بنەبڕکردنی تۆڵەسەندنەوە لەنێوان ئاشتەوایی و یاسادا

6 ساڵ لەمەوپێش



لوقمان مستەفا ساڵح *
 

هەڵبەتە دیاردەی تۆڵە سەندنەوە بەگشتی و کێشەی خوێنداری بەتایبەتی و حاڵەتەکانی دوژمنداری، لە زۆربەی وڵاتانی دواکەوتووی جێهان رەگ و ریشەی قووڵی داکوتاوەو بونی هەیە و تائێستاشی لەگەڵ بێت، کەم تا زۆر بەردەوامی هەیە. کۆمەڵگەی ئێمەش بەدەر نییە لەو کارەساتە قێزە وونە، ئەگەرچی دیاردەکە تاڕادەیەک ڕووی لە کەمی کردووەو ئێستا بووەتە حاڵەت، بەڵام کەم و زۆر هێشتا هەیە و بنەبڕ نەکراوە. زۆرێک لە خاوەنەکانی ئەو جۆرە کێشانە، بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و عەشایریش وازناهێنن و دوای سوڵحیش هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدەن، ئەمەش بەهۆی ئەنجامی ڕۆتیناتی دادگاکانە خەڵک پەنا بۆ سوڵحی عەشایری و مەکتەبی کۆمەڵاتی لایەنە سیاسییەکان دەبەن. 
یۆنانییەکان باوەڕیان وا بوو کە ئەرک و کاریگەریی سەروەریی یاسا، تەنیا ڕێگری لە گەندەڵیی حوکمڕانان نییە، بەڵکو لە کونتڕۆڵی مەیلی مەترسیداری تۆڵەسەندنەوە لە لایەن خودی مرۆڤەکان خۆیانەوە سوودمەندە. بابەتی تۆڵەسەندنەوە، بە نیسبەت کۆمەڵگه‌ی ئێمە و کۆمەڵگە هاوشێوەکانییەوە، نامۆ نییە. کاتێک دەزگا‌ی دادوەری، توانای پاراستنی بێلایەنیی خۆی لەدەست دەدات، هاوڵاتیان باوەریان بەم دەزگه‌یه‌ نامێنێت و، لە ئامڕازی نایاساییی تۆڵەسەندنەوە بۆ مەبەستی گەییشتن بە مافی خۆیان کەڵک وەردەگرن، چونکە یاسا هێزی لێپرسینەوەی لە تاوانبار نییە، یان تاوانلێکراو باوەری بە دەزگه‌ی دادوەری نەماوە. 
تۆڵەسەندنەوە لە سیستەمی نادادپەروەرانەدا گەشە دەکات و شیرازەی کۆمەڵگه‌ تێک دەدات. بۆیە تاکه‌ ڕێگە لە بەرگریکردن و نەهێشتنی زنجیرەی تۆڵەسەندنەوە، سەروەریی یاسایە و لەم ڕێگەوە تاوان و سزا و بەرپرسیارێتیی شارستانی دیاری دەکرێت،دادگا‌ بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تاوانبار سزا دەدات و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی باوەڕی هاووڵاتیان بۆ دەزگا‌ی دادوەری و گەڕانەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگه‌ و جێگیرکردنی سەروەریی یاسا. مه‌به‌ست له‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌ومانایه‌یه‌ که‌ هیچ لایه‌نێکی سیاسی یان کارگێڕی به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وحۆ بۆی نیه‌ ده‌ستوه‌ربداته‌ نێو کاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری یا به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری هه‌بێت و هیچ که‌سێک یا ده‌زگایه‌ک له ‌ده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن، هه‌تا ئه‌گه‌ر وه‌زیری داد بێت یان سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن (حکومه‌ت) بێت نابێت ده‌ستوه‌ربداته‌ کاروباری دادگاکان یان فشار بخاته‌سه‌ر دادوه‌ره‌کان له‌کاتی حوکم و بڕیارداندا .
ئەوەی لەمڕۆدا سەروەریی دەزگای دادوەری دەخاتە مەترسییەوە، دەستێوەردانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکارە، بەتایبەت کاتێک یەکێک لە لایەنەکانی «کێشەکە»، لە بەرپرسانی سیاسی، یان پەیوەندار بەوانەوە بێت. لەم کاتەدا، ئەگەر دەزگا‌ی دادوەری و خودی دادوەر سەربەخۆ نەبێت، لە جیاتی کارکردن بە دەقی مادە یاسایەکان، داواکاریی لایەنی سیاسی، دەکاتە بنەمای دەرکردنی بڕیاری خۆی، دەرەنجام  سەروەریی یاسا. پێشێل دەکرێت.هەر لەبەرئەم هۆکارانە و بوونی ڕۆتینیاتی کاری دادگاکانە خاوەن کێشەکان متمانەیان بەدادگاکان نامێنێت و بە ناچاری پەنا بۆ تۆڵە سەندنەوە و یان سوڵحی عەشایەری دەبەن.
چونکە خاوەن کێشەکان باش دەزانن یاسا هەڵدەستێ بەچارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە ئەگەر ڕۆتینیان بهێڵێ،کورد گوتەنی هەتا مەقاش وەستابێ دەستی خۆیان ناسوتێنن، ئەوەشیان لەپێش چاوە هەر کەسێک هەڵبستێ بە کاری تۆڵەسەندنەوە لە بەرامبەر کێشەی خوێنداری، بەپێی یاسا بە تاوانبار دادەندرێ ، چونکە لە هەر کۆمەڵگەیەک، تەنیا کاری تۆڵەسەندنەوە هەبوو، دەبێتە کۆمەڵگەیەکی جەنگەڵی و یاسای دارستانی تیا جێبەجێ دەکرێت و یەکتر کوشتن دەبێتە کارێکی ئاسایی،لەم حاڵەتەشدا خەڵک ناتوانێ ژیانی ڕۆژانە بە ئارامی بەرێتە سەر،لە هەمان کاتیشدا یاسا توندە بەرانبەر بەو کەسانەی  کە هەڵدەستن بە کاری تۆڵەسەندنەوە و دوژمنداری، پێویستە کێشەکە لەدادگا چارەسەربکرێت، حکومەت خۆی مافی ئەو کەسە دەستێنێ و ئەوکات دوژمنداری دروست نابێ کە بەپێی یاسای سزادانی ژمارە (111)ـی ساڵی 1968 لە ماددەی 406 دەڵێت کاری تۆڵەسەندنەوە بە تاوان دادەندرێ و سزاکەشی قورسە، بۆیە پێویستە خەڵک بۆ سەندنەوەی مافەکەی پەنا بۆ یاسا بەرێ، نەوەک تۆڵەسەندنەوە، هەروەها ئەوە ڕاستە کەسوڵحی عەشایری بەشێکە لەچارەسەری کێشەکە،چونکە لە مێژە وتراوە (الصلح سید الاحکام ) بەڵام یاسا دانی پێدانانێت ئەگەرپێچەوانەی یاسابێت ودژبێت لەگەڵ دەقەیاساییەکاندا،بۆیە دەبێت دادگا ئاگاداری ئەو ئاشتەواییەبێت،پاش تاووتۆی ووردی ئاشتەواییەکە ،ئینجا ڕەزامەندی لەسەر ئەدات.بەڵام لە ئەنجام دا هەردادگایە بەبڕیار کۆتایی بە کێشەکە دەهێنێت.

* پارێزەر

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار