ئه‌زمونى وه‌رگێڕانى "ئاوا ئاخافت زه‌رده‌شت"له‌یاداشتێکى وه‌رگێڕدا

2020-01-19 09:22:37



هادى محه‌مه‌د(وه‌رگێڕ)
 

“فریدریش نیچە وەک دیاردەیەکی کاریزماتیک، وەک چەشنێک بوومەلەرزە و مەزنترین رووداوی فەلسەفی سەدەی نۆزدەهەم و تێکڕای مێژووی فەلسەفە دەناسرێت.

لەبیست ساڵی رابردوودا، چوار- پێنج جار ویستبووم کتێبی “زەردەشت”ی نیچە بخوێنمەوە، بەڵام تەنیا دوایین جار توانیم تا کۆتایی بیخوێنمەوە. چوون ئەم کتێبە، کتێبێکە بۆ هەمووان و هیچ کەس! دوو ساڵ پێش ئێستا دەستمکرد بەوەرگێڕانی، بەڵام خوێندنەوە لەکوێ و وەرگێڕان لەکوێ! کاتێ بەرهەمێک وەردەگێڕی، ئەگەر بەدڵ و گیان هەڵتبژاردبێ، دەبێ بە بەشێک لەگیان و ژیانت. ئێستا زەردەشتی نیچە بۆ من ئاوایە. رەنگە تا دوا هەناسەش لەگەڵما بێت.

بۆ وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە سێ سەرچاوەی ئاڵمانی، ئینگلیسی و فارسیم لە بەردەستا بووە. ئەڵبەت دەقی ئاڵمانیم کردۆتە بنەما. بەپێی ئەزموون، ئەگەر بەرهەمێک لەزمانی دووهەم و سێهەمەوە وەربگێردڕێ، زۆرێک لە وشەو ماناکان دەشێوێن و دەگۆڕێن. دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە لەئەزموونی وەرگێڕی زانای ئێرانی، داریوش ئاشوری، زۆر سوودم وەرگرتووە. هەروەها بەشێک لە هەڵەکانی ئەویشم راستکردۆتەوە. جگە لەمەش، لەو شوێنانە کە دەقی ئۆرژیناڵ دژوار بووە و دەقی فارسیش ناڕۆشن، هانام بۆ دوو دەقی ئینگلیسی “توماس کامۆن” و “ڤاڵتێر کاوفمەن” بردووە. بەتایبەت دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە کاوفمەن پسپۆڕی “نیچەناسی”یە. هەر ئەویش بوو کەگزنگی بیرو فەلسەفەی نیچەی لەژێر تەمومژی ئیدیۆلۆژیک دەرهێنا.

خوێنەری وشیار ئەگەر پەراوێزەکان و فەرهەنگۆکی کۆتایی ئەم کتێبە ببینێ، کەم تا زۆر لەگەل مێتۆدو مکانیزمی ئەم وەرگێڕانە ئاشنا دەبێ. لەهەندێ بابەتدا کە زۆر ئاڵۆز بووە و تەنانەت وەرگێڕی ئینگلیسی، “ت. کامۆن”یش، بەهەڵەدا چووە، لەمامۆستای زمانی ئاڵمانیم پرسیوەو کێشەکەم بەمجۆرە چارەسەر کردووە. چوون زمانی ئەڵمانی، زمانێکی زەنگین و گرانە و بۆ ئەوەی بە باشی فێری ببی، یان دەبێ زمانی دایکیت بێ، یان “گێرمانێستیک”ت خوێندبێ.

بۆ ئەوەی وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە پوخت و پاراو بێ، رەنگە زیاتر لە (10) جار ئێدیتم کردووە. جارێکیش هەر سێ دەقی کوردی و فارسی و ئەڵمانیم، رستە بەڕستە و، لەهەندێ بابەتدا، وشە بەوشە بەراورد کردووە، سەرەڕای ئەمەش، ئەگەر تەمەن مەودا بدات دیسانیش ئێدیتی دەکەمەوە.

وەرگێڕانی شاکارێکی فەلسەفی وەکو “زەردەشت”ی نیچە کارێکی هەروا سووک و ئاسان نییە، بەوتەی ڤۆلکێر شتین بلۆک، زمانی نیچە زمانێکی هۆنەرانە، هارمۆنیک و پێغەمبەرانەیە لە سەردەمی مارتین لووتێر (1500-ز) بەملاوە، تائێستا کەس نەیتوانیوە وەکو نیچە لەزمانی ئەڵمانیدا بەترۆپک بگات.” کەوایە، ئاخۆ زمانی کوردی دەرفەت و توانای وەرگرتنی ئەم بەرهەمەی هەیە؟ ئەمن بەپێی توانا هەوڵمداوە ئەم کارە بەئەنجام بگەیەنم و بەزمانێکی رەوان، بەهێزو هارمۆنیک ئەم بەرهەمە لەکوردیدا دابڕێژمەوە. بۆ ئەم مەبەستەش جگە لەوەی کەوشەو دەربڕینی هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی، یانی سۆرانی، گۆرانی، کرمانجی، کەلهوڕی، هەورامی و زازاییم بەکارهێناوە، تەنانەت لەهەندێ بابەتدا بەناچار هانام بۆ زمانی مادی ئاڤێستاییش بردووە. یان لەهەندێ شوێندا بە لەبەرچاوگرتنی فۆرم و مکانیزمی زمانی کوردی، وشەی تازەم داهێناوە. شێوازو چۆنیەتی ئەم کارەشم لە فەرهەنگۆکی کۆتاییدا باس و راڤە کردووە. تاخوێنەری خاوەن زەوق چۆنی ببینێ

ئەو ناوەش کە سەرئەنجام بۆ کتێبەکە دامنا: “ئاوا ئاخافت زەردەشت”، لە “وەهای گوت زەردەشت” و “وای وت زەردەشت” زۆر بەهێزترو بەشکۆترە.

خوێنەر بۆ ئەوەی باشتر لەم بەرهەمە مەزنە تێبگات، باشتر وایە کە لەپێش دا فەرهەنگی وشەکان لەکۆتایی کتێبەکەدا ببینێ. هەروەها دەبێ ئەوەش بێژم کە بۆ رێکخستنی پەراوێزەکان، کە بۆ فامکردنی ئەم کتێبە زۆر پێویستن، هەم لەکاری بەنرخی ئاشوری و هەم لەسەرچاوەکانی تری زمانی ئاڵمانی و ئینگلیی سوودم وەرگرتووە.

بۆ ناساندنی ئاستی گرنگیی فەلسەفی، ئەدەبی و هونەری ئەم بەرهەمە، وتەکانی خودی نیچەم سەبارەت بەم کتێبە لە بەرهەمی “ئێکۆ هێمۆ” وەرگێڕاوە و لەسەرەتادا هێناومە.

پێشتر ئەم کتێبە دوو – سێ جار بەکوردی تەرجمە کراوە، بەڵام دەتوانم بە دڵنیاییەوە بێژم کەوەرگێڕەکان تەنانەت نەیانتوانیوە پەیام و ماناش بەباشی وەربگێڕن. چونکە زمانی کوردیش بەباشی نازانن، تا چ بگات بەزمانی ئەڵمانی؛ هیچیان سەرنجیان بە فۆرمی زمان نەداوە، تا چ بگات بەلایەنی جوانیناسی و دەروونناسی!

لەکۆتاییدا دبێژم: لەم سەردەمەدا کە ژیان و گیانی زۆرینەی مرۆڤ داڕزیوەو دەروونی رەش داگەڕاوە، خوێندنەوەی زەردەشتی نیچە دەتوانێ باشترین هەتوانی دەروونناسانە بێت. هیوادارم ئەم بەرهەمە بە باشی چاپ بکرێت و بەدەستی خوێنەرانی بگات.

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار