تراژیدیای مارتن لۆسەر  لەڕۆمانێکدا

2019-06-13 10:25:49



یوسف عزەدین

{ کەبنووسیت کەواتە دەبێت دەنگێک یان شێوازێک دابهێنیت،تا فۆرمێکی شێوازگیرانە بەجیهان ببەخشیت،مەرج نییە شیک و ڕۆشنفکرانە بێت، بەڵکو دەبێت تایبەت بێت بەخۆت} کارلۆس لیسکانۆ1-

{ بنیادەم ناتوانێت لەڤێرجیڵ بگات، گەر لانی کەم پێنج ساڵان کشتکاری نەکردبێت..مرۆڤ ناتوانێت لەنامەکانی شیشرۆن بگات و تەنانەت ناشتوانێت لێشی خوورد بێتەوە؛گەر بۆماوەی بیست ساڵان لەگەڵ زل وڵاتاندا سیاسەتی نەکردبێت..کەسیش ناتوانێت بەتەوایی لەکتێبی پیرۆزدا ڕۆبچێت،گەر بۆماوەی سەدەیەک کڵێساکانی بەڕێوەنەبردبێت و لەتەک پەیامبەرانی وەک ئیلیا و یۆهەننای مەعمەددان و مەسیح و موریدانی ئەواندا ڕێی نەکردبێت؟! ئێمە دەرۆزەکارین و ئەمەش ڕاستە؟!} مارتن لۆسەر2-

لەگەرمەی گفتوگۆو ئاخافتنە گەرمەکانی پیاوانی ئایینی،ئەوانەی بەفەرمانی فیلیپی دووەم،ساڵی هەزار و پێنج سەد و بیست و نۆ، لەئەڵمانیا و سویسراوە بۆ ساغکردنەوەی پرەنسیپە سەرەکی و تەوەرەییەکانی پرۆتستانت-ییەتی تازەگەشەکردوو هاتبوون؛ هاوکات ئەرتەشی عوسمانییەکان بەسەرکردایەتی سوڵتان سلێمانی قانوونی، ڤییەننای پایتەخی نەمسایان ئابڵووقەدابوو. بەر لەم گەمارۆدانە "مارتن لۆسەر"-ی باوکی ڕۆحی پرۆتستانت-ییەت، لەقەواڵەنامەی نەوەدو پێنج مەسەلەکەیدا،ڕەفزی وەستانەوەی دژ بەعوسمانییەکان ڕاگەیاندبوو،هەرچەند لای وی وەک تەسەوراتی کەڵچەریانەی سەردەمەکەی،عوسمانی و موحەممەدی و موسڵمان،هاوتا بوون و بەبەڵایەکی گەورەی خودا، بۆ سزادانی مەسیحییەکان ئەژمار دەکران.

"مارتن لۆسەر" یەکێکە لەکاراکتەرە پڕ ئیشکالە ڕادیکاڵەکانی نێو ئایینی مەسیحی و لەبنڕا دەستی بۆ گۆڕینی پرەنسیپە سەرەکییەکانی کاسۆلیکییەت بردو پاش دەرئەنجامی کێشمانکێشێکی توند و ترسناک، توانی ببێتە وەرگێڕی کتێبی پیرۆز لەلاتینییەوە بۆ ئەڵمانی.. کەپێشترو پێش ئەم کارەی ئەو،مومکین نەبووە باس لەوەرگێڕانی بکرێت!؟ هەر خودی لۆسەر ڕێگەیدا کەشیشەکان هاوسەرگیری بکەن و هەر بۆخۆشی ئافرەتێکی پێشتر ڕاهیبەی کردە هاوسەری.. دژ بەجەور و ستەمی کڵێسا وەستایەوە، بەتایبەت لەو دەمەی لەپێناو پارە پەیداکردندا، قەواڵەی لێخۆشبوونیان بەکریستانەکان دەفرۆشت و مزگێنی چوونە فیردەوسیان پێدەدان.

وردەکارییەکانی ژیان و گوزەرانی ئەم زاتە تەلیسماوییە دەور پڕ لەهالەیە، فرەن و ئەوەی لێرەدا گەرەکمانە هاوردەی نێو وتارەکەمانی بکەین، بەرجەستەکردنی کەمێک لەهەموو ئەو دنیا سەیروسەمەرە تراژیدی ئامێزەی مارتن لۆسەر-ە؛ لەزەمەنی سڕینەوەی هەموو فیکر و تەرح و بۆچوون و دنیابینییەکی دژ بەکاسۆلیکییەت و دەسەڵاتی پاپا..لەزەمەنی کوشتن و سوتاندن و لەناوبردن و کوژاندنەوەی فیزیکی سەرجەم نەیارونەویستراوەکانی نێو قەڵەمڕەوی حوکمی کڵێسا و دەسەڵاتە فیوداڵە کوشندەو سەرکوتگەرەکانی ئۆروپا..ئەم زاتە هات و پاش مملانێیەکی توندو خەتەرناک،دوای چەند قۆناغ و مەنزڵێک..نەخشەی؛ گەر نەڵێین سەرجەم..ئەوە نەخشەی ئایینی و کۆمەڵایەتی و بگرە سیاسی بەشێکی هێجگار گرنگی ئۆروپای گۆڕی و دواجار بووە مایەی زەمینەخۆشکردن، بۆ لەدایکبوونی دواتری کۆمەڵێک لەقوتابخانەو تێز و ڕێبازە فەلسەفییەکانی ناوەوەو دەرەوەی ئەڵمانیا.

لەم کورتە بەراییەوە دەگەڕێینەوە بۆ سەر ئەسڵی مەتڵەب، ئەویش بەرجەستەبوون و بینینەوەی گەلێک لەتراژیدیا و مەرگەسات و پێکدادانە دەروونییەکانی سەردەمەکەی لۆسەر-ە، لەڕۆمانێکی ئەڵمانیدا و بەدانپێدانانی زۆرێک لەڕەخنەکاران و خوێنەرانی زمانی ئەڵمانی، لەئاست و پلەیەکی باڵای بەلاغی و گرامەری و زمانسازیدا نووسراوە و درێژکراوەی ئەو چەشنە زمانە تۆکمەو باڵایەی لۆسەر-ە؛ کەبۆ خۆی زمانزانێکی داهێنەر و دۆزەرەوەی شاراوەو پەنهان و جوانییەکانی زمانی ئەڵمانی بووە. ئەوەی لەڕۆمانی "ئیڤانگیلیۆ"ی تایبەت بەتراژیدیای مارتن لۆسەر و کێشمانکێشەکانی سەردەمەکەشی بۆتە مایەی سەرنجڕاکێشان و ئیعجاب، ئەوەیە خودی ئەو ڕۆماننووسەی "ئیڤانگیلیۆ"ی چەند ساڵێک لەمەوبەر لەئەڵمانیا و بەزمانی ئەڵمانی بەچاپ گەیاندووە، بەساوایی لەگەڵ باوانیدا گەیشتۆتە ئەڵمانیا و بەڕەگەز تورکە. ئەم ڕۆماننووسە یەکێک بووە لەخوێندکارە سەرکەوتووەکانی کۆلێژی پزیشکی، کەچی لەدوا ساڵ و دوا تاقیکردنەوەیدا دەست بەرداری خوێندن بووەو پاشان چۆتە کۆلێژی هونەر و دواتر،پاش دەرکردنی بۆ هەتا هەتایە ماڵئاوایی لەخوێندنی ڕەسمی و پیشەیی دەکات..ئەمەش دەبێتە هۆکاری کارکرنی بۆ ماوەی ١١ ساڵ وەک هەر کرێکار و کۆچبەرێکی تر، لەپێناو بژێوی ژیانیدا وەک نەقاش و سپیکەرەوە، ڕۆژەکان بەڕێدەکات..ئیدی لەپڕ؛ بێ زانیارییەکی ئەوتۆ لەنهێنی و پەنهانەکانی دنیای چاپ و بڵاوکردنەوەو چۆنیەتی بەرزکردنەوەی یەکێک و لێدانی ئەوی تر و سڕینەوەی نووسەرێک و پێداهەڵدان و گەورەکردنی یەکێکی تر..یەکەم کتێبی بەناونیشانی "شێوەزاری کاناک" بەچاپ دەگەیەنێت.

ناوی ئەم نووسەرە ئەڵمانییە بەڕەگەز تورکە "فەرەیدون زائیمئۆگڵو"ەو پاش جۆرێک لەونبوون و پاشاگەردانی و لەدەستدانی هەموو هیوایەک بەداهاتوویەک کەتێیدا ببێتە خاوەن کارو گوزەرانێکی مسۆگەری هاوشانی ئەڵمانەکان و دوای یانزە ساڵ خولانەوەو ڕاوحکردن لەبێمانایی هیچ نەبوون لەنێو دنیایەکی نەیار بەوی موغتەریب، کەئەم و هاوشێوەکانی ئەمی لەپەراوێزدا سیخناخ کردووە، دەبێتە نووسەر.

هەر دواتر خودی خۆی لەچاوپێکەوتنەکانیدا ئەو سەردەمانەی پێشتری ژیانی وبەتایبەتیش ئەو دەمانەی کەخوێندکار بووە؛ خۆی وەک فاشلیترین کەسێک وێنادەکات؟!

جێگەی سەرنج و تێڕامانە،بەدرێژایی مێژوو،زۆربەی ئەوانەی توانستێکی داهێنەرانەیان لەبواری ئەدەب و هونەردا نمایش کردووە،نەیانتوانیوە لەمیانی خوێندنی تەقلیدی و ڕەسمی دەوڵەتییەوە پلە پلە و قۆناغ قۆناغ بچنەبان.. یان ئەگەر چووبێتیش وەک "فەرەیدون زائیمئۆگڵو" ئەوە لەساتەوەختێکدا و تەنانەت زۆر جاران بێ هۆکارێکی ئاشکراو دیاریش دەستبەرداری بوون!؟ تەنانەت ئۆرهان پامووک-یش پاش سێ ساڵ لەخوێندنی فاکڵتی جیۆمەتری لەئەمریکا، وازی لێ دەهێنێت و دەگەڕێتەوە تورکیاو دواتر هەرچۆنێک بێت،فاکڵتی جۆڕناڵیستی تەواو دەکات؟!

"فەرەیدون زائیمئۆگڵو" لەساڵی هەزارو نۆسەدو شەستوچوار-دا هاتۆتە دنیاوەو لەئێستادا یەکێکە لەنووسەرە هاوچەرخە ناسراوەکانی ئەڵمانیا..لەمیانی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی " ئێرین گوڤەرجین3-" لەچاوپێکەوتنێکیدا..دەڵێت:

" من مەیلی ددانپێدانانم بەهێزو توانای ڕۆشنگەرەکاندا نییەو ڕۆشنگەری بۆتە لەمپەرێک لەئاست خەیاڵکردنەوەداو ئەوان خەونەکانیان تێکشکاندوو......

گەرەکیان بوو کەلێنێکی مەزن بەوێنە پڕبکەنەوە..بەڵام ئەو وێنانە دەستکردن وسەرباری ئەوەش نەقەشەنگن و نەخەیاڵیشن...؟!"

کەواتە لای ئەو ئیدی سەردەمی ڕۆشنگەریی و باڵادەستی ڕۆشنگەران بەسەرچوو،پێی وایە ئەوەی ئەوانیش هەر هەوڵدان بوو بۆ جێگرتنەوەی ئایینەکان، لەمیانی لێدان و دژایەتیکردنییەوە..ڕاستییەکەشی هەر ئەمەیە هەر ئەوانەی دژایەتی پێشووتر دەکەن و پاش بۆ لووان و تێکشکاندنی ئەوەی هەیە، هەر خودی خۆیان سیستمێکی لەوەی پێشووتر تۆکمەتر و ڕەقتر دەخەنەگەڕ.

"زائیمئۆگڵو" خاوەنی کۆمەڵێک کتێبەو هەرچەند سەرەتا پاش بڵاوکردنەوەی کتێبی"شێوەزاری کاناک" لەساڵی هەزارو نۆسەدو نەوەدو سێ-دا کەوتە بەر هێرشێکی نێگەتیفانەی ڕەخنەکاران و بەنووسەرێکی بێ بەهرەو بێ کەڵک لەڕووی ئەدەبییەوە هاتە ئەژمار. بەڵام دواتر و بەتایبەتیش دوای بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی"لەیلا" لەساڵی دووهەزاروشەش-دا، هاوكێشەکە گۆڕاو بەجدییەتەوە خوێنەرانی ئەدەبی کەوتنە خوێدنەوەیی و بەبڵاوکردنەوەی ڕۆمانی"سوێی ئەڤین"یش لەساڵی دوو هەزار و هەشت-دا، بەتەوایی خۆی لەپەراوێز هێنایە دەرو بووە یەکێک لەڕۆماننووسە جالیب و فرە  خوێنەرەکانی ئەڵمان و"ئانا نۆردمان4-"یش لەبارەی ئەم ڕۆمانەیەوە دەڵێت:"بەڕۆمانی سوێی ئەڤین سەرکەوتوو بوو لەورووژاندنی گفتوگۆگەلێکی ڕۆمانسییانە لەڕۆژنامە فیکرییەکاندا..هەرچەند شتێکی لەم چەشنە زۆر ڕوو نادات و هاوشانی چاخەکەی ئێستامان ڕەو ناکات و دەرحەق بەئەڤین و ئەشقی ڕۆمانسییانە نووسراوە..ئەم ڕۆمانە لەیاسا و ڕێسای نووسینی هونەری گێڕانەوەی خۆشەویستی ساردو سڕو داخراو دەچێتە دەرو ئەمەش مەدح وسەنایەکە بۆ ڕۆمانەکەو شایانیشیەتی"

ڕۆمانی "ئیڤانگیلیۆ" لەساڵی دووهەزار و هەڤدە-دا چاپ و بڵاوبۆتەوەو "زائیمئۆگڵو" لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی دی دەبلیو-5-، وردەکاری نووسینی ڕۆمانەکە بەزمانێکی سادەو سانا دەخاتەڕوو..باس لەوە دەکات چۆن لەساڵانی هەفتاکاندا و بەڕێکەوت لەکتێبخانەیەکدا نوسخەیەک لە"بایبڵ"ە وەرگێراوەکەی مارتن لۆسەر-ی دەکەوێتە بەردەست و پاش خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەکی درک بەوە دەکات؛ بۆ یەکەمجارە ئاشنای زمانێکی جوداو جیاوازی ئەڵمانی زۆر باڵاو کاریگەر دەبێت..جیاواز لەو زمانەی خۆی و خوشکەکەی لەگەڕەکە هەژارنشینەکەی خۆیاندا گوێ بیستی بوون..دیارە پاش ساڵانێک و دوای باڵادەستبوون و ناسراوبوونی لەبواری ڕۆماننووسیندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە، یان دەتوانین بڵێین بەدرێژایی ساڵانێک بەردەوام لەڕێی سەردانی کڵێسا و دێر و شوێنە پیرۆزەکان و پاشانیش خوێندنەوەی بەردەوامی کتێبە تایبەت و ئایینییەکانی ئەو سەردەمانەوە خۆی بەوابەستەیی لەگەڵ ئەو بیرۆکە زۆر گرنگەدا هێشتۆتەوە؛ بیرۆکەی ڕۆمانێکی تایبەت بەزاتێکی کاریگەر و گرنگی نێو مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و کلتووری ئەڵمانی. هەر وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات لەپێناو نووسینی ڕۆمانەکەیدا سەردانی گشت ئەو شوێنانە دەکات کە"مارتن لۆسەر" تێیدا ژیاوە یان پێیدا گوزەریکردووەو بەمەشەوە نەوەستاوەتەوەو وەک ئەو دەستی کردووە بەپەرستش و خودا پەرستی..هەربۆیە ڕۆژانێکی دوور و درێژ وەک "لۆسەر" شەوان کاتژمێر سێ-ی شەو هەستاوە بۆ نوێژکردن و هەروەک ئەویش بەڕۆژوو بووەو هەر "زائیمئۆگڵو"ش بۆ خۆی دەڵێت؛ هەن بەگاڵتەجاڕییەوە دەڕواننە ئەوەی من کردوومە، بەڵام خودی نووسەر بوون، هەر بۆ خۆی زۆر جاران مایەی گاڵتەجاڕی و پێڕابواردنە ؟!

 هەر لەهەمان چاوپێکەوتنیشیدا دەڵێت؛ خۆشحاڵم بەوەی کەخۆم وەک کەشیشێک دێتە پێشچاوو دەمەوێت ئەم نامە تەڵخ و تاڵ و لەهەمان کاتیشدا مزگێنی بەخشە بەدنیا بگەیەنم. لەهەمان چاوپێکەوتندا کاتێک "ڕیکاردا ئوتە"ی پێشکەشکاری بەرنامەکە لێی دەپرسێت؛ لوتی قرتاو و قوڵپەقوڵپی خوێن و ئەو ژنەی کۆرپە ساواکەی نێو منداڵانی خۆی، دەرئەنجامی باوەڕهێنانی بەخوڕافاتێک دەهێنێتەدەر..ئایا مەبەستت بوو هەموو ئەمە بڵێیت و بگەڕێیتەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست؟

"زائیمئۆگڵو" لەوەڵامدا دەڵێت؛ لەپێناو ئیبرازپێکردنی ڕۆڵی گەورەی "مارتن لۆسەر"و ئەو بارودۆخە گەنیوو و لێک هەڵوەشاوو داڕماوەی لەو زەمەنەدا تێیدا گوزەراوە..ئەمەم کردووەو منیش وەک خوێنەرێک پێویستە خۆم بخەمە ناو هەمان ئەتمۆسفێرێک کەئەوی تێدا گوزەراوە، نەک لەبەر ئەوەی دەمەوێت خۆم ئەشکەنجە بدەم..بەڵکو لەبەر ئەوەی نەدەکرا بەچەشنێکی تر فەزاعەتی چاخەکانی ناوەڕاست بگەیەنم و وێنای بکەم. لەڕۆمانەکەیدا زۆر باس و خواسی تریش بوونەتە جێی باس؛ وەک خەون بینینە ئیبلیسییەکان و لەسێدارەدانەکان و منداڵە ئاوارەکان و فەناتیکە ئیسلامییەکان و زۆر بابەتی سەرنجڕاکێشی وەک ئەوەی خودی گێڕەڕەوەی ڕۆمانەکە پارێزەری غەیبیانەی مارتن لۆسەر-ەو لەنەهامەتی و کارەساتەکان دەیپارێزێت و ئەم جۆرە تەسەورەش لەخودی ئایینی مەسیحییەتدا هەیەو ئەوەی کەسەکان دەپارێزێت بەفریشتەی پارێزەر دەناسێنرێت و گوایە هەر کاتێک ئەوان دەستبەرداری بوون، ئینجا ئەو کەسە ڕووبەڕووی کارەسات و شتگەلە خراپە هەمەجۆرەکانی تر دەبێتەوە!؟ تەنانەت کڵێسا کاسۆلیکەکان ساڵانە لەدووی ئۆکتۆبەردا یادی فریشتە پارێزەرە پیرۆزەکان دەکەن-ەوە، بەفەرمانی پاپا ئەکلیمندۆس لەساڵی هەزار و شەسەدو هەفتا-ەوە ئەم یادە دەکرێتەوە. یەکێک لەو کەسایەتییە ناسراوە مێژووییانەی باوەڕی بەبوونی فریشتەی پارێزەر هەبووە، قەشە "تۆما ئەکوینی"یە؛ پێی وابووە هەموو شار و شارۆچکەو کڵێسایەک، تەنانەت؛ کەسایەتییە ئایینییەکانی نێویشیان لەلایەن فریشتەی پارێزەرەوە دەپارێزرێن. لەکۆتایی ئەم کورتە وتارەشدا واباشە پەرەگرافێکی کتێبەکەی کارلۆس لیسکانۆ" الکاتب و الاخر" وەبیرخۆمان بهێنینەوە،لەلاپەڕە هەفتاو چوار-دا دەڵێت:

" کەبنووسم، بەواتای کردنەوەی دەرکە دێت بەسەر شێتیدا،ئەمەش ئەوەیە کەنابێت بیکەم. نووسین دەبێت ڕێگەیەک بێت، بمانگەیەنێتە ڕامانێکی نورانی و وامان لێبکات پێویستمان بەنووسین نەبێت..هەرچەند هیچ کاتێک نەشگەینە ئەو ئاستە،بەڵام هەر دەبێت ڕۆژێک ڕابوەستین..وشەکان لەجێی خۆیاندا جێ بهێڵین و بەردەوام نەبین لەنووسین لەسەر زیندەگی،بەڵکو دەبێت دواتر، خۆمان بۆ زیندەگی تەرخان بکەین..ئەم شەو وەک شەوەکانی تری ئەم ساڵانەی دوایی،ئەو هەستەم لا دروست دەبێت؛ کاتی وەستان لەنووسین هاتووە".

 

 

ژێدەر:

١ – الکاتب و الاخر/کارلوس لیسکانو/ترجمە؛نهی ابو عرقوب/ابوضبی-٢٠١٢

٢- مارتن لوثر-ویکبیدیا

٣-https://ar.qantara.de/content/hwr-m-lktb-frydwn-zym-wglw-sr-itnwyr-fqd-bryqh

٤-انا نوردمان/ترجمە:رائد الباش/قنطرە٢٠٠٩-Feridun Zaimoglu-Liebesbrand-kiepenheuer&Witsch-2008-ISBN978-3-462-03969-6.

٥-https://www.dw.com/ar/فريدون-زعيم-اوغلو-وروايته-إيفانجليو-عن-لوثر/av-41159334

e.mail: [email protected]

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار