ناساندنی کتێبی «شوانی کورد» به‌رهه‌می عەرەبی شەمۆ

2020-01-12 07:14:47



-شوانی کورد لەمێژووی ئەدەبی کوردیدا وەک یەکەمین رۆمانی کورد پێناسە دەکرێ، کە بەم هۆیەوە بەدەر لەچییەتی و چۆنیەتیی ناوەرۆکەکەی، خاوەن پێگەوپلەیەکی مێژووییە لەناو مێژووی وێژەی کوردیدا. ئەم کارە بۆ یەکەم جار لەساڵی 1935 لەئیرەڤانی پایتەختی ئەرمەنستان چاپ و بڵاوکراوەتەوەو ئینجا بۆ سەر چەندین زمان وەرگێڕدراوەو سەرنجی بەشێک لەتووێژەرانی بواری کوردناسیی بۆ لای خۆی راکێشاوە، کە لەم بارەوە ئەکرێ ئاماژە بە “واسیلی نیکتین” وەک وەرگێڕی فەڕەنسایی ئەو تێکستە بکرێ. ئەم کارە هەتا ئێستا دوو جار هاتووەتە سەر پیتی “کوردی-عەرەبی”، کە جاری یەکەم لەساڵی 1989و بەسەرپەرشتیی ئەنیستیتۆی کورد لەپاریس، لەلایەن “دوکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر ” و جاری دووهەمیش لە 2017 لەلایەن “زنارێ مەلێ”وە ئەم کارە کراوە.

عەرەبی شەمۆ جیا لەشوانی کورد، خاوەنی چەندین رۆمانی ترە وەکو “بەربانگ”، “ژیانا بەختەوەر”، ” دمدم” و ” حوپۆ”. جیا لەبواری رۆمان، ناوبراو قەڵەمی لەشانۆنامەنووسیشدا گەڕاندووەو شانۆی” کوردێن ئەرمەنستانێ” پێ بەرهەم هێناوە. جێگای ئاماژیه کەعەرەبی شەمۆ، نووسەری یەکەمین کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بووە بەناوی” خۆبەخۆ هینبوونا زمانێ کوردی”، کە ئەم کارەیشی لە ساڵی 1928 بەهاوکاریی زمانناسی ئاسووری “ئیسحاق مارگۆلۆڤ” بڵاوکردووەتەوە بۆ تێپەڕین لەپیتی “ئەرمەنی” لەناو کوردانی مەڵبەندی ئەرمەنستانا.  هاوکات لەتەک پرۆفیسۆر “قەناتێ کۆردۆ” رۆحێکی نوێ بەبەر بواری کوردناسی لەوڵاتانی یەکێتیی سۆڤێتدا کردووەو  یەکێ بووە لەکۆڵەکە سەرەکییەکانی  رۆژنامەی “رێیا تازە”.

شوانی کورد لەدوو بەشی سەرەکیی شوانی کرمانجان و چیرۆکی کوردانی ئەلەگەز پێکهاتووە کە لەهەر بەشدا، نووسەر خۆی قارەمان و کاراکتەری سەرەکیی تێکستەکەیە، بەڵام بەدوو ناوی جیاوازە. بەشی یەکەم وەک بەشی سەرەکیی رۆمانەکە دائەنرێت و بەشی دووهەمیش وەک درێژەی بەشی ئەوەڵ تواشا ئەکرێت. جیا لەم دوو بەشە کە ناوەرۆکی رۆمانەکە پێکئەهێنن، لەم کارەدا لەلایەن وەرگێڕەوە پێشەکییەکی بۆ دانراوە کە لەودا، وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لەبان مێژووی پەخشانی هونەریی کوردی و دەرکەوتنی یەکەمین کورتەچیرۆک، چیرۆک و رۆمان لەناو کوردستانداو هەروەها ئاماژەیەک بەژیان و بەرهەمەکانی عەرەبێ شەمۆ، لەپێنج رەهەندی مێژوو، چین، نیشتمان، پرسی ژنان، دواکەوتووییەوە ئەم کارە شیکراوەتەوە. هەروەها، باس لەڕێکەوتی نووسینی ئەم کارەو  جۆری گوتارو وێژمانی کارەکەیش کراوە.  لەکۆتایی کتێبەکەشدا، فەرهەنگۆکێکی دەوڵەمەند دانراوە بۆ ئەوەی وا خوێنەر باشتر بتوانێ پێوەندیی لەتەک داڕشتنەوەکەدا دروست بکات.

لەبواری چۆنیەتی وەرگێڕانی ئەم کارە، وەک وەرگێڕ خۆی ئاماژەی کردووه هەر سێ مێتۆدی دەقاودەق، مەیلەو ئازدو تەواو ئازاد لەو کارەیا کەڵکی لێ وەرگیراوەو لەهەندێ شوێنیش وا پێویست بووە بابەتەکە لەبەریەک کێشراوەتەوەو کەوتووەتە ناو وردەکارییەکانەوەو لەهەندێ جێگەیش خۆی لەمە پاراستووە.

هەرچەند کە فەزای بنزاراوەیەک بەسەر وەرگێڕانەکەدا تاڕادەیەک زاڵە ، بەڵام وشەو داڕشتی زاراوەکانی تریش لەناو کارەکەدا بەرچاوە.

نزیک بەیەک سەدە لەچاپبوونی کارەکانی عەرەبی شەمۆو وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانەکانی تر، تەنیا رۆمانی “دمدم” نەبێ کەساڵی 1975 لەلایەن نەمر مامۆستا شوکور مستەفاوە هاتووەتەسەر زاراوەی سۆرانی و کۆڕی زانیاریی کورد لەبەغدا چاپی کردووە، هیچ کام لە بەرهەمەکانی دیکەی ئەم نووسەرەو نووسەرانی تری کوردی سۆڤیەت دەرگای ماڵی ئاخێوەرانی کوردیی ناوەڕاستیان لێ نەکراوەتەوەو وەرگێڕانەوەی ئەم کارە هەنگاوێکی گرنگە لەم بارەوە.

بهشێک لهکتێبهکه:

“لەسەر پێودانی ساڵان، لەگوندەکەمان چ شتێک نەگۆڕابوو. والی کە لای وابوو لەئاسمانەوە بەربووەتەوە، ئێستاکەش دەستی بارتەقای قەیسەری تزاری دەڕۆیی و هەنووکەش چەرخی دەسەڵاتی لەگەڕ نەکەوتبوو. هەروابێتەوە، دەسکیس و دایکەدزەی ژاندرمان، ساڵ دوازدەی مانگێ خەریکی تێسرەواندنی کوردان، مووشەو مڵومۆو چەمۆڵانی ماڵ و سووتمانی سامانیان بوون. لەبەرامبەردا، کەس هەترەش و نەترەی دەستکردنەوەو بەگژداچوونەوەی پێ نەمابوو. پاکی یەکسەر خۆیان رادەستی ئەو ملهوڕانە کردبوو؛ ئەوان وەک لەگوێی گادا نووستبن وابوو و ئاگایان لەوە نەبوو کەئەوە شۆڕشێک لەڕوسیا روویداوەو دەسەڵاتی تزارەکان نسکۆی بەسەردا هاتووە.

 

ماڵی کتێبی کوردی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار