گوندێکی مه‌هاباد پەرتووکخانەیه‌کی کوردی بۆ خۆیان ده‌که‌نه‌وه

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

دانیشتووانی گوندی «گاگەشی»ی خواروو له مههاباد بەشێوەی خۆڕسک و هەروەها بەهاوکاریی چەند ئەنجومەن و فێرگەی زمانی کوردی، کتێبخانەیەکی کتێبی کوردییان کردەوە.

رۆژی هەینی رابردوو  لەگوندی گاگەشی خواروو سەر بە مەهاباد، لەلایەن دانیشتووانی ئەو گوندەوە، بەشێوەی خۆڕسکانەو هەروەها بەبەشداریی چەند ئەنجومەن و فێرگەی کوردی، پەرتووکخانەیەکی کوردی کرایەوە.

لەبەشێکی ئەو رێوڕەسمەدا، «سووسەن حەسەنزادە»، زمانناس و مامۆستای زمانی کوردی، بەنوێنەرایەتیی فێرگەی کوردیی مامۆستا زیرەک، لەسەر چۆنیەتیی پەرەپێدانی خوێندنەوەی کتێب بەوردی دواو بە خوێندنەوەی شیعری بەندیخانەی مامۆستا قانع کۆتایی بەوتارە هەست بزوێنەکەی هێنا.

«ئامانج محەممەدزادە»، بەرپرسی پەرتووکخانەی گاگەشی باوەمەر، بەشیکردنەوەی بارودۆخی دانانی پەرتووکخانەکە، زانیاریی پێویستی دایە دانیشتووان و «ئازاد ئەمینی» بەنوێنەرایەتیی ئەنجومەنی هیوای زانست و «ئەنوەر ئیسماعیلپوور» وەک نوێنەری پەرتووکخانەی رووناکیی موکریانی شاری گوێگتەپە، وتاری خۆیان سەبارەت بەگرنگیی بوونی پەرتووکخانە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

هەروەها گرووپی شانۆی گاگەشی باوەمەر بەسەرپەرشتیی «بایەزید جەهانیفەڕ» کە بەیتی سەرەمەڕی مامۆستا هەژاری بە شانۆ ئامادە کردبوو، خستە نێو ئارشیڤی بەڵگەفیلمەکانی خۆی و «مەولوود محەممەدی» بەخوێندنەوەی شیعرێک سەبارەت بەگاگەش رازێنەرەوەی ئەو رێوڕەسمە بوو.

لەکۆتاییدا «سابیر ژاکاو»، زمانناس و لێکۆڵەری فەلسەفە، لەسەر پەیوەندیی نێوان زمان و پەرتووکخانە بەوردی و بەشێوەی فەلسەفییانە دوا.

 پاش رێوڕەسمەکە، سەرجەم بەشداربووانی کۆڕەکە بۆ کردنەوەی پەرتووکخانەی گاگەشی باوەمەرو پێشکەشکردنی پەرتووکگەلی بەنرخ لەلایەن ئەنجومەنی هیوای زانست، ئەنجومەنی ئیزەرتوو و فێرگەی کوردیی مامۆستا زیرەک، جوانی و دڵاوایی زیاتریان بەکۆمەڵگا بەخشی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار