میدیا «دوایین چەکی داعشە» کە دەستی بۆ دەبات

پسپۆڕانی عێراقی چاودێری و شیکاریی زانیارییە ساختەکانی داعش دەکەن کە لە پێگەکانی خۆی بڵاویان دەکاتەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فەرماندەیی چالاکیە هاوبەشەکانی عێراق یەکشەممە (9 حوزەیران) رایگەیاند، خانەی میدیای ئه‌منییه‌که‌ی درکی بەوە کردووە کە له‌سه‌دا 64 هەواڵە بڵاوکراوەکانی داعش لە ئایاردا ساختە بوون.
به‌گوێره‌ی وەزارەتی بەرگریی عێراق، له‌ شیکارییه‌کی وردی ئەو «هەواڵانه‌«ی لەلایەن ئاژانسی رۆژنامەوانی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش)ه‌وه‌، ئەعماق، بڵاوکراونەته‌وە، دەرکەوتووە کە هیچ راستییەک لە زۆرینەی هەواڵەکانی گروپەکەدا نیە.
فەرماندەیی چالاکییە هاوبەشەکانی عێراق یەکشەممە (9 حوزەیران) رایگەیاند خانەی میدیای ئه‌منی، درکی بەوە کردووە کە له‌سه‌دا 64 ئه‌و هەواڵانه‌ی لەلایەن داعشەوە لە ئایاردا بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ ساختە بوون.
خانەی میدیاکه‌ رایگەیاند که‌ لەنێوان 30 نیسان و 27 ئایاردا، داعش 114 هەواڵی بڵاوکردۆتەوە لەڕێی ئەعماقەوە، کە 73یان ناڕاست بوون و ئاماژەیکرد بەوەی ئەوانیدی «هیچ بەهایەکیان نەبووە و زیاتر ئامانجیان ئەوە بووە گروپەکە ئامادەییەکی رۆژنامەوانی هەبێت».
وتەبێژی وەزارەت، عەمید تەحسین خەفاجی وتی «شیکارییەکە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنێکی چاودێری کە پسپۆڕانی خانەکە ئەنجامی دەدەن لەسەر هەواڵی رۆژانە و پەیام و بەیاننامەکانی ئەعماق و بڵاوکراوە ئەلەکترۆنییەکانی دیکەی داعش.»
بە دیارونای وت: «ئەنجامەکانی، دوایین شیکاری نمونەیەکن لەو درۆ و ساختەکارییانەی له‌لایه‌ن تیرۆریستانەوە بڵاودەکرێنەوە لە هەوڵیاندا بۆ فێڵکردن لە بیر و ڕای گشتی و وانیشاندان کە گروپەکە شکستی نەهێناوە و هێشتا چالاک و بەهێزە.»
وتی داعش هەوڵی کەمکردنەوەی تاڵیی شکستەکەی دەدات بۆ شوێنکەوتوان و هاوسۆزانی، بەتایبەتی دوای ئەوەی شەڕی باغوز دوایین بنکەی لە سوریا تێکشکاند و بە هەزاران لە چەکدارانی ناچارکرد خۆیان رادەستبکەن.
وتی دیمەنی خۆڕادەستکردنیان لە بڵاوکراوە رۆژنامەوانییەکانەوە نیشاندرا، «لە پێگەیەکی لاوازدا نیشانیدان، بەپێچەوانەی بانگەشەی ئەوانەوە کە تا دوا هەناسە شەڕدەکەن».
خەفاجی وتی لەدوایین وتاری خۆیداکە لە 29 نیسان لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە، سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی تیشکی خستە سەر «رۆڵ و گرنگیی میدیا لە بەرزکردنەوەی ورەی پشتیوانانیدا» و برەودان بە ئایدۆلۆژیای گروپەکە.
وتیشی «لەکاتی ئەو وتارەوە، ئاستی فێڵکردن بەرزبۆتەوە لە تەواوی بڵاوکراوە ئه‌لیکترۆنییه‌کانی گروپەکەدا و بەشێوەی ساختە بەرپرسیارێتی چەندین تاوان و رووداو دەگرنە ئەستۆ و بێ ڕووانە، زیاد دەنێن بە وردەکاری و ده‌رەنجامەکانەوە.»
وتی خانەی میدیای ئەمنی و خانەی نیشتمانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی شه‌ڕی دەروونی، ماوەیەکە چاودێریی ئەو پەیامانە دەکەن کە داعش لەسەر ئینتەرنێت بڵاویاندەکاتەوە و ئەندامانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دایدەنێن، بەتایبەتی تەلەگرام.
خەفاجی هەروەها وتی «هەموو ئەو شتانەی بڵاودەکرێنەوە یان تاوتوێ دەکرێن تەنیا چاودێریی ناکرێن، بەڵکو شیتەڵ و شیکار دەکرێن.»
وتیشی «بە دەیان چالاکی تیرۆریستی شکستیان پێهێنراوە، بەهۆی چاودێریی رۆژنامەوانی و هەواڵگرییه‌وه‌ لە کۆکردنەوەی گفتوگۆکانی تیرۆرستان و پەیوەندیی ئه‌لیکترۆنی و نامەکانیان.»
هەروەها وتیشی بەشێکی زۆری بەهۆی هەوڵەکانی «هێزە ئەمنییەکانەوە، بەمدواییانە سەرکەوتووبوون لە بەئامانجکردنی ناوەندە رۆژنامەوانییە گرنگەکانی داعش».
لە 11 نیسان، ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم دەستگایەکی تێکشکاند کە بەکاردەهێنرا بۆ بەرهەمهێنانی گۆڤاری پروپاگەندەی هەفتانەی داعش، النبأ، لەکاتی هەڵکوتانە سەرێکدا لە چیاکانی حەمرین.
لە 26 ئایاریش، هێزە ئەمنییەکان بنکەیەکی داعشیان تێکشکاند لە وادی حوسەینیاتی بیابانی ئەنبار، لەگەڵ تۆڕێکی پەیوەندیگرتن و چەند مۆدمێکی ئینتەرنێت.
عەمیدی کۆلێژی توێژینەوە رۆژنامەوانییەکانی زانکۆی بەغدا، هاشم حەسەن وتی: «داعش خاک و سەرچاوەی مرۆیی و سەربازیی لەدەستداوە و لەئێستادا تەنیا میدیای ماوە وەک چەکێک شەڕی پێبکات.»
بە دیارونای وت: «هەواڵی ساختە کە زیادپێوەنان و فێڵکردنی تێدایە دوایین پەناگەی گروپەکەیە تا بەرباس بمێنێتەوە و شکستە سەختەکەیان نه‌بێته‌ کۆتاییان.»
وتی گروپەکە هەوڵی بەهێزکردنی ورەی ئەندامان و راکێشانی ئەندامی نوێ دەدات، تا ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە.
حەسەن وتی: «گروپەکە شارەزایە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و پروپاگەندەدا و تەواو کارامەیە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئه‌لیکترۆنیدا. سوود دەبینێت لە سەختی چاودێریی بڵاوکراوەی سەر ئینتەرنێت، هەربۆیە پێگەیەک لە دنیای ئینتەرنێت بەدەستدەهێنێت.»
وتیشی توندکردنی ئاسایشی ئینتەرنێت یەکێکە لەو رێگایانەی پەیوەندیگرتن و پروپاگەندەی تیرۆریستانی پێ بوەستێنرێت.
حەسەن وتی: «بەڵام لەوەش گرنگتر، دەبێت ژینگەیەکی دوژمنکارانە دروستبکەین بۆ تیرۆریستان و بیر و هەڵسوکەوتی توندڕەوانە بە گرتنه‌به‌ری چەردەیەک له‌ چاکسازیی ئابوری و خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی.»
ستراتیژی نوێی پروپاگەندەی داعش
عیسام فەیلی کە وانەی زانستی سیاسەت دەڵیتەوە لە زانکۆی موستەنسریە، وتی: «ئەنجامەکانی چاودێریکردنی ئەو هەواڵانەی داعش بڵاویاندەکاتەوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە گروپەکە هەوڵدەدات ستراتیژێکی نوێ لەخۆبگرێت لە ئۆپەراسیۆنە میدیایی و پروپاگەندەکانیدا.»
بە دیارونای وت ئەمەش بێشەرمانە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە یان «بانگەشەی بەرپرسیارێتی بۆ رووداوەکان لەخۆدەگرێت، تا ئەوکاتەی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکەن».
فەیلی وتیشی ئامانجی گروپەکە «بەهێزکردنی چەکداران و شانە نوستووەکانێتی لەگەڵ فشاری دەروونی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، هه‌روه‌ها لاوازکردنی متمانەیان بە ئاژانسە ئەمنییەکان».
وتی «کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای لێدەکرێت هاریکاریی کاریگەرانەتری عێراق بکات» لە چاودێریکردنی چالاکییە میدیاییەکانی گروپە توندڕەوەکانی وەک داعشدا.
وتی بەڵام دەشبێت «ستراتیژێکی میدیایی نیشتمانیی هەبێت کە رووبەڕووی ئایدۆلۆژیا و هەڵسوکەوتی تیرۆریستان دەبێتەوە» و ئاماژەیکرد بەوەی عێراق پسپۆڕیی بەپێی پێویست هەیە بۆ «دەرخستنی ماشێنی پروپاگەندەی داعش».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار