کتێبێک سەبارەت بە ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێڕیی هەرێم بڵاوکرایەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



کتێبی (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) بڵاوکرایەوە. نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) دەربارەی چاپکردنی کتێبەکەی نوسیویەتی: "ئەگەرچی ماوەی سەرقاڵبونم بە نوسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبە، نزیکەی چوار ساڵی خایاند و زۆر پێیەوە ماندوبوم، بەڵام چاپکردنی لەمڕۆدا، بە تایبەت کە پرسی بایەخ و پێویستیی ناناوەندێتیی بۆ هەرێمی کوردستان بۆتە رۆژەڤ (پرسی رۆژ)، زۆر خۆشحاڵیکردم و هیلاکییەکەی لەبیربردمەوە." کتێبەکە، لە سێ بەشی سەرەکیی و کۆمەڵێ باس و تەوەر پێکدێت، کە بە پشتبەستن بە (۲۷) سەرچاوەی زانستیی لە بواری یاسا و کارگێڕیی و سودوەرگرتن لە ئەزمونی کەسیی، هەوڵدراوە بە شێوەیەکی میتۆدیی و لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە بدرێتەوە. وەکچۆن، لە پێشەکیی کتێبەکەدا هاتوە: هۆکاری سەرەکیی هەوڵەکەمان، بۆ گرنگیی و پێویستیی (سیستمی ناناوەندێتیی) بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێم دەگەڕێتەوە، کە هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سیستمێکی کارگێڕیی ئەوتۆ بنرێت، کەوا لەگەڵ واقیعی جوگرافیی و ئیتنیکیی وڵاتەکەدا بگونجێت.

ئەم تەرزە کارگێڕییەش، بریتییە لە "بونیادنانی متمانە لەناو حکومەتدا"، کە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە حەوتەمین دیداری جیهانیدا (٢٠٠٧ - ڤیەننا) پشتگیری لێکردووە. کەواتە ئەم سیستمە هاوچەرخە، بایەخی زۆری بۆ سەرکەوتنی حکومڕانیی هەیە و، کاریگەریی ئەرێنیشی لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵ دەبێت. هەر لەو پێشەکییەدا، نوسەر رونیکردۆتەوە، "لە دوتوێی بەش و باس و تەوەرەکانی ئەم کتێبەدا، هەوڵدراوە، بە شێوەیەکی میتۆدیی و پاڵپشت بە کۆمەڵێ سەرچاوە، سیستمی کارگێڕیی بە گشتیی رونبکرێتەوە، پاشان تیشکبخرێتەسەر شێوازەکانی، لەمەشەوە، پتر رۆبچینە نێو بابەتی سەرەکیی و، لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە، وەڵامی پرسیارە پێویست و گرنگەکە: (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) بدەینەوە."

هەروەک ئاماژەی بەوەش داوە، کەوا بۆ نوسین و ئامادەکردنی ئەم باسە، سەرەڕای سەرچاوە زانستییەکان بە زمانە جیاوازەکان، ئەزمونی ١٢ ساڵەی خۆیشی لە بواری کارگێڕییدا، لە فەرمانبەرێتیی و بەرپرسیارێتیی بەش و هۆبە و فەرمانگەوە، تا دەگاتە ئەندامێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگا و بەریەککەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ واقیعەکە و دەرهاویشتەکانی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، کۆمەکی باشیان کردووە، تاکو بابەتییانە و واقیعبینانەتر پرسەکە تاووتوێ بکات و سەرنجی خۆمی لەسەر بخاتەڕوو. (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) چاپی یەکەمییەتی و بە تیراژی (١٠٠٠) دانە و لە چاپخانەی حەمدی لە سلێمانی چاپکراوە و ژمارەی سپاردنی (١٥٣١)ـی ساڵی ٢٠٢٠ـی وەزارەتی رۆشنبیریی دراوەتێ. نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) راشیگەیاندوە، لەپێناو پابەندبون بە رێکارە تەندروستییەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستادا هیچ رێوڕەسمێکی واژۆکردن و بڵاوکردنەوە بۆ کتێبەکە ناکەین. بەو هیوایەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو خەونەش بهێنینەدیی، لەوەش گرنگتر و پێویستتر خەونی بە ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێریی هەرێمەکەمان. محەمەد رەسوڵ موڕاد • لەدایکبوی ١٩٦٩ – رانیە

• دبلۆم لە (بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی ئاو)- پەیمانگای تەکنەلۆژیی موسەییەب- (١٩٨٩ – ١٩٩٠) • بەکالۆریۆس لە (یاسا)- زانکۆی کۆیە- (٢٠٠٧ – ٢٠٠٨) • مینی ماستەر لە (کارگێڕیی کار)- زانکۆی (عین شمس) بە هاوکاریی (ئەکادیمیای جیۆری) - (٢٠١٦).

• ئەزمونی کارگێڕی: ٢٠٠٣ - تاکو ئێستا: فەرمانبەر، لێپرسراوی بەش و هۆبە، بەڕێوەبەری فەرمانگە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا (لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان). • سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

• کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (یۆگای تەمەندرێژی و گەنجبوونەوە). • چەند راپۆرتێکی پڕ زانیاری و سەرنجی وردی سەبارەت بە: (کێشەی کەمئاوی لە پارێزگای سلێمانی، زیادەڕەویی زەویوزار لە هەرێمی کوردستاندا، سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی پێداچوونەوە بە باج و رسومات، چۆنێتیی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە دەڤەری راپەڕین و هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان. .. تاد) ئامادەکردوە.

• چەندین بابەت و نوسینی دەربارەی: (سامانی ئاو، یاسای ئاو، کارگێڕیی، یاسای کارگێڕیی) لە سایت و رۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە.

• چەند توێژینەوە و راپۆرت و نامیلکەیەکی تری ئامادەی چاپن. • ئەندامی هەریەک لەم سەندیکا و رێکخراوانەیە: کۆمکاری زیندانییانی سیاسیی کوردستان، سەندیکای تەکنیکارانی کوردستان، کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار