پێشمەرگە و کێشەی شکۆمەندیی داعش

لە سێ گۆشەنیگای جیاوازی فەلسەفەی ڕەوشتەوە

2018-07-04 09:01:07



سۆران ئازاد

لە ڕاپۆرتێکی کەناڵی (بی بی سی)ی بەریتانیدا، کە لە 31ی مانگی 5ی ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، بەپشتبەستن بە بەڵگەکانی ڕێکخراوی (چاودێری مافی مرۆڤ)، گومانی ئەوە دەوروژێندرێت، کە هێزەکانی پێشمەرگە 375بارمتەی (داعش)یان کۆمەڵکوژ کردبێت. ڕاپۆرتەکە ناتوانێت ڕاستییەتی ئەو کردارە بسەلمێنێت، بەڵام لە ڕێگەی تۆنی دەنگییەوە وا بە بینەر دەگەیەنێت، کە هێزەکان ئەو کارەیان کردبێت. من لەو بابەتەدا گریمانەی ئەوە دەکەم، کە پێشمەرگە ئەو کارەی کردووە، چونکە ئەوە هەمان ویستی ڕاپۆرتەکەیە. ئەگەر ئەوە ڕاستبێت، بەگوێرەی (جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ)، ئەوە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، چونکە کوشتن واتە شکاندنی شکۆمەندیی مرۆڤ. بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر لە کێشەی شکۆمەندیی مرۆڤ قووڵ ببینەوە، پێویست دەکات ئەو کردارە لە ڕوانگەی سێ فەیلەسووفی بواری ڕەوشت لێک بدەینەوە، بۆ ئەوەی تێبگەین ئایا ئەو کردارەی گریمانەکراوەی پێشمەرگە لە ڕووی ڕەوشتییەوە ڕاستە یان هەڵە. 

ئیمانوێڵ کانت (1724-1804)
(کانت)، فەیلەسووفی ئەڵمانی، بە داهێنەری چەمکی شکۆمەندیی مرۆڤ (Human Dignity) لە فەلسەفەی ڕۆشەنگەرییدا دادەندرێت. کاریگەریی تێڕامانەکانی (کانت) لەسەر ئەو بابەتە هێندە گەورەیە، کە تەنانەت لەژێر هەمان کاریگەرییدا خاڵی یەکەم لە بڕگەی یەکەمی دەستووری وڵاتی (ئەڵمانیا) لە بارەی شکۆمەندیی مرۆڤە، هەر وەک هاتووە، «شکۆمەندیی مرۆڤ دەبێت نەشکێندراو بێت. ڕێزگرتن و پاراستنی دەبێت ئەرکی هەموو دەستەڵاتەکانی دەوڵەت بێت.» جگە لەوە، لە (جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤی)ی (نەتەوە یەکگرتووەکان)، شکۆمەندیی مرۆڤ هەمان گرنگیی هەیە، وەک ئەوەی لە بڕگەی یەکەمی جاڕنامەکەدا هاتووە، «هەموو مرۆڤەکان بە ئازادیی و یەکسانی لە شکۆمەندی و ماف لەدایک دەبن... «. هەر لەبەر هەمان گرنگییە، کە (کانت) یەکەمین فەیلەسووفە لێرەدا باس دەکرێت. 

شکۆمەندیی مرۆڤ دەبێت نەشکێندراو بێت. ڕێزگرتن و

پاراستنی دەبێت ئەرکی هەموو دەستەڵاتەکانی دەوڵەت بێت

لە دیدی (کانت)، هەلومەرج و دۆخەکان هیچ گرنگییەکیان لە هەڵسەنگاندنی ڕاستی و هەڵەیی کرداری ئێمەدا نییە. گرنگ نییە ئەو دۆخەی ئێمە تێی داین چەندە سەختە. بە دیدی ئەو، ئێمە هیچ کاتێک نابێت یاسا ڕەوشتییەکان پێشێل بکەین.(کانت) پێی وایە بە تەنیا مرۆڤبوون شکۆمەندیی مرۆڤ فەراهەم دەکات. هەر شتێک بەهای لە خۆیدا هەبوو لە دەرەوەی بەهای بەکارهێنانی، ئەوا لە هاوکێشەی شکۆمەندییدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نەک لە هاوکێشەی بەکارهێنانیدا. بەڵام یەکێک لە ڕاڤەکان بۆ فەلسەفەی ئەوە ئەوەیە، کە (کانت) مەرج بۆ شکۆمەندیی مرۆڤ دا دەنێت، هەر وەک لە نووسراوی (بنچینەکاری مێتافیزیکی ڕەوشتەکان) دەنووسێت: «ڕەوشت و مرۆڤەکان هەتا ئێرە کە توانای ڕەوشتیان هەیە، هەر ئەوە بە تەنیا شکۆمەندیی هەیە.”4: 434-435 واتە مرۆڤ بۆیە شکۆمەندیی هەیە، چونکە توانای کردارێکی هەیە، کە ڕەوشتی بێت. هەر لە هەمان نووسراو (کانت) هەشت بەشی بێمەرجی یاسای ڕەوشت ڕاڤە دەکات. لەژێر ڕۆشنایی فەلسەفەی ئەودا، ئەو ڕەوشتەی (داعش)ی لەسەر دامەزراوە لە دەرەوەی هەر یاسایەکی ڕەوشتییە، کە (کانت) فەلسەفەی ڕەوشتی خۆیی لەسەر دامەزراندووە. لەوانە بەکارهێنانی مرۆڤ وەکو ئامانجی کەرەستەی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر. لێرەدا، ئەندامانی (داعش) توانای جێبەجێکردنی یاسا ڕەوشتییەکانیان نییە. هەر شتێکیش یان بوونێک، نەتوانێت یاسای ڕەوشتی بپارێزێت، شکۆمەندییەکەی لەژێر پرسیار دایە. 
(ئۆلیڤەر سینسن) لە کتێبی (کانت لەسەر شکۆمەندیی مرۆڤ) ئەو پرسیارە دەروژێنێت، کە بۆچی (کانت) دەڵێت «مرۆڤەکان شکۆمەندییان هەیە، چونکە دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت»، نەک «ئەوان [مرۆڤەکان] دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت، چونکە شکۆمەندیان هەیە»؟ جیاوازیی   ئەو دوو ڕستەیە لە ڕووی ڕێزمانەوە ئەوەیە، کە یەکەم دەرئەنجامی هۆی ڕستەی دووەمە. واتە مرۆڤ دەبێت خاوەن ڕێز بێت تاوەکو بتوانێت خاوەن شکۆمەندیی بێت. بەڵام نموونەی دووەم پێمان دەڵێت، کە مرۆڤ خاوەن ڕێز بێت و خاوەن ڕێز نەبێت، هەر خاوەن شکۆمەندییە.
بەڵام بۆچوونە زاڵەکە ئەوەیە، کە (کانت) بەرگری لە کوشتن ناکات، چونکە گەردوون ناتوانێت لەسەر کوشتن بەردەوام بێت. کاتێک ئێمە ڕەوایەت بە کوشتن بدەین، ئەوا ڕەوایەت بەوە دەدەین، کە کوشتن ببێت بە یاسایەکی گەردوونی. لەژێر ڕۆشنایی فەلسەفەی ئەودا، دەتوانین بڵێین، کە کاتێک ئێمە بارمتەیەکی(داعش) دەکوژین، ئەوا ڕەوایەت بەوەیش دەدەین، کە (داعش)بارمتەکانی ئێمە بکوژێت. 
پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئایا مرۆڤ لە ناو ڕێکخراوی (داعش)دا بەهاکەی یەکسانە بە بەهای بەکارهێنانی یان بە بەهای مرۆڤبوونی؟ وەڵامەکە ئاشکرایە، کە بەهای مرۆڤ لای (داعش) لە بەهای بەکارهێنان و باوەڕەکەی دایە. ئەو کەسانەشی پشتگیریی وەها ڕێکخراوێک دەکەن، بەهای ئەوانیش لە پشتگیری و یارمەتییەکەیان دایە نەک لە بەهای مرۆڤبوونیان بۆ ئەو ڕێکخراوە. لێرەدا، ئەو کەسەی کە دەبێت بە هەواداری (داعش) یان هەر گرووپێکی توندڕەوی هاوشێوە، خۆیشی ئەوە قبووڵ دەکات، کە دەبێت بە بەرهەمێکی بەکارهێنان، نەک بوونەوەرێکی خاوەن شکۆ لە دەرەوەی بەهای بەکارهێنان. 

جێرمی بێنتەم (1748-1832)
(بێنتەم) فەیلەسووفێکی ئینگلیزە و لە هەمان سەردەمی (کانت)دا ژیاوە، بەڵام بۆچوونە فەلسەفییەکانی لە بارەی ڕەوشت بە بەراورد لەگەڵ (کانت)، جیاوازیی بنچینەییان هەیە.(بێنتەم) فەیلەسووفێکی یوتالیتاریستە و بایەخێکی گەورە بە چەمکی (قازانجیەتی - utility) داوە. ئەو لە کتێبی (پێشەکیەک بۆ بنەماکانی ڕەوشت و یاسادانان)، بە وردی ئیش لەسەر چەمکی قازانجیەتی دەکات. مەبەستی ئەو لەو چەمکە، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، ئەوەیە، کە هەر کردارێک خۆشبەختی و باشە بۆ زۆرترینی کەسەکان فەرهەم بکات و ئەو کردارە ڕێگە لە خراپە و ئازار و ناخۆشی بگرێت، کردارێکی ڕاستە. لە دیدی ئەودا، ئەو بۆچوونە پێوەندیی بە (پاڵنەری سرووشتی) هەر مرۆڤێکەوە هەیە، کە ئەویش خۆ دوورگرتنە لە ئازار و هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی. 
 (بێنتەم) پێی وایە، کە مرۆڤ بە سرووشتی خۆیەوە، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی خۆی لە ئازار بە دوور بگرێت، بۆیە هەر کردارێکیش دوورخستنەوە ناخۆشی و ئازار بێت لە مرۆڤ و ئەو کردارە دوورە مەودا بێت، ئەوا دەبێتە بنچینە بۆ ڕاستییەتی ڕەوشتیی ئەو کردارە. ئێمە چۆن دەزانین، کە کردارێک لە ئازار دوورمان دەخاتەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، (بێنتەم) چوار دۆخ لەبەر چاو دەگرێت، ئەوانیش، (خەستیەتی)، (ماوە)، (دڵنیایی و نادڵنیایی)، (دووریی)ن. لەو کردارە گریمانەکراوەی پێشمەرگەدا، خەسڵەتی (خەستیەتی) ئەو کردارە لەوپەڕی دایە، چونکە کردارەکە کوشتنە. هیچ کردارێک هێندەی کوشتن خەست یان قوڕس نییە. دووەمیشیان، (ماوە)ی دەرئەنجامی ئەو کردارەیە، کە ئایا کاریگەریی ئەو کردارە چەندە بەردەوام دەبێت؟ بۆ نموونە، ئەگەر پێشمەرگە لەبەر خۆ دوورگرتن لە ئازار ئەو چەکدارانەی کوشتبێت، ئایا ئەو خۆدوورگرتنە درێژخایەنە یان کورتخایەن؟ هەمان پرسیار وەڵامی دۆخی سێیەمیش دەداتەوە، کە (دڵنایی و نادڵنایی) ئەو کردارەیە. دۆخی چوارەم بریتییە لە (دووریی)ی ئەو کردارە.

مرۆڤ دەبێت خاوەن ڕێز بێت
تاوەکو بتوانێت خاوەن شکۆمەندیی بێت

دووریی ئەو کردارە بۆ پێشمەرگە زۆر نزیکترە تا بۆ ڕاپۆرتەرێک، کە هەزاران کیلۆمەتر دوورە لەو شوێنە دەژێت، کە پێشمەرگە شەڕی تێدا کردووە. ئەو کردارەی پێشمەرگە دوورخستنەوەی مەترسیی ئەو چەکدارانەیە بۆ دوورییەکی زۆر، چونکە یەک چەکداری (داعش) دەتوانێت کاریگەریی دوورە مەودای هەبێت، وەکو چۆن ئەو چەکدارانە کاریگەریی مەوداییان بۆ پێشمەرگە زۆر زیاترە تاوەکو بۆ کەسێک، کە دوور لە مەیدانی شەڕ بە هێمنیی دەژێت. بە هەمانشێوە، بۆچوونی پێشمەرگە کاریگەرییەکەی زۆر گەورەترە لە بۆچوونی کەسێک، کە هەڕەشەی (داعش)ی لێ دوور بووە. 
ئەگەر هاتوو بەو چوار دۆخە ئێمە نەگەیشتینە ئەنجام، (بێنتەم) دوو دۆخی ترمان بۆ پێشنیار دەکات، ئەوانیش (پڕبەرهەمیەتی - fecundity) و (پەتیەتی یان پاکیەتی -purity)ن. دۆخی یەکەم (پڕبەرهەمیەتی) ئاماژەیە بەوەی، کە ئایا ئەو کردارە چەندە دەتوانێت خۆشبەختی زۆرینە زیاتر پڕ بەرهەم بکات، یان چەندە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئەوە هەبێت، ناخۆشی و خراپەی زیاتر بەرهەم نەهێنێت بۆ زۆرایەتی تاکەکان؟ بێگومان کردارەکانی (داعش) خێراییەکی گەورەیان لە بەرهەمهێانی خراپەی تۆقێنەر بۆ زۆرایەتی کەسەکان هەبووە. بۆیە ڕێگریکردن لە گەشەی (داعش) بەر هەر شێوەیەک بێت، کردارێکە لە ڕووی ڕەوشتەوە ڕاستە، وەک ئەوەی پێشمەرگە کردوویەتی. دۆخی دووەم (پەتیەتی) هەمان هاوکێشە ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن دڵنیابین لەوەی کردارێک، کە ئامانج لێی خۆشبەختییە، نەبێت بە کردارێک ئەنجامی ناخۆشی بدات بە دەستەوە. ئەگەر بێت و هێشتا نەگەیشتین بە ئەنجام، (بێنتەم) دۆخی حەوتەمان بۆ پێشنیار دەکات، کە (مەودا)ی کردارە. ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەکو (داعش) کاریگەریی دوورە مەودای بەرفراوانی هەیە. پێشمەرگە تەنیا مەترسییە بۆ ئەو دوژمنەی شەڕی پێشمەرگە دەکات، بەڵام (داعش) هەڕەشەیە بۆ سەرتاپێی سەقامگیریی جیهان. 
بە ڕەچاوکردنی ئەو دۆخانە بە دیدی (بێنتەم) بێت، پێدەچێت ئێمە ڕووبەڕووی بەربەستی ڕەوشتی نەبینەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاستیەتی وەها کردارێکی گریمانەکراوی پێشمەرگە. 

پیتەر سینگەر (1946)
سینگەر، فەیلەسووفی هاوچەرخی ئوستڕاڵی یەکێکە لە فەیلەسووفە هەرە ناسراوەکانی ئێستای بواری ئاکار و ڕەوشت. جگە لە بۆچوونە جیاواز و دژەکانی لەبارەی مافی ئاژەڵان، کوشتنی خۆویستی نەخۆش و لەبارچوون، گەشەپێدەری چەمکی یوتالیتاریانیسمی پێشەنگ (Preferenceutilitarianism)ە. بە گوێرەی ئەو چەمکە، پێشەنگیی ڕاستی و هەڵەیی بابەتێک پێوەندیی بەو لایەنانەوە هەیە، کە بەرژەوەندی و مەترسییان لە ئەگەر ڕوودان و ڕوونەدانی کردارێکدا هەیە. من بۆ ئەوەی لە بۆچوونی تەواوی ئەو لەبارەی وەها کەیسێکەوە بزانم، لە نامەیەکدا ئاماژەم بەو کەیسە داوە و داوام لێ کرد بۆچوونی خۆیم بۆ بنێرێت لە ئەگەری ئەوەی، کە پێشمەرگە دەستی هەبووبێت لە بە کۆمەڵ کوشتنی ئەو چەکدارانەی (داعش)، لە کاتێکدا (داعش) بەر لە هەر گرووپێک شکۆمەندیی مرۆڤی شکاندووە. لە وەڵامی پرسیارەکەمدا، (سینگەر) دەنووسێت: 
«ئەو جۆرە کردارانە جێگەی تێگەیشتنن بە ڕەچاوکردنی ئەوەی، کە ئەندامانی (داعش) کردوویانە، بەڵام هێشتا پێویستە لێکۆڵینەوەی دروست بکرێت بۆ بڕیاردان لەوەی کێ تاوانبار و کێ بێگوناهە. من بەرگری لە کورتکراوەی فەرمانی کوشتن و جۆرەکانی تری خراپ مامەڵەکردن ناکەم.»
مادام بارمتەکان هیی شەڕن، بەبێ لێکۆڵینەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەوانە تاوانباربوون، بەڵام ئەوە ڕوون نابێتەوە، کە لەژێر چ هەلومەرجێکدا بوونەتە تاوانبار. ئایا بەزۆر نێردراونتە بەرەکانی شەڕ یان نا؟ (سینگەر) بە گشتی بەرگری لە هیچ جۆرە کوشتنێک و خراپ مامەڵەکردنێک ناکات، بەڵام تێگەیشتنی بۆ وەها کردارێک هەیە. 

 دەرئەنجام 
هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی پێشمەرگە تۆمەتەکەیان ڕەت کردووەتەوە. ئێمە قورسە خۆمان بخەینە ئەو شوێن و هەلومەرجە هەستیار و ترسناکەی پێشمەرگە تێیدا بووە. بۆیە لە ئەگەری وەها کردارێکدا، ئێمە لەبەردەم دوو ئەگەر داین. یەکەم ئەوەیە، کە ئەو کردارە لە ڕووی ڕەوشتەوە هەڵەیە، بەڵام جێگرەوەی وەها کردارێک چییە؟ ئایا ئێمە بارمتەکانی شەڕی (داعش) ڕزگار دەکەین بۆ ئەوەی لە زیندان هەمان ئەزموونی (ئەبوبەکر بەغدادی) دووبارە بکەنەوە و ببن بە سەرکردەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی توندڕەوی ئیسلامی یان ئازادیان بکەین، بۆ ئەوەی ئەو ئازادکردنە ببێت بە بەڵگەی ئەوەی، کە خوا لەپشتیانە؟ ئەگەری دووەم بە کۆمەڵکوشتنیانە، وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتەکە گومان دەکرێت، کە دووبارە دەمانخاتە بەردەم پرسیاری ڕەوشتی.
هەر لە بنەڕەتدا، ناوبانگی خێرای (داعش) بەشێکی گەورەی پەیوەندیی بەو کردارانەوە هەیە، کە کردوویانە و دەیکەن، وەک شکاندنی شکۆمەندیی مرۆڤ بە دڕندەترین شێوە. ئێمە لە شۆکی ئەوە داین، کە ئەوە چ هێز و باوەڕێکە پاڵ بەو ئەندامانەوە دەنێت بە سەخترین شێوەی توندوتیژی شکۆمەندیی مرۆڤ بشکێنن. ئایا کاتێک شکاندنی شکۆمەندیی مرۆڤ ببێت بە بەشێکی سەرەکی کردارەکانی گرووپێکی تیرۆرستی، لە کاتی بە بارمتەبوونی چەکدارانیان، ئەوان شکۆمەندییان دەمێنێت؟ وەڵامەکە بۆ هەر یەکێک لە ئێمە بە کراوەیی دەمێنێتەوە. 


لینکی ڕاپۆرتەکەی بی بی سی، 
https://www.youtube.com/watch?v=nCusipcUhIA&t=0s&list=WL&index=19


سەرچاوە سوود لێ وەرگیراوەکان
Kant, Immanuel, “Groundwork for the Metaphysics of Morals”. Edited and Translated by Allen W. Wood. Yale University Press 2002.4: 434-435
Oliver Sensen, ”Kant on Human Dignity”. Published by Walter De Gruyter, 2011. 
 Bentham, Jeremey “An Introduction to the Principles of Morals and Legislation”.  Batoche Books/ Kitchener/ 2000.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار