ڕەجەب تەیب ئەردۆگان.. جاویدانی لەڕێی کۆنکرێت و چیمەنتۆوە

5 ساڵ لەمەوپێش



شوان ئەحمەد کردویەتی بەکوردی

سەروەختێک لەگۆڕینی دنیادا شکست دێنین، بەگۆڕینی دیکۆراتی ماڵەکەمان قایل دەبین. فەرەنساییەکان بەمجۆرە شۆخی بەشکستی ئەو کەسانە دەکەن کەلەخەون و خواستەکانیاندا، پڕکێشی دەکەن و زۆر دەڕۆن.  ئەم دەستەواژەیە ڕێک و ڕاست بەسەر " بەڕێز" ئەردۆگاندا جێبەجێ‌ دەبێت. 
ئەم کابرا ئیسلامگەرایەی نەیتوانی قەناعەت بەئەوروپاییەکان بهێنێ‌ کەتورکیا شایستەی ئەوەیە، ببێتە ئەندامی یەکیەتی ئەوروپا و هاوکات بێ ئومێدیش بووە لەوەی، ببێتە پۆلیسی ئەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەی بەبێ‌ ئەو دروست دەکرێتەوە، ئەمڕۆ دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕاندن و تێکشکاندنە دەرەکیانەی بەوە بکاتەوە، لەناوخۆدا و لەڕێی دروستکردنی کۆشکێکی کۆماری لەئەنقەرە، مەزنی دەسەڵاتی خۆی نیشان بدات و بەیادی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە، سەبورییەک بەگیانی بدات.
کۆشکێک وەک خەونێکی بەدی نەهاتوو کەئەردۆگان، لەسایەی دەسەڵاتەکەیدا سیمبولی تورکیای نوێی تێدا دەبینێت. هەرچی لەو کۆشکەدا هەیە، گوزارشت لەسەرشێتیەکی لەخۆبایی بوونانە دەکات کەخەسڵەتی سەرەکی زۆرێک لەکار و پرۆژەکانی ئەردۆگانە. ئەو تەلارە لەسەر ڕووبەرێکی ٠٠٠ ٢٠٠ مەتر چوارگۆشە دروستکراوەو نزیکەی  100٠ ژووری ڕازاوە و تایبەت لەخۆ دەگرێت.
بۆیە شتێکی سەیر نیە بۆ تەواوکردنی کۆشکێکی وا کەلەسەر شێوازی سەلجوقی نوێ‌ دروستکراوە، بڕی 350 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج کرابێت. زەبەلاحی کۆشکەکە بەجۆرێکە، تەنانەت لەوانەشی تێپەڕاندووە کەباب و باپیرانی (لەعوسمانیەکان)، لەدوای خۆیان جێیان هێشتووە. 
ئەوەی ئەردۆگان، ئەو کۆشک و تەلارە گەورەو ناچێزانەمان بیردەخاتەوە کەهیچ سەلیقەیەکی هونەری تێدانیەو لەو شتانە دەچێت کەسستمە تۆتالیتاریەکان، لەدروستکردنیدا دەستڕەنگینن و خۆیانی پێوە بادەدەن، ئەویش لەبەرئەوەی دەستەوستانن لەوەی شتگەلێک پێشکەش بکەن کەبەهایەکی ڕاستەقینەیان هەبێت.
لەڕاستیدا سەرۆک ئەردۆگان، زۆر جیاوازی لەگەڵ سەرکردەی ئەو سستمە تۆتالیتاریانەدا نییە. ئاخر سەرەڕای بوونی پانتاییەکی بەرفراوانی زەوی و زاری تەلار دروستکردن لەئەنقەرەدا، کەچی ئەو بەچاکی زانیووە پرۆژە فیرعەونیەکەی، لەناوجەرگەی دارستانێکی سەوزدا دروست بکات.
سەرباری ناڕەزایەتیەکی زۆری جەماوەری و ڕازی نەبوونی ژینگە پارێزان کەپێیان وابوو، ئەوە دەبێتە مایەی شێواندن و تێکدانی یەکێک لەڕووبەرە سەوزاییە دەگمەنەکانی ناو ئەنقەرە. ئەو شوێنە وەک شتێکی سروشتی و خۆڕسک دادەنرێت و هاوکات بەهایەکی مێژوویی گەورەشی هەیە، لەبەرئەوەی یەکێکە لەبەرهەم و دەسکەوتەکانی خودی (کەمال ئەتاتورک)ی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا.
تەنانەت دادگا و بڕیارەکانی دادگاش، نەیتوانی هەوڵەکانی "سەرۆک" بگۆڕن و بگرە گەیاندیە ئەوەی، ڕەخنە لەو دادوەرانەش بگرێت کەفەرمانیان بەڕاگرتنی پرۆژەکەدا. ئەوەش ڕەفتاری هەمیشەیی ئەردۆگانە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگادا، گەر لەبەرژەوەندی خۆیدا نەبێت.
دروستکردنی ئەو کۆشکە یاسایی بێت یان نا، ئەوە هەرگیز "سەرۆک" نیگەران ناکات، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کەهەمووشتێکی بۆ ئەوە کردووە سستمێک پایەداربکات کەتێیدا قسەی ئەوەڵ و ئەخیر قسەی خۆی بێت.
تەنها هەر ئەو کۆشکە نییە تەعبیر لەخود ئەڤینی و خود پەسەندی "سەرۆک" بکات، بەڵکو فڕۆکەخانەی سێیەمی ئەستەنبوولیش هەیە کەکارکردن تێیدا بەردەوامە، سەرەڕای ناڕەزایەتیە توندەکان، بەهۆی تێک و پێکدانی ئەو دارستانانەی دەکەونە باکوری شارەکە. 
وابڕیارە فڕۆکەخانەکە بەناوی (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان)ەوە ناو بنرێت. هاوکات زانکۆیەک و یاریگایەکی تۆپی پێش، بەناوی ئەوەوە دەکرێنەوە. "سەرۆک" ئاواتە خوازە، لەمزگەوتێکی زۆر گەورە لەئەستەنبوولدا بنێژێت و فەرمانی بەدروستکرنی ئەو مزگەتەش داوە.
ئەوەش عادەتێکە فەرمانڕەوا عوسمانیەکان لەسەری ڕۆشتوون، چونکە هەر یەکەیان لەدوای خۆیان مزگەوتێکیان جێهێشتووە کەبەناوی خۆیانەوە بووە. لێرەدا ئەردۆگان سیمبول و ترادسیۆنێک دێنێتەوە ئارا کەدەگەڕێتەوە بۆ بەر لەقۆناغی کۆمار.
تۆ بڵێی ئەمەی ئەردۆگان دەیکات، هەوڵی دەرونێکی تێکشکاو و نائومێد نەبێت کەحەسرەتکێشی ڕابردووە، یاخود گوزارشتێکی ناڕاستەوخۆ و ڕەتکردنەوەیەکی ژێرەوانکێیانە نەبێت، بۆ سەر لەبەری کۆماری تورکیای کەمالیزم؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار