فه‌لسه‌فه‌ى هیگڵ بۆ تێَگه‌یشتن سه‌خت و گرانه‌، ده‌بێت شه‌وتخونى له‌گه‌ڵدا بکێشیت

دەربارەی هیگڵ‌و فینۆمینۆلۆژی هۆش، گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەگەڵ د.محەمەد کەمال

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شوان ئەحمەد

بەشی دووەم

(د.محەمەد کەمال)، نوسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەوەدەکات کەفەلسەفەی هیگڵ دەوڵەمەندەو راڤەو خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە.

هەروەها باسی کۆڕەکەی خۆی دەکات کە لەسەر هیگڵ سازی کردوە، کەتێیدا هەوڵیداوە ناوەڕۆکی (فینۆمینۆلۆژی هۆش)، بەخوێنەری کورد بناسێنێت.

د.محەمەد کەمال دەڵێت «فەلسەفەی هیگڵ بۆ تێگەیشتن سەخت و گرانە، چونکە تۆ دەبێت بەئارامییەوە بەرهەمەکانی بخوێنیتەوەو شەونخونی لەگەڵدا بکێشی و پشوودرێژ بیت بۆ تێگەیشتن لێی».

‌: ئاشکرایە ئێمە لەبەردەم نەک هیگڵێک، بەڵکو چەند هیگڵێکداین... هیگڵی کیرکیگارد، هیگڵی مارکس، هیگڵی هایدیگەر، هیگڵی سارتەرو پۆست مۆدێرنەکان و.......هتد. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە، ئەو هیگڵەی تۆ دەتەوێت بیناسێنیت و بەخوێنەری کوردی ئاشنا بکەیت کامە هیگڵە؟

د.محەمەد کەمال: ئەڵبەت پرسیارەکەی تۆ ئەوە رووندەکاتەوە کەفەلسەفەی هیگڵ فەلسەفەیەکی دەوڵەمەندە، هەربۆیە راڤەو خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە. من لەو کۆڕەدا کەلێرە لەسەر هیگڵ سازم کردبوو، هەوڵمداوە فینۆمینۆلۆژیانە هیگڵ یاخود ناوەڕۆکی (فینۆمینۆلۆژی هۆش)، بەخوێنەری کورد بناسێنم. لەبەرئەوە لەو کۆڕانەدا بۆچوونی خۆم لەسەر کێشەکانی ئەو باس ناکەم، یان بەراوردی ناکەم لەگەڵ بۆچوونی فەیلەسوفەکانی تردا. ئەویش بۆ ئەوەی خوێنەر لەپێشدا بۆچونەکەی هیگڵ بەتەواوی تێبگات، ئەوسا دەتوانێت بۆچونەکانی دیکەش بناسێت و پێداچونەوەیان بۆ بکات یاخود خۆی بەراوردیان بکات. لەبەرئەوە من دەمەوێت هیگڵ وەکوخۆی چۆن هەیە، بەوشێوەیە بەخوێنەری کوردی بناسێنم.

‌: ئەوەی جێی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە هیگڵ (لەفینۆمینۆلۆژی هۆش)دا، دوو پێشەکی نووسیوە.... هۆکاری ئەمە چییەو بۆچی وایە؟

د.محەمەد کەمال: راستیەکەی هیگڵ بۆخۆی کێشەی زۆری هەبووە لەگەڵ ئەم کتێبەداو لەنووسینی دواکەوتووە. تەنانەت دەزگای چاپەمەنییەکە هەڕەشەیان لێکردووە، پێیان وتوە:(کتێبەکەت بۆ چاپ ناکەین و پارەکەشمان دەوێتەوە). ئەو پارەیەی پێشوەختە بۆ نووسینی کتێبەکە داویانەتێ. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کەتۆ دێیت کتێبێکی فەلسەفی جددی و قوڵ دەنووسیت، لەنێویدا باسی کێشەیک یان چەند کێشەیەک ناکەیت، بەڵکو باسی هەموو جیهان دەکەیت کەچۆن مێژووی مرۆڤایەتی لەسەرەتاوە دیالەکتیکیانە دەگۆڕێت. ئەو گۆڕانە لەگەڵ راڤەکردنەکەی خۆتدا دەگونجێنیت. واتە گۆڕانەکەت دەکەیت بەبەشێک لەڕاڤەکردنەکەی خۆت .

ئەڵبەتە ئەمەش کارێکی زۆر ئاسان نییەو کارێکی سەختە. سەروەختێک هیگڵ کتێبەکەی تەواو کردووە، بەدوا قۆناغی گەشەکردنی بیرکردنەوەی مرۆڤ دەگات و بیرکردنەوەی فەلسەفی بەدوا قۆناغ دادەنێت و دەپرسێت:(ئایا مەبەست لەدوا قۆناغ و بیرکردنەوەی فەلسەفی چییە؟).

مەبەست ئەوەیە کەئاگایی جارێکی تر خۆی لەنامۆبوون رزگار دەکات و لەگەڵ بابەتەکەیدا یەکدەگرێتەوە. کەیەکیشی گرتەوە، ئەوسا بەتەواوی بابەتەکە دەناسێت. ناسینی تەواو پڕی بابەتەکە لەوێدا دروست دەبێت. لەبەرئەوە جارێکی دیکە هاتووەو پێشەیەکەی نووسیوەتەوە. مەبەستی هیگڵیش لەم راڤەکردنە فەلسەفیە بۆ جیهان و جیهان گۆڕین و مێژووی جیهان ئەوەیە، فەلسەفە بکات بەزانستێکی رەها.

بۆیە هەندێ جار گەر هەموو کتێبەکە نەخوێنیتەوەو بەکۆتاییەکەی نەگەیت، نازانیت مەبەستی هیگڵ لەزانستی رەها چییە، چونکە زانستی رەها لەزانستەکانی دیکە جیادەبێتەوە. بۆ نمونە زانستی فیزیا، مامەڵە لەگەڵ جوڵەی تەنە مادییەکاندا دەکات. ئەمەش بوارێکی تایبەت و سنوردارە لەتوێژینەوەدا، وەلێ هیگڵ دەڵێت:(زانستی رەها دەیەوێت بابەتەکەی بەتەواوی بناسێت و هەست بکات کەخۆی بابەتەکەیەو بابەتەکەش خۆیەتی).

لێرەدا هیچ شتێک یان لایەنێکی شاراوە سەبارەت بەبابەتەکە نابینێت. کەواتە ئەو زانینەی ئاگایی هەیەتی(ئاگامەندی هەیەتی لەبابەتەکە)، زانینێکی رەهایە. زانینی رەهاش، زانستی رەها دروست دەکات. کەواتە فەلسەفە زانستێکی رەهایە. لێرەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی و لەکۆتاییشەوە جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا.

‌: وەک هەقیقەتێکی بەڵگەنەویست هەر کەباسی پرۆژەی مۆدێرنە دێتەگۆڕێ، رێک و راست ئەوە دەدرێت بەگوێماندا کەئەو پرۆسەیە بەدیکارت و کۆژیتۆی دیکارتی دەستپێدەکات لەسەدەی حەڤدەهەمدا. کەچی یۆرگن هابرماس لەکتێبەکەیدا(گوتاری فەلسەفی مۆدێرنە) شتێکی دیکە دەڵێت و باس لەوەدەکات کەمۆدێرنە نەک بەدیکارت، بەڵکو بەهیگل وفەلسەفەکەی ئەو دەست پێدەکات. ئەمە هەوڵێکی هابرماس نییە، بۆ بەخشینی سەنگ و قورساییەکی زیاتر بەهیگڵ و فەلسەفەکەی؟

د.محەمەد کەمال: رەنگە بۆ ئەو بابەتە، هابرماس خوێندنەوەو راڤەکردنی خۆی هەبێت. بەڵام نابێت ئەوەمان لەیادبچێت کە دیکارت بۆ مۆدێرنە زۆر گرنگە، چونکە کۆژیتۆکەی شتێکی هەروا هاکەزایی و ئاسان نیە بڵێیت:(من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم). ئەمە لەئاکامی ئەو بیرکردنەوە فەلسەفیە دروست بووە کەدەسەڵاتی زانینی بۆ ئەقڵی مرۆڤ گەڕاندەوە.

وەکو دەزانین لەسەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەقڵی مرۆڤ نەبووە بەسەرچاوەی زانین و سەرچاوەی زانین لەشوێن و جێیەکی دیکە بووە، بەڵام دیکارت هاتووە گەڕاوەتەوە بۆ ئەقڵی مرۆڤ. لەئەقڵی مرۆڤیشدا تەنها نەگەڕاوەتەوە بۆ هەستکردن، بەڵکو گەڕاوەتەوە، بۆ لایەنی ئەقڵانی بیرکردنەوەی مرۆڤ. ئەمەش بۆخۆی گۆڕانکارییەکی گەورەیە. ئەڵبەتە هەر کۆژیتۆکەی گرنگ نییەو دیکارت کتێبێکی دیکەشی هەیە بەناوی (باسی میتۆد) و لێکۆڵینەوە دەربارەی میتۆد دەکات و زۆر لەمێژوونووسان دەڵێن:(ئەم کێبەی دیکارت بووە بەبنەمای تازەگەری)، چونکە میتۆدێکی باسکردووە کە بەتەواوەتی فەلسەفەی نوێ و زانستەکان، سوودیان لێوەرگرتووە. هەروەها بیرکردنەوەی بەتەواوی گۆڕیوە. دوای دیکارتیش بێگومان بیرمەندانی دیکە هەن، رۆلیان هەبووە لەزەمینەخۆشکردن بۆ سەردەمی مۆدێرن و لەدواجاریشدا، هیگڵ رۆڵێکی زۆر سەرەکی هەبووە، وەک ئەوەی هابرماس باسی دەکات..

‌: پرسیارێکی تر سەبارەت بە (فینۆمینۆلۆژی هۆش)، بۆچی هیگڵ وەک فەیلەسوفێکی سیستماتیک و بەبەرنامە، لەناونانی ئەو کتێبەیدا دوودڵ و راڕا بووەو لەدیاریکردنی تایتڵ و ناونیشانەکەیدا، گۆڕانکاری کردووە؟

د.محەمەد کەمال: زیاتر کتێبەکە لەسەر فینۆمینۆلۆژی ئاگامەندی، یاخوود ئەزمونی ئاگایی بووە. تیایدا باسی ئەوەدەکات کەئەم کتێبە بەشی یەکەمی سیستمە فەلسەفیەکەیەتی، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی بەو راستییە گەیشت کەئەمە بەشی یەکەمی سیستمەکەی نییە، لەڕاستیدا بەشی یەکەمی سیستمەکەی لۆژیکە. هەربۆیە لەچاپی دووەمدا، بەشی یەکەمی لابردو نەینووسی بەشی یەکەم و هەر نووسی(فینۆمینۆلۆژی ئاگامەندیی) و دواتر کردی بە (فینۆمینۆلۆژی هۆش).

ئەمە بۆچی؟

لەبەرئەوەی هیگڵ سیستمەکەی واداناوە، لۆژیک بەشی یەکەمە کەکاتیگۆرییەکان لەیەکتری لەڕێی دیالێکتەوە دەردەهێنێت و کاتێک ئەو سیستەمی لۆژیکە تەواودەبێت، سیستەمی بیرکردنەوەی پەتییە، پاشان دێتە سەر سروشت کەبەشی دووەمی سیستەمەکەیەتی. سروشت چۆن پەیدابووەو چۆن چۆنی سروشتیش دیالێکتیانە دەگۆڕێت.

ئەڵبەتە لەمڕۆدا ئەو بەشەی فەلسەفەی هیگڵ زۆر زۆر گرنگ نییەو دواجار دێتەسەر ئەو کێشانەی لە (فینۆمینۆلۆژی هۆش) و (فینۆمینۆلۆژی ماف)دا باسی کردوون. ئەوەش دەبێتە بەشی سێیەمی سیستەمە فەلسەفیەکەی. کەواتە(فینۆمینۆلۆژی هۆش) بەشی سێیەمی سیستەمە فەلسەفیەکەیەتی نەک بەشی یەکەمی. بۆیە ناونیشانەکانی گۆڕیوە.

‌: دەتوانین بڵێن ئەوەی فەلسەفەی هیگڵی قورس و ئاڵۆز کردووە، ئەوەیە کەبیرکردنەوەی ئەو تایبەتە بەسوبێکت و ئوبێکت و پێکەوە قسەیان لەسەر دەکات، نەک سوبێکت یان ئوبێکت بەتەنها؟

د.محەمەد کەمال: بەبۆچونی من مەسەلەی قورسی و ئاڵۆزی بیرکردنەوەی هیگڵ هەرئەوە نییە.. بەگشتی ئەو لەهەوڵی ئەوەدا بووە، فەلسەفە بکات بەجیهانبینی و ویستویەتی هەموو شتێک لەناو سیستەمە فەلسەفیەکەیدا جێ بکاتەوە کەئەمەش بۆخۆی کارێکی گران و زەحمەتە. وەکو خۆشی باسی دەکات، توانیویەتی ئەو کارە بکات. بۆیە سەروەختێک فەلسەفەی هیگڵ دەخوێنیتەوە، لەگەڵ سیستەمێکدا ڕوبەڕوو دەبیتەوە کەهەموو شتێکی ڕاڤە کردووەو باسی هەموو شتێکی کردووە.

لەدووەم بەشی کۆڕەکەمدا دەربارەی (فینۆمینۆلۆژی هۆش)، هەرچەندە دەبێت بلێم من غەدرم لەهیگڵ کرد، چونکە لەماوەی کاتژمێرێکدا باسم لەناوەرۆکی ئەو بەرهەمە کردووە، ئەوەش بۆخۆی جۆرە ناهەقیەکە دەرهەق بەهیگڵ. بەڵام ئەو هاتووە هەموو مێژووی بیرکردنەوەی، لەسەرەتاوە تاکو کۆتایی باس کردووە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئەرکێکی زۆر سەختەو کارێکی ئاسان نییە. هەربۆیە فەلسەفەی هیگڵ بۆتێگەیشتن سەخت و گرانە، چونکە تۆدەبێت بەئارامیەوە بەرهەمەکانی بخوێنیتەوەو شەونخونی لەگەڵدا بکێشی و پشودرێژ بیت بۆ تێگەیشتن لەو.

‌: ئەڵبەتە هیگڵ لەنێو سیستەمە فەلسەفیەکەیدا، باس لەهەموو شتێک دەکات:(ئایین، فیزیک، مێتافیزیک، لۆژیک، مۆراڵ، سیایەت، دەوڵەت، کۆمەڵگە.......هتد). بەڕای ئێوە شتێک ماوە ئەو لەنێو سیستمە فەلسەفیە گشتگیرەکەیدا باسی نەکردبێت؟

د.محەمەد کەمال: بێگومان زۆر شتی دیکە هەیە کەباسی نەکردووە. ئێمە دەتوانین گەر ئەو کێشە فەلسەفیانە لەم چەمکانە پێکهاتبێت کەئێستا بەڕێزتان ناوتان هێنان، کەواتە هیگڵ باسی هەموو شتێکی کردووە، بەڵام هێشتا زۆر شت هەن کەباسیان نەکراوەو فەیلەسوفانی دوای ئەو هاتوون باسیان کردووە.

بۆ نموونە یەکێک لەو بابەتانە(کێشەی شوناسە)و هیگڵ باسی نەکردووە. وەک ئەوەی شوناسی تاکەکەس چۆن دروست دەبێت؟ یان کێشەی سەربەستی بەوجۆرەی هیگڵ باسی دەکات رەنگە تۆ لەگەڵی نەبیت، چونکە گەر ئێمە هەموومان، هەموو تاکەکانی کۆمەڵ بەشێک بن لەو سیستمە گشتگیر و جیهانیەی ئەو باسی دەکات، لەوێدا کێشەی سەربەستی تاک دێتەئارا. کەئەو بیری لەو کێشەیە نەکردۆتەوە. لەوبڕوایەدا بووە تاکەکان لەنێو کۆمەڵدا، سەربەستن و لەنێو سیستمەکەشدا هەر سەربەست دەبن. ئەمەش مانای وایە بۆچونی جیاوازی بۆ سەربەستی هەبووە. بۆیە دەتوانین بڵێین زۆر کێشە هەیە کەئەو لەفەلسەفەکەیدا باسی نەکردوەو دوای خۆی فەیلەسوفانی دیکە وەک:(مارکسیستەکان و بوونگەراکان) هاتوون و جۆرێکی تر لەبیرکردنەوەی فەلسەفییان هێناوەتە ئاراوە. گەر فەلسەفەی هیگڵ پڕو تەواو بوایەو هەموو شتێکی لەخۆی بگرتایە، پێویستی نەدەکرد لەوەزیاتر بیربکەینەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار