پاڵاوگه نایاساییەکان هەولێر قاندەدەن

6 ساڵ لەمەوپێش



مهعروف مهجید

بۆنێکى ناخۆش و ژههراوى ماوهى چهند مانگێکه، شارى ههولێرى گرتۆتهوهو نیگهرانیى لاى هاوڵاتیان دروستکردوه، لیژنهکانى قایمقامیهتى ههولێر ئاماژه بۆ ئهوهدهکهن، تائێستا 58 پاڵێوگهى نایاساییان داخستوه، بهڵام هێشتا کۆتاییان نههاتوه.

بهوتهى ئهندامێکى ئهنجومهنى پارێزگاى ههولێر زیاتر له 100 پاڵاوگهی نایاسایی لهههولێر ههیه کههى بهرپرسانن و بێ مۆڵهتن، کارکردنیان بهپێى مهرج و رێنماییهکانى تهندروستى و ژینگه بهڕێوهناچن و زیانى تهندروستیان ههیهو دهبێتههۆى ژههراویبونی هاوڵاتیان. ئهنجومهنى پارێزگاى ههولێرو وهزارهتی سامانه سروشتیهکانیش ئاگادارى کارکردنى ئهو پاڵاوگانه نین.

عهباس محهمهد ئهندامى ئهنجومهنى پارێزگاى ههولێر بهئاماژهى بهوهکرد که بهدواداچونیان کردوه لهسهر پاڵاوگه نایاساییهکان، بۆیان دهرکهوتوه زیاتر له  100 پاڵاوگهی نایاسایی ههیه که بێ مۆڵهتن و هیچ یهکێک لهپارێزگاو سامانه سروشتیهکان  ئاگادارى کارکردنى ئهو پاڵاوگانه نین، ئهو پاڵاوگانه کهسانى بهرپرس خاوهندارێتى دهکهن.

عهباس محهمهد به هاوڵاتى وت «جگه لهکۆمهڵێک کارگهی ڕۆن، مۆلیده ئههلیهکان بهبهکارهێنانی گازی خراپ که لهو پاڵاوگانه دهیکڕێت بهنرخی ههرزانتر لهنرخی بازاڕ، ههموو ئهوانه هۆکاربونه بۆ پیسبونی ژینگه بهجۆرێک بهدهیان ملیۆن دۆلار ناتوانی پاکی بکهیتهوه«

بهرپرسانى تهندروستى ئاماژه بۆ ئهوه دهکهن، ئهو پاڵاوگه نایاساییانه جگهلهوهى ژینگهى شارى ههولێر تێکدهدهن، لهههمانکاتیشدا ئهو بۆن و دوکهڵهى لهلایهن هاوڵاتیانهوه ههڵدهمژرێت، زیانى تهندروستى بۆ هاوڵاتیان ههیه.

ئهنوهر محهمهد، بهرپرسى پشکنین و چاودێری لهفهرمانگهى ژینگهى ههولێر به هاوڵاتى وت «ئهو بۆنه کاریگهرى راستهوخۆى دهبێت لهسهر ژینگهى شارهکهو تهندروستى مرۆڤهکان ئهو کهسانهى لهڕێگهى ئهو بۆنهوه توش دهبن، مهترسى لهسهر ژیانیان ههیه، چونکه گازێکى خنکێنهره«.

سهبارهت بهمهترسیهکانى ئهو بۆنه، جهختیلهوه کردهوه «گازی گۆگردی هایدرۆجین که(H2S، بۆنێکی ناخۆشه، کارى لهسهر کۆئهندامی ههناسهدان ههیهو دهبێته هۆکارى چاو سورهوه بون و سهرئێشه«.

ئهوهشى وت «گازی یهکهم ئوکسیدی کاربۆن گازێکی ژههراوی و خنکێنهره، لهکاتی بارانباریندا بهشێوهی ترشهڵۆک دهبارێته سهر زهوی و کاردهکاته سهر دارودرهخت».

بهپێى زانیاریهکانى هاوڵاتىلهههرێمى کوردستان زیاتر له 170 پاڵاوگهی نایاسایی بونى ههیهو لهو ژمارهیه زیاتر لە 100 دانهیان دهکهوێته سنورى پارێزگاى ههولێرهوه، تائێستاش لهنێوان مۆڵهتپێدان و راگرتنیان لهکارکردن، حکومهت یهکلانهبۆتهوه.

چالاکوانانى ژینگه لهماوهى رابردودا، زۆرترین ههوڵیاندا تا ئهو بۆنه ناخۆشهى شارى ههولێر سهرچاوهکهى دیاری بکهن و بنەبڕى بکهن، رێکخراوهکانى بوارى ژینگهش بهردهوام بهدواداچونیان کردوهو کۆنگرهى رۆژنامهوانییان بهستوهو زیانهکان و دهرهاویشته خراپهکانى ئهو بۆن و دوکهڵهیان ئاشکراکردوه.

ئاسۆ شکاک بهرپرسى رێکخراوى ئاڤیارى تایبهت بهژینگه به هاوڵاتى وت «لهکۆنگرهیهکی رۆژنامهوانیدا رێکخراوهکانى تایبهت بهژینگه، داوامان لهلایهنه پهیوهنددارهکان و قایمقامیهتی ناوهندی ههولێر کرد وهک پارساڵ ههڵمهتیکی تر ئهنجامبدات و پاڵاوگه نایاساییهکان دابخات».

راشیگهیاند «خۆشبهختانه قایمقامیهتی ناوهندی ههولێر بڕیایدا، ههموو پاڵاوگه نایاساییهکان کههۆکارن بۆ دروستبونی ئهو بۆنه ناخۆشه دابخرێن کهزیاتر له 50 پاڵاوگه بوون».

بهگوێرهی ماددهی 41 و42  لهیاسای ژماره (8)ی ساڵی 2008، بڕیاری سهپاندنی سزای پێبژاردن بهسهر ئهو پاڵاوگه نایاساییانه دراوه، بڕی سزادانهکانیش بۆ ژمێرهی سندوقی ژینگه وهردهگیرێت و ههر کۆمپانیایهک بهبڕی حەوت تا 10 ملیۆن دینار سزادهدرێت.

بۆ بنبڕکردنى یهکجارى ئهو بۆنهى که بۆته هۆکارى ههراسانکردنى هاوڵاتیان و پیسکردنى ژینگهى شارهکه، لهمانگى حوزهیرانى ئهمساڵ قایمقامیهتى قهزاى ناوهندى پارێزگاى ههولێر ههڵمهتێکیان دهستپێکردوه، لهو نێوهندهدا چهندین پاڵاوگهیان داخستوه.

زمناکۆ محهمهد، سهرپهرشتیپارى لیژنهى قایمقامیهتى ههولێر ئاماژه بۆ ئهوهدهکات لهمانگی شەشی ئهمساڵ دوای بڵاوبونهوهی ئهم بۆنه لهسهر بڕیاری قایمقامی قهزای ناوهندی ههولێر بۆ جاری دوهم دهستبهکاربونهوه بۆ بهدواداچونى ئهو پرسه.

لیژنهکه لهبهرواری (25/6/2018) دهستیکرد بهداخستنی پاڵاوگه نایاساییهکان و تائێستا (58) پاڵاوگهمان داخستوه. ساڵی رابردوش لیژنهکه 24 پاڵاوگهی تری داخست.

زمناکۆ محهمهد وتى «لهکاتی ئێستادا هیچ بڕیارێک نیه تاکو ڕێگهیان پێبدرێت کاربکهنهوه و دهبێ ههڵبگیرێن».

سهبارهت بهڕاگرتن و بهدادگا گهیاندنى سهرپێچیکاران، زمناکۆ محهمهد، وتى «ئێمه لهکارکردن رامانگرتون، ئهگهر سهرپێچى بڕیارهکانمان بکهن، رێکارى یاسایی دهگرینهبهر دژیان و دهیاندهینه دادگا».

پێشتریش سهرۆکى دهستهى پاراستن و چاککردنى ژینگهى ههرێم لهدیمانهیهکى تایبهت به هاوڵاتىئهوهى ئاشکراکرد ئهو پاڵاوگانهى لهههرێمدا ههن هیچیان رێگهپێدراونین و مۆڵهتیان وهرنهگرتوه، زۆربهیان لهسهر زهوى کشتوکاڵى دانراون.

وتیشی «پاڵاوگهکان کاریگهرى خراپیان لهسهر ههرسێ رهگهزى ژینگه (ههوا، ئاوو خاک) دروستکردوه، هیچ سهلامهتیهک فهراههم نهکراوه بۆ ئهو کهسانهى لهوێ کاردهکهن، کوالێتى بهرههمهکانیان خراپه، تاکه چارهسهر ئهوهیه دابخرێن، رێگه بهچهند پاڵاوگهیهکى ستاندارى جیهانى پێشکهوتوو بدرێت، ئێمه لهڕێگهى داواکارى گشتییهوه داوامان دژى ههموو پاڵاوگه نایاساییهکان جوڵاندوه«.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار