ژنێک رووبەڕووی سەختییەکانی ژیان دەبێتەوە

دایکێکی ماندوو دەبێت لەیەک کاتدا پارووی چەند خێزانێکی بێسەرپەرشت دابین بکات، ئەوەش لەبازاڕێکدا کارکردن بۆ ژنان تێیدا سەختە

5 ساڵ لەمەوپێش



 

دیمەن ئیسماعیل

نەرمین مەحمودی تەمەن ٦٠ ساڵ لەسوچی شەقامێکی قەرەباڵغی کەلاردا فەرشێکی تەپوتۆزاوی راخستووە، شاحینەو هیدفۆن و پاوەر بانک وکەرەستە جۆراوجۆرەکانی مۆبایلی لەسەری ریز کردوە. 
لەو شەقامەدا دەنگی ترپەی پێی پیادەکان نایەڵن دەنگی نووساوی نەرمین دەربکەوێت، لەنێو عەبا رەشەکەیدا کە هەموو گیانی داپۆشیوە، دەستەکانی دەرهێناوەو دەست لەسەر ئەژنۆ بەدیار کەرەستەکانیەوە دانیشتوە. 
نەرمین بۆ ئەوە لەوێ نیە تاکو ترپەی پێی شەقامێکی قەرەباڵغی پڕ لە پیاو بژمێرێت، بەڵکو بۆ ئەوە لەوێیە تاکو ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە دوای مردنی باوکی نۆ منداڵی دروست بووە.
نەرمین مەحمود، دانیشتووی شاری کەلارە ماوەی چوار ساڵە دەستی کردوە بە فرۆشتنی کەرەستەکانی مۆبایل بەوەش بژێوی ژیانی چەند خیزانێکی قەرەباڵغ دابین دەکات کە ئەرکی هەموویان کەوتۆتە سەر شانی، ئەوەش بەشیکە لە چیرۆکی ژیانی ئەو ژنە رەشپۆشەی کە نائارامیەکانی خوارووی عێراقی بەجێهێشت و رووی لە کەلار کرد بۆ ئەوەی شوێنێکی ئارام بدۆزێتەوە کە کارکردنی ژنان تێیدا مەحاڵ نەبێت. 
ماوەی 25 ساڵە نەرمین هاوسەری لەدەستداوەو دایکی 9 منداڵە، سێ کوڕو شەش کچ. هەروەها بژێوی نەوەکانیشی لەسەر شانی ئەون.
نەرمین بە هاوڵاتىوت «لەدوای لەدەست دانی هاوسەرەکەم ئەرکی سەرشانی من قورستر بوو، بۆئەوەی ئەوان گەورەبکەم چەندین کارم ئەنجام داوە، کارگوزاری و شرینی و نۆکاوفرۆشتنم کردوە»
سەرەرای بەخێوکردنی منداڵەکانی خۆی ئەرکێکی تر کەوتۆتە سەرشانی، ئەویش ئەوەی کەمنداڵی براکانی بەخێو دەکات بەهۆی لەدەستدانی ژنی براکەیەوە، ئیستا وەکو دایکە بۆ برازاکانی، ئەمە جگە لەوەی براکەی خاوەن پێداویستی تایبەتە.
نەرمین وتی «براکەم بەهۆی ئەوەی فیشەکێ لەمێشکی ماوەتەوە توشی کەمئەندامی بوە، توانای کارکردنی نیە، بۆیە بەخێوکردنی ئەوانیشم لەئەستۆدایە.»
چیرۆکی کارە سەختەکانی نەرمین لێرەدا تەواونابێت، ئەو جگە لە مناڵەکانی خۆی و براکەی، منداڵی دوو لە کچەکانیشی بەخیودەکات دوای لەدەستدانی مێردەکانیان.
نەرمین بەهەناسەیەکی قووڵەوە قسەی بۆهاوڵاتى کردو وتی «دوان لەکچەکانم مێردەکانیان لەدەست داوە، خۆیان و منداڵەکانیان کە 10 منداڵن دەکەوێتە ئەستۆی من و ئێستاش من بەم تەمەنەوە خەریکی کارم، بۆئەوەی ئەوان خوێندنەکانیان تەواوبکەن».
کاتێک دەتەویت لە تەواوی چیرۆکی نەرمین و سەختیەکانی تێبگەیت، دەبێت یەک یەک ئەو بارە قورسانە بژمێرێت کە بەسەر شانی ئەم ژنە رەشپۆشە بە تەمەنەوەیە.
نەرمین سەرەڕای ئەم نەهامەتیانە کورێکی لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا کە لە هەشتاکانی رابردوو ررویدا دووچاری رووداویکی سەخت بوو، ئەوەش بووە بارێکی گرانی تر بەسەر شانیەوە.
کوڕەکەی بەهۆی دەنگی بەهێزی تۆپێکی دورهاوێژی ئێرانەوە کە لە نزیکیان کەوتۆتە خوارەوە دووچاری  ترس و نەخۆشی دەروونی بووە.
نەرمین بۆ ساڵانێکی زۆر خزمەتی ئەو کوڕەی کردووە لەگەڵ ئیش و کاردا هەمیشە ئاگاداری بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی فۆرمی بایەعیەکەی لە بەغدا بووە، بۆ وەگرتنی بەشە خۆراکی خۆی و نەوەکانی چۆتە بەغدا، هەربۆیە تاکو دێتەوە کوڕەکەی لەماڵ دەچێتە دەرەوە بەهۆی سەرماو بارانەوە رەق دەبێتەوەو دەمرێت، ئەوەش دوای 32 ساڵ لەخزمەتکردنی.
چیرۆکی ئەم ژنە هێشتا تەواو نەبووە، بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لەماڵی یەکێک لەکوڕەکانیدا خێزانەکەی و دومنداڵی لەدەست دەدات بەوهۆیەوە ئەو کوڕەشی توشی نەخۆشی دەرونی دەبێت، کچە تاقانەکەی کوڕەکەشی لەبەرهەژاری دەنێرێتە لای یەکێ لەکچەکانی تری کە ئێستا لە عەمارە نیشتەجێیە.
نەرمین سەرباری ئەوەی خێزانێکی گەورەی لەئەستۆدایە، کرێچیەو دەلێت پارەی سێ مانگی کرێ خانو قەرزارە لەلایەن خەڵکەوە بەپێی توانا هاوکاری دەکرێت. دەشڵێت کە هەندێک خەڵکی بیریان لەوە کردۆتەوە خانوویەک بۆ خۆی و مناڵ و نەوەکانی دروست بکەن، بەڵام ئەوە هێشتا بیرۆکەیە.
لەگەڵ ئەوەی نەرمین عەرەبە بەڵام بەکوردییەکی باش قسە دەکات بەو پێیەی چوار ساڵە مامەڵە لەگەڵ خەڵکیدا دەکات.
هەندێک لەخزمەکانی خۆشی کە لەگەڵ ئەودا خوارووی عیراقیان بەجێهێشتووە هاوکاری دەکەن و بۆ پیداویستیەکانیان ناچنە شوێنی ترو لای ئەو شت دەکڕن کە جگە لە کەرەستەکانی مۆبایل و ردەواڵە دەفرۆشێت. لەلایەن شارەوانی کەلارەوە رێگەی پێدراوە لەو شوێنە شت بفرۆشێت.
محەمەد ئەحمەد، تەمەن 22 ساڵ، لای پورە نەرمینی پیداویستەکانی دەکڕێت، بە هاوڵاتىوت «وەکو هاوکاری هەرچی پێداویستیەکم بوێت تا لای پورە نەرمین دەستم بکەوێت، هەرلای ئەو دەیکڕم».
نەرمین دەڵێت هیچ مووچەیەکی لەحکومەت نیە کە پێی بژی، بەڵکو ئەوەی بژێوی ژیانی مناڵ و نەوەکانی پێدابین دەکات ئەو فەرشە تەنکەی بەردەستی و کەرەستە بچووکەکانی سەریەتی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار