ڕۆمان و واقیع چەند سەرنجێک سەبارەت بە رۆمانی "دەریاس و لاشەکان"ی بەختیار عەلی

5 ساڵ لەمەوپێش



 

ئارام سدیق

بەر لە هەر شتێک دەشێ بپرسین، ئایا ڕۆمان واقیع دەگێڕێتەوە، یان واقیع کۆپی دەکات؟ یان هەوڵە بۆ ئەفراندنی واقیعێکی نوێ و گریمانکراو، کە بەر لە هەر شتێک بەرهەمی خەیاڵی نووسەرە. ئالان ڕۆب گرێی لەبارەی ڕەنگدانەوەی واقیەوە لە ئەدەبدا دەڵێت: "واقییەت لە ئەدەبدا لە وەهێمک زیاتر نییە. ڕاستەقینەترین بەرهەم لە هێمایەک زیاتر نییە بەرەو جیهانی واقیع."  لەم قسەیەی "ڕۆب گرێی"وە  دەشێت بڵێین هەموو ڕۆمانێک لە هەوڵی خولقاندنی واقیعێکی نوێ و گریمانکراودایە بە جۆرێک ڕەنگە هیچی ئەوتۆی لە واقیعی ڕاستەقینە نەچێت، یان ڕەنگە لە هەندێک خاڵ و پنتدا بچنەوە سەر واقیع، بەڵام ئەمە نیشانەی کۆپیکردنەوەی واقیع نییە. بێگومان دەبێت لێرەدا ئاماژە بە جۆرێک لە ڕۆمان بکەم کە دەیەوێت واقیع وەکو خۆی کۆپی بکان، ئەمەش بەتایبەت لە ڕۆمانە مێژووییەکاندا و لەوێدا واقیع بە هەموو پنتەکانییەوە ئامادەیی هەیە و هیچ تەفسیرێکی دیکە هەڵناگرێت. بەڵام تێکستی گێڕانەوەیی بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی لەو نەسلەی تێکستن، کە لە هەوڵی کۆپیکردنی واقیعدا نین، بەڵکو یان واقیعێک لە پاڵ واقیعی ڕاستەقینەدا دەخولقێنن، یان گریمانەی واقیعێکی نوێن، کە دەشێت لە ئاییندەدا ڕوو بدات.

زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر "ئارام کاکەی فەلاح"ی چیرۆکنووس لە دیمانەیەکی گۆڤاری ئاییندەدا گوتی "چیرۆک هەڵبەستنی درۆیە بۆ دەرخستنی ڕاستی"، بێگومان هەموو ڕۆمانێک بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵبەستنی درۆیە، بەڵام دەیەوێت ڕاستییەک بخاتەڕوو، یان ئاوێنەنمای ڕاستیەکە. بەڵام وەکو لوسیەن گۆڵدمان دەڵێت: ڕۆمان بەو پێیەی بریتییە لە ژیاننامە و ڕووداو، بە زەرورەت وێنەی واقیعی کۆمەڵگا دەکێشێت"، بەڵام دەشێت ئەو واقیعە گریمانکراو و ئەفرێنراوی خەیاڵی نووسەر بێت، نەک کۆپی سەداسەدی واقیعی بەرجەستە.

بەرلەوەی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی کێشەی نووسەر و ڕەخنەی خراپ و هەڵەتێگەیشتنی لە ئەدەب هەبێت. خوێنەرەکانیش هەمان کێشەیان هەیە و تێکستێکی گێڕانەوەیی و واقیعیان لێدەبێتە یەک و زۆرجاریش باوەڕ بە دروستی حیکایەتە دروستکراوەکە دەکەن، یان خۆیان و لە خەیاڵی خۆیاندا کاراکتەری واقیعی بۆ کاراکتەری نێو ڕۆمانەکان دادەتاشن. بێگومان ئەم پەتایە بە درێژایی مێژووی ئەدەبی گێڕانەوەیی کوردی هەیە و بەشی هەرە زۆری تێکستە گرنگ و دیارەکانی نێو ئەدەبی کوردی هەر لە چیرۆکی "بە خەوما"ی جەمیل سائیبەوە تا ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان"ی بەختیار عەلی تۆمەتی واقیعیبوونی دراوەتە پاڵ و هەمیشە واقیعێک بەسەر ئەم تێکستانەدا سەپێنراوە، یان ساغکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە تا هەنووکە هەڵوەستەی جیددی لەسەر نەکراوە و هەمیشە ئەم دیدە هەڵە و ڕوانینە ناسازە درێژبۆتەوە بەبێ هیچ هەڵوەستەیەک و ڕەتکردنەوەیەک، کە من لێرەدا دەمەوێت هەڵوەستەیەکی لەسەر بکەم و کۆی دیدەکەش ڕەت بکەمەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا کە ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان"ی بەختیار عەلی بڵاوکرایەوە، گفتوگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەویش نەک بەو ئاقارەدا گفتوگۆی تێزە فیکریی و چۆنێتی گێڕانەوە و دونیا ئەفرێنراوەکەی بکەن، بەڵکو بەو ئاقارەدا کە ئایا کام کاراکتەری نێو ڕۆمانەکە لە واقیعدا جێگرەوەی هەیە. ئایا "ژەنڕاڵ بیلال" لە کێ دەچێت و دەشێت کێ بێت؟ ئەی "ئەرشەد ساحێب" کێیە؟ ئیدی هەر خوێنەرە و بە خەیاڵی خۆی کەسایەتی واقیعی بۆ کاراکتەری نێو ڕۆمانەکە دادەتاشی و زۆرجاریش لەو نووسینانەدا، یان لەو کەسایەتی داتاشینەنادا بەهای تەواوی ڕۆمانەکە و هێڵە فیکرییەکانی ون دەبوو، یان هەر باس نەدەکرا.

"دەریاس و لاشەکان"، ڕۆمانێکە لەسەر مێژووی بیرکردنەوە کورت مەودا و کەمخایەنەکانی مرۆڤی کورد، بە جۆرێک کە نیگایەکی قووڵ و دوور مەودای نییە لەسەر ڕووداو و پێشهاتەکان و هەمیشە چاوەڕوانی فریادڕەسێکە. بێگومان ئەمە لە وێنە گەورەکەیدا سەرجەم مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی دەگرێتەوە، کە هەمیشە چاوەڕوانی فریادڕەسێکە و خۆی توانای جوڵان و کار و شۆڕشی نییە و هیچی پێ ناکرێت و چاوەڕوانی کەسێکی دیکەیە ئەوە بکات و ئەمیش شوێنی بکەوێت. ڕۆمانەکە قووڵتر ڕۆدەچێتە نێو وەهمەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و ڕەخنەی دەکات بەوەی وەکو لیبۆکێک پیشانی دەکات، کە چاوەڕوانی کەسێکە بیبزوێنێت، یان دروستترە بڵێم مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی خۆی بە یاریکەری نێو مەیدانی "بوون" نازانێت، بەڵکو بوویەکی یاریپێکراوە لەلایەن دەسەڵاتە جۆراو جۆرەکانی ئەم ناوچەیەوە.

ئەوەی بەختیار عەلی لەم ڕۆمانەدا پێداگریی لەسەر دەکات ئەوەیە مرۆڤ خۆی ببێتە بزوێنەری مێژوو و خۆی مێژووی خۆی دروست بکات، نەک ئەوانی دیکە مێژووی بۆ دروست بکەن و بڕیار لەسەر چارەنووسی بدەن و ئاراستەکانی ژیانی دیاری بکەن. ئەم نووسەرە بۆ گەیاندنی ئەم پەیامانە و دەیان پەیامی دیکە پەنا بۆ مێژووی کورد دەبات، بەڵام کتومت کۆپی ناکات، ئەو خەونی ئەوە نییە، کە واقیع کۆپی بکات، چونکە بەختیار عەلی ڕۆمانووسێکی ڕیالیست نییە، بەڵکو سوود لە واقیع وەردەگرێت لە پێناو گەیاندنی ئایدیای مرۆیی گەورە و گەردوونی تردا. بەڵام ئەوە خەیاڵی بچووک و تەسکی خوێنەری کوردە، کە دێت و سەرجەم کاراکتەرەکانی ڕۆمانێکی وەکو "دەریاس و لاشەکان" بە کاراکتەری نێو واقیع بەراورد دەکات و بۆ شوێنگرەوە و هاوشێوەکانیان دەگەڕێت. بێگومان ئەمە نزمترین ئاستی ڕوانینە لە ڕۆمان و دەقی گێڕانەوەیی.

ئەگەر هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی هاوکێشەکە بدەین. ئەویش بەوەی گریمانەی ئەوە بکەین ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان" نووسەرێکی بیانی نووسیویەتی و وەرگێڕێک کردوویەتی بە کوردی، ئایا بواری ئەوەمان دەبوو (دەبێت) بەدوای وێنەی واقیعی کاراکتەرەکانیدا بگەڕێین، بێگومان نەخێر. یان ئەگەر ئەم ڕۆمانە وەربگێڕدرێتە سەر هەر زمانێکی بیانی، ئایا خوێنەر بۆ وێنە واقیعییەکەی "ژەنڕاڵ بیلال" و کاراکتەرەکانی دیکەدا دەگەڕێت؟ بێگومان نەخێر. بەڵام ئایا بەمە لە جوانی و گرنگی ڕۆمانەکە کەم دەبێتەوە، دیسان نەخێر. بۆیە ئەو خوێنەرانەی کە رۆمانی "دەریاس و لاشەکان" بە واقیع بەراورد دەکەن دەشێ لە دوو بەرەدا پۆلێنیان بکەین: یەکەم ئەوانەن کە ناتوانن لە ڕۆمانەکە تێبگەن و تەنها بەدەوری ڕووکەشی رۆمانەکەدا دەسووڕێنەوە. دووەم ئەو خوێنەرانەن لە پەیامی ڕۆمانەکە تێگەیشتوون، بەڵام دەیانەوێن لە گرنگی و قووڵی پەیامەکەی کەمبکەنەوە، هەر بۆیە بەرگێگی واقیعی بە بەردا دەکەن. بەڵام هەرگیز خوێنەرە جیدییەکان هەوڵی ئەوە نادەن، کە کاراکتەری نێو ڕۆمان لەگەڵ کاراکتەری واقیعی بەراورد بکەن.

بەشێک لە توێژەران لایانوایە کە هیچ تێکستێک نییە، کە دابڕاوبێت لە واقیع، بەڵام تێکستی ڕاستەقینە واقیعی خۆی دادەهێنێت. "واقیع، خوانێکی ئاسمانی نەگۆڕ نییە، بەڵکو دیاردەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە کە بەهۆی کاریگەری ڕووداوانی ناکۆکەوە لە گۆڕانی بەردەوامدایە"

ئەگەر هەر بەپێی خودی ئەم ڕستانەی سەرەوە سەیری ڕەنگدانەوەی واقیع بکەین لەنێو ئەدەبدا دەبینین، کە کۆپیکردنی تەواوەتی ڕووداوەکان هێما نییە بۆ بەرجەستەکردنی تێکستی سەرکەوتوو، بەڵکو دەکرێت واقیع بئەفرێنرێتەوە و دووبارە لە فۆڕم و شێوازی دیکەدا دروست بکرێتەوە وەک ئەوەی ئەم نووسەرە لە رۆمانی "دەریاس و لاشەکان"دا کردوویەتی.

ماریۆ بارگاس یۆسا لەبارەی داهێنانی ڕۆمانەوە ڕستەیەکی سەرانجڕاکێشی هەیە و دەڵێت: "ڕۆمان بۆ ئەوە دانەهێنراوە کۆپی واقیع بکات، بەڵکو دەیەوێت ئەو واقیعیەتە وەرچەرخێنێت و کارێکی جیاواز ئەنجام بدات و لەنێو جەرگەی واقیعەوە واقیعێکی جیاواز دروست بکات. بەختیار عەلیش نایەوێت لەم ڕۆمانەدا واقیعێک کۆپی بکات، کە هەموان تێیدا ژیاون، بەڵکو ئەو واقیعێکی دیکەی دروست کردووە، کە واقیعی گریمانکراوی خەیاڵ و ئەندێشەکانی خۆیەتی و لەنێو دێڕ و وشەکاندا بوونیان هەیە و مەرج نییە لە دونیای بەرجەستەدا هاوشێوەکانیان بدۆزرێتەوە. هەر بۆیە گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی هاوشێوەی کاراکتەرەکان لە واقیع گەڕانێکی بێ هودە و دوورکەوتنەوەیە کە ئەدەب و ماڵئاوایی کردنە لە فیکر.

        

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار