناوە لەوەی ئەو بڕە پارەیە بگەڕێننەوە بۆی کاتێک داوای کردووە.

لەبەیاننامەیەکدا بانکمێد وەڵامی سکاڵاکەی لاخانی دەداتەوە و دەڵێت: «بڕی یەک ملیار دانراوەکە سڕکراوە» بەهۆی ئەوەی «بەڵگەی سەرپێچیمان بۆ دەرکەوتووە لەگرێبەستەکەدا لەگەڵ چەند هەوڵێک لەلایەن (IMMS)ەوە بۆ دانی پارە لەدەرەوە لەڕێی بانکمێدەوە»

«بانکمێد دژی ئەم هەوڵانە بووەو هەڵوێستی گونجاوی گرتەبەر»، لەبەیاننامەکەدا واهاتووە.

بەپێی زانیاری سکاڵاکە  (IMMS)لەتشرینی دووەمی ٢٠١٨دا ئەو بڕە پارەیەی لە بانکمێد داناوە بۆ ماوەی سێ ساڵ و بە «ڕێژەیەکی بەرزی سوو» کە بەژمارە ئاماژەی پێنەکراوە، بەڵام هەژمارەکانی دیکەی هەمان کۆمپانیا کە لەساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ بانکمێد دەستی بەکار کردووە، رێژەی سووەکەیان زیاترە لە لەسەدا ٦.٥%.

لەڕاپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هیچ ئاماژەیەک بەوە نەدراوە ئاخۆ ئەم بڕە پارەیە پەیوەندی بەحکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت یان هی یەکێک لەبەرپرسە حکومی یان حزبییەکانی کوردستان بێت، بەڵام بەپێی وتەی وەزیری پێشووی ژینگەی لوبنانی و سەرۆکی حزبی تەوحیدی عەرەبی لوبنانی، ویام وەهاب، ئەو بڕە پارەیە هی بەرپرسانی هەرێمەو بەناوی کۆمپانیایەکی وەهمییەوە داندراوە.

«رەیمۆند رەحمە مافی ئەوەی نییە سکاڵا دژی بانکمێد تۆماربکات چونکە ئەو ملیارەها دۆلارانەی لەبەرپرسانی هەرێمەوە دزراون لەعێراق بەناوی کۆمپانیایەکی وەهمییەوە هێنراون بۆ لوبنان، دەکەونە بازنەی یاسای قاچاغکردنی دراوەوە».

رەیمۆند رەحمە بازرگانێکی دیکەیە وەک مورتەزا لاخانی کە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم بازرگانی دەکات و سکاڵاکە لەلایەن ئەمەوە تۆمارکراوە.

بەپێی راپۆرتێکی دیکەی رۆیتەرز، ەیمۆند رەحمە بازرگانێکە کە پشکی لە کۆمپانیای کۆڕەکدا هەیەو چەندین گەندەڵی ئەنجامداوە لەبەرامبەر هاوبەشەکانی دیکەی کۆڕەکدا وەک کۆمپانیای (Agility)ی کوەیتی و (Orange)ی فەرەنسی.

بەپێی زانیارییەکان رەحمە سەرپێچی کردووە لەکارەکەی وەک بریکارێک لەو کارانەی بۆ کۆڕەک ئەنجامیداوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کەخۆی بەرژەوەندی تایبەتی تێیدا هەیەو کۆڕەک ملیۆنەها دۆلاری داونەتێ.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە رەیمۆند لەگەڵ بەرپرسێکی هەرێمدا (١٥٠) ملیۆن دۆلاریان بەقەرز لە بانکی (IBL)ی لوبنانی وەرگرتووە بەڕێژەی سووی لەسەدا ١٣.٢٥% بۆ هەر ساڵێک لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک، بەڵام دواتر زیاتر لەو رێژەیەیان بەبەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە وتووەو زیادەی سووەکەیان بۆ خۆیان بردووە.

مورتەزا لاخانی و فرۆشتنی نەوتی هەرێم

مورتەزا لاخانی بەسەرەکیترین فرۆشیاری نەوتی هەرێم دادەنرێت، بەتایبەتی لەکاتی ئابوری سەربەخۆدا، ئەوکاتەی حکومەتی هەرێم ویستی نەوتی خۆی بفرۆشێت کاتێک عێراق لەساڵی ٢٠١٤دا  بودجەی هەرێمی بڕی.

دوای ئەوەی لەمارسی ٢٠١٤دا حکومەتی عێراقی بودجەی هەرێمی کوردستان دەبرێت، بەرپرسانی هەرێم دەیانەوێت نەوتی هەرێم بفرۆشن بۆ پێدانی مووچە، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق رازی نابێت بۆیە دەبوو بەشێوەیەک فرۆشی نەوت ئەنجامبدەن کە خۆیان دووربخەنەوە لەسزاکانی بەغداد.

بۆ ئەم کارە مورتەزا لاخانی دەهێنن، کە بازرگانێکی بەریتانی بەرەگەز پاکستانییەو لەکەنەدا گەورە بووە، بەوپێیەی کەشارەزاییەکی هەبوو بەرپرسانی هەرێم نەیانبوو.

بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠١٥، «حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بازرگانێکی نەوت رێکدەکەوێت، مورتەزا لاخانی کە  لەساڵی ٢٠٠٠ەکانەوە بریکاری کۆمپانیای گلینکۆری بەریتانی بووە لەبەغداد، بۆ دۆزینەوەی کەشتی نەوت».

زۆربەی کڕیارانی نەوت ئەوکات دەترسان کە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن بەوپێیەی بەغداد هەڕەشەی دەکرد کەسکاڵا لەسەر هەر کڕیارێکی نەوتی هەرێم دەکات.

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم لەبارەی لاخانییەوە بەڕۆیتەرز دەڵێت، «ئەو بەتەواوی دەیزانی کە کێ مامەڵەمان لەگەڵ دەکات و کێ نایکات، ئەو دەروازەکانی بۆمان کردەوەو هەموو ئەو کۆمپانیا گواستنەوانەی بۆ دیاری کردین کەئامادەبوون کارمان لەگەڵ بکەن».

هەربەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز لاخانی نەوتی هەرێمی لەئیسرائیل و ماڵتا ساغ دەکردەوە.

«هەندێک لەکڕیارەکان کەشتییە نەوتییەکانیان دەبرد بۆ شاری ئەشکیلۆنی ئیسرائیل کە لەوێ هەڵدەگیراو دواتر بەکڕیارانی ئەوروپا دەفرۆشرایەوە. نەوتی کوردەکان لەکەناراوەکانی ماڵتاش دەفرۆشرا لەڕێی گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی بۆ ئەوەی دواین کڕیار پەردەپۆش بکەن و بەو جۆرەش پارێزگاریان لێبکەن دژی هەڕەشەکانی کۆمپانیای سۆمۆی حکومەتی عێراقی».

راپۆرتێکی دیکە لە  فاینانشڵ تایمز دەریدەخات کە مورتەزا لاخانی راوێژکارێکی کاریگەری ئاشتی هەورامی بووەو مووچەی ساڵانەی ملیۆنێک دۆلار بووە.

«ئەو [لاخانی] وەک راوێژکارێکی کاریگەر دادەنرێت بۆ ئاشتی هەورامی لەلایەن لێکۆڵەرەکانی کۆمپانیاکانەوە. لەسەروبەندی قەیرانی بودجەی هەولێر، لاخانی دەڵێت موچەی ساڵانەی لە یەک ملیۆن دۆلارەوە کەمکراوەتەوە بۆ (٢٥٠) هەزار دۆلار».

هەر بەپێی راپۆرتەکەی فاینانشڵ تایمز کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تشرینی یەکەمی ٢٠١٥،  لاخانی کاری ئەوە بووە کە «خشتەی نەوت بارکردن رێکبخات لە بەندەری جەیهانی تورکی، چاودێری کەشتییە نەوتییەکان بکات و رێککەوتن ئەنجامبدات لەگەڵ لێکۆڵەران، وەزارەتی ئابوری تورکیا، هەروەها کۆمپانیا بازرگانییەکان و بۆرییە نەوتییەکانی سەر بە حکومەتی تورکیا».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار