راگەیەندراوی ھاوبەشی بەریتانیاو فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەبارەی خاشقچی

6 ساڵ لەمەوپێش



وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا،فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەبارەی پرسی بێسەروشوێنبوونی رۆژنامەنووسی بە رەگەز سعوودی، جەمال خاشقچی راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا بانگھێشتی حکومەتی سعوودیەیان کرد کە وەڵامێکی "ورد و تەواو" لەبارەی رووداوەکە بداتەوە.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جێرمی ھۆنت و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان ئیڤ لۆدریان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایکۆ ماس لەبارەی پرسی بێسەروشوێنبوونی رۆژنامەنووسی بە رەگەز سعوودی، جەمال خاشقچی راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوە دەکەن کە "پرسی پاراستنی رۆژنامەنووسان و ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین، بۆ بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا زۆر گرنگە. پێویستە رووداوی بێسەروشوێن بوونی رۆژنامەنووسی بە رەگەز سعوودی، جەمال خاشقچی، کە لە ٢ی تشرینی یەکەمەوە بێسەروشوێن بووە، ئاشکرا بکرێت". 

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "زۆر بە جددی لەسەر ئەم پرسە دەوەستینەوە. بۆ دەرخستنی راستییەکان و دۆزینەوەی بەرپرسیارانی بێسەروشوێنبوونی جەمال خاشقچی پێویستە لێکۆلینەوەیەکی باوەڕپێکراو ئەنجام بدرێت. ھانی ھەوڵی ھاوبەشی تورکیا و سعوودیە دەدەین و چاوەڕێی وەڵامێکی ورد و تەواو لە حکوومەتی سعوودیە دەکەین. ئەم پەیامەمان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە بەرپرسانی سعوودی راگەیاندووە". 

رۆژنامەنووسی سعوودی و نووسەر لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی، جەمال خاشقچی، کە رۆڵی گەورەی لە رۆژنامەی وەتەندا ھەبووە، ھەروەھا سەکۆیەکی گرنگی ریفۆرمخوازە سعوودییەکان بووە و وەک یەکێک لە کاریگەرترین رۆژنامەنووسەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێت، رۆژی دووی تشرینی یەکەم سەردانی کۆنسوڵخانەی سعوودیەی لە ئیستانبوڵ کرد و لەو کاتەوە تا ئێستا بێسەروشوێنە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار