دەنووسم کە دەزانم ئەوەی دەمەوێ بیکەم، ناگەڕێتەوە.

5 ساڵ لەمەوپێش



 

 

 

 

کە لۆرییە گەورەکە نامکوژێت،

کە مەتبەخەکەم قاوەی تێدا نامینێت، جگەرەیەکیش نادۆزمەوە بیکشێم

کە ئارەزووی ئەڤین و پیاسەی ناو باخچەیەکیش ناکەم،

کە حەزناکەم گوێ لە گۆرانییەکانی "لیونارد کوهین" بگرم،

کە دەستە خوشکەکانم، لە گێڕانەوەی نائومێدی و کەساسی تەواو دەبن

من شیعر دەنووسم.

یان پەخشانێکی درێژ دەنووسم،

لەسەر ئەو جۆرە ژنانە دەنووسم،

کە بە پاژنەی بەرزی پێڵاوەکانیان، ئەڤین دەکوژن،

لەسەر کوشتنی ئەڤینی ژنان دەنووسم،

یان ئەو ئەڤینەی ژنان دەیکوژن، کە درەنگ دێن، لەسەر سیسەمی شەویان لەگەڵ ئاوێزانی مێردیان دەخەون و

لەسەر شەهوەتی سستی، ناو جەستە پیرەکانیش دەنووسم.

لەسەر جەستە تەڕەکانی ساز بۆ ئەڤین، شاراوەی ژێر گەڵا کەسکەکانی دارهەنجیرێک دەنووسم.

لەسەر ماچە دزراوەکانی سەر لێوی عاشقەکان دەنووسم.

لەسەر ئەو ژنانە دەنووسم، خیانەت لە مێردەکانیان دەکەن.

لەسەر ئەو پیاوانەش دەنووسم، خیانەت لە ژنەکانیان دەکەن.

لەسەر بۆنی گەنیووی جەستەی ئەو ژن و پیاوانە دەنووسم،

هێشتا خۆشەویستی، پەنجەی لە شەهوەتیان نەداوە.

لەسەر درۆکانی بەردەوام هەموو دەیڵێینەوە،

لەسەر خیانەتەکانی بەردەوام هەموو دەیکەن،

لەسەر وڵاتە کەلاوەکە،

لەسەر سیسەمی ژن و مێردەکان دەنووسم، تێدا کەسی "سێیەم" تەنیا و بەخەیاڵیش، خۆی لەگەڵ یەکێک لە دوو هاوسەرەکە، رەحەت دەکات.

دەنووسم، کە دەزانم ئەوەی دەمەوێ بیکەم ناگەڕێتەوە.

کە لۆرییە گەورەکە نامکوژێت،

کە شیعر لەنێوان پەنجەکانم رادەکەن،

کە تف لە ئاکارە خراپەکەی ئەو جیهانە دەکەم،

هەموو نووسینەکانم، بۆ بوژانەوەیان، توڕدەدەمە باخەکەی پشتەوەمان،

بەڕووی باڵەفڕەی دووری باڵندەیەک، بزەیەک دەکەم.

 

وداد نبی: ژنە شاعیرێکی کوردی رۆژئاوایە و بەعەرەبی دەنووسێت، لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، لە بواری شیعر و پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ ژنە نووسەرە ئەڵمانەکانا ئەکتیڤە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار