عەتا نەهایی کێیە؟

ژیاننامەیەکی کوڵ‌و کورت بەقەڵەمی نووسەر

2020-01-19 08:53:05



هاوڵاتى

عەتا نەهایی:  وهک دایکم دهیگوت لهشهوێکی جهژنی قوربانی ساڵی 1339ی کۆچی (1960 ز) لهشاری بانهی رۆژههڵاتی کوردستان هاتووهته دنیا، لهشهوێکی ساردی پاییز یان زستان، نازانم. گوایه باوکم لهخۆشییان گوێزهبانی بهخشیوهتهوه، دایه گهورهم ئهو شهوهو چهند شهوی لهوه دواش بهژوور سهرمهوه دانیشتوهو دوعای خوێندووه. بۆ ئهوه که منیش وهک دوو براو رهنگه دوو خوشکی دیکهی بهر لهخۆم نهمرم، ناویان ناوم عهتائوڵڵا، واته دیاری خودا. دڵخۆش بوون که خودا دیاریهک بهکهسێک بدات لێی وهرناگرێتهوە. شتێکی ئهوتۆم لهمنداڵیم لهبیر نییه. یهکهم دیمهنێک که لهبیرمه لهگهڵ دایک و خوشکم له کهپرێکدا بووین، کهپرێک لهناو رهزو باخێکی داوێنی کێوی ئاربهبا، ئێواره بوو چاوهڕوانی هاتنهوهی باوکم بووین، پێدهچێ ئهو دهمه سێ ساڵم تهمهن بووبێت. دووههم دیمهنێک که لهبیرمه لهگهڵ منداڵێکی تر لهبهر دهرکه، لهسهر گڵ و خۆڵ، جادهمان کێشابوو، ئوتومبیلێکی بچووکی لاسیقم لێدهخوڕی.

لهدیمهنی سێههمدا کهوای زهڕیی کوردییان بۆ لهبهر کردبووم و مێزهر یان شهدهیهکی بچووکیان بۆ لهسهر نابووم، باوکم دهستی گرتبووم و نازانم بۆ کوێی دهبردم. بهو تیشکی شادییه که لهچاوی باوکمدا بوو من لهبیرم ماوه، دیاره ئهوه یهکهم گهشت و گهڕانی باوکێکی منداڵ خۆشهویست و کوڕێکی چوار یان ئهوپهڕی پێنج ساڵان بووه. شهش ساڵان بووم که رۆژێک باوکم دهستی گرتم و لهکاتێکدا کهمریشکێکی بن باڵ دابوو بۆ شوێنێکی بردم کهناسنامه بهمنداڵان دهدهن. کابرایهکی باریکهڵهی رووخۆش ناسنامهی دامێ و وهک هاووڵاتیهک وهیگرتم، بهڵام مامره دیارییهکهی بهخۆم بهخشییهوه. چهندڕۆژ دوای ئهوه بوو که ناردییانم بۆ قوتابخانه. سهرهتایی و ناوهندی و دوو ساڵ دواناوهندیشم لهبانه خوێند، پاشان چووم بۆ پهیمانگهی مامۆستایان (دانشسهرای موقهدهماتی) شاری وهرامینی نزیک تاران. پاش دوو ساڵ پهیمانگهشم لهو شاره تهواو کرد. لهههموو ماوهی خوێندندا قوتابییهکی زیرهک و باش بووم، دایکم و باوکم، دوو مرۆڤی ههژارو زهحمهتکێش که من بۆنهو بیانووی ژیانیان بووم، شانازییان پێوه دهکردم. پاش تهواوکردنی پهیمانگه لهساڵی 1357 کهساڵی سهرکهوتنی شۆڕشی ئێران بوو، وهک مامۆستای قوتابخانهی سهرهتایی لهگوندێکی شاری بانه دامهزرام. بهڵام پاش سێ ساڵ بۆ ههمیشه لهسهر پیشهکهم دهرکرام.

لهمنداڵییهوه تهنیا دڵخۆشیم خوێندنهوه و نووسین بووه. سهرهتا به شیعر دهستمپێکردووه. لهتهمهنی شانزه ساڵییهوه شیعرم بهزمانی کوردی نووسیوه

لهمنداڵییهوه تهنیا دڵخۆشیم خوێندنهوه و نووسین بووه. سهرهتا به شیعر دهستمپێکردووه. لهتهمهنی شانزه ساڵییهوه شیعرم بهزمانی کوردی نووسیوه. لهتهمهنی حهڤده ساڵی له پهیمانگه یهکهم چیرۆکی بڵیندم نووسیوهو بهو هۆیهوه لهلایهن بهرپرسانی پهیمانگهوه تهمێ کراوم. لهپاش شۆڕشی ساڵی پهنجاو حهوت بهجیدی دهستم بهنووسین و بڵاوکردنهوه لهگۆڤاره کوردیهکانی ناوهوه و دهرهوهی وڵات کردوهو یهکهم کۆمهڵه چیرۆکم، وهک یهکهم کۆمهڵه چیرۆکی کوردی که لهپاش شۆڕش له رۆژههڵاتی کوردستان چاپ و بڵاوبووبیتهوه، لهساڵی 1372 چاپ و بڵاوکردۆتهوه. لهوه دوا ئیتر ئهدهب و بهتایبهت ئهدهبی داستانی بۆته سهرهکیترین داڵغهی ژیانم. لهماوهی ژیانی ئهدهبیمدا تا ئێستا سێ کۆمهڵه چیرۆک و سێ رۆمان و دهیان وتاری ئهدهبی و تیۆریکم بڵاوکردۆتهوه. ههروهها ئانتۆلۆژییهکی چیرۆکی هاوچهرخی فارسی و شهش رۆمانی باشترین رۆماننووسهکانی دنیام کردووه بهکوردی و لهسهریانم نوویسیوه. بهزمانی فارسیش جگه لهچهند وتارو گفتوگۆی ئهدهبی و چیرۆک که لهگۆڤاره فارسییهکاندا بڵاوم کردوونهتهوه، لهسهر داوای دهزگای میراتی فهرههنگی ئێران لهتاران کتیبێکم لهسهر ئهدهبی داستانی کۆنی کوردی بهناوی (شیکاری بنهمایی بهیتی عاشقانهی کوردی (تحلیل ساختاریی مهنچومههای کوردی) نووسیوه.  لهزۆربهی کۆڕو کۆنگره ئهدهبی و رۆشنبیریی رۆژههڵاتی کوردستان بهشداریم کردوه. لهزۆر کۆڕو فستیڤاڵی ئهدهبی لهباشووری کوردستان (سلێمانی و ههولێر)، باکووری کوردستان (ئامهد)، بهشداریم کردووەو وتارم خوێندۆتهوه‌‌. لهساڵی 1984 لهسهر داوهتی زانکۆی ئۆپسالای وڵاتی سوید سهفهرێکی مانگ و نیوهم بۆ ئهو وڵاته کردووهو لهو زانکۆیهو لهشاری ستۆکهۆلم لهسهر ئهدهبی کوردی وتارم پێشکهش کردووه. له رۆژههڵات و باشووری کوردستان زۆر کۆڕی تایبهتم بۆ گیراوه.

خهڵاتی ساڵانهی دهزگای ئاراسی ههولێرم لهساڵی 2005 و خهڵاتی زێڕینی ههردی بۆ داهێنانم لهساڵی 2008 لهفستیڤاڵی گهلاوێژ لهسلێمانی وهرگرتووه.

ئهوهی که تائێستا وهک کتێب له ناوهوهو دهرهوهی وڵات بڵاومکردوونهتهوه بریتین له:

نووسین:

1-زریکه (کۆمهڵه چیرۆک) بڵاوکراوهی ناجی / بانه 1371

2-تهنگانه (کۆمهڵه چیرۆک)  لهسهر ئهرکی نووسهر/ تهورێز  1374

3-گوڵی شۆڕان (رۆمان) بڵاوکراوهی محهممهدی / سهقز 1376

4-ئهو باڵنده برینداره که منم (کۆمهڵه چیرۆک) دهزگای سهردهم / سلێمانی 1383

5-باڵندهکانی دهم با (رۆمان) ئهنستیتۆی فهرههنگی و نهشری ژیار/ تاران 1381

6-گرهوی بهختی ههڵاڵه (رۆمان)  بڵاوکراوهی رهنج / سلێمانی 1386

7-کۆی بهرههمهکان/2 بهرگ (رۆمان و چیرۆک) دهزگای ئاراس / ههولێر 1386

8-تحلیل ساختاری منچومههای عاشقانهی کوردی / (بهزمانی فارسی) / ئیجازهی چاپی پێنهدراوه

وهرگێڕان

1-شازاده ئحتجاب (رۆمان) هووشهنگ گوڵشیری دهزگای سهردهم / سلێمانی 1380

2-جهیمس جۆیس (خوێندنهوه) ج – م- ستوارت دهزگای سهردهم / سلێمانی 1383

3-ماڵی رووناکان (کۆ چیرۆک) نووسهرانی ئێرانی دهزگای ئاراس / ههولێر 1383

4-بارۆنی سهر دارهکان (رۆمان) ئیتالۆ کالڤینۆ دهزگای سهردهم / سلێمانی 1386

5-قهسابخانهی ژماره ۵ (رۆمان) کوورت ڤۆنێ گات دهزگای سهردهم / سلێمانی 1387

6-سووکی له‌تاقه‌ت به‌ده‌ری بوون (رۆمان) میلان کۆندێرا ده‌زگای سه‌رده‌م / سلێمانی 1388

‌ئێران به‌ده‌ست سزاکانى واشنتنه‌وه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار