تورکیا بە«ئۆپەراسیۆنی چنگ» خۆی تاقیدەکاتەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



گەریلاکانی پەکەکە بە«شێوازی نوێ» رووبەڕووی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بوونەتەوە بۆ سەر سنووری خواکورک

هاوڵاتی

سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکەی بۆ سەر ناوچەی خواکورک لە سنوری هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە، بۆ هێرشکردنەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، گەریلاش بە «شێوازی نوێ» روبەڕووی سوپا بووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەکە لە ٢٧ی مانگی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بەدەیان فڕۆکەی جەنگی و هەزاران سەرباز رەوانەی سنورەکە کراون، بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە لەو ناوچە سنورییە کە دەکەوێتە سێگۆشەی سنوری هەرێم و تورکیا و ئێران.

ئۆپەراسیۆنەکە کە ناوی «چنگ» ی لێنراوە، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی خولوسی ئاکار سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە بوونی پەکەکە لەو ناوچە سنورییە شاخاوییە کە پێگەیەکی سەرەکی پەکەکەیە.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزەکانی کۆماندۆی تورکیا بەشدارن، هەروەها فڕۆکەی هێرشبەری پێشکەوتوو بەکاردەهێنرێن بۆ هێرشکردنە سەر پێگەکانی پەکەکە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی چنگ بۆ سەر پەکەکە بەردەوامە و بۆردومانی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکان چەندین مۆڵگە و حەشارگەی پەکەکەیان تێکشکاندووە.

لەو کاتەوەی ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووە، تورکیا بانگەشەی کوشتنی دەیان گەریلای پەکەکە دەکات، پەکەکەش بەهەمان شێوە دەڵێت بەدەیان سەربازی تورکیایان کوشتووە، بەڵام هێشتا چاودێرێکی بێلایەن ژمارەی قوربانیانی لەهەردوولا بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمە چەندەمین جارە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکاتە سەر پەکەکە لەو کاتەوەی لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شەڕی خوێناوی لەنێوانیان سەری هەڵداوە کە بەهۆیەوە بەسەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا تا ئێستا نەبوونەتە هۆی کۆتایی هێنان بە پەکەکە، کە ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو وڵاتە بووە.

تا ئێستا دیار نییە ئۆپەراسیۆنەکەی ئێستا هەمان ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی دەبێت یان نا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئۆپەراسیۆنەکەی پێشوو پێناچێت ئەم ئۆپەراسیۆنەش سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە توندی روبەڕووی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا بووەتەوەو بە پێی میدیاکانی پەکەکە، گەریلا شێواز و تاکتیکی نوێی بۆ بەرەنگاربونەوەیان بەکارهێناوە.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) و ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە میدیاکانی پەکەکەی راگەیاندووە، ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە خواکورک دەیکات ئۆپەراسیۆن نییە، بەڵکو داگیرکارییە. ئەم داگیرکارییەش کاتی نییە، داگیرکارییەکی هەمیشەییە. ئەمە ڕاستییە و پێویستە هەموو کەس بیزانێت.

ئامانجی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەی خواکورک، گەمارۆدانی تەواوەتی پەکەکە و دورخستنەوەیەتی لەسنورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، بەوپێیەی سنورەکە فراوانە و بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەنرێت. پێشتریش وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندبوو هەماهەنگیان هەیە لەگەڵ ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەدژی پەکەکە.

قەرەیلان وتی «ئەوەی ئێستا دەوڵەتی تورکیا هەڵدەسووڕێنێت و ئاراستەی دەکات، عەقڵیەتی مەهەپەیە. فکری ئەوان دەربارەی کوردان تەنیا کوشتن و لەناوبردنە. ئێستا دەیانەوێت ئێرانیش بکەنە هاوکاری ئەم سیاسەتە نەژادپەرست و شۆڤێنییە، بەڵام ڕێبەرانی ئێران بەشی ئەوەی نەکەونە نێو ئەو کەمینانە، خاوەنی ئەزموونن. لەبەرئەوەش، بە ڕای ئێمە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هیچ نرخێک بۆ ئەو داواکارییەی دەوڵەتی تورک دانانێت».

بەپێی ئاژانسی فورات نیوزی سەر بە پەکەکە، هێزەکانی گەریلا  بە شێواز و تاکتیکی نوێ گورزی کوشندە لە سوپای تورکیا دەدەن.

مەزڵوم رۆژهەڵات یەکێک لە گەریلاکانی هەپەگە باسی لەوەکردووە، لە شوێنێکی نەگونجا و سەخت چالاکییەکیان لەدژی تورکیا ئەنجامداوە «بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بە شێوەیەکی شاراوە هەڵسوکەوت بکات، پێیوستمان بە تاکتیکی باش هەبوو. بەڕاستی تاکتیکێکی باشە کە گەریلا لە دوژمن بدات و دواتریش لە چاوەڕوانی ئەوە بێت کە جارێکی تر لەو هێزانە بدات کە بە هاواری هێزەکانی دوژمن هاتوون».

باسی لەوەشکردووە سەربازانی تورکیا لە ئۆتۆمبیلە سەربازییەکاندا لەناودەبرێن. لەناو هەر ئۆتۆمبیلێکدا لانیکەم ١٠ -١٥ سەرباز هەن. ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە دواتر دێنە شوێنەکەش لێیان دەدرێت.

ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆسەر پەکەکە هاوکاتە لەگەڵ چەندین داوای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ گەڕانەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە ساڵی ٢٠١٣ دەستیپێکرد و ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو.

ساڵی ٢٠١٥ پڕۆسەی ئاشتی تورکیا و پەکەکە شکستی هێنا و جارێکی تر شەڕ دەستیپێکردەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕ و روبەڕووبونەوەکانیان بەردەوامە و هیچ وادەیەک دیار نییە بۆ وەستانی شەڕ و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ.

بەرپرسانی پەکەکە جەختدەکەنەوە کە لە بارودوخێکی لەم شێوەیەدا ناکرێت گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بکرێت، بەهەمان شێوە دەسەڵاتدارانی تورکیاش جەخت لە بەردەوامیدان بەشەڕ دەکەنەوە.

 

مێژووی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی پەکەکە

 

تورکیا لەساڵی ١٩٨٣ وە چەندین ئۆپەراسیۆنی لەناوخۆی تورکیا و دەرەوەی ئەو وڵاتە کردووەتە سەر پەکەکە.

لە ئایاری ١٩٨٣دا تورکیا یەکەم پڕۆسەی سەربازی لەدەرەوەی سنور بە رێککەوتن لەگەڵ عێراق و بەبەشداری هەزاران سەرباز بۆ سەر پەکەکە ئەنجامدا.

لە تشرینی یەکەمی ١٩٨٤دا و ئابی ١٩٩١ تورکیا دوو ئۆپەراسیۆنی دیکەی کردە سەر پەکەکە، کە هیچ ئۆپەراسیۆنێکیان سەرکەوتنیان بەدەستنەهێنا.

دوای ماوەیەک بێدەنگی، تورکیا چوارەم ئۆپەراسیۆنی لەساڵی ١٩٩١ بۆ سەر پەکەکە ئەنجامدا، لەو ساڵەەدا تورکیا چەندین بنکەی نوێی سەربازی لەسەر سنور و لەناو خاکی هەرێم دامەزراند.

ساڵی ١٩٩٢ تۆرگوت ئۆزاڵ سەرۆک وەزیرنی ئەوکاتەی تورکیا، نامەیەکی ئاڕاستەی ئۆجەلان کرد و داوای لێکرد کردەوە سەربازییەکانیان لەدژی سوپای تورکیا کەمبکەمەوە بەمەبەستی رێگەخۆشکردن بۆ دانوستانی نێوان هەردوولا، بەڵام هەوڵەکان شکستی هێنا بۆ گەیشتن بە ئەنجام.

تورکیا لەهەمانساڵدا پڕۆسەیەکی دیکەی سەربازی ئەنجامدا بەبەشداری ١٥ هەزار سەرباز و بەکارهێنانی تانک و تۆپی قورس و فڕۆکەی جەنگی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دوای ٢٠ رۆژ لە دەستپێکردنی هێزەکانی کشاندەوە.

لەساڵانی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ و ١٩٩٥ تورکیا بە بەشداری هەزاران سەرباز چەند ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی ئەنجامدا، ئۆپەراسیۆنەکەی ١٩٩٥، ٣٠ هەزار سەرباز بەشداری تێدا کرد و ماوەی ٤٥ رۆژی خایاند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی حەفتانین، بەڵام دیسان سوپا سەرکەوتوو نەبوو دوای مانگ و نیوێک کشانەوە.

لەساڵی ١٩٩٩ ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێم لەدژی پەکەکە گەیشتە ٢٤ ئۆپەراسیۆن، هەروەها لە ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ تورکیا چەند ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی ئەنجامدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار