مەریوان وریا قانع: شاعیربوون پیشە نییە، بەڵکو تێوەگلانێکی ھەمەلایەنەیە لە چەندەھا ئەزموونی ئینسانیی تایبەت و ڕاستگۆوە

5 ساڵ لەمەوپێش



* لهدیدارێکدا و لهوهڵامى پرسیارێکدا دهربارهى خۆت، دهڵیَيت (کورد بوون گهورهترین دڵشکانى منه) یان دڵشکان، قهدهرى مرۆڤى کورده، دهتوانى پهیوهندى دڵشکان و کوردبوون لهشیعردام بۆ ڕون بکهیتهوه؟ ئهدهبیات یان شیعر تا چهند دهتوانێت تهعبیر لهقهدهرى دڵشکانى نهتهوهیهک بکات؟

مەریوان وریا قانع: کوردبوون دۆخێکی تایبەتیی مرۆڤبوونە لەناو مێژووی سەدەی بیستەمی ناوچەکە و جیھاندا. لەم سەدەیەدا مێژووی ناوچەکە گۆڕانێکی گەورە و ھەمەلایەنی بەسەردا دێت. لە پێش ھەمووانیشەوە گۆڕانی چەمکەکانی شوێن، شوناس، مێژوو، خود، زمان، ماف، خەون، ھتد.... ئەم چەمکانە لەم سەدەیەدا مانای تازە وەردەگرن و بەسەر یەکیشەوە وێنەیەکی تەواو تازە بۆ کۆمەڵگا و بۆ مرۆڤەکان دروستدەکەن. ھاوکات فۆرمی تازەی پەیوەندیی لەنێوان کۆمەڵگاکان و گروپەکان و ئەتنیەتەکاندا دروستدەبێت. بوونەوەرێکی تازە سەردێنێتە ناو مێژووی ئەم ناوچەیەوە جیاواز لە ئیمپراتۆریەتە دینییە گەورەکان، بوونەوەرێک کە ناویدەوڵەتی نەتەوەیە و شوناسێک کە ناوی شوناسی تاکەکەسێکی خاوەن نەتەوە و نیشتیمانە. لەھەمانکاتدا سەدەی بیستەم سەدەی دۆزینەوەی نەوت و دروستکردنی دەوڵەتی سەقەت و جوگرافیای ناسەقامگیرە. ئەو دەوڵەت و جوگرافیا ناسەقامگیرانە دەبنە ئەو چوارچێوەیە تازەیە کە مرۆڤ و کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەی تێدەکەون و میلەتی ئێمەش لەناویاندا بۆکەمینەیەکی ئەتنیوژێردەستدەگۆڕێت. ئەممەسەلەی بە کەمینەبوونەلەناو چوار دەوڵەتی دەسەڵاتگەری ناوچەکەدا ھێڵە درشتەکانی ئەو مێژووەیە کە فۆرمە جیاوازەکانی کوردبوون لە سەدەی بیستەمدا دەکەونەناویەوە. مێژووی ئەم دەوڵەتە تازانەش مێژوویەکی خوێناوەییە. ئەو زمانەی ئەم دەوڵەتانە لەگەڵ فۆرمە جیاوازەکانی کوردبووندا قسەیپان ێکردوە زمانی بەکەمینەھێشتنەوەی ئەم میلەتە بووە. زاراوە سەرەکییەکانی ناو ئەو زمانەش بریتییە لە چەوساندەوە و پەلاماردان و  گرتن و کوشتن و ڕاوانان. زۆرجار زمانی بێمافکردنێکی تەواو تا ئاستی وێرانکردنێکی بەرفراوان و ڕاگواستن و کۆچی دەستەجەمعیی و ھەڵاتن. ئەگەر لە مێژووی کوردبووندا شتێک ھەبێت ناویمەنفابێت، ئەوا ئەندازیار و دروستکەرەکەی ئەم مەنفایە سەدەی بیستەم و بکەرە سەرەکییەکەشی دەوڵەتی نەتەوەیە لە ناوچەکەدا. لەم ژینگە تازەیەدا کوردبوون لە فۆرمی بوونەوەرێکی بێماف و بێشوناس و بێنیشتیماندا لەدایکدەبێت. ھەر لەم سەدەیەدا کردەیەکی درێژ و بەردەوامیی بەرگرییکردن و قبووڵنەکردنی ئەو واقیعە تازەیە دەستپێدەکات، کە ھەر لەسەرەتاوە یەک دەرەنجامی تۆقێنەر و وێرانکەر دەخاتەوە: دەرەنجامی گۆڕانیکوردبوونلە شوناسێکی مێژووییەوە بۆمەقولەیەکی ئەمنیی“. کوردبوون وەک ھێمایەک بۆ نائارامیی و مەترسیی و ھەڕەشە و وەک ھێما بۆ شوناسێکیش کە پێویستە سنووردار و کۆنترۆڵبکرێت، یاخود بچەپێنرێت تا بە ئاستی لەناوبردنی یەکجارەکی دەگات.

ئەوەی دەبێت ئاشکرابێت ئەوەیە من لێرەدا حیکایەتێکی ناسیۆنالیستیی ناگێڕمەوە، بەڵکو بەسەرھاتی دروستبوونی دونیایەک دەگێڕمەوە کە میلەتێک بۆ چوار کەمینەی ناو چوار دەوڵەتی ستەمگەر کورتدەکاتەوە. باس لە دروستبوونی ژینگەیەکی سیاسیی و سەربازیی و ئەمنیی تازە دەکەم کە کوردبوون تیایادا وەک نەخۆشیەکی ترسناک دەبینرێت کە ھەڕەشە لەتەندروستییئەو ژینگەیە دەکات. تا ئەمڕۆ، لە بەشێکی گەورەی ناوچەکەدا، کوردبوون وەک وەبایەک،وەبایەکی ئەمنییسەیردەکرێت کە پێویستە لە ڕەگوڕیشەوە بنەبڕ بکرێتھەموو ئەمانە کارخانەیەکی گەورەی نیگەرانیی و خەمۆکیی و دڵشکان دروستدەکەن کە دیوێکی سەرەکیی ئەو دونیا ڕۆحییەیە کە لەناو زۆرێک لە فۆرمە جیاوازەکانی کوردبووندا ئامادەیە.

 تۆ سەیرێکی وێنە ئایکۆنیەکانی ناو مێژووی سەدەی بیستەمی کۆمەڵگای ئێمە بکە، ئێمە چ جۆرە وێنەیەک دەبین؟  وێنە ئایکۆنییەکانی ناو ئەو مێژووە، بەر لە ھەمووشتێک، یان وێنەی جەستەی کوژراوی سەرکردە سیاسییەکانە، یان وێنەی کوژراوی ھاوڵاتیی ئاساییە، یان وێنەی وێرانەکانی دوای جەنگ و پەلاماردانەکانە. لە وێنەی شێخ سەعیدی پیرانەوە بە ڕیشە سپییەکەیەوە دەستپێدەکات، تا بە وێنەی قازی محەمەد دەگات بەسەر سێدارەکەیەوە، بە تێپەڕین بەناو وێنەی چوار ئەفسەرە شەھیدەکەی ساڵی ١٩٤٧ و نامە کۆپیکراوەکەیانەوە، یاخود وێنەکەی ئۆچ ئالان بە دیلی و دەستبەستراوی لەناو فڕۆکەیەک لە ئاسماندا، یان وێنە غەمگینەکەی عومەری خاوەر و کوڕە تاقانەکەی کە بۆمبی ژەھراوی لە کارەساتی ھەڵەبجەدا دەیانخنکێنێت، یان وێنە زۆرەکانی وێرانەکانی ئەنفال و وێنەکانی کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ کە ڕاکردنی میلەتێک لە ماڵ و زادگای خۆی نیشانئەدات، تا بە وێنەی ئەو کۆڵبەرە کوژراوانە دەگات کە تەرمەکانیان لەناو بەفر و لە شاخەکاندا بەجێماوە. سەیری شتێکی ئاسایی وەک مێژووی زمانی کوردیی لەسەدەی بیستەمدا بکە، بزانە ئەم زمانە ڕووبەڕووی چیھا ڕێگر و زەحمەتیی و سنووربۆدانان و یاساغکردن و ئینکارکردن و تەنانەت ھەوڵی لەناوبردنی تەواوەتی کراوەتەوە. سەیرکە زمانی چەندان ملیۆن مرۆڤ بەناو چ تونێکێکی تاریک و پڕ مەترسیدا تێپەڕیوە.

لە ئێستاشدا لە سێ بەشی کوردستاندا جەنگ و پێکدادانێکی خوێناوی ئامادەیە. لە تورکیای ئەردۆگاندا کوردبوون لەبەردەم فۆرمە جیاوازەکانی ئیھانەکردن و بێنرخکردن و ئینکارکردن و چەپاندنێکی بەردەوامدایە. لە سوریای بەشار ئەسەد دا شتێک بەناوی ژیانێکی ئاسایی سادەوە بوونی نەماوە ھەڕەشەیەکی گەورە بە ئاسمانی کوردبوونەوەیە، لە ئێرانی خومەینزیزم و دوای خومەینزمی ئایەتوڵاکاندا ژیان بە گشتیی و ژیانی کورد بە تایبەتیی مەسەلەیەکی تەواو بێرنخ و بێبەھایە. لە زۆربەی ئەم دۆخانەدا ئەوەی ھەیە تێکەڵبوونی پیشەسازیی کوشتنە بە فۆرمە جیاوازەکانی ڕقی سیاسیی و دینیی و ئەتنی بە یەکتری، کورد لەناو ئەم پیشەسازیەدا یەکێکە لە کەرەستە خاوەکانمیلەتێک لەپاڵ پاشا ستەمگەرەکانی ئێران و خومەنیزمدا ژیابێت، ڕووی بەڕووی ئەتاتوکیزم و ئەردۆگانیزمدا تەقیبێتەوە، لە بەردەم ڕەحمەتی بەعسیزم و سەدامیزم و بەشاریزمدا ژیانی بەسەربردبێت، میلەتێکە وەک جەستەیەکی بریندار بەناو مێژوودا تێپەڕیوە و ھەڵگری شوناسێک و فۆرمێک لە بوون و ژیان بووە، پڕە دڵشکانی گەورە و قووڵ و بەردەوام.

بە کورتیی، یاداوەریی دەستەجەمعیی ئێمە یاداوەرییەکی بریندارە، پڕە لەو جۆرەئاھەنگە تایبەتانەی کە کۆمەڵناسی فەرەنسیی، ئیمیلی دۆرکھایم، ناویئاھەنگیی خەمباری لێدەنێت. ئاھەنگێک کە تێکەڵێکی ئاڵۆزە لە یادکردنەوەی خەمبارانە و ماتەم و ڕەشدیدیی و قوربانیدان و توندوتیژیی، کە بەسەریەکەوە جۆرێک لە توڕەبوون و جۆرێک لە ڕێزگرتن لە ئازار و جۆرێکیش لە ڕۆحی تۆڵەکردنەوە لەناو مرۆڤدا دروستدەکەنشانۆی کوردبوون لە سەدەی بیستەمدا تێکەڵێکە لە شانۆی شانازیی و شکۆ بە شانۆی برین و خوێنڕژان.

لە دوای ڕاپەڕینیشەوە ئێمە لەبەردەم ئەزموونی حوکمڕانییەکی وێرانی کورد خۆی و لەبەردەم پرۆژەیەکی سوڵتانیی ترسناک و نابەرپرسیارداین کە چەند بنەماڵەیەکی سیاسیی بە ھەمان لۆژیکی ستەمگەرانی سەدەکە بەڕێوەیدەبەن و مامەڵەیدەکەن. ئەم حوکمڕانییە بەشێکی گەورەی فۆرمە جیاوازەکانی گەندەڵ و بێمانا کردوە و لە پرۆسەی ناشینکردنێکی سەرتاسەریی سەرجەمی ڕەھەندەکانی کوردبووندایە.

شیعر لەبەردەمی دونیایەکی لەو بابەتەدا چی بۆ دەکرێت؟ دەتوانێت چی ڕزگاربکات و چۆن لە بەرامبەر پیسبوون و داڕماندا ڕاوەستێت؟

 وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام ڕەنگە شێرکۆ بێکەس یەکەم وەڵامی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە بووبێت بەو دۆخە. شیعری شێرکۆ تەعبیکردنێکی ھەمەلایەن و فرەشێوەیە لەو ئەزموونی کوردبوونەی باسمکرد. پێشموایە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی ئەم پیاوە ھەم مەحاڵە ھەم خراپە. لە دەرەوەی ئەزموونی شێرکۆشدا پێموایە خاڵی سەرەتا  پیاچونەوەیە بە پێناسی شیعر، یان بە تێگەیشتنمان بۆ شیعر خۆیدا. گەر بمانەوێت شتێک لەو دونیا وێرانە لە ئاستی ئیستاتیکیدا ڕزگاربکەین، پێویستە بەر لە ھەموو شتێک تێگەیشتنمان بۆ شیعر، لانیکەم لەم قۆناغەدا، دەسکاریبکەین. شیعر ھەرچییەک بێت سنعەت یان پیشەیەک لەپاڵ پیشەکانی تردا نییە، شاعیریش کەسێک نییە وەکچۆن کرمی ئاوریشم بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئاوریشم لە دەمیەوە دێتەدەرێ، ئاوا شیعر لە دەمیەوە بێتەدەرێ. کرمی ئاوریشم توانایەکی غەریزیی و ناوەکیی تێدایە وادەکات، خۆی بیەوێت یان نەیەوێت ئاوریشم دروستبکات. بەڵام شاعیری ڕاستەقینە بوونەوەرێکی لەو بابەتە نییە، کەسێک نییە تەنھا توانایەکی تایبەتی بۆ نووسین ھەبێت، یان سنعەتکاری نووسین بێت. شاعیربوون پیشە نییە، بەڵکو تێوەگلانێکی ھەمەلایەنە لە چەندەھا ئەزموونی ئینسانیی تایبەت و ڕاستگۆوە، بەرەنجامی ئامادەبوونێکی ڕاستگۆیانەیە لەناو ژیان و لەناو پەیوەندیی ڕاستگۆ لەگەڵ مرۆڤەکان و لەگەڵ جیھان و لەناو زماندا. ڕزگارکردنی شیعر لە پیشە و سنعەتکاریی، گەڕاندنەوەی ئەزموونی مرۆڤبوونێکی ڕاستەقینە و بەرپرسیار بۆ ناو شیعر، داواکردن لە شیعر و لە شاعیر ڕاستگۆبن لەناو دونیایەکدا پڕ لە درۆ و لە دەمامک، سەرەتای ھەموو سەرەتاکانە. وەکچۆن کوردبوون پێویستی بە ڕزگارکردن ھەیە لە فۆرمە ساختە و ناشیرینەکانی کوردبوون، شاعیربوونیش پێویستی بە ڕزگارکردن ھەیە لە فۆرمە ساختە و درۆزنەکانی شاعیربوون.  

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار