چیرۆکی ئەو دەرهێنەرە چینییەی کۆرۆنا یەک بەیەکی خێزانەکەی برد

«ماڵئاوا لەوانەی خۆشم دەوێنو خۆشیان دەوێم»

4 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: لا ریپەبلیکا

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

«ماڵئاوا لەوانەی خۆشمدەوێن و خۆشیاندەوێم»، ئەمە نامەی چانگ کایی دەرهێنەری سینەماییە کەمێک پیش ئەوەی بمرێت. نامەکەی بۆ هاوڕێکانی و ئەو کوڕەی نووسی کەئێستا لەلەندەن دەژی و تاکەکەسی خێزانەکەیەتی کە ماوەو ڤایرۆسی کۆرۆنای نەگرتووە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو خیزانەکەی بڵاوبووەوە لەکاتێکدا لەگلدانەوەی تەندروستی (کەرەنتینە)ی خۆیاندا بوون و هەوکردنی سییەکانیان یەک بەیەک خێزانەکەی برد.

سەرەتا باوکە بەتەمەنەکەی چانگ کای و دواتر دایکی. دواتر چانگ کای، کە بەناوبانگە بەدەرهێنەری فیلم لەهوبەی فلیم ستودیۆ، خۆی تووشی ڤایرۆسەکە بوو، ئینجا خوشکەکەی. ئێستاش هاوسەرەکەی لەدۆخێکی سەختدایە.

ئەمە چیرۆکێکی دراماتیکی خێزانێکی وهانە کە نیشانیدەدات چۆن نەخۆشخانەکانی شارەکە، کەهەزارەها خەڵکی بەلێشاو بۆی چوون، ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە نەبوون و چۆن بڕیاری دەسەڵاتداران بۆ ئاراستەکردنی نەخۆشەکان بەرەو گلدانەوەی تەندروستی (کەرەنتینە)ی خۆیان رێی بۆ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە خۆشتر کردووە نەک رێگری لێبکات.

کاتێک باوکی نیشانە سەرەتاییەکانی تێدا پەیدابوو لەناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا، چانگ کایی تەمەن (٥٥) ساڵ بەداماوییەوە هەوڵییدا لەیەکێک لەنەخۆشخانەکان داغڵی بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، چونکە هیچ قەرەوێڵەیەکی بەردەست نەبوو.

«باوکم، تاو کۆکە، هەروەها تەنەگەنەفەسی هەبوو، هەوڵمدا بینێرم بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هیچ یەکێک لەو نەخۆشخانانەی سەردانمان کردن لەخۆیان نەگرت، چونکە هیچ جێگەیەک نەمابوو»، چانگ کایی ئەمەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسی پێش ئەوەی خۆی گیان لەدەستبدات.

بەناچاری کایی باوکی هێنایە ماڵەوەو بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی چین خۆی چاودێری تەندروستی کرد.

بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی چین، ئەو کەسانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و نەخۆشییەکەیان مامناوەندە یان گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت دەبێت بچمنە ماڵەوەو خۆیان گرنگی بەتەندروستی خۆیان بدەن تا پاڵەپستۆ لەسەر نەخۆشخانەکان دروستنەبێت.

ئەم رێنماییەی چین دۆخەکەی خراپتر کرد بۆ خێزانەکەی چانگ کایی، چونکە بەهۆی باوکییەوە تەواوی خێزانەکە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

دواجار، دوای ئەوەی خۆی و ژنەکەی چاودێرییان کردو گرنگییان پێدا، باوکی لە ٢٨ی کانونی دووەمدا گیانی لەدەستدا. لەهەمان رۆژ دایکی نەخۆشکەوت و لە ٢ی شوبات گیانی لەدەستدا.

تراژیدیای خێزانەکە لیرە کۆتایی نەهات. لەهەمان رۆژ کەدایکی گیانی لەدەستدا، چانگ کایی و خوشکەکەی نەخۆشکەوتن.

لەکۆتاییدا لە ٢ی شوبات دەسەڵاتدارانی چین بڕیاریاندا ستراتیجی رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە بگۆڕن بەدابەشکردنی کەسەکان بەسەر پۆلی حاڵەتی پشتڕاستکراوە، گوماناوی، چاودێری و هەریەکێک لەم پۆلێن بەندیانە جیاکرانەوە.

هاوڵاتیان بەخێرایی دابەشکران بەسەر ناوەندەکانی گلدانەوەی تەندروستیدا بەپێی بەشەکانیان . ناوەندەکان بە پەلەپەل لەشوێنە گشتییەکانی وەک، یاریگا، ئوتێل، سینەماکان دروستکران و کرانە ناوەندێک بۆ کەرەنتینەی تووشبوانی ڤایرۆسەکە. ئەمە دۆخێکی لەبارنەبوو بەڵام لانیکەم ئەوەی هەبوو کە نزیک نەدەبووی لە کەسوکارت تائەوانیش تووش بکەیت.

ئەم رێنماییە کەدەسەڵاتداران رایانگەیاند، لەلایەن سەرۆکی وڵات شی جین پینگەوە نیردرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. رێنماییەکە داوای دەکرد هەموو گومانلێکراوەکان پشکنینیان بۆ بکرێت و کەرەنتینە بکرێن و هەموو نەخۆشەکانیش قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیان بۆ دابین بکرێت.

بەڵام ئەم گۆڕانکارییە زۆر درەنگ بوو بۆ چانگ کایی. هەینی رابردوو، واتە ١ی شوبات، دەرهێنەرەکە گیانی لەدەستداو دوایین نامەی خۆی لەسەر شێوازی هۆنراوەیی کلاسیکی چینی نووسی.

«لەگەڵ ئەوەی لەدوا هەناسە لاوازەکانی ژیانمدام، ئەمە دەنووسم بۆ خێزانەکەم، هاوڕێکانم، کوڕەکەم کە لەلەندەنە: لەتەواوی ژیانمدا کوڕێکی گوێڕایەڵ بووم، باوکێکی بەرپرسیار بووم، هاوسەرێکی خۆشەویست بووم، هەروەها کەسێکی راستگۆ بووم»، چانگ کایی لەنامەکەدا ئەمەی نووسی.

دوای تەنها چەند کاتژمێرێک خوشکەکەی کایی گیانی لەدەستداو ئێستاش هاوسەرەکەی لەدۆخێکی سەختدایە.

ئەمە تراژیدیای خێزانێکە کە وادەرناکەوێت دەگمەن بێت لەپارێزگای هوبەیدا. لەم رۆژانەدا زۆرێک چیرۆک هەن لەمیدیایی چینیدا کەئاماژەن بۆ ئەوەی بڕیاری سەرەتایی بۆ جیاکردنەوەی نەخۆشەکان لەماڵەوە تووشبونی بەڤایرۆسەکەی دوو ئەوەندە کردووە لەناو خێزانەکاندا، زۆرجاریش بووەتە هۆی مردنی زیاد لەئەندامێکی لەناو خێزانێکدا.

زۆربەی ئەو کەسانە رەنگە هەر داخڵی نەخۆشخانە نەکرابێت، تەنانەت پشکنینیان بۆ نەکراوەو وەک تووشبوو لەقەڵەم نەدراون. گیان لەدەستدانیان لەئاماری فەرمیدا لەهەفتەکانی سەرەتادا دەرنەکەوتن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی رەنگە ژمارەی مردووان و تووشبوان زۆر لەوە زیاتر بێت کە چین بڵاویکردووەتەوە.

چانگ کایی کە هەنگاوەکانی لەمەرگ زیاتر نزیکدەبووەوەو هەناسەی لاوازی تەنگی پێهەڵچنیبوو، بۆ دواجار ماڵئاویی کردو  لەکۆتایی نامەکەی نووسی: «ماڵئاوا لەوانەی خۆشمدەوێن و خۆشیاندەوێم»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار