قاسم سولەیمانی پلانی مەحمود سەنگاوی بەدڵ نەبووە بۆ گرتنەوەی جەلەولا

مەحمود سەنگاوی: تا کۆتایی لەگەڵ ئێران دەمێنینەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

مەحمود سەنگاوی ئەندامی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و فەرماندەی میحوەری گەرمیانی ھێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەکاتی شەڕی داعشدا بیرەوەریەکانی خۆی لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بەپاسدارانی ئێران دەگێڕێتەوە.

مەحمود سەنگاوی باس لەوە دەکات کە لەڕابردوودا (سەردەمی شاخ) ماوەیەک لەدژی هێزەکانی ئێرانی تێهەڵچووە، بەڵام دواتر هاوڕێیەتی و پەیوەندی نزیکایەتی لەگەڵ ئێران بووەو داکۆکی دەکات لەو هاوڕێیەتییەی تاکۆتایی.

سەنگاوی لەوتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیم کەئاژانسێکی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانە، دەڵێت « خۆزگە قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشمەرگە بوایە».

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: پێشینەی پەیوەندی ئێوە لەگەڵ هێزەکانی ئێرانی لەکوێوە دەستپێدەکات و لەکەیەوە پێکەوە هاوکاریتان هەیە؟

مەحمود سەنگاوی: من لەقۆناغێکدا تەنانەت دژی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران شەڕم کردووەو جێ برینی گولەی ئێرانییەکان هێشتاش بەڕوومەتمەوە دیارە. بەڵام دواتر پێکەوە ئاشتەوایمان کردو ئێستا ماوەیەکی دوورودرێژە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی دۆستانەمان هەیە. من لەئۆپەراسیۆنگەلێکی زۆر لەگەڵ هێزەکانی ئێرانیدا بەشدار بوومەو ئەوانەم لەکتێبی یادەوەرییەکانمدا باسکردووە.

ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان دۆستایەتیمان هەیەو لەسەر ئەو بڕوایەم هەر هێزێک بێتە ئەم ناوچەیە، رۆژێک لێی دەکشێتەوە. بەڵام ئێمە و ئێرانییەکان پێکەوە دەمێنینەوەو لێک دانابڕێین. ئەگەرچی ئێمە لەڕابردوودا کێشەگەلێکمان پێکەوە بوو، بەڵام ساڵانێکە هاوکاری زۆر دۆستانەمان پێکەوە هەیەو درێژە بەو رێگەیەش دەدەین.

مەحمود سەنگاوی"خۆزگه‌ قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌ بوایه‌"

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: لەقۆناغێکدا کە داعش هێرشی کردەسەر هەرێمی کوردستان، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆیان دەڵێن دەستی یارمەتییان بۆ وڵاتانی جۆراوجۆرو لەوان ئێران درێژ کردەوە. ئێران یەکەمین وڵاتێک بوو لەو کاتەدا یارمەتی هەرێمی داو سەرداری شەهید قاسم سولەیمانی-ش یەکەم کەسێک بوو خۆی گەیاندە هەرێم. ئەو داواکارییە بۆ لەئێران کراو یارمەتییەکانی ئێران چ کاریگەرییەکی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش دانا؟

مەحمود سەنگاوی: ئێرانییەکان هاوکارییەکی کارامەیان لەگەڵماندا بوو. هەڵبەت داعش مەترسی بوو بۆ هەمووان و ئێرانییەکان جگە لەئێمەو خۆیان، بەرگرییان لەشیعەکانی عێراقش کرد. فەرماندە سەربازییەکانی ئێران راوێژکاریان پێدەداین و رێنوێنگەلێکی باشیان دەکردین. هەڵبەت هەم ئێرانییەکان و هەم ئێمە لەو شەڕەدا هاوکاریمان لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکرد.

بەداخەوە هێزەکانی سوپای عێراق هەر لەسەرەتای هاتنی داعش شکستێکی قورسیان خواردو ئێمە وەک تاقە هێزی بەرگری لەبەرامبەر داعش ماینەوە. بەهێرشی (٢٠٠) داعشی بۆ سەر موسڵ، زۆربەی هێزە عێراقییەکان چەکیان داناو هەموو ئەو چەک و جیهازاتانە لەوانە تانک و تۆپخانە و دۆشکاو هتد... کەوتە دەستی تیرۆریستان و داعش هەموو ئەو چەکانەی لەدژی ئێمە بەکارهێنا. لەو دۆخەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هاوکاری ئێمەو عێراق خۆی گەیاندە مەسافەکە.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: بەبڕوای ئێوە وەک فەرماندەیەکی لێهاتوو، سەردار سولەیمانی چ تایبەتمەندیگەلێکی فەرماندەیی و سەربازیی بوو؟

مەحمود سەنگاوی: پێشتر لەدیمانەیەکدا وتبووم، خۆزگە سەردار سولەیمانی فەرماندەو پێشمەرگەی ئێمە کوردەکان دەبوو، چونکە تاقە شتێک لێم بینی لێهاتوویی و قارەمانی بوو. ئەو کەسێکی دڵسۆز بوو و بەباشی وڵاتی خۆی دەپاراست و گیانی لەڕێگەی وڵاتەکەیدا بەخت کرد.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: ئێوە چەندە لەنزیکەوە ئەوتان دەناسی؟

مەحمود سەنگاوی: کاتێک خەریکی ئامادەکاری بۆ هێرش کردنەسەر جەلەولا (گوڵاڵە) بووین، پێیان وتم کەئایا دەتوانم لەسێ رۆژدا ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکەمەوە؟ قبووڵم کردو وتم تا بەیانی ئەو سەعاتە هەواڵی ئازادیی جەلەولا (گوڵاڵە)تان پێدەدەمەوە. کاتی گەڕانەوە، قاسم سولەیمانیم لەخوارەوەی خانەقین بینی، شوێنێک بوو کە لەوێوە بە مانیتۆرو فرۆکەی بێفرۆکەوان ناوچەکە لەژێر چاودێری بوو.

لەوکاتەدا من لەسەر ئەو بڕوایە بووم کەدەبێ (گوڵاڵە) گەمارۆ بدەین تاهیچ داعشییەک بەزیندوویی دەرنەچێت. بەڵام ئەو لەسەر ئەو بڕوایە بوو کەئەگەر رێگەی دەرچوونی دوژمن ببەستین، درێژە بەشەڕ لەدژی ئێمە دەدات. هەربۆیە دەبێ شوێنێک بۆ هەڵاتنیان بکرێتەوە. من ئەوم بینی و بەیانی ئەو رۆژەی کەشەڕ لەناوچەدا دەستیپێکرد لەهەمان شوێنی ئۆپەراسیۆنیدا ئامادەبوو.

پاش شەڕی داعش جارێکی دیکە ئەوم لەماڵی کاک کۆسرەت رەسوڵ دی؛ لەدانیشتنێک بۆ لێکدانەوەی دۆخی دووزخورماتوو.

قاسم سولەیمانی فەرماندەیەکی بەرز بوو و ئەگەرچی دەیتوانی لەدوورەوە فەرمان بدات و نەچێتە بەرەکانی شەڕ، بەڵام لەهەموو بەرەکاندا ئامادە دەبوو و تاکاتێک کەگوڵاڵە و سەعدیەو ناوچەکانی دیکەمان ئازادکرد لەگەڵمان بوو.

یەکێک لەو تایبەتمەندییە گرنگانەی لەودا دەمدی، ئەوە بوو کەتوانستێکی بەرزی کەخوێندنەوەی نەخشە بوو و جارێک پێی وتین کە «ئێوە بۆ کەمتر کەڵک لەنەخشە وەردەگرن؟» وتم با ئێمەش کەڵک لەنەخشە وەردەگرین، بەڵام بەوەشەوە بەهۆی ئاشنایی تەواومان لەگەڵ ناوچە، زۆر پێویستمان بە نەخشە نییە.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: لەباری کەسایەتییەوە چۆن کەسێک بوو؟ چ تایبەتمەندییەکی گرنگی کەسێتیتان لەو لەزەیندا ماوە؟

مەحمود سەنگاوی: ئەو کەسێکی ئارام و هێدی بوو. لەو ناوچانەی تێیدا ئامادە دەبوو، بەدوای پێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی نەبوو. وەک هەمووان نانی دەخواردو هەر لەو جێگەیە پشووی دەدا کەهەموو لێی دەنووستن. تەنانەت کاتێک برسی دەبوو بەبڕێک بیسکویت و شەربەت خۆی تێر دەکرد. بەتەواو مانا کەسێک بوو کەتەمەن و ژیانی خۆی بەخت کردبوو.

لەپەنای هەموو ئەوانە زانیارییەکی زۆریشی بوو و پرسگەلێکی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازیی بەجوانی لێکدەدایەوەو شرۆڤە دەکرد. لەسەرخۆو بەئاسوودەیی روانگەکانی دەردەبڕی و هیچکات تووڕە نەدەبوو. بەردەوام هەوڵی دەدا رێز لەلایەنی بەرامبەری بگرێت.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: هەواڵی شەهیدکردنی بەڕێزیانتان چۆن پێگەیشت؟

مەحمود سەنگاوی: ئەو هەواڵەم لەماڵپەڕەکانی هەواڵ وەرگرت. لەبیرمە BBC رایگەیاند لەبەغدا ئۆتۆمبیلێک کراوەتە ئامانج، بەڵام شوناسی کەسانی ناو ئۆتۆمبیلەکە روون نەبوو. بەیانی یەکێک لەهاوڕێکانم پەیوەندی پێوە کردم و رایگەیاند کە قاسم سولەیمانی و تاقمێک لەهاوڕێیانی کوژراون. ئەو هەواڵەم زۆر بەلاوە ناخۆش بوو.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی: ئەگەر بتانەوێ چەند رستە لەگەڵ سەردار سولەیمانی قسە بکەن، وەک کەسێک کە ماوەیەک هاوکاریتان لەگەڵیدا بووە، چی پێ دەڵێن؟

مەحمود سەنگاوی: هەواڵی شەهیدکردنی بۆ من دڵتەزێن بوو، ئەو قارەمانی وڵاتی خۆی بوو و دەبێ ئێرانییەکان شانازی بەبوونی کەسێکی ئاوا بکەن. ئەو بەباوەڕی من کەسێکی گەورە بوو. لەهیچ شتێک نەدەترساو سەرەڕای ئەوەی دەیزانی شەهید دەکرێت، بەڵام بەردەوام بوو لەخەبات و هیوای دەخواست لەو رێگەیەدا شەهید بێت.

بەو هۆیەی هەمیشە بەڕێزەوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەری دەدوا، منیش بەڕێزەوە لەگەڵیدا دەدوام و گوێم بۆ قسەکانی دەگرت. ئێمە ئامانجێکی هاوبەشمان بوو و ئەویش بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێکی هاوبەش یان باشترە بڵێم دوژمنی مرۆڤایەتی بوو.

خۆزگە زیندوو بوو و پێکەوە دادەنیشتین و لەبارەی پرسەکانی کوردستان، ئازادی، دراوسێتی و هاوکاری دەدواین. ئێمە سنوورگەلێکی هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیەو لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەشی وڵاتانمان گفتوگۆمان دەکرد. کاتێک تەرمی بەڕێزیان لەئێراندا بەڕێدەکرا، دەرکەوت کەچەندە بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خۆشەویستە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار