-ئاڵای کوردستان ئەو تەڵەیەی هەمیشە قاچی هەرێمی لەتورکیا تێدەکەوێت

سامان وه‌ستا به‌کر

4 ساڵ لەمەوپێش



سامان وه‌ستا به‌کر

 تورکیا و بەتایبەت سیاسیە باڵادەستەکانی ئاکپارتی وەک حکومەتی ئەو وڵاتە هەرکاتێک گڵوڵەی ئابوری و دارایی وڵاتەکەیان رووی لەلێژی بێت ئەوا راستەوخۆ تەڵەی ئاڵای کوردستان بەقاچی سیاسییە ساویلکەکانی هەرێمدا دەتەقێننەوەو لەو رێیەوە هەرچییەکیان بوێ بەحکومەتی هەرێمی دەکەن.

پێشتر بینیمان لەسەروبەندی گرێبەستە (٥٠) ساڵەییەکەی نێوان ئەنکەرەو هەرێم و ئەوکاتانەی کەکورد پشتگیری نێودەوڵەتی زۆری هەبوو، لەکاتی سەردانیکردنی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا مەسعود بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی هەرێم بوو بۆ پێشوازی لەفرۆکەخانەو کۆشکی کۆماری و حکومەتی ئەنکەرەدا ئاڵای کوردستان دائەنراو لەو رێیەوە هەرچییەکیان ویستبێ بەدەستیانهێناوە، چونکە وەک ئەوەی باوە لەناو خەڵکدا ئەوترێ، سیاسییەکانی کورد بەو جۆرە شتانە رووگیر دەبن و دەکەون بەڕووا، ئیتر روویان نایەت داوای مافی کورد بکەن ئەگەرچی سیاسی بێت یان تەنانەت ئابووریش، ئاخر چونکە رێز لەشەخسی خۆیان گیراوەو ئیتر ئەوەی پەیوەستە بەکوردەوە لەڕوویان نایەت پێداگری لەسەربکەن.

لەکاتی تریشدا دەمانبینی و مێژووەکەی زۆر دوورنیە کاتێ تورکیا مەرامە سیاسی و ئابوری و داراییەکانی خۆی لەهەرێم دەستکەوتبوو، لەکاتی سەردانیکردنی سەرۆکی حکومەت و تەنانەت سەرۆکی هەرێمیش نەک ئاڵای کوردستان، بگرە ئاڵای عێراقیشیان لەپێشوازییاندا بۆ دانەدەنان وەک ئەوەی بڵێی لەگەڵ یەکێک لەکاربەدەستەکانی خۆیاندا کۆبوونەتەوە.

لەکاتی ریفراندۆمیشدا هەر تورکیا بوو کەزۆرترین هەڕەشەی ئەکردو لای خۆیەوە هەردوو فرۆکەخانەی سلێمانی و هەولێری بایکۆت کردو بۆ کردنەوەی فرۆکەخانەی سلێمانی زۆرترین مەرجی بەسەر دەسەڵاتدارانی سلێمانیدا سەپاندو بەجۆرێک ئێستا سلێمانی یەکێکە لەو ناوچانەی کەتورکیا بەئاسانی دەتوانێ کردەوەی تیرۆرستی و جاسوسی و ئیختیالاتی تیابکات، ئەوە هەولێر هەر باس ناکرێ.

ماوەیەکە هامۆشۆو سەردانەکان بۆ بەغدای پایتەختی عێراق گەرموگوڕ دەڕوات و شەقامی کوردانی هەرێمی کوردستانیش بەگەشبینیەوە لێی دەڕوانن وەک دەروازەیەک بۆ ژیانێکی باشتر بۆ ساڵی داهاتوو بەجۆرێک کەکێشەی کەمی و پاشەکەوتی مووچە کۆتایی بێت و مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشکرێ وەک مافێکی سەرەتایی هەر تاکێکی مووچەخۆر.

کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕاستییدا کێشە نیە، بەڵکو سەرچاوەی کێشەکە  هەنگاوێکی بێ لێکدانەوەو دراسەکراوی کابینەکانی پێشووتری حکومەتی هەرێم بوو کاتێک بڕیارێکی تاکلایەنەیاندا کەچیتر پشت بەعێراق نەبەستن و سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن و لەداهاتی فرۆشی نەوت و داهاتە ناخۆیی و گومرگیەکانی هەرێم پێویستییەکانی هەرێم دابیندەکەن.

سەرەنجام هەرێم بڕیارە قورسە لێکنەدراوو دراسە نەکراوەکەییدا و «پشت لە بەغدا و روو» لەئەنکەرە کردو لەیەکەم هەنگاو بۆ ئابوری سەربەخۆ کەوتە یەکەمین تەڵەی مێژووی خۆیەوە لەڕێی گرێبەستێکی (٥٠) ساڵەی لەگەڵ تورکیادا کە تائێستاش بۆتە قۆرتی هەرە گەورەی هەرێم کەناتوانێ هیچ هەنگاوێک بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەترسیی هەڕەشەکانی سوڵتانی نەوت ئەردۆغان.

هەڵبەتە هەر وڵاتێک گەر بۆ ئابورییەکەی پشت بەتاکە سەرچاویەک ببەستێ ئەگەرچی ئەو سەرچاوەیە نەوتیش بێت، ئەوا هەمیشە لەکێشەدا دەبێت لایەنی کەم بەهۆی بەرزونزمی نرخی بازاڕەوە، کەواتە هەرگیز ئەو ئابورییە سەربەخۆ نابێ بەڵکو دەکرێ ناوی لێبنرێ بە «ئابوری گرێدراو» چونکە سەربەخۆ پاشگرێکە گەر بەهەر ناوێکەوە بلکێنرێ ئەوا دەبێ بڕیار تەنها لای تاکە کەسێک یان لایەنێک یان دوڵەتێکدا بێت.

بڕیاری ئابورییە سەربەخۆکەی هەرێم هەر زوو بوو بەدەستکەوتێکی ماددی ئێجگار گەورە بۆ تورکیاو داڕمانێکی گەورەش بۆ ئابوری هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و وڵاتی عێراقیش بەگشتی. (داڕمان بۆ ئابوری عێراق لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان لەهەردوو لایەنی ئیداریی و جوگرافییەوە بەشێکە لەعێراق، گرێبەستێکی (50) ساڵەش بەبێ گەڕانەوەو رێکەوتن لەگەڵ بەغدادا ئەبێتە هۆکارێکی گەورە بۆ تەپانی ئابوری کۆی وڵاتەکە، چونکە پێشتر هەم نەوتی بەتورکیا ئەفرۆشت بەنرخی بازاڕەکانی جیهان هەم لەو رێیەشەوە دەیتوانی نەوتەکەی رەوانەی بازاڕەکانی جیهانیش بکات، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانەیە.

کەواتە لێرەوە دەرەکەوێ رکابەرایەتییەکی ناوخۆیی لەبەرژەوەندی تورکیاو بەپێی داواو خواستی تورکیا هۆکارێکی بەرچاوە بۆ ئەو پاشەکشێ ئابورییەی لایەنی کەم لەهەرێم بوونی هەیە، نەک رەوانەنەکردنی بودجە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم وەک ئەوەی باوە ئەگەرچی بەشێک لەڕاستیشی تیابێت، بەڵام ناکرێ هۆکارە گەورەکەی تەپاندنی ئابوری و دارایی کەتورکیایە لەبیربکرێ کۆی کێشەکە بە نەناردنی بودجەوە لەلایەن بەغداوە پێناسەبکرێ.

ئەگەر لایەنی نەتەوایەتی و داگیرکاری لێکبدرێتەوە ئەوا هەر چوار وڵات کەکوردستانیان بەسەرا دابەشکراوە هێندەی یەک ناحەزو دوژمنی سەربەخۆیی کوردستانن، هەر پشتبەستنێک بەو وڵاتانە لەزەرەرو دۆڕان زیاتر هیچی لێ سەوزنابێ، بەڵام لەئێستادا ئەوەی راستەوخۆ کورد کۆمەڵکوژ دەکات و خاکەکەی زیاتر داگیردەکات ئەوە تورکیایە، بۆیە دەکرێ لەسەرەوەی ئەو لیستەیابێت کە دوژمنێکی مێژوویی و رێگر لەهەر خواستێکی کورد بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی خاکەکەی تەماشابکرێ ئەگەرچی ئێرانیش بەموو لێی لانەداوە.

بەڵام هەرچی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان ئەو لایەنەیە کە دەبێ هەرێم مامەڵەی لەگەڵدا بکات و هەماهەنگی هەبێ لەگەڵیدا لەپێناو باری گوزەرانی ژیانی خەڵکی هەرێمدا تا ئەوکاتەی هەرێم سەر بەو وڵاتەبێت.

جێی سەرنجە حکومەتی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا وەزیرێکی گۆڕان و یەکێکی یەکێتی نارد کەهیچیان خاوەنی بڕیار نین و بۆ هەر پرسێک دەبێ بگەڕێنەوە بۆ سێکوچکەی دەسەڵات باوک و برازاو کوڕ»بـــبـــک». کە تائێستا دانوستانەکان بەردوامەو تەنها ئومێدی گەشبینی لێوە باسدەکرێ کە دەکرێ لەچەندڕۆژی داهاتوودا واژۆ لەسەر رێکەوتنێک بکرێ کەهەرێم پابەندبێ بەڕادەستکردنی (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت بە سۆمۆی عێراقی و لەبەرامبەریشدا عێراق مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێ و لەبودجەی ساڵی ٢٠٢٠ شوێنی بکرێتەوە.

دیسان ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە سەرۆکی حکومەت کەیەکێکە لە «بـــبـــک» و خاوەنی بڕیارو واژۆی کۆتاییە پێش واژۆکردنی رێکەوتنی هەرێم و بەغدا سەردانی تورکیای کردو لەوەش سەمەرەتر دانانی ئاڵای کوردستان بوو لەپشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە دوای ئەو هەموو سوکایەتییەی کەتورکیا بەهەرێمی کرد لەدوای ریفراندۆم و پاش داگیرکردنی عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی و کۆمەڵکوژی کوردی سڤیل و بێ چەک و منداڵ و هەڕەشەکردن لەهێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستانیش ئەگەر لەداگیرکاریەکەی رۆژئاوا سەرکەتوو هاتنە دەرەوە، کەچی لەپڕ بەقودرەتی قادر تورکیا (١٨٠) پلە گۆڕاو جارێکیتر ئاڵای کوردستانی لەسەر خاکی خۆی بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم دانا! کە بێگومان لەپشتی ئەمەوە مەرام و بەرژەوەندی تورکیای لەپشتە.

تورکیا دەیەوێ هەرێمی کوردستان بەمەرجی ئەوان و بەچاودێری و رێنمایی و خواستی تورک لەگەڵ بەغدادا رێکەوتن بکات، بەجۆرێک تورکیا خاوەنی پشکی شێربێ لەو رێکەوتنەدا تا دەستکەوتی زیاتر لەئابورییە داتەپاوەکەی هەرێم بەتایبەتی و عێراق بەگشتی بەدەستبێنێ و بەرژەوەندییە زۆرو زەوەندەکانی لەهەرێم پارێزراوبن.

ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم جگە لەوەی کوردی بەگشتی و کوردی باشوری بەتایبەتی تووشی دڵتەنگی و بێهیوایی کرد لەوەی کەسەرۆکی ئەم کابینەیەش وەک ئەوەی پێش خۆی دیسانەوە رادەستی تورکیاو سەڵتەنەی سوڵتان ئەردۆغان بوون و  رژد لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کەهەرێم خاوەنی هیچ بڕیارێک نیە ئەگەر بڕیارەکە لەبەرژەوەندی حکومەتی تورکیادا نەبێت.

تورکیا تائەم ساتەش لەداگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامەو تووشی زۆرترین لۆمەو سەرزەنشتی وڵاتانی جیهان و ئازادیخوازانی جیهان بووەتەوە بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەواو نابەرامبەرە بۆ سەر خەڵکی سڤیل و داگیرکارییە فراوانخوازییەی ئەردۆغان.

ئەردۆغان بۆ سپیکردنەوەی رووی خۆی و سیاسەتی داگیرکاری و فراوانخوازیی سەردەمی سوڵتانە عوسمانمییەکان زۆر پێویستی بەهەر کوردێک هەیە، جا چ جای ئەو کەسە گەورەترین دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بێت کەتاکە دەزگای فەرمی کوردی دانپیانراوە لەلایەن زۆرێک وڵاتانی جیهانەوە، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم، تا وای پشانبدەن کەئەوان واتا تورکیا دوژمنی کوردو نەتەوەکەی نین، بەڵکو ئەوان دوژمنی «پەیەدە و شەڕڤانان»ن وەک درێژکراوەی باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لەڕاستیا ئەمە تەنها بەهانەیەو ئەوان چاویان بەهیچ کیان و بوونێکی کورددا هەڵنایەت ئەگەرچی لەوپەڕی دنیاشبێ بەقەولی خۆی.

دووەم، تورکیاو ئەردۆغان پێویستییەکی زۆریان بەم حکومەت و کیانە سیاسییەی ئێستای هەرێم لەباشوری کوردستان هەیە کەئەوان هەمیشە بەباکوری عێراق ناوی دەهێنن، بۆئەوەی نەوتەکەی هەرزانکڕ بکەن و داهاتی فرۆشی نەوتەکەش لەبانکەکانی خۆیاندا و لەژێردەستی خۆیاندابێت بۆ زەلیلکردن و پاوانکردنی دەمودەستی هەرێم کەئەگەر لەهەر کاتێکدا هەرێم تەنانەت وشەیەکیش سەرزەنشتی تورکیا بکات دەست بەسەر ئەو پارانەدا دەگرن کە لەبانکەکانی تورکیان و هەرێم و بەتایبەت بەرپرسە باڵاکانی مایەپووچ دەکەن.

تورکیا و ئەردۆغان پێویستیان بەم کیانەی ئێستای هەرێمی کوردستان هەیە تائابوری وڵاتەکەی خۆیانی پێ بەهێزبکەن و هەم هەرێم باشترین بازاڕە بۆ ساغکردنەوەی کاڵا بێپێزو خراپەکانی تورکیا کە لەهیچ بازاڕێکی تری دنیادا ساغناکرێنەوە بەو  کوالێتیە خراپەی کەڕەوانەی هەرێمی دەکەن. هەم تورکیا بەمەرجی خۆی نەوتی هەرێم بەکەمتر لەنیوە قیمەتی بۆرسەی جیهانی لەهەرێم دەکڕێ و ئابوری وڵاتەکەی زۆر پێ بەهێزکردووە کەئەگەر سیاسەتی فرۆشی هەرێم و عێراق یەک و رێکخراو بووایە، ئەوا هەرگیز تورکیا ئەو سوودەی دەست نەدەکەوت کەئێستا دەیکات.

پرسیار؟

ئــــــایــــــا ناردن و چوونی وەزیرێکی گۆڕان و وەزیرێکی یەکێتی بۆ بەغدا کەمافی بڕیاردانیان نیەو ناردن و چوونی سەرۆک وەزیران کەپارتییە بۆ ئەنکەرە کەماف و خاوەنی بڕیاریشی هەیە هەر لەخۆوە بوو یان هۆکارەکەی ئەوەیە کەبڕیاری رێکەوتنی هەرێم و بەغدا لەئەنکەرەوە دەدرێ و دەردەچێ؟

زنجیره‌ی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار