دادگایکردنی سەرۆکی زلهێزترین ووڵاتی دونیا!!!

4 ساڵ لەمەوپێش



کاروخ خۆشناو

ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو (۲۰۲۰/۱/۲۱) دادگایکردنی تڕەمپ لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەست پێدەکات، دوو تۆمەت ڕووبەڕووی تڕامپ دەکرێنەوە: یەکەم: خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. دووەم: تەگەرە خستنە بەردەم پڕۆسەی لێکۆڵینەوە. بە گوێرەی (مادەی دووەم، فەقەڕەی چوارەمی دەستوری ئەمریکا) ئەگەر هەر یەکێک لەم دوو تۆمەتەی سەرەوە بەسەر تڕامپدا ساغ ببنەوە، ئەوا لە کورسیەکەی دوور دەخرێتەوە.

ئەگەرچی پرسی لێکۆڵینەوە لە تڕەمپ پرسێکی دەستووریە، بەڵام دیموکراتەکان ئەم پرسەیان بە سیاسی کردووە، لەم ڕێگەیەوە لەلایەک دەیانەوێت چانسی دەرچوونەوەی تڕەمپ بۆ خولی دووەم کەم بکەنەوە، لەلایەکی تر دەیانەوێت (تڕەمپی لاسار) تەمبێ بکەن. لە بەرامبەردا تڕەمپ ئەم پرسە وەک ڕیکلام بۆ خۆی بەکاردەهێنێت تاکو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی (۱۱) کورسیەکەی کۆشکی سپی بۆ خۆی مسۆگەر بکاتەوە.

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە (۱۰۰) ئەندام پێکهاتووە: دیموکراتەکان (٤٥) ئەندام، کۆماریەکان (٥۳) ئەندام، بێلایەن (۲) ئەندام، دیموکراتەکان بۆ دوورخستنەوەی تڕەمپ پێویستیان بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران هەیە واتە (٦۷) دەنگ لە (۱۰۰)دەنگ، ئەمەش ئەستەمە، بۆیە ناتوانن تڕەمپ لە کورسیەکەی دوور بخەنەوە.

پڕۆسەی دادگایکردنی سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە، گرنگی سیستەمی سیاسی ئەمریکا پیشان دەدات، کە بە گوێرەی مادەکانی (۱ و ۲ و ۳)ی دەستوری ئەمەریکا هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئەمریکا لە یەکتر جیاکراونەتەوە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) هەروەها دەستوری ئەمریکا هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی فەراهەمکردووە لە ڕێگای چاودێریکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە بەسەر یەکترەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار