ئه‌سه‌د نزیکده‌بێته‌وه‌ له‌ دواین قه‌ڵاى ئه‌ردۆغان له‌سوریا

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

بەپشتیوانی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا، رژێمی سوریاو هێزە هاوپەیمانەکانی نزیکدەبنەوە لەدوایین قهڵای ئۆپۆزسیۆنی چەکدار. جوڵەیهکی هێزەکانی سوریا بهردهوامه بەرەو ئیدلیب ناوچەی ژێردەستی بریکارەکانی تورکیا گەمارۆدەدات و دەیکاته ناوچەیەکی تەواو بچوککراوە.

تورکیا قەیرانی مرۆیی قۆستۆتەوە تاوەکو فشارەکانی بۆ راگرتنی شەڕ زیاتربکات. ھەر لەم چوارچیوەیەدا تورکیا و (27) ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانیی خۆیان پیشاندا دەربارەی قەیرانێکی مرۆیی نوێ لەسوریا.

سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیەنی (21ی شوبات) داوای «کرداری کۆنکرێتی» کرد بۆ رێگریکردن لەقەیرانێک لەدواهەمین ناوچەی ژێردەسەڵاتی بریکارەکانی، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و ئەڵمانییەکانیدا.

قەیرانێکی مرۆیی لەپارێزگای ئیدلیبی باکوری خۆرئاوا سەریهەڵداوە، لەکاتێکدا رژێمی سوریا، بەپشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا، پێشڕەویدەکات بەهێرشێک کە بووەهۆی ئەوەی نزیک یەک ملیۆن مەدەنی ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

سەرۆکایەتییەکە رایگەیاند کە لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لهگهڵ راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێڵ ماکرۆن، ئەردۆغان «جەختیکرد لەپێویستیی وەستاندنی پەلامارەکەی رژێم و لایەنگرەکانی لەئیدلیب».

ئەردۆغان جەختیشیکرد لەسەر پێویستی دابینکردنی «پشتیوانییەکی بەهێز لەڕێی کرداری کۆنکرێتییهوه بۆ رێگیرکردن لەقەیرانێکی مرۆیی».

مێرکڵ و ماکرۆن پێنجشەممە قسەیان لەگەڵ سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین کردو داوای وەستاندنی شەڕەکەیان کردو چاوەڕێی کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵین، بهبهشداریی ئەردۆغان.

لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتین، مێرکڵ و ماکرۆن نیگەرانیی خۆشیان دەربارەی «قەیرانێکی دارایی» راگەیاند.

(27) سەرکردەکەی یەکێتی ئەوروپا هەینی سەرکۆنەی هێرشەکانی رژێمی سوریایان کرد بۆسەر شاری ئیدلیب و هۆشداریشیاندا لە روودانی قەیرانێکی مرۆیی.

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، کەنوێنهرایهتی (27) وڵاتی ئەندام دهکات، رایگەیاند: «پەلامارە سەربازییە نوێکه لەئیدلیب لەلایەن رژێمی سوریاو لایەنگرەکانییهوه، کەبوونەتە هۆی هێنانە ئارای چەندین قەیرانی مرۆیی، ناتوانرێت پهسهندبکرێت.»

ئەنجومەنەکە راشیگەیاند «یەکێتی ئەوروپا داوای لەهەموو لایەنەکانی بارگرژییەکان کرد رێزی تەواوەتی بەرپرسیارێتیەکانیان بگرن لەژێر یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤداو بەبێ بەربەست دروستکردن رێبدهن بههاوکاری مرۆیی بگاتە دەستی هەموو ئەوانەی پێویستییان بەیارمەتییە.»

رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کهشەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی تورکیاو هاوپەیمانە سورییەکانیاندا لەدژی هێزەکانی رژێم بووەهۆی کوشتنی (27) چەکدار لەپێنجشەممەدا.

رێکخراوەکە رایگەیاند کە (11) چەکداری لایەنگری رژێم و (14) چەکداری ئۆپۆزسیۆن کوژران، لەگەڵ دوو سەربازی تورکیشدا.

تورکیا (16) سهربازی لەئیدلیب لەم مانگەدا لەشەڕو پێکدادانەکاندا لەگەڵ هێزەکانی رژێم لەدەستداوە، هەروەها بنکەکانی پتەوترکردووە لەکاتێکدا داوای کشانەوەی رژێم دەکات.

تورکیا پێنجشەممە رایگەیاند کە نەیویستووە «هیچ رووبهڕووبوونهوهیهک» لەگەڵ روسیادا رووبدات.

هاوکات روسیا هۆشداریدایە تورکیا بۆ راوەستاندنی پڕچەککردنی «تیرۆریستان»، گوایە فڕۆکەکانی روسیا ئەو گروپانەی لەههرێمی ئیدلیب کردۆتە ئامانج کە ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات.

ئەنقەرە لێدوانەکانی مۆسکۆ رەتدەکاتەوە کەگوایا تورکیا پشتیوانی گروپە تیرۆریستەکانی ناوچەکە دەکات.

وەزیری بەرگری تورکیا، خولوسی ئاکار بە سی ئێن ئینی تورکی وت: «ئێمە هیچ ویستێکمان نییە بۆ رووبهڕووبوونهوه لەگەڵ روسیادا»و وتیشی گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی روسیا بەردەوامن.

ئاکار وتی یەکێک لەکێشەکان کەگفتوگۆی لەسەردەکرێت بریتییە لەئاسمانی ئیدلیب و چاوەڕوانییەکانی تورکیا لە روسیا بۆ ئەوەی دەستوەردان نەکات.

هیچ رێکەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان روسیاو تورکیادا نییە دوای دوو گەڕی گفتوگۆ لەنێوان دوو وەفدی جیاوازدا لەئەنقەرەو مۆسکۆ لەدەستپێکی ئەم مانگەدا.

ئەنقەرە پێداگری دەکات کەدەیەوێت رێگری لەقەیرانێکی مرۆیی بکات، هەروەها دەشیەوێت رێگری لەلێشاوی ئاوارەکان بۆ نێو تورکیا بکات، کە لەئێستادا نزیکەی (3.6) ملیۆن سوری لهخۆگرتووه.

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند کەپێنجشەممە تۆڵەی لەهێزەکانی رژێم کردۆتەوە، بە «کوشتنی (50) چەکداری رژێم و تێکشکاندنی پێنج تانک، دوو زرێپۆشی سەربازان، دوو پیکابی زرێپۆش و تۆپێکی هاوتزهر».

بەگوێرەی رێکخراوی روانگەی سوری، چەند شەڕو پێکدادانێک لەنێوان هێزەکانی رژێم و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیاوە روویاندا لە نەیرهب، کەدەکەوێتە نێوان شاری ئیدلیب و شارۆچکەی سەراقیبهوه.

میلیشیاکانی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیاوە لەئیدلیب، بەپشتیوانی هێزەکانی تورکیا، دەستیانگرت بەسەر باشوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی نەیرهبدا له ئیدلیب دوای ئەوەی فشاریان لەسەر هێزەکانی رژێمی سوریا دروستکرد بۆئەوەی بکشێنەوە.

چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی وتی «هێزەکانی تورکیا بهتۆپباران و هێرشی فڕۆکەکانی روسیا کرانە ئامانج و ئەوەش بووەهۆی کوشتنی دوو سەربازو برینداربوونی پێنجی دیکە».

رووداوەکە دوای هێرشێک هات کە لالەیەن گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەحریر ئەلشامهوه بۆسەر نەیرەب ئەنجامدرا.

ھەروەھا وتی «هێزەکانی تورکیا پشتیوانی موشەکیی تووندو چەند ئۆتۆمبیلێکی پێشکەوتووی سەربازی دابینکردووە بەئاڕاستەی ناوچەکانی شەڕ وەک هەوڵێک بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانەی رژێم لەچەند رۆژی رابردوودا کۆنتڕۆڵی کردوون.

شارۆچکەی نەیرهب هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی هەیە، لەکاتێکدا دەکەوێتە سەر رێڕەوێکی ستراتیژی بەرەو شاری ئیدلیب، کهقهڵای سەرەکیی تەحریر ئەلشام و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەیه.

ھەیسەم زیاتر وتی «رژێم لەنەیرهب کشایهوهو هێزەکانی دیکە چوونە نێو شارۆچکەکەوهو ناوچەکانی باشووریان کۆنتڕڵکردو ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی راماڵین ئەنجامدەدەن.»

وتیشی «شەڕو پێکدادانی تووندو تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوامن و چەندین شارۆچکەو گوند لەئیدلیب لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی روسیاوه دەکرێنە ئامانج».

لەنێو بریندارەکانی شەڕە بەردەوامەکاندا دوو چالاکوانی میدیایی هەبوون، ئیبراهیم دەروێش و ئەحمەد رەحاڵ، کەپارچەی ئه‌و موشەکانه‌یان بەرکەوت کە لەلایەن فڕۆکەکانی روسیاوە هاوێژرابوون لەکاتی رووماڵی شەڕو پێکدادانەکاندا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار