گازى سروشتى هه‌رێم بەرەو ئەوروپا

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئهو پڕۆژهیهى مانگى حوزهیرانى ئهمساڵ کرایهوه بۆ گهیاندنى گازى سروشتى ئازهربایجان به خاکى ئهوروپا له ڕێگهى تورکیاوه، رهنگه خهونهکهى ههرێمى کوردستانیش بۆ گهیاندنى گازى سروشتى به ئهوروپا بکاته ڕاستى، ئهگهر بهربهستى گهورهى نهیهته بهردهم.

پڕۆژهکه که ناسراوه به (تاناپ) پڕۆژهیهکى زهبهلاحى راکێشانى هێڵى گازى سروشتى وڵاتى ئازهربایجانه، لهڕێگهى خاکى تورکیاوه به ئهوروپا که ساڵى 2012 بهپێی رێککهوتنێک لهنێوان ئهو دوو وڵاته دهست به جێبهجێکردنى کرا.

پڕۆژهکه له سێ بهشى سهرهکى پێکدێت، که یهکهمیان هێڵى پێکهوه بهستنى ئازهربایجان و تورکیایه که ناسراوه به هێڵى باشورى قهوقاز (ئێس سی بی)، بهشى دووهمیان هێڵێکه که به تورکیادا تێدهپهڕێت و ناسراوه به هێڵى گازى سروشتى لهڕێگهى ئهنادۆڵهوه (تاناپ)، بهشی سێیهمیان هێڵى نێوان تورکیا و یۆنانه که ناسراوه به هێڵى بۆرى ئهدریاتى (تاب).

ئهو هێڵه لهسهرهتادا رێگرى سیاسی بۆ دروستبوو، بهتایبهت که والێکدرایهوه که هێڵێکه بۆ کێبڕکێکردنى پڕۆژهى گواستنهوهى گازى سروشتى روسیا به ئهوروپا لهڕێگهى خاکى تورکیاوه که ناسراوه به (سیلى تورکى)، بهڵام تورکیا ئهوهى رهتکردهوه و جهختى کردهوه که ههردوو هێڵهکه یهکترى تهواو دهکهن لهرووى دابینکردنى ئاسایشى وزهوه.

 هێڵى (تاناپ) ئێستا لهلایهن کۆمپانیاى زهبهلاحى وزهى روسیا (رۆسنهفت) چاوى تێبڕدراوه تا لهڕێگهوه گازى سروشتى ههرێمى کوردستانى پێدا ههنارده بکات بۆ ئهوروپا.

 کۆمپانیاکه لهمانگى ئهیلولى ساڵى رابردوودا لهگهڵ حکومهتى ههرێمى کوردستان گهیشته رێککهوتن، بۆ ئهوهى رێککهوتنی نێوانیان له بواری وهبهرهێناندا که پێشتر واژووکرابوو پهرهپێبدهن، به جۆرێک که دامهزراندنی بۆرییهکی گازی سروشتی لهخۆ بگرێت که پێداویستییهکانی وێستگهکان و کارگهکان به گازی سروشتی دابین بکات و ئهوهنده گازی سروشتی بخاتهبهردهست که ههناردهی بازاڕه نێوهدهوڵهتییهکانی وهک تورکیا و یهکێتی ئهوروپا بکرێت.

 له ئایارى ئهمساڵیشدا، ئاشتى ههورامى وهزیرى سامانه سروشتییهکان لهمیانهى بهشداریکردنى له مونتهداى ئابورى سان پترسبۆرگ، واژۆکردنى رێککهوتنهکهى لهگهڵ رۆسنهفت راگهیاند بۆ دروستکردن و کارکردن به هێڵى بۆرى گازى سروشتى ههرێمى کوردستان.

لاى خۆشیهوه، ئیگۆر سێچین بهڕێوهبهرى جێبهجێکارى کۆمپانیاى رۆسنهفتى روسى رایگهیاندبوو، کار لهسهر چهندین پڕۆژه دهکهن له ههرێمى کوردستان، لهناویاندا راکێشانى بۆرى گواستنهوهى گاز، دهیانهوێت بهردهوامى بدهن به گهشهپێدانى زیاترى پهیوهندییهکانیان لهگهڵ ههرێمى کوردستان. بهپێی ماڵپهڕى فهرمى وهزارهتى سامانه سروشتییهکان، بهپێی رێککهوتنهکه کۆمپانیای رۆسنهفت ههڵدهستێت به دامهزراندنی بۆڕییهکه بهپێی سیستهمی (BOOT) (واتا درووستکردن، خاوهندارییهتی کردن، بهکارخستن و گواستنهوه) ههروهها بهپێی بژاردنی تهعریفهی درێژخایهن.

چاوهڕوان دهکرێت توانای بۆرییهکه ساڵانه تا 30 ملیار مهتری سێجا بێت که یهکسانه به لەسەدا شەش-ی خواستی ئهوروپا بۆ گازی سرووشتی. بۆرییهکه تا ساڵی 2019 بهمهبهستی بهکارهێنان و دابینکردنی ناوخۆ تهواو دهبێت و ههناردهکردنی گازیش له ساڵی 2020 دهستپێدهکات.

 بهپێی ماڵپهڕى فهرمى ئینتهرفاکس ئینێرجى روسی که تایبهته به بوارى وزه، کۆمپانیاى رۆسنهفت چهند بژاردهیهکى لهبهردهمه بۆ ههناردهکردنى گازى سروشتى بۆ بازاڕهکانى ئهوروپا، که گونجاوترینیان بهستنهوهى بۆرییهکهیه به هێڵى تاناپهوه، که لهو رێگهیهوه کۆمپانیاکه دهتوانێت دهستى بگات به کڕیاره ئهوروپییهکانى و بازاڕى خۆى فراوانتر بکات. بهپێی ماڵپهڕهکه، کۆمپانیاکه که هێشتا بڕیارى لهسهر هیچ بژاردهیهک نهداوه، چهند بژاردهیهکى دیکهشى لهبهردهمه وهکو بهستنهوهى بۆرى گازى سروشتى ههرێم به هێڵهکانى غازى تورکیاوه تا غاز بۆ ئهو وڵاته دابین بکات، بهڵام بژاردهکهى پێشوو بهگونجاوترینیان دادهنرێت.

لهگهڵ ئهوهشدا پهنابردن بۆ بژاردهى تاناپ پێدهچێت ئهوهندهش کارێکى بێ کێشه نهبێت، بهوپێیهى دهبێت بچێته ژێر یاساکانى کۆمسیۆنى ئهوروپاوه، لهکاتێکدا ئهوروپا ترسی ههیه له ههژمونى فراوانى روسیا بهتایبهت لهبوارى پشت بهستنى زیاتر بهو وڵاته بۆ دابینکردنى وزه. جگه لهوهش دیار نییه ههڵوێستى تورکیا چى دهبێت که بۆرییهکه بهخاکهکهیدا رابکێشرێت، به لهبهرچاوگرتنى پهیوهندى خراپى ههولێر و ئهنقهره بههۆى ریفراندۆمه تاکلایهنهکهى ههرێم لهساڵى رابردوودا بۆ راگهیاندنى سهربهخۆیی، ههرچهنده ئهو کاره ئهنقهره دهکات به سهنتهرێکى سهرهکى گهیاندنى گازى سروشتى به ئهوروپا و سهرچاوهیهکى نوێش دهبێت بۆ ئابورییهکهى.

لهگهڵ ههموو ئهوانهشدا، پێناچێت رۆسنهفت که گهورهترین کۆمپانیای نهوتییه لهجیهاندا لهرووى بهرههمهێنانهوه، دهستبهردارى گهیاندنى گازى سروشتى ههرێم بێت به ئهوروپا، بهوپێیهى ئهو کاره جێپێی له بازاڕى جیهانى گازى سروشتیدا قایمتر دهکات، بهتایبهتى که کۆمپانیاکه ماوهیهکى درێژه لهگهڵ کۆمپانیاى گازپڕۆمى رکهبهرى له ململانێدایه که تائێستا ههناردهى گازى سروشتى روسیاى بۆ ئهوروپا قۆرخکردووه.

بهپێی رێککهوتنى نێوان حکومهتى ههرێم و رۆسنهفت، ئهو هێڵى گازى سروشتییهکهى که بڕیاره رۆسنهفت بۆ ههناردهکردنى غازى سروشتى ههرێم دروستى بکات، دهبێت لهساڵى 2019دا گازى سروشتى پێویست بۆ بهکارهێنانى ناوخۆیی ههرێم دابین بکات و لهساڵى 2020 ههناردهکردن بۆ دهرهوه دهستپێبکات.

دواى واژۆکردنى رێککهوتنهکه، ئاشتى ههورامى وهزیرى سامانه سروشتییهکانى ههرێم رایگهیاندبوو، رێککهوتنی حکومهتی ههرێمی کوردستان لهگهڵ کۆمپانیای رۆسنهفت، پهرهپێدانی کهرتی گازی سرووشتی ههرێم خێراتر دهکات و گازی پێویست بۆ بهکارهێنانی ناوخۆ و ههناردهکردنی دابین دهکات. ئاماژهى بهوهشکردبوو، خاڵێکی گرنگی دیکه ئهوهیه ئهم بۆرییه بهخێرایی درووستدهکرێت و ئهوهش دهبێته هۆکار بۆ ئهوهی گواستنهوهی گاز بۆ بازاڕی تورکیا و یهکێتی ئهوروپا خێراتر بهرهو پێشهوه بڕوات.

 به‌پێی خه‌مڵاندنه‌کانى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان، هه‌رێمی کوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مه‌تر سێجا) یه‌ده‌گی گازی سروشتی هه‌یه‌، که‌ بریتیه‌ له‌ 3% ی تێکڕای یه‌ده‌گی جیهان. له‌دواى ساڵى 2003ه‌وه‌ پڕۆسه‌کانى گه‌ڕان به‌دواى گازى سروشتى له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌ستیپێکردووه‌و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ک دۆزراوه‌ته‌وه‌، له‌ ئێستادا گازى سروشتى سه‌رچاوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ى کاره‌بایه‌ له‌هه‌رێمى کوردستان. وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دۆزینه‌وه‌ى گازى سروشتیه‌وه‌ له‌ هه‌رێم رایگه‌یاندبوو، که‌ سیاسه‌تى ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تادا ئه‌و وزه‌یه‌ بۆ به‌کارهێنانى ناوخۆیی به‌کاربهێنێت، دواتر هه‌نارده‌ى تورکیا و ئه‌وروپاى بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار