ڕیفراندۆمێ بۆچوونەوە پایتەخت!

4 ساڵ لەمەوپێش



كاوه عوسمان

وەک باس دەکرێ لە کتێبە کۆنەکانی سەردەمی ئەفڵاتوون هەرێمێک هەبووە نە دەوڵەت و نەکۆنفیدراڵ ، ئەکەوێتە نێوان پایتەختی ڕۆمای کۆن و سەمەرقەندی ئەوسا! ئێستا ڕاماوە لە نێوان چەند ڕیفراندۆمێ هەم بۆ دابەشکردنی ماڵ بەسەر دوو وەچەی هەمان خێڵی زۆلۆی ئەفریقا بە مامۆزاو کوڕەزاکانیەوە، هەم لە دوو چیای دوو ڕەنگ دژ بەیەک! ویاخود وەک ئەڵێن ئەڵتەرناتیڤی سێیەمیشیان لاگەڵاڵە بوە بە چوونەوە باوەشی وڵاتی دایک و پایتەخت ! هەرچەندە چەند کێشەیەکی بچووک و سادە وەک کۆمەڵکوژی و تۆزقاڵێک بابەتی تایبەت بەسامان و سوپا و وردە گرفتێکیش دەربارەی مووچەی سوپایەک لە پیر و پەکەوتە و زەلیل و هەژارانی بێ زمان هەیە، بەڵام هەر دوو خێڵی زۆلۆ لەمەسەلە چارەنووسسازەکان بە گۆڕی باوکە پیرۆزەکانیان سوێندیان خواردوە کە وەک یەک تییمی دووگۆڵی کاربکەن کاتێک کار گەیشتە سەر دابەشکردنی گەنم و جۆی ساڵانی پار و ئێستا لە هەردوو زۆنی ئەرخەوانی و پەمەیی هەردوو خێڵی زۆلۆی ئەفریقی! ئەوەتا هەر وەک یەکێک لە تێزەکانی ئاینشتانی ئەو وڵاتە باسی کردبوو، گەر هەر دوو کێوی هیمالایا لە یەکیش دوور بێ، ئەوا سوپای لیبڕالیزم دیمۆکرات و سەربەخۆیی لەو وڵاتە لەبن نایەت، و تەنانەت زانکۆ هەرە ڕاقیەکانی جیهان حەسوودیان بە زیرەکی و بلیمەتی سەرکردە مێژوویەکانی ئەو هەرێمە ئەهات، کە هەم توانیان ئاڵوگۆڕێکی شەرەفمەندانە بە کەلەسەر و پاشماوەو ڕوفاتی ئازیزانیان کەن بە کورسیەک لە پایتەختی وڵاتی دایک کەن لە کۆنگۆ کە لە یاقییق و زومرد دروستکرابوو!،هەم بەجلی کوردیەوە لە ستادیۆمی ئۆلۆمپیادەوە تەحەدای سوپای هەموو ئەستێرەکانی مەجەرەکانی گەردوونی کرد لە پێناو دروستکردنی دەوڵەتێک کە نەپێویستی بە پارە و هییچ پێداویستیەکی دەوڵەتبوون هەبوو، بەڵکو خەڵکە ئاسوودەکەی خێڵەکانی زۆلۆ خۆشیان خۆشباوەڕانەو زۆر سادە و ساکار وەک مێشکی منداڵی بێگەرد هییچی تیا نەبو وزۆر بە پەرۆشیشەوە بەبێ بەرگ و بە برسێتی خۆپیشاندانیان کرد نا بۆ نان و جلو بەرگ ، بەڵی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی زۆلۆی ئەفریقیا!!!سەرۆکی سەرتاسەری خێڵی زۆلۆ تەنها پێویستی بوو بە هاوردەکردنی ئاڵایەکی قەبەو ڕەنگاوڕەنگ لە وڵاتی دراوسێ کە بڕیاری دابوو دوای هاتنی سەرۆکی خێڵی زۆلۆ هەمان ئاڵا لەسەر قەڵای مەزنی ئیمپراتۆری کۆنستانتیناپۆل و بیزەنتیین بەرز کاتەوە!! گەر نامەی دکتۆراش لەسەر وتاری جیڤارا ئاسای سەرۆکی بلیمەتی هەرێمی هەردووخێڵی زۆلۆ نەنوسرێ ئەی ئەبێت خەڵاتی نۆبڵ چی بەهایەکی هەبێ!.

ئەوەی خەڵکی هەردوو زۆنی هەرێمی زۆلۆ جیائەکاتەوە لە ووڵات و هەرێمەکانی دنیا ئەوەیە کە سنورەکەی تا ئێستا دیارینەکراوە جگە لەو دەباشیرە نەبێ کە بە گۆچانی شوانێک ، وەک ئەڵێن ئینگلیززوبان بوە!، لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم لەسەر کێلی قوربانیەکی جەنگی جیهانی نەخشاندی ، هەربۆیەکیشە دەستوری ئەو هەرێمەش تاوەکو ئێستاش وەک دەستمالی ئاوریشمی ئاسانە هەڵپەڕێنرێ لە کاتی ئاهەنگ و بۆنەی زۆری ئەو هەرێمە! بۆ نموونە بە گوێرەی دەستوری لاسیکی ئەو هەرێمە سەمەرەیە ، کۆمەڵێک لە ئەشراف و پیاوماقوڵانی تەنها خێڵێک لە خێڵی زۆلۆ ئەتوانن داوای هاوکاری سەربازی بیانی بکەن بێ ئەوەی ئامۆزاکانی ناو خێڵەکەی تری زۆلۆ هەرپێبزانن! هەر ئەو دەستوورە لاسیکیە ڕێگا ئەدات بە ئەشرافی ئەملاتر تا ڕێگای حەریر بۆ قووڵایی وڵاتی ئەولاتر تەخت دەکەن بۆ تێپەڕبوونی ئەو بارهەڵگرانەی مێوژی نایابی زۆراب ئەبەن و لەوسەرەوە ئاردی نایابی سپی و بێگەرد وەک دەرمانی ئەسپرینی سەریەشە بهێنەوە! هەمان دەستوری ئەو هەرێمە ڕێگا ئەدات هەموو تیپێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لە ستادیۆمە زۆرەکانیا تەراتێن کەن و هییچ حەکەمێکیش جورئەتی نیە بڵێ لەل، گەر ناتۆ و ئەمریکیش بێ! ئەو دەستوورە بۆ ئەوە باشە ئەوەی بە سودفە هەڵۆی شانس چوە سەرشانی ئیتر وەک نيعمه تى خودایی ئەتوانێ هەزاران کەس لە کوڕە باڵابەرز و کچە شۆخ و شەنگەکانی خێڵی زۆلۆی ئەمبەر وەک ڕاوێژکار و توێژەری زانکۆکان دامەزرێنێ و بەمەش بودجەی هەرێمی هەردوو خێڵی زۆلۆی ئەفریقی لە زۆری بەرەکەتی گیرفانی ئەو ڕاوێژکار و وەزیرانە وەک بەنداوێکی لێوارپڕبووی لێهاتوە! هەمان دەستووری ئەو هەرێمی زۆلۆی ئەفریقیە ڕێگا ئەدات هەرکاتێک ئەشرافزادەی خێڵێکی زۆلۆ ئارەزووی کرد بگەڕێنەوە پایتەختی وڵاتی دایک ، و نوقڵ و چکلێت و شیرینی لەگەڵ خۆیان بهێننەوە گەر ئەو پایتەختەش دوشمنی سەرئێسقانی هەردوو خێڵی زۆلۆ بێت و تەنانەت جینۆسایدیشی بەسەردا هێنابن، و لە وپایتەختە زۆر جار مورید و هاوەڵ و خزم و ئه تباعى هەردوو خێڵ دەست لە خوێنی خەڵکەکەیان بۆ بەرژەوەندی گەورەتر هەڵئەگرن و لە پایتەختی وڵاتی دایک بە خۆشتریین دەنگ لە ئۆرکسترای نەتەوەیی وڵاتی دایکا نەشیدی ئەو وڵاتە ئەڵێنەوە! و کە دەگەڕێنەوە هەرێمی زۆلۆی ئەفریقاش گیرفانیان پڕە لە شلیک و خورمای ئەشرەسی ئەو وڵاتە وپاشانیش هەر بە دڵپاکی جارانیان و وەک منداڵێک کەمێک شیرینی دەستگیر بوبێ پەیمانی گەڕانەوە بۆ باوەشی نیشتمانی دایک ئیمزا کەن! وبەهەمان شێوەش خێڵی زۆلۆی زۆنەکەی تر کەی تاقەتیان بوو هەواری پشوو هەڵئەدەن لە پایتەختی ڕۆحانی وڵاتی ئەولاتر بۆ تەماشاکردنی سرووتی ئاینی لە ژێر کاریگەری مۆسیقای ڕۆحانی جەلالەدیین ڕۆمی شاعيری بەناوبانگی وڵاتی مەکسیک!

 

گرنگە تیشکێکی سۆسیۆلۆژیانە بخرێتە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکەی ئەو هەرێمە ئاسودەو خۆشبەختە سەمەرەیەی هەردوو زۆنی زۆلۆی ئەفریقا! خەڵکی ئەو هەرێمی زۆلۆی ئەفریقایە لە گەرمەی هاوینا جەستەی خۆیان وەک ماسیەکانی زەریا ڕاهێناوە لەسەر گڕو تین و کڵپەی خۆری تەمووز، شەوان لە حەسرەت نوسینی شیعرى خۆشەویستی بۆ نیشتمان لەسەربانان باوەش بۆ ڕوناکی مانگ ئەکەنەوە، هەرچەندە زۆر جار لەبەر زۆری دووکەڵی گازوایلی تانکەرە کانی یۆنیسێف کە پێویست ناکات بە سێگوشەی گومرگی کەشمیردا بڕۆن ، بەڕێی لابەلادا بۆ بەرژەوەندی گشتی تێدەپەڕن و مخابن ئاسمانی وڵات وەک شەوی یەڵدا تەڵخ وڵێڵ ئە کات !. خەڵکی خۆشبەختی ئەو هەرێمەش بە هەردوو زۆنی زۆلۆوە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی خۆشبەختریین گەلانی جیهان دائەنرێن ، هەردوای پلەی یەکەم و دوەم کە ئەمساڵ ئەفغانستان و یەمەن بە شایستەی خۆیان وەریانگرتوە!و هەم لە لایەن کوڕەزا مرۆڤدۆستەکەی سوڵتان حەمیدەوە ئازادانە سەرپشکراون بە چاونوقانەوە یەکێکیان هەڵبژێرن لەنێوان لامەرکەزی گوندێکی هەزاران کوێخای دادپەروەر بەڵام توندو تۆڵ! یان ژیان لەوپەڕی خۆشبەختیەوە بە چاکسازی عه ياره بیست و چواری ستالینئاسا لە ژێر چەتری یاسای یەک بنەماڵەی زۆلۆی شۆڕشگێڕی مێژوویی! یان هاتنەوە نێو باوەشی جەنەت وئەلمەئوای پایتەختی حامورابی ئەوسا ! خەڵکی ئەو هەرێمە بۆ ئاسوودەیی ناخیشیان وەک فەیلەسووفی بۆدا فەرمویەتی کە مرۆڤ لە زەمەنی جەنجاڵی تەکنەلۆجیا کوا پێویستی بە خواردنی قورس و چەورە و باشترە خۆی لەسەر سکگوشین فێر کات گەر لە ژێر مەترسی پەتای طاعونيش بێ !،ئەوەتا خەڵکی ئەو هەرێمە سەمەرەی دوور لە ئۆقیانووسەکان زۆر جوامێرانە بۆ چەندیین مانگە بێ وەرگرتنی لیرەیەکی ساسانی یان یەنێکی یابانی لە ئیمپۆراتۆر کۆشیناواوە!، وەک مەلێکی لاواز و بێدەسەڵات، بەڵام پڕ هیوا، لەسەر یەک قاچ وەستاون وەک ڕێزێک بۆ خەباتی سەرکردەکانیان کە زۆربەی ژیانیان لە پایتەختە فێنک و تەماویەکان بەسەربرد بۆ ئاشتکردنەوە وسازانی دوشنمە دێرینەکانیان پێش دامەزراندنی سەرۆکایەتی دیوەخانی خەلیفە نەبوخەز نەسر دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی حاموورابی!

 

لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەو هەرێمی زۆلۆی ئەفریقایە ئەوەندە باوەڕیان بە ئاشتی و پاسیڤی و بێ دەسەڵاتی هەیە تا ئێستا سوپایەکی ڕاستەقینە وەک سەبازی شەرکەریان نیە، چونکە شەڕ کوا بە کوڕی گەنج و خاوەن هەڵوێست و پەروەردەکراو بە پرەنسیپی دیمۆکراتی ئەکرێ!، بەڵکو لەو هەرێمی زۆلۆی ئەفریقایە جەنگاوەر و بازرگان وەک دوو جمکی جیانەبویان لێهاتوە و زۆربەی جەنگاوەرەکانیان پیرو پەکەوتەن، بەڵام داناو حەکیمن لە نوسینەوەی شانامەی پاڵەوانێتی زەمانی زوو لەگەڵ کارامەییان لە بازرگانی توتنی نایاب!، ئەمەش وەک دیرۆک بۆ گەلێک کە تا ئێستا کۆڵەکەی دۆکیۆمێنتکردنی مێژوو کەڵتور و زمانیان نیە هەر زۆر باشە! ، ئەم جەنگاوەرە جوامێرانەی هەرێمی زۆلۆ بەهەردوو زۆنیەوە توانای ڕاکردنی هەزاران مەتریان هەیە هەروەک ئاسکی شارەزا لە مەیدانا هەرکاتێک لەتاو گیانی خۆی لە گورگان هەڵدێ! سەبرو تەحەمولی ئەیوب ئاسای خەڵکی ئەم هەرێمە توێژەران و زانایانی لە هەموو کوچەو قوژبنێکی ئەم دنیا فراوانە سەرسامکردوە کە لە گەرمەی وەرزی قات و قڕی و برسێتی ساڵانە بەهۆی هێرشی سنەو کولە بۆ دەخڵ و دانی خەڵکە برسیەکەی، خێزانەکانی هەموو خەڵکی هەر دوو خێڵی زۆلۆ لە هەرێمەکە ئەدەنە چیاکان بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش و سازکردنی ئاهەنگ و گۆڕانی و ڕەشبەڵەک و هەڵبەرکێ! لەو هەرێمی زۆلۆ شتێکی زۆر باوە و زۆر تەوندروستیشە هەڵپەرکێ وسەدان جار ووتنەوەی تراکی هەزاران ساڵە بە ستایلی پۆستمۆدێرن ! خەڵکی هەردوو زۆنی زۆلۆ نە باوەڕیان بە بەهرەی زانستی و نە کاریشیان بە بەرز ڕاگرتنی ئەدەبی ڕاستەقینەو زانست و ماریفەیە، ڕاستیش دەکەن لەو هەرەێمی زۆلۆیە سەدان زانکۆ لە شەوو ڕۆژێکا ، زۆر مەزنتر لە زانکۆکانی هارفارد و ئۆکسفۆرد، ئەتوانێت چەندیین ىروانامە دەکات و هەزاران دەرچووی خاوەن بڕوانامە بخاتە سەرشەقامەکان و کووچەو کۆڵانە قیرتاوو ڕازاوەکان بە گوڵ و ڕیحان! گۆرانی ووتن و سازکردنی ڕەشبەڵەک هەر زۆر شتێکی تەندروستیشە لە لە لایەنی دەروونیەوە لە نێو خەڵکی خێڵەکانی زۆلۆی ئەفریقی بۆ دەربازبوون لە فشاری زۆری کولە و مەگەز کە هەریەکەیان بە ئەندازەی مرۆڤێک خوێن لە جەستەی خەڵکەکەی ئەمژێ و ساڵانە ملیارەها دۆلار لە خێرو بێری خەڵکەکەی بە فیڕۆ ئەچن بەهۆی ئەو کولە نەفرەتیانەوە! خەڵکی هەرێمی زۆلۆی ئەفریقی بەهەردوو زۆنی پرتەقاڵی و ئەرخەوانیەوە بە شەویش زۆر ئاسوودەن چونکە شەوان وەک شەوچەرەی باوو پاپیرانیان یان پسپۆڕن لە چۆنیەتی یاریە زۆرەکانی کۆمپیۆتەر یان چات لەگەڵ بوونەوەرە زیرەکەکانی ئەستێرەکانی تر ئەکەن! بەوەش خەم و خەفەوتی تاڵانبوون و ئافاتی ڕەوە کولە ی نەگریسی ساڵانەیان لە بیر ئەچێتەوە! زۆر بەی کاتیش هەر بۆ بەزم و سەفا و بۆ لەبیرکردنی هەزاران تراژیدیا، خەڵکی هەردوو خێڵی زۆلۆ لەو هەرێمە خۆشبەختە بەدیار شاشەی گەورەی تیڤیەکانەوە ئاسوودەن بە تەماشاکردنی سیمینار و کۆڕی فەلسەفی سۆقراتئاسادا کە باس باسی شۆخ و شەنگی قەد و باڵای کوڕەزا و مامۆزا تازەپێگەیشتوەکانی هەر دوو بنەماڵەی خێڵی زۆلۆی شۆڕشگێر دەکات!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار