سه‌ردانه‌که‌ى تره‌مپ بۆ یابان خۆدزینه‌وه‌یه
5 ساڵ لەمەوپێش
کاکه‌لاو عه‌بدوڵا
دوێنێ شه‌ممه له سه‌ردانێکى فه‌رمیدا و بۆ یه‌که‌مجار دۆناڵد تره‌مپ گه‌یشته یابان و وا ده‌رده‌که‌وێت بۆ گه‌یشتن به ڕێکه‌وتنێکى بازرگانى بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته به‌ڵام زۆرێک له سه‌رچاوه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن ئه‌مه تاکه ئامانج نه‌بێت.
ڕێکه‌وتنێکى نوێ که تێیدا ئه‌مریکا ببێته سوودمه‌ند، ئه‌جێنداى ڕووکه‌شى سه‌ردانه‌که‌ى تره‌مپه. میدیا جیهانییه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن که چه‌سپاندنى ڕێکه‌وتنه‌که بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى هه‌ژموونى یابانه له ڕووى ئابووریه‌وه و هه‌روه‌ک خۆشى رایگه‌یاند "ماوه‌ى ساڵانێکى زۆره یابان هه‌ژمونێکى گه‌وره‌ى هه‌یه له ئابوری‌دا به‌ڵام ئاساییه چونکه ڕێکه‌وتنه‌که که‌مێک دادپه‌روه‌رانه‌ترى ده‌کات."
هه‌روه‌ها تره‌مپ باسى له‌وه‌شکرد که یابان داواى بڕێکى زۆر له چه‌ک و که‌لوپه‌لى سه‌ربازى کردووه و پێیوایه ئه‌مریکا باشترین که‌لوپه‌لى سه‌ربازى هه‌یه بۆیه یابان ده‌یه‌وێت بڕیکى زۆرى ئه‌و که‌لوپه‌لانه بکڕێت.
هه‌رچه‌نده ئه‌جێنداى سه‌ردانه‌که‌ى به‌ڕووکه‌ش بازرگانییه، به‌ڵام هه‌ندێک پێیانوایه که ئه‌م سه‌ردانه‌ى خۆدزینه‌وه‌یه‌که له‌و که‌شه‌ى ئێستاى ناوخۆى ئه‌مریکا.
له‌ئێستادا هه‌ڵمه‌تێکى گه‌وره به‌سه‌رکردایه‌تى دیموکراته‌کان هه‌یه بۆ لێکۆڵینه‌وه له ئیداره‌ى تره‌مپ به‌مه‌به‌ستى ساغبوونه‌وه‌ى ده‌ستێوه‌ردانى رووسیا له ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ٢٠١٦. ئه‌گه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌کان راست ده‌ربچن ئه‌وا کۆنگرێس تره‌مپ له پۆسته‌که‌ى دوورده‌خاته‌وه.
به‌پێى په‌یره‌وى ناوخۆى کۆنگرێسى ئه‌مریکا، هه‌ر سه‌رۆکێک ئیشه‌که‌ى بقۆزێته‌وه بۆ لایه‌نى تایبه‌تى یا گه‌نده‌ڵى بکات، به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ ده‌توانن متمانه‌ى لێبسه‌ننه‌وه.
له تویتێکیشدا، جۆن ڕۆبێرتس، ڕۆژنامه‌وان له که‌ناڵى فۆکس نیوزى نزیک له دیموکراته‌کان، ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند که تره‌مپ له په‌یوه‌ندیه‌کى ته‌له‌فونیدا ئه‌وه‌ى پێ وتووه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى گفتوگۆکانى له‌گه‌ڵ سه‌ره‌ک وه‌زیرانى یابان، شینزۆ ئه‌یب، ته‌رخان ده‌کرێت بۆ بازرگانى به‌ڵام گه‌یشتن به ڕیکه‌وتنێکى جدى دوا ده‌خات تا دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌م هاوینه‌ى یابان.