جینۆساید و سینەما، چیرۆکە نەگێڕدراوەکانی ئەنفال

5 ساڵ لەمەوپێش



هەوراز محەمەد / فیلمساز و توێژەر

 پەیوەندی سینەما بە چیرۆکە جیاوازەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەوە، بە گێڕانەوەی رووداو و بەسەهاتەکانەوە، بە فۆکەس خستنە سەر کارەکتەرێک، کێشەیەک، دیاردەیەک، نەخۆشیەک، بابەتێکی نامۆ و ..هتد، دەست پێدەکات.. سینەما جۆرێکی نوێی نووسینەوەی مێژووی ئینسانە لەم سەردەمەدا کە تیای دەژی، بەئازار و دڵخۆشیەکانیەوە، بە بیرکردنەوە و ئاکتەکاننیەوە.. سینەما گوزارشتکردنێکی ئەدەبی و هونەریانەی هاوچەرخە بۆ ئەو رووداوانەی کە مرۆڤ بەسەری دێن، کە بەسەر ژیاندا دێن بە گشتی.. گەرچی مێژووی ئەم هونەرە زۆر نوێیە و بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و مۆدێرنەیە هەر وەک چەکە کۆکوژە مۆدێرنەکان، بەڵام بەشێکی گەورە لەوەی مێژووی ئەم هونەرە داگیر دەکات رەخنەی ئەم هونەرەیە لە مۆدێرنە و دەرەنجامە کارەساتبارەکان کە بە دوای خۆیدا هێناویەتی، یەکێک لەوانە کارەسات و جەنگ و جینۆسایدە.. سینەما و کارەسات: لەگرنگترین کارکردی سینەما بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی کارەسات و جەنگ و ماڵوێرانی و جینۆساید، بەرهەمهێنانی فیلمەکانە لەبارەی جەنگی جیهانی و بەتایبەتیش سینەمای قڕکردنی جووەکان و کارەساتی هۆلۆکۆستە. بەشێوەیەکی بەردەوام و سیستماتیک چەندین ناوەند و دامەزراوە و کۆمپانیا ساڵانە فیلم لەمبارەیەوە بەرهەم دەهێنن. لە پێناو لەبیرنەچوونەوەی کارەساتەکان و بیرنەچوونەوەی ئەو چیرۆکانەی لەناو دوکەڵی رەشی جەنگەکاندا روویاندا، لە پێناو رەخنەکردنی ئەو دۆخانەی وایانکرد مرۆڤ ببێتە سوتەمەنی شەڕ و چەکەکۆژەکان.. لە پێناو زیندوو هێشتنەوەی ئەو نەتەوانەی دووچاری قڕکردن بوونەوە، سینەما دێت و دەیەوێت ئەم قڕکردنە یاداشت بکات.. سەروەختێک چیرۆکەکان تەنها گێڕانەوەی سەربوردی ئەو رۆژگارانە و رووداوەکان بوون، بەڵام لە ئێستادا کەمێک قوڵتر و وردەکارانە تر، چیرۆکی پاڵەوانەکانە، لە ئێستادا سینەمای جووەکان و سینەمای جینۆساید پەیامێکی گرنگتری هەیە و پێمان دەڵێت راستە ئێمە بووینەتە قوربانی، بەڵام ئێمە پاڵەوانی راستەقینەی ناو ژیانی خۆمانین و هەردەم ئاماژەیەک هەیە بۆ سەرکەوتن.. لە ئێستادا فیلمەکان وێڕای نمایشکردنی ئازار و نەهامەتیەکان، وێڕای نمایشکردنەوەی بە قوربانی بوون، بەڵام هەرگیز ئەو هەستە نابەخشێت کە تۆ ئەی ئەو کەسەی لە رەگەزی قوربانیت، تۆ مرۆڤێکی ستەملێکراوی دۆڕاویت و تۆ بێهێزیت، بگرە رێک بە پێچەوانەوە پەیامەکە پەیامی هەڵوێست و نەبەردی نەدۆڕان و پاڵەوانێتیە، بەڵام هەمیش کار لەسەر وەرتەرێک دەکات کە بیری نەچێتەوە ئەو لە مێژوودا ستەمی لێکراوە.. سینەما و مێژوو: جگە لەوەی ژانرایەکی فیلممان هەیە کە پێی دەڵێن (فیلمی مێژوویی)، کە تایبەتە بەو رووداو و چیرۆکانەی لە مێژوودا روویانداوە، جا لە مێژووی دێرین دا بێت یان مێژووی نوێ. جۆرە کارکردنێکی تری سینەما هەیە کە روئیای جیاواز لەناو مێژوودا بەرهەمدەهێنێتەوە، ئەوەش ئەو هێزەیە کە سینەما لە خەیاڵ وەریگرتوە و دیوە ئەدبی و فکریەکەیەتی، کە دەتوانێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە یەک چیرۆک، یەک بابەت، یەک بەسەرهات بگێڕێتەوە. هەرواش لە توانایدایە شیکاری نوێ، تێگەیشتنی تازە، خوێندنەوەی جیاواز بۆ بابەتەکان بکات.. هەر یەک رووداوی کامپی ئاشویتز، کە جووەکانی تیادا کۆکرانەوە و قڕدەکران لەسەر دەستی نازیەکان، دەیان فیلمی لێ بەرهەم دێت، بە تەنیا رووداوی سوتانی ناو کارگەکانی سوتاندن، لە چەندین دیمەنی جیاوازدا و هەر یەکەو لە گۆشەنیگایەکەوە نیشاندراوە، لە هەردیمەنێکدا فۆکەس خراوەتە سەر شوێنێکی رووداوەکە، لە هەر بەشێکدا لەچاوی کەسێکەوە دیمەنەکە دەبینرێت.. لێرەوە گەرچی زۆرینەی فیلمەکان ریالیستین و شتێکی زیادە نەخراونەتە سەر چیرۆکەکانیان، بەڵام بە دیدێکی نوێوە ئەو مێژووە بینراوە و فیلمەکان مێژووەکەیان لەلایەک بە نەمری هێشتۆتەوە لەلایەکی تریشەوە جۆرێکی تری مێژوویان بەرهەمهێنانەوە.. چەمکەکانی (ئازایەتی و لە خۆبردوویی و خۆشەویستی و یەکترجێنەهێشتن و گیانفیدایی لە پێناو ئەوانی تر و مەزڵومیەت و مەردایەتی و نەترسان) دەبنە سیما گشتیەکانی قوربانی و هەر ئەمانەش وا دەکات قوربانیەکان وەک پاڵەوان ببینرێن.. کورد و کارەسات: هەرچەند هیچ مایەی خۆشحاڵی نیە، بەڵام فاکتێکی مێژووییە کە کورد جگە لەوەی بە ئازایەتی دەناسرێت، بەشێک لە شوناسەکەی لە ناو کارەساتە بەردەوامەکانەوەیە. کارەسات رەنگی هەر دیاری مێژووی ئەم نەتەوە و کۆمەڵە مرۆییەیە.. لە مێژووی دوور و نوێشدا کارەسات هەمیشە شتێکە ئامادەیی هەبوە و هەیە، لەوەش کارەسات تر بەردەوامی مەترسی ئامادەیی کارەساتە کە هەر کاتێک بێت دەشێت روو بدات.. قڕکردن بە هەموو جۆرەکانیەوە، لە سڕینەوەی فیزیکیەوە بۆ سڕینەوەی شوناس و هەوڵدان بۆ لە زمانخستنی نەتەوەکە بابەتێکە هەمیشە لە ناو مێژوودا ئامادەیی هەیە.. قوربانی بوون بۆتە شوناسی باو و کەسێتی تاکی کوردی هەمیشە خۆی پێ دەناسێتەوە و جۆر جارانیش بەرخورد لەگەڵ ئەم شوناسەیدا دەکات و لە هەر دەرفەتێکی خۆناساندندا گرنگترین پێناسەیەکی بۆ خۆی وەک کەسێکی ستەمدیدە و قوربانی خۆی بەیان دەکات.. بەڵام لە کارەساتەکان کارەساتتر بێزمانی لە گێڕانەوە و هەڵنەگیڕانەوەی مێژووە، بەمانایەکی تر کورد نەیتوانیوە سود لەکارەسات وەربگرێت بۆ ئەوەی پارێزراو بێت، بەڵکو هەمیشە جەستەیەکی ئامادەیە بۆ ئەوەی کارەساتی بەسەردا بێتەوە.. زمان و گێڕانەوە، ئەدەب و هونەرەکە بەرخوردێکی رووکەشیانە لەگەڵ کارەساتەکان دەکات، چوون زمان تەنها ئەداتی گوزارشت نیە و زمانی بیرکردنەوەشە، هەر بۆیە لەم ئاستە رووکەشیەدا قوربانی بوونی خۆی قبوڵکردوە و هێندەی ویستویەتی پێی بناسرێتەوە نەیتوانیوە ئەم قورانی بوونە بکاتەوە بە چەکی دەستی بۆ خۆ پارێزی.. کارەسات هەرچەند ناخۆشە بەڵام دەتوانێت زۆر بەرهەمی ببێت. جووەکان قوربانی بوونیان لە مێژوودا کردۆتە ئەداتی پاراستنی ئێستا و داهاتویان، تا ئاستی ئەوەی کارەسات دەوڵەتی بۆ دروستکردون. ئەرمەنەکان بەهەمان شێوە، ئەمەش تەنها لە رێی دەستکاری کردنی زمان و گێڕانەوە و بیرکردنەوەی نوێوە. بەڵام بەداخەوە کورد لەم بوارەدا هێشتا هیچ.. زەمەنی ئەنفال و زمانی گێڕانەوە: ئەنفال گەورترین کارەساتی قڕکردن و لەناوبردنی بەکۆمەڵە لە مێژووی نوێی کورددا، سەدان هەزار کەسی تیا قڕ کراوە و دەیان هەزار گوند وێرانکراوە و تەنانەت چەکی کۆکوژ و کیمیایشی تیا بەکارهێنراوە.. گەر لەسەر ئاستی گێڕانەوەی سادە بیگرین تا گێڕانەوەی یاداشت، تا گێڕانەوەی ئەدەبی لە چیرۆک و رۆمان، تا دەکاتە سینەما.. کورد ئەم ماتریاڵە گەورەیەی تا ئاستی فەرامۆشی فەرامۆش کردوە، لەوەش کارەساتتر هەمیشە نوخبەیەک و بەشێک لە خوێندەواران کاتێک کارێک لەسەر جینۆسایدی کورد دەکرێت هەمیشە پرسیارە دووبارە و جاڕسکەرەکەیان ئامادەیە (ئەرێ‌ ئەم ئەنفال و نەهامەتیە بوو بەچی؟ ئەرێ بۆ ئیشێک لەسەر ژیانی ئێستا ناکرێت؟ ئەرێ تا کەی ئێمە هەر لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە ئیش بکەین)، ریشەی پرسیارەکە بۆ دوو تەوەر شی دەکەمەوە: - هەرچەند پرسیارەکە لەناو خۆیدا هەڵگری ئیشکالەیەتە و ئێمە چەند فیلمی باش و رۆمان و دەقی باشمان لەسەر ئەم بابەتانە بەرهەمهێناوە تا پرسیارێکی لەو شێوەیە بکرێت، بەڵام ئاستە سەتحی زمانە کرچەکەی گێڕانەوە لە زۆرینەی ئەو بەرهەمانەدا رێگەی بۆ ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە خۆش کردوە. - لەلایەکی ترەوە هیچ یەکێک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و نوخبەی ئەدەبی و هونەری ئەم سەبجێکتەیان بۆ نەبۆتە بابەتی کاری جدی، کە جگە لەوەی ئاستی تێگەیشتن لە کارەسات-رووداوەکە، هێشتا وەک پێویست گرنگی پێ نەدراوە، لەبارێکی تریشەوە ئەوەی کە بەرهەم هاتوە لە رووی چەندێتی و چۆنایەتیەوە زۆر زۆر کەمن. بەداخەوە ئەتوانین بڵێین تا ئێستا کورد هیچ تۆمارێکی لە مێژوەی خۆی دۆکیومێنت نەکردوە و هیچ بەرهەمێکی جدی فیکشنیشی لێ بەرهەم نەهێناوە، جچا ئەوەی لەم رێگەیەوە روئیا و دنیا بینی جیاواز دروست بکات، مێژوو دروست بکاتەوە، وێنا بگۆڕێت و قوربانی بکاتە پاڵەوان.. بە بڕوای من ئەم کارە هەم تێگەیشتنی قوڵی دەوێت هەم دامودەزگای تایبەتمەندی بیرکەرەوە..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار